پەرتووکی، “کێشە و ڕێگاچارەکانی” لە نووسینی مریەم عەلیپوور بڵاو بۆوە/دیمانە لەگەڵ نووسەر

0
1169

پەرتووکی (کێشە و ڕێگاچارەکانی)، بە پەرتووکخانەی کوردی، زیاد بوو.

کێشە، بریتییە لە هەر پرس و گرفتێک کە لە ژیانی تاک و کۆمەڵگا بێتە پێش و تا کاتی چارەسەر بوونی، ژیانی ئاسایی تێکبدات، کێشە دەتوانی لە ساکارەوە تا ئاڵۆز هەبێ، بەڵام گرنگتر لە بوونی کێشە، چارەسەر کردنی کێشە و ڕێگاچارەکانی چارەسەرکردنی کێشەیە.

خاتوو مریەم عەلیپوور، نووسەری کوردی کوردستانی خۆرهەڵاتی کوردستان و نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ، چالاکی سیاسی کورد، پەرتووکێکی بە زمانی کوردی بەناوی (کێشە و ڕێگاچارەکانی) بڵاو کردۆتەوە.

گرنگی ئەو پەرتووکە لەوەدایە کە یەکەم پەرتووکە لەم بوارەدا کە بە زمانی کوردی، نووسراوە.

ڕۆژی کورد بەو بۆنەوە دیمانەیەکی لەگەڵ خاتوو مریەم عەلیپوور، ساز داوە کە لە خوارەوە لەبەر دەستە.

ڕۆژی کورد: بە گشتی ئەگەر بکرێ پەرتووکەکەتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن.

عەلیپوور: ئه‌و په‌ڕتووکه ھەروەک لە ناوەکەی ڕا دیارە “کێشە و ڕێگاچارەکانی” پەڕتووکێکە بۆ ئەوەی بزانین‌ کێشه‌ چییه‌ و چۆن سه‌رهه‌ڵده‌دات و چۆن له‌ پرۆسەی کێشه‌یه‌ک تێبگه‌ین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. ئەوە شتێکی سروشتییە بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ڕێگا چاره‌یه‌کی گونجاو بۆ کێشه‌که‌ بدۆزینه‌وه‌، ده‌بێ له‌ پێشدا بزانین کێشه‌که‌ چ جۆره‌ کێشه‌یه‌که‌.

ئەو پەڕتووکە ڕووی له‌و به‌رپرسانه‌ یان ئەو کەسانەیە که لە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی یان بە شێوەی گروپی کار دەکەن بۆ ئەوەی لە کێشەکانی بەردەمیان تێبگەن و چ بکەن بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی پێوه‌ندیدار بــە کێشـــه‌که‌ لـــه‌ ملهوڕی، ڕەقەبەرا‌یه‌تی و لاســـاری کردن که‌ڵک وه‌رنه‌گرن و هەوڵ بدەن بە شێوەیەکی دروست و زانستیانە بەر لەوەی کێشەکە گەورەتر بێتەوە، چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. من بانگه‌شه‌ی ئه‌وە‌ ناکه‌م که‌ ئه‌و په‌ڕتووکه‌ وڵامی هه‌موو پرسیاره‌کان و کێشه‌ و گرفته‌کان دەداتەوە بەڵام وەک یارمەتیدەرێک خەراپ نییە. ناوەڕۆکی ئەو پەڕتووکە ئاماژە دەکات بە تێگەیشتن لە زەرەر و خەسارەکانی ھەبوونی کێشە و بە تایبەت کێشە چارەسەر نەکراوەکان لە ناو ڕێکخراودا.

زۆر جار بۆ که‌م کردنه‌وه‌ یان چاره‌سه‌ری کێشه،‌ شێوازی پێوه‌ندی گرتن و ئاخافتن گرنگی و ڕۆڵی خۆی ده‌گێرێت. هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی به‌ کورتیش بێت لە بەشی کۆتایی ئەو پەڕتووکەدا ئاماژە به‌ پێوه‌ندی گرتن (Communication) لەسەر بناغەی زانستی دەروونناسی یان سیکۆلۆگی بکه‌م، یانی شێوەی قسە کردن و ئاڵ و گۆڕی ڕاده‌ربڕین.

