نووسینی: هاوار بازیان
هەنگاوەكانی كورد لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەرەو گشتپرسی و سەربەخۆییی ئەو بەشە لە كوردستان، ئەگەر لە ئاستی ناوەخۆییدا گەیشتنە بە ئامانجێكی مێژووییی گەلی كورد، هاوكات كاریگەری دەكاتە سەر پرسی سیاسیی كوردی بەشەكانی تر كە لێرەدا كوردستانی ئێران بە نموونە وەردەگرین.
جمهوری ئیسلامی بەرامبەر پرسی راپرسی و سەربەخۆییی كورد لە باشووری كوردستان بەردەوام خۆی بە “لاسار و نەیار” پیشانداوە، بەڵام بە وردبوونە لەو باسە دەبینین كە هەولێری سەربەخۆ تا رادەیەكی زۆر لە بەرژەوەندیی تارانی نیگەراندا دەبی.
درووستبوونی بەرپرسیارێتیی یاسایی
لەژێر سایەی ئەو كۆمەڵە بەرپرسیارێتییەی پاش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر دنیای دەرەوە درووست دەبی، كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی سنووردارتر لە هەمیشە دەبن كە زیاتر لە 20 ساڵە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن. ئەگەر تا ئێستا بەشێوەی رێژەییش جووڵە و چالاكییان هەبووبی، لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەرێمدا ناتوانن لەسەر چالاكی دژ بە ئێران بەردەوام بن. هەروەك چۆن پارتی كرێكارانی كوردستانیش بەرامبەر توركیا هەمان دۆخی دەبی. بەوپێیەی ئەركی یەكەمی وڵاتێكی سەربەخۆ لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، پاراستنی بەرژەوەندیی دراوسێكان و چوونە ژێرباری بەرژەوەندیی هاوبەشە لەگەڵ ئەوانەی سنووری هاوبەشیان هەیە.
جگە لەوەی پێویستە پابەندی دەیان یاسا و رێنوێنیی جیهانی لە بوارەكانی مافی مرۆڤـ، پاراستنی سەروەری، ئابووری، دیپلۆماسی و … بیت كە لە هەموویاندا ئەركێكی دوولایەنە دەكەوێتە سەرشانی وڵاتی كوردستان و لایەنی بەرامبەر یان كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی.
دوو بژاردەى سەرەكی
حیزب و لایەنە نەیارەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان پاش سەربەخۆییی كوردستان، راستەوخۆ دەكەونە بەر دوو رێگەی سەرەكی. یەكەم ئەوەی بەشێوەی رەسمی وەك پەنابەر لە كوردستانی سەربەخۆ (یان وڵاتانی تردا) نیشتەجێ بن و بەپێی ئاست و جۆری پەیوەندییەكانی تاران و هەولێر چالاكییە سیاسییەكان بەڕێوە ببەن كە زیانێكی زۆر بە هێزی مرۆیی و سیاسیی حیزبەكان دەگات. لەو حاڵەتەدا رەنگە بۆ دەسەڵاتی تازەی كوردی ئاسان نەبی لەپێناو پاراستنی شۆڕشی كوردی ئێراندا، چاوپۆشی لە بەرژەوەندییە گەورەكانی خۆی لەگەڵ جمهوری ئیسلامیدا بكا، بەتایبەت كە وڵاتی سەربەخۆی تازەی كوردی پێویستی بە تێكەڵبوون و گۆڕینەوەی هەموو جۆرە بەرژەوەندییەك لەگەڵ وڵاتانی دوور و نێزیكدا دەبی.
ئەو بژاردەیە بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەدوور دەزانم، بەتایبەت كە زۆربەی هێزە كوردییەكانی ئێرانی هەڵگری مێژوویەكی دوور و درێژی خەباتن و دەیان ئەزموونی لەوشێوە و بگرە ئەستەمتریان تێپەڕاندووە. جگە لەوەی زۆربەیان خۆیان بەرپرس دەزانن لە شۆڕِشێك كە لەپێناویدا سەدان و هەزاران قوربانییان داوە.
لە بژاردەی دووەمدا رێگەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و چوونەوە شاخ دەكەوێتە بەرباس كە هێزە كوردەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تا رادەیەك خۆیان بۆ ئەوجۆرە لە خەباتیش ئامادە كردووە. لەگەڵ رەسمی بوونی چوونەوەی كوردی ئێران بۆ چیاكانی سەرسنوور ئەگەریش دژوارییەكانی خۆی هەبی، بەڵام بۆ كوردی ئێران دەستكەوتی باشی دەبی. بەوشێوەیە جگە لەوەی كورد دەچیتەوە قۆناخی شۆڕِشی راستەقینە، هاودەنگ دەبی لەگەڵ ئەو شەپۆلەی لە ناوەخۆی ئێران و ناوچەكە دژی جمهوری ئیسلامی پەیدا بووە. هەروەك چۆن بەلووچ و عەرەبەكانی ئێران دەستیان كردووە بە جووڵە سەربازی دژی دەسەڵاتی ئێرانی و لە رۆژئاوا بەتایبەت ئامریكا و عەرەبەكانی كەنداو گەلەكۆمەیەكی بەهێزیان دژی تاران درووست كردووە. ئاماژەكان و مێژووی رابردووی حیزبەكان پشتگیری بژاردەی دووەم دەكەن كە پێویستە كوردانی ئێران بەباشی ئامادەكاری بۆ بكەن تا لەناكاو دۆخێكی نەخوازراویان بەسەردا نەسەپێنرێ.
بەكورتی
ئەگەر تا رادەیەك پەلە بە پرۆسەی راپرسی و بوون بە دەوڵەتی كوردی لە هەرێمی كوردستانەوە دیارە و هەست دەكرێ پاش سەدان ساڵ و دەیان دەرفەت بۆ ئە مافە، ئێستا سەرجەم وردەكارییەكانی لەبەرچاو نەگیراوە، چاوەڕوان دەكرێ لە رۆژی راگەیاندنی ئەو دەوڵەتەدا رەچاوی پێگە و بەرپرسیارێتییەكانی كوردی هەرێم بەرامبەر دۆخی كوردانی تر بەتایبەت ئێران بكرێت كە هێشتا لە قۆناخی شۆڕشدایە و چاوی لە كردنەوەی دەرفەتە نەك سنوورداركردن، ئەگەرێك كە پێویستە كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی خۆی بۆ سەرجەم پێشهاتەكانی ئامادە بكا و نەبیتە باج یان قوربانیی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بەرامبەر ئێران!