پێشوازی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دانیشتنی هاوبه‌شی توركیه‌، ئێران و ڕووسیه‌ سه‌باره‌ت به‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی سووریه‌

0
730

ڕۆژی كورد :
وه‌زیرانی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی توركیه‌، ڕووسیه‌ و ئێران هاوڕێ له‌ گه‌ڵ نوێنه‌ری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریه‌، له‌ ژنێڤ بۆ پشتیوانی له‌ پێكهێنانی ئه‌نجۆمه‌نی یاسای بنه‌ڕه‌تی سووریه‌ كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنیان كرد. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دا ئاماژه‌ به‌ هێرشی سۆپای توركیه‌ بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان نه‌كراوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژنێڤ هه‌ر كام له‌ “مۆحه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف”، “مه‌ولوود چاووش ئۆغڵوو”، “سێرگێئی لائۆرۆڤ” وه‌زیرانی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئێران، نوركیه‌ و ڕووسیه‌ به‌شدار بوون. بێجگه له‌ به‌رپرسانی دیپلۆماسی ئه‌م سێ وڵاته‌، هاوكات “گیر پێدرسۆن” نوێنه‌ری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریه‌ له‌م كۆبوونه‌وه‌ دا به‌شداری كرد. له‌ كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا به‌یاننامه‌یه‌ك ڕاگه‌یه‌ندرا له‌ خاڵی یه‌كه‌می ئه‌م به‌یاننامه‌ دا جه‌خت كراوه‌ له‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی گشتی خاكی سووریه‌ و خوازیاری پاراستن و رێزدانانی هه‌مووان بۆ ئه‌م پڕه‌نسیپانه‌ بوون. له‌ به‌شێكی دیكه‌ ئه‌م به‌یاننامه‌دا جه‌خت كراوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌یرانی سووریه‌ ڕێگاچاره‌ی سه‌ربازی نییه‌ و پێویسته‌ كار و چالاكییه‌كانی ئه‌نجۆمه‌نی یاسای بنه‌ڕه‌تی سووریه‌ به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نێكی بیانی به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتنێكی گشتی ئه‌ندامانی ئه‌و ئه‌نجۆمه‌نه‌ به‌ ئه‌نجام بگات.
 هاوكات وه‌زیرانی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر سێ ولاتانی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژنێڤ كۆنفڕانسی هه‌واڵنێرییان به‌ڕێوه‌ برد. له‌م دانیشتنه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌دا جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هاوكات له‌ گه‌ڵ په‌سه‌ند كردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆنفڕانس ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌سپێكی چالاكییه‌كانی ئه‌نجۆمه‌نی یاسای بنه‌ڕه‌تی سووریه‌ هاوكاته‌ له‌ گه‌ڵ ده‌سپێكی ڕه‌وتی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ و ئێران تا هه‌ر كاتێك ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ی سووریه‌ به‌ پێویستی بزانێت له‌م وڵاته‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. زه‌ریف بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ئاماده‌بوونی توركیه‌ له‌ سووریه‌ بكات، ڕایگه‌یاند ئێران و ڕووسیه‌ به‌ پێی بانگهێشتی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ی سووریه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سێرگێئی لائۆرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیه‌ له‌ كۆنفڕانسی ژنێڤ جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد مۆسكۆ پشتیوانی ئه‌كات له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجۆمه‌نی یاسای بنه‌ڕه‌تی سووریه‌ و ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت، به‌رهه‌ڵستكاران و نه‌ته‌وه‌ی سووریه‌. هه‌روه‌ها مه‌ولوود چاووش ئۆغڵوو، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی توركیه‌ ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌نجۆمه‌نی یاسای بنه‌ڕه‌تی سووریه‌ ئه‌توانێت له‌ ئاراسته‌ی گۆڕانكارییه‌كی سیاسی گه‌وره‌ له‌ سووریه‌ چالاك بێت.
ناوه‌ندی هه‌واڵنێری رۆیتێرز سه‌باره‌ت به‌م دانیشتنه‌ له‌ زمان “گیر پێدرسۆن”، نوێنه‌ری تایبه‌تی ڕیكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرنووه‌كان بۆ كاروباری سووریه‌ له‌ ڕاپۆرتێكی خۆی دا ڕایگه‌یاندووه‌ كه كۆبوونه‌وه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی سووریه‌ ڕێگاچاره‌یه‌كی سیاسی درێژخایه‌نه‌. به‌ پێی نووسراوه‌كانی رۆیتێرز كارناسان داكۆكیی ئه‌كه‌ن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ئاماده‌یه‌ له‌ سه‌ر مێزی وتووێژه‌كان پشك دابین بكات و ملكه‌چی خواستی به‌رهه‌ڵستكارانی بێت؟ ئه‌ویش له‌ كاتێك دا كه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ست هێناوه‌. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ “گیر پێدرسۆن” نوێنه‌ری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كاروباری سووریه‌، دانیشتنی ژنێڤی به‌ “كاتێكی مێژوویی” ناودێر كردووه‌.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووباڵوێزخانە و ناوەندە ئیسرائیلییەکان لە چەن وڵات، لە ترس و دڵەڕاوکێی هێرشی تێرۆریستەکانی ڕژیمی ئێران لە بارودۆخی ئامادەیی تەواو دان
بابەتی دواتربڕیاری ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.