وتووێژی ناوه‌ندی ڕۆژی كورد له‌ گه‌ڵ هاوڕێ ئه‌لبۆرز رۆئین ته‌ن ئه‌ندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامیی ڕاسان و خه‌باتی ئه‌و حیزبه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات

0
2588

ڕۆژی كورد :
“ئه‌لبۆرز رۆئین ته‌ن” سه‌باره‌ت به‌ “ڕاسان” و به‌رده‌وامی خه‌باتی شار و شاخ :

“بە ڕاسانەوەی نوێی گەلەکەمان جارێکی دیکە ڕۆژهەڵات زیاتر وەک چەقی خەبات گەڕایەوە نێو هاوکێشە سیاسیەکان