پشتیوانی ناوه‌ندی هاوكاری حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

0
991

ڕۆژی كورد :
پشتیوانی “ناوه‌ندی هاوكاری حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران” و رێزدار “مسته‌فا هیجری” لێپرسراوی گشتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران له‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رانبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌رخی به‌نزین و سووته‌مه‌نی له‌ پارێزگاكانی ئێران.

هه‌ر وه‌ك ئاگادارین له‌ كۆتایی حه‌وتووی ڕابردوو به‌ ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵی به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌رخی به‌نزین له‌ تاران و پارێزگاكانی وڵاتی ئێران جه‌ماوه‌رێكی زۆری ناڕازی به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌و بڕیاره‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ خۆپشیاندان و ڕاگرتنی ئۆتۆمبیله‌كانیان له‌ سه‌ر جاده و شه‌قامه‌كان، ئیدانه‌ی بارودۆخه‌كه‌یان كرد و ئه‌و بڕیاره‌یان به‌ توندی مه‌حكووم كرد. هاوكات هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كان هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانیان به‌ بێڕێزی و ته‌قه‌ لێكردن و هاویشتنی گازی فرمێسك ڕێژ دایه‌وه‌ و له‌ ئاكامدا تا ئێستا به‌ پێی دوایین هه‌واڵه‌كان ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كوژراو و بریندار له‌ هه‌موو پارێزگا كوردنشینه‌كان به‌ تایبه‌تی و پارێزگاكانی دیكه‌ی ئێران به‌ گشتی هه‌یه‌.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا “ناوه‌ندی هاوكاری حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران” ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ به‌م بڕیاره‌ درندانه‌ و نامرۆڤایه‌تییه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌وا و به‌رحه‌ق ده‌زانێت و پشتیوانی لێده‌كات و داواكاره له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی جه‌ماوه‌ری تا به‌ چۆك داهێنانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیم به‌رده‌وام بن و درێژه‌ به‌ هه‌ڵویسته‌ ژیر و وشیارانه‌كانیان بده‌ن.

هه‌ر له‌ پێوه‌ندی به‌م بارودۆخه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ تایبه‌تی و وڵاتی ئێران به‌ گشتی له‌ چه‌ن ڕۆژی ڕابردوو دا ڕیزدار “مسته‌فا هیجری” لێپرسراوی گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیی به‌رانبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ر و خۆپیشانده‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پشتیوانی و هاوخه‌می خۆی به‌رانبه‌ر دۆخه‌كه‌ ده‌ربڕی و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌ مافی ره‌وا و به‌رحه‌قی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئێران ناوبرد و داوای له‌ خۆپیشانده‌ران كرد له‌ توند و تیژی خۆ بپارێزن و هه‌وڵ بده‌ن به‌ شێوازێكی ئاشتیخوازانه‌ درێژه‌ به‌ خه‌بات و خۆپیشاندانه‌كانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیانوو به‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیمه‌وه‌ نه‌ده‌ن بۆ سه‌ركۆتكردن و به‌كارهینانی زه‌بر و زۆری زیاتر به‌رانبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران و جه‌ماوه‌ری ناڕازی.
شایانی باسه هاوكات له‌ گه‌ڵ هه‌موو پارت و لایه‌نه‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازانی كوردستان هاوشان له‌ گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری ناڕازی كوردستان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئێران پشتیوانی خۆی له‌و خۆپیشاندانانه‌ ده‌رده‌بڕێت و ده‌نگی خۆی ئه‌خاته‌ پاڵ ده‌نگی هه‌موو حیزبه‌ كوردستانییه‌كان و جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆ وه‌دستهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ سته‌م لێكراوه‌كانی ئێران.
له‌ كۆتایی دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ن ڕۆژی رابردوو دا دیاسپۆرای كورد له‌ تاراوگه‌ له‌ هه‌موو وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌كان به‌ ڕێكخستنی ئاكسیۆنه‌كانیان و كۆبوونه‌وه‌ له‌ به‌ر ده‌م بالوێزخانه‌كانی ڕژیمی ئێران له‌و وڵاتانه‌دا ده‌نگی خۆیان خستووه‌ته‌ پاڵ ده‌نگی خۆپیشانده‌ران و ئه‌و بڕیار و هه‌ڵسووكه‌وته‌ی رژێمی كۆنه‌په‌ره‌ستییان به‌ توندی مه‌حكووم و شه‌رمه‌زار كردووه‌ و كۆبوونه‌وه و ڕێپێوانه‌‌كان هاوكات له‌ زۆربه‌ی وڵاتان به‌رده‌وامه.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوومه‌ریوان له‌ نێوان جه‌نگی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانیدا
بابەتی دواترپشتگیری ناوه‌ندی ڕۆژی كورد له‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.