هیوادارم خوێنه‌ران و ڕەخنەگران لە که‌م و کۆڕی، تێبینی و سه‌رنجه‌کانی خۆیان ئاگادارم که‌نه‌وه‌ تا له‌ چاپه‌کانی داهاتوو یا نووسینی په‌ڕتووکی تر کە ئێستا لە بەردەستم دایە لەسەر ڕاھێنەری (Coaching) دەنووسم بتوانم به‌ شێوه‌یه‌کی پوخته‌تر کاری لەسەر بکەم و به‌ ناوه‌ڕۆکێکی باشتر و بەپێزتر بکه‌وێته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران.

ڕۆژی کورد: لەمەڕ خۆتانەوە و پێشنیەی نووسینتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد، تکایە خۆتان بناسێنن.

عەلیپوور: لەسەرخۆم. من مریەم عەلیپوور له‌ شاری پیرانشار (خانه‌) ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان  له‌ دایک  بوومە و خاوەنی دوو کچی جوان و ژیرین. زۆر لە مێژە تێکه‌ڵ به‌ شۆڕشی رزگاری خوازی گه‌له‌که‌م له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوومە و له‌ ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا تێکۆشاوم‌. دوای ئه‌وه‌ی پەڕیوەی هه‌نده‌ران بوومه‌، ئێستا له‌ وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێم و لەو وڵاتەش خوێندنی  ئەندازیاری ڕێگا و بان بە شارەزایی تایبەت بە geographical information system (GIS) م تەواو کردوە و ھەر لەو ڕەشتەیەشدا لە شارەوانی سەرگەرمی کارکردنم ‌.

لەسەر پێشنیەی نووسین: هه‌روه‌ک خۆشتان ده‌زانن کوردی فێر بوون له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ کاتی ئێمەدا زۆر زه‌حمه‌ت بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ک هه‌رقوتابخانه‌ی ڕه‌سمی نه‌بوو کە ئێستاش ھەر نیە، به‌ڵکو پەڕتووکی کوردی، خوێندن و نووسین به‌ زه‌مانی کوردیش قاچاخ بوو. دوای ئه‌وه‌ی ھاتمە ڕیزی شۆرش و پەڕیوەی هه‌نده‌ران بووم فێری خوێندن و نووسینی کوردیش بووم. وه‌ک پێشینه‌ی نووسین من له ‌چوارچێوه‌ی وتار و نووسراوه‌ی کورت که‌  له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاردا بڵاوبێته‌وه‌ نووسیووه به‌ڵام وه‌ک په‌ڕتووک ئه‌وه‌ یه‌که‌م به‌رهه‌ممه. مەبەستم لە نووسینی ئەو پەڕتووکەش ئەوە بوو کە ھەستم بە بۆشایی بوونی پەڕتووکێکی لەو بارەوە دەکرد و بەو ھیوایە بەشداریم لە ڕەھەندێکی ھەستیار و پڕبایەخی کۆمەڵگەکەم کردبێت کە ڕۆژانە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە گەڵیاندا ڕووبەڕوو دەبینەوە .

ڕۆژی کورد: ئەو پەرتووکە پێدەچێ پەرتووکێکی دەروونناسی بێ، گرنگی بوونی ئەو پەرتووکانە لە پەرتووکخانەی کوردیدا چیە؟

عەلیپوور: بۆ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ که‌ ئەو پەرتووکە پێدەچێ پەرتووکێکی دەروونناسی بێ، پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ کورتیش بێ ناسینێکی زانستی له‌سه‌ر چه‌مکی ده‌روونناسی یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ وڵامدانه‌وه‌. له‌زانستی ده‌روونناسیدا ده‌روونناسه‌کان به‌ زۆر شێوازی جیاواز، ده‌روونناسی پێناسه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌گشتی پێناسه‌ کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێن ده‌روونناسی  یانی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ چلۆنایه‌تی ده‌روونییه‌کان و چۆنیه‌تی کرده‌وه‌ و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی تاک (مرۆڤ)‌ە. هه‌ربۆیه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ ده‌روونناسی لێکدانه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان لایه‌نی ده‌روونی تاک له‌ گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌کات که‌ تێی دا ده‌ژیت  یانی هه‌ڵسوکه‌وتی تاک له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌دا. زۆرجار ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ جیاوازان چ وه‌ک تاک خۆی که‌سی (شه‌خسی) و چ وه‌ک تاک که‌ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ڕێکخراوێک یا گروپێک که‌ له‌وانه‌یه‌ له‌وێدا چه‌ندین گۆڕانکاری ده‌روونی ڕووبدات. ‌ ئه‌و تاکانه‌شن که‌ هۆکاری دروست بوونی کێشه‌ و ناکۆکین. هه‌ربۆیه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ ئه‌و په‌ڕتووکه‌، په‌ڕتووکێکی ده‌روونناسی بێت.

بۆ گرنگی بوونی ئەو پەڕتووکانە لە پەڕتووکخانەی کوردیدا، به‌داخه‌وه‌ ناوی فه‌یله‌سوفه‌که‌م له‌ بیر نه‌ماوه‌، فه‌یله‌سوفێکی یۆنانی ده‌ڵێت کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک فه‌قیره‌ که‌ په‌ڕتووک و خوێنه‌ری نه‌بێت. هه‌بوون و خوێندنه‌وه‌ی په‌ڕتووک نیشانه‌ی زیندوو بوون و کولتورێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و گه‌له‌یه.‌ هه‌ر بۆیه‌ به‌ بڕوای من بۆ ئێمه‌ی کورد هه‌بوونی په‌ڕتووک پێداویستیه‌کی زۆر گرنگە و به‌تایبه‌تی په‌ڕتووکی زانستی و ئاکادێمیکی بە زەمانی کوردی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌نده‌ زانیاری و شاره‌زایمان له‌سه‌ر بواره‌ جۆراوجۆره‌کان هه‌بێت ئه‌وه‌ندش باشتر ده‌توانین کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی‌ چالاک، ته‌ندروست و ده‌وڵه‌مه‌ند پێک بهێنین.

ڕۆژی کورد: کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕێگای نووسەرێکی کورد لە هەندەران چیە؟

عەلیپوور: له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌تدا ده‌توانم بڵێم هه‌ر که‌سێک و له‌ هه‌ر شوێنک بێت ده‌ست بدات به‌ نووسین، بێ که‌ند و کۆسپ نابێت. بۆ نموونه‌ یه‌کێک له‌و که‌ند و کۆسپانه‌، بۆ که‌سێک که‌ ڕۆژانه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا کار ده‌کات نه‌بوونی کات یا خۆد که‌می کات ده‌توانێ یه‌کێک له‌و کۆسپانه‌ بێت. هه‌روه‌ها کێشه‌ی چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی په‌ڕتووک لەوانەیە له‌ هه‌نده‌ران زۆرتر بێ‌ تا ناو خۆ، لەبەر ئەوەی دەبێ زۆربەی بۆ خۆت کارەکان بکەی، لانی کەم بۆ من وا بوو و ھەروەھا دۆزینەوەی چاپخانەیەک بۆ چاپ کردن و خەرجەکانی زەحمەتی خۆی ھەیە.

ڕۆژی کورد: ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان هەیە بفەرموون.

عەلیپوور: وێڕای سوپاسی بەڕێوەبەرانی ماڵپەری ڕۆژی کورد، من پێم وایە ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ کۆمەڵگەی کوردی و په‌ره‌سه‌ندنی بیرکردنه‌وه‌ی زانستی سه‌رده‌م ئه‌وه‌مان بۆ ئاشکرا ده‌کات، که  ھەبوونی کێشە و ناکۆکی کاریگه‌ریی زۆری لەسه‌ر گه‌شه‌کردن وپێشکه‌وتنی ڕێکخراو و کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌. ھەموو ئەو دابڕان و لە یەک جیا بوونەوانە و نەبوونی یەکگرتوویی سەرچاوەیان ھەبوونی کێشە و ناکۆکیە. ھیوادارم لەگەڵ سەرھەڵدنی بچوکترین ناکۆکی، ناکۆکیەکە بە گرنگ بگرین و نەھێڵین تەشەنە بکات. هه‌رچه‌ند نووسینی ئه‌و په‌ڕتووکه‌ هه‌وڵێکی بچووکه‌ و هیوادارم  خوێنه‌ری هه‌بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.