ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی شپیگێل، وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی ئاڵمان، بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و 33 لۆگۆ و دروشمی جۆراوجۆری سەر بەو پارتەی یاساغ کردووە.
لەو بڕیارەدا بە ئاماژەپێکراوی، وێنەی عەبدووڵا ئۆجەلان بە باکگراوندی زەرد، سەوز و سوورەوە قەدەخە کراوە .
هەر بەپێی ئەو بڕیارە، 33 لۆگۆ و دروشمی تایبەت بە پەکەکە و لق و پۆپەکانیشی یاساغ کراون.
ئاڵای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، باڵی سەربازیی پارتی یەكێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ش یەکێک لە لۆگۆ یاساغ کراوانەیە.
ئەو بڕیارە لەلایەن تۆماس دی میزیر، وەزیری نێوخۆی ئاڵمان دەركراوە و بەسەر ویلایەتە فیدراڵەکانی ئەو وڵاتە و دامودەزگا ئاسایشیەکانی وڵاتدا بڵاوکراوەتەوە و لەوەبەدوا کاری پێدەکرێ.
دەکرانی ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا، وڵاتی تورکیەی بە کوشتنی شارۆمەندانی کورد لە کوردستانی باکوور و هەروەها تێکدانی شار و شارۆچکەکان، تاوانبار کردووە.
لە هەمان کاتدا تورکیا ڕایگەیاندووە کە لەم دواییانەدا ٧١ کەس لە فریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل ـیان کوشتووە.
لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: “سەرەتای ساڵی ٢٠١٦، زیاتر لە ١٩٠ کەس لە شاری جزیر بە هۆی نەبوونی خواردن و دەرمان و پێداویستیی پزشکی، کاتێک کە لە ژێرزەمینەکانی ماڵی خۆاندا خۆیان حەشار دابوو، گیانیان لە دەست داوە”.