پلانی وەزارەتی بەرگری ئامریکا بۆ بەڕێکردنی هەزاران سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

0
565

رۆژی كورد :
پێنتاگۆن وەزارەتی بەرگری ئامریکا ڕایگەیاندووە بۆ بەرەنگاری هەڕەشە چەکداریەکانی ئێران بە نیازە ڕێژەیەک لە نێوان ٥ هەتا ١٠ هەزار چەکداری نوێ بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ بکات. پڕۆگرامەکانی پەیوەندیدار بە بووژاندنەوەی هێزە چەکداریەکانی ئامریکا لە ناوچەکە بۆ بڕیاردانی کۆتایی بەڕێکراوەتە کۆشکی سپی.

وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە لە چوارچێوەی چالاکیەکی بە تەواوی بەرگریکارانە و بە مەبەستی بەربەرکانێ لە گەڵ هەڕەشە چەکداریەکانی ئێران گەڵاڵەیەکمان بۆ ناردنی هێزی چەکداری زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین ئامادە کردووە و ئێستا بڕیاری کۆتایی کەوتووەتە دەست کۆشکی سپی. هەواڵنێری ئاسۆشەیتێدپرێس ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ ئایار بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە بەرنامەی بەڕێکردنی دە هەزار چەکداری نوێ کردووە لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕاپۆرتێک دا کە لە لایەن ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز بڵاوکراوەتەوە ڕێژەی ئەو چەکدارانەی وا بڕیارە بە مەبەستی بووژاندنەوەی توانای سەربازی و هێزی بەرگری ئامریکا بۆ ناوچە بەڕێبکرێن ٥ هەزار چەکدار ڕاگەیەندراوە.
بەرنامەی بەڕێکردنی هێزی چەکداری زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بە فەرمیی پەسەند نەکراوە، هەر بۆیە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە وەزارەتی بەرگری کە هەواڵەکەیان بڵاو کردووەتەوە حەزیان نەکردووە پێناسەی خۆیان ئاشکرا بکەن. هەواڵنێری ئاسۆشه‌یتێدپرێس بەڕێکردنی هێزی چەکداری زۆرتر بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژایەتی وتەکانی سەرۆک ترامپ لە سەر بنەمای کەمکردنەوەی ڕێژەی چەکدارە جێگرکراوەکانی ئامریکا لە ناوچەکە دەزانێت.
ئەمە لە کاتێک دایە کە ناردنی ناوگانی فڕۆکەهەڵگری یوو.ئێس.ئێس ئابراهام لینکۆڵن و هەروەها ناردنی چەن فڕۆکەی شەڕکەری بۆمبهاوێژی بی.٥٢ بۆ ناوچە و ئەگەری جێگرکردنیان لە دامەزراوەی سەربازی ئەلعەدید لە وڵاتی قەتەر ئامادەبوونی هێزی چەکداری ئامریکای لە کەنداوی فارس زیاتر و بەرچاوتر کردووە.
پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری ئێستای ئامریکا و مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە کۆبوونەوە لە گەڵ ئەندامانی ئەنجۆمەنی سەنا و ئەنجۆمەنی پاڕلەمانی ئامریکا جەختیان لە سەر ئەو بابەتە کردووە کە ئامریکا خوازیاری شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا نیە و هەموو چالاکیە چەکدارییەەکانی ئەم وڵاتە لە ئاوەکانی کەنداوی فارس تەنیا بە ڕەهەندی بەرگریکردنە. هاوکات لە بەرنامەی پێنتاگۆن بۆ بەڕێکردنی هێزی چەکداری زیاتر بۆ ناوچەکە جەخت لە سەر ڕەوتی بەرگریکارانەی ئەم چالاکیانە کراوە و هەروەها باس لەوە کراوە کە ئامریکا بۆ بووژاندنەوەی توانای بەرگری خۆی پێویستی بە هێزێکی چەکداری زیاتر و سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی لە جۆری پاتریۆت هەیە.
هەواڵی گرێدراو بە پرۆگرامی پێنتاگۆن لەمەڕ بەڕێکردنی هێزی چەکداری نوێی ئامریکایی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرەتا لە لایەن تۆڕی هەواڵنێری سی.ئێن.ئێن بڵاوکرایەوە. ئەم تۆڕە هەواڵنێریە ڕایگەیاندبوو کە پێنتاگۆن وەزارەتی بەرگری ئامریکا لە هەمبەر پێویستی ناردنی چەن هەزار چەکداری نوێی ئامریکایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی وتووێژ و دانووستانیان کردووە. ئەمە لە کاتێک دایە کە پاتریک ڕایدێر وتەبێژی فەرماندەری هێزە چەکدارەکانی ئامریکا و یەکێک لە فەرماندەرانی هێزی ئاسمانیەکانی ئەم وڵاتە لە هەمبەر شیمانەیی بەرنامەی وەزارەتی بەرگری ئامریکا بۆ بەڕێکردنی هێزی چەکداری زیاتر بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە کورتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەرتەشی ئامریکا لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئێستای خۆی دا لە ڕادەربڕین و گریمانە لە هەمبەر ئەگەری چالاکیەکانی داهاتووی چەکداری وڵاتەکەی خۆ دەبوێرێت و زانیاریەکی زیاتری ڕانەگەیاند. نوێنەرانی دێمۆکراتی کۆنگرێسی ئامریکا نیگەرانی ئەوەن کە زیادبوونی بەشداری چەکداری ئامریکا لە ناوچەی کەنداوی فارس ببێتە هۆی شەڕێکی نوێ و نەخوازراو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.