ڕۆژی کورد
١ لەدیدی بەڕێزتانەوە جێگەوپێگەی ژنان لە نێو کۆمەڵگا چەندە گرینگ و جێگای بایەخەو هاوکات ئەرکی ژنان بۆ خاوێن هێشتنەوەی کۆمەڵگاو ئاگاکردنەوەی ژنانی نێوکۆمەڵگا چۆن دەبینن؟
لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بە هۆی داب و نەریتی باوی کۆمەڵگاکان و هەروەها هۆکارەکانی دیکەی ئایینی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و… و زۆرێک لە هۆکارەکانی دیکە، ژنان بەردەوام قورخ کراون و سنووردار کراونەتەوە و نەیانهێشتوون لە هیچکام لەم لقانەدا خۆیان ببیننەوە و ژنان بە بێ ئاگایی و بێ زانست تا قۆناغێکیان تێپەڕاندووە. بەڵام لە ئێستا و لەم سەردەمەدا کە دنیا گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، ژنان دەبێ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خۆیان بسەلمێنن، سەرەتا بە خۆیان و دواتر بە هەموو دنیا خۆیان بسەلمێنن کە ئەمانەش بە ئاگایی و سەرکەوتن لە قۆناغە بەرزەکانی زانست و خوێندن، بەشداری چالاکانە لە پرۆسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا وێنا دەکرێن و دەبێ ژن وەک نیوەی کۆمەڵ و بەشی هەرە گرینگی کۆمەڵ، ئەرکی خۆی بەم شێوەیە بەرامبەر بە نەسڵەکانی داهاتوو بە جێ بگەیەنێ. بۆیە لەم پرۆسەیەدا چالاکوانانی ژن ئەتوانن ڕۆڵی ئەستێرەی ڕێ نیشاندەر بگێڕن بۆ کۆمەڵگا چون وەک پۆلی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا کە دەرکیان بە کێشەکان کردووە و لە هەوڵی چارەسەری کێشەکاندان، پێویستییەکی ئێجگار زۆرن بۆ پرس و کەلێنەکانی کۆمەڵگا.
٢ ڕۆڵی ژنانی چالاک لە بوارەکانی پەروەردە و گەورەکردنی منداڵانی نێوکومەڵگا چەندە گرینگ و ئاستەمەکانی بەردەمیان چ شتهائێکە؟
لێرەدا نابێ ئێمە ئیتر لە کلیشە کۆنەکان کە هەموو کات ماڵ و ماڵداری و مناڵ بەخێوکردن بە ئەرک و بەشێکی دانەبڕاوی ژن ئەزانن، کەڵک وەرگرین. بە پێی تێگەیشتنەکانی ئێستا و ئاگابوونەوەی خەڵک، ئیتر ئەوە تەنیا ئەرکی ژن نییە مناڵ پەروەردە بکات و هەوڵ بۆ تەندرووست هێشتنەوەی چوارچێوەی بنەماڵە بدا. بەڵکوو بۆ پەروەردەیەکی درووست و شوێندانەر، دەبێ هەردوو ڕەگەزی تەکمێڵکەر ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن واتا هەم دایک و هەم باوک دەبێ بە یەک ڕادە لە هەوڵی پەروەردەیەکی گونجاو بن بۆ مناڵەکەیان، تەنانەت ئەمە لە ڕووی زانستیشەوە ئیسبات کراوە کە هەموو منداڵێ پێویستی بەرابەری بە دایک و باوکی هەیە تا بتوانێ لە داهاتوو کەسێکی بە کەڵک بێت بۆ کۆمەڵگا. سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم ژنان دەتوانین چەندین نموونە بهێنینەوە بەڵام گرینگترینیان لە دیدی منەوە کلتووری پیاو سالارییە کە بوەتە هۆی ئەوە تەشەنە بکاتە نێو بواری پەروەردەوە و بە شێوەیە هەم لە ژنان و هەم لە منداڵانی کۆمەڵگاو تەنانەت خودی پیاوان غەدر بکرێت.
٣ بەپێ ئامارەکانی خودی ڕژیمی ئێران لە دە ساڵی ڕابردوو زۆرێک لە ژنان تووشی کێشەی مادەی هۆشبەر بوونە هەرچەند ژنان هەمیشە وەکوو هاوژینی پیاوی خوێگەر تووشی دەیان کێشەو کارەسات گەلێکی گەورە بوونە ، لە دیدی بەڕێزتانەوە سوپای ترێرۆریستی پاسدارانی ئێرانی کە بەردەوام لە حاڵی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرە لە کوردستان چەندە زەربە لە ژنان و کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی دەدات؟
لە ئێستادا بە هۆی هوشیاری کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان و قەبووڵ نەکردنی پاساوە یاسایی و ئایینیەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر بەرتەسک کردن و سنوور دار کردنی چالاکی و مافەکانی ژنان و هەروەها بە هۆی بەشدارییان لە لقە جۆراوجۆرەکانی وەک کۆمەڵایەتی و سیاسی و… و قەبووڵ نەکردنی ژێر دەستەیی، ئەم حکوومەتە هەر وەک چۆن لە مێژە ئەو پیلان و بەرنامە بۆ پیاوان و هەموو دژ بەرەکانی خۆی داڕشتووە و بەدەوامە لێی، ئەم داوەی بۆ ژنانیش ناوەتەوە و گەیشتووەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە ئەم شێوە کارە وەک یەکێک لە کارامەترین شێوەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی مێشکێکی ئاگا و زارێکی حەق خواز و دوور کردنەوەیان لە پرس و بابەتەکانی ڕۆژ، بە کار بەرێ کە سپای پاسدارانی وەک سەرەکی ترین عامڵی جێبەجێ کەری ئەم پیلانە درێژ خایەنە تەیار کردووە. بۆیە لەم ڕاستایەدا چالاکوانانی ژن ئەبێ بە جیات مەترەحی بەردەوامی کێشەی ژنان، لەم بوارەدا و زۆر بواری گرینگی دیکەدا، بە کردەیی چالاکی بنوێنن و لە هەوڵی هۆشیاری و چارەسەری کێشەی مەترسیداری هاوشێوەی ئەمە بن کە ئەمەش دەکرێ بە کرانەوەی NGO یان ڕێکخراو و کەمپ بۆ بەرپرچ دانەوەی مەترسی و چارەسەری تووشبووان و هەروەها بە حزوری فیزیکیان لە نێو خەڵکدا و ئاگا کردنەوەی خەڵک لە کێشە و مەترسییەکان بەردەم ژنان و کۆمەڵگا لە لایەن پیلان و بەرنامەکانی سپای پاسداران، پێش بە ڕوودانی خەسارەکان بن بۆ ناو کۆمەڵگا، بۆ بونیادی کۆمەڵگایەکی تەندرووست و سڵامەت و دوور لە مادە هۆشبەرەکان.
٤ لە سەرجەم کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی دنیا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرینگیان لە پێش خستنی ئابووری و کۆمەڵگای وڵاتەکانیان هەیە ، ئێوە ئەرکی ژنانی نێو کۆمەڵگای کوردستان بۆ پێش خستنی کۆمەڵگاو گەشەی ئابووری کۆمەڵگا چۆن دەبینن؟
وەک چۆن لە درووشم و بەرنامەی هێندێک لایەنی سیاسی دێموکراتیش دا هەیە و هەروەها شەپۆلێک لە فێمێنیستەکانیش لەسەر ئەم بڕوایەن ژنێک ئەتوانێ دفاع لە حەق و مافی خۆی بکا کە ڕۆڵی هەبێت لە ناو کۆمەڵگا و ئابوورییەکی سەربەخۆی هەبێت. واتا ژنێک ئەتوانێ سەرکەوتووبێ و داکۆکی لە مافی خۆی بکا و هەروەها نەوەیەکی داهاتووی سالم پەروەردە بکا کە موستەقل بێت و ئابووری سەربەخۆی هەبێت تا لە ژیانیشیدا بە دوای (بەخێوکەر) نەگەڕێ بەڵکوو بە دوای هاوڕێی ژیان بێ. هەر بۆیە بەشداری ژنان لە بیاڤە ئابووری و سیاسی و… ، کۆمەڵگا لە عەسری جاهڵ بوون و سنوور دار بوونەوە، بەرەو پێشکەوتن و ئاگایی دەبات.
بیرۆکی دینی و مەزهەبی چەندە کاریگەری نێگێتیڤی لەسەر ژیانی ژنانی چالاکی نێوکۆمەڵگای کوردستان داناوە و گرینگی جێگەو پێگی ژنانی چالاک چۆن دەبینن؟
ئایین هەر لە سەرەتای هاتنیەوە ڕوانینێکی نابەرابەری هەبووە و هەر حکوومەتێک ئایینی بووبێ، لەوێدا زۆرتر پیاو نەقشی گێڕاوە و هەوڵ دراوە ژن لە چوار چێوەی عموومی و گشتی پەراوێز بخرێت و بچێتە چوار چێوەیەکی بەر تەسک تر وەک ماڵ، و لە مافەکاندا زۆرتر پیاو سەردەستەیی بکات. هەر چەند ئایین یان ئەدیان زۆر شتیشیان ڕوون کردووەتەوە یا باشترە بڵێین چاکتر کردووە بەڵام بە گشتی کارنامەیەکی ڕوونی چاک لە بەر دەست دا نییە و نەیتوانیوە لە هێزی کۆبەندی کۆمەڵگا کە هەمووی پەیڕەوی ئەدیانیان ئەکرد، بە باشی و بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی کەڵک وەر بگیردرێ. لایەنێکی دیکەشی ئەوەیە کە لە زۆربەی ئایینەکاندا نەک سەرفەن هەموویان، ژن نمادێکی وەسوەسەگەرانەی هەبووە و نیشاندەری نەقشی شەیاتین بووە و ئەم شێوە تێڕوانینانە نەسڵ بە نەسڵ و زار بە زار هاتووە و تەئسیری لەسەر فکریەتی کۆمەڵگاکان هەبووە. بۆیە کۆمەڵگای ئێمەیش کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە کە ڕیشەی ئەم پیاوسالارییە لە ئایینەوە هاتووە و بەشێکی زۆری پیاوانی کۆمەڵگا حەزیان لەم ڕوانینە پیاو سالارە هەیە و نایانەوێ ئەم تێڕوانینانە لەبەین بچێ و بەداخەوە بەشێکی بەرچاوی ژنانیش لە ژێر سوڵتە و دەسەڵاتی پیاو سالارین و حەزیان بەمەیە و ئەمە بە چارەنووس و سرووشتی خۆیان ئەزانن و پێیان خۆشە لەم چوارچێوەدا بمێننەوە. بۆیە زۆر زەحمەتە کە تۆ بێی ئەم جۆرە ژنانە کە قەفەس بە چارەنووسی خۆیان ئەزانن، ئاگا کەیەوە و هەروەها لەبەر حکوومەتی زاڵ و دەسەڵاتی حاکم، کە خۆی حکوومەتێکی ئایینیە، هەر چەشنە ئاگاسازی و هەوڵێک بە مەترسی ئەبینێ بۆ سەر دەسەڵاتی پیاو سالاری و ترسی ئاگابوونی ژن، بۆیە هەوڵی ئەوە ئەدا ئەم جۆرە کەسانە لەبەر چاوی عام بە موحاربە (دژایەتی کردنی خوا) و کافر و مەترسی بۆ سەر پیرۆزییەکانی ئایین لە قەڵەم بدا.
٦ ڕۆڵی ژنانی پێشمەرگە لە بەرگری کردن لە ژنانی نێوکۆمەڵگای کوردستان و ئاگادار کردنەوەی زیاتریان چۆن دەبینن؟
ژنانی پێشمەرگە بە بەشداری و حزووری فیزیکیان لە شۆڕش و سیاسەتدا، تابۆکانیان شکاندووە و سەلمێنەری یەکەم هەنگاوەکان بۆ سڕینەوەی نەریتە کۆنەکان و تێپەڕاندنی هەموو پردە بەربەستەکانن، بۆیە هەر حەرەکەت و هەوڵێکی ئەوان تەئسیری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆی کۆمەڵگا هەیە. هەوەها ژنانی پێشمەرگە وەک سومبوولێک دەبێ زۆر زیاتر لەمە هەوڵ بدەن و بانگەشەی بۆ بکەن کە ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی خۆیان و ئەو ئاگایی و ماف ویستییەی خۆیان بگوازنەوە ناو کۆمەڵگا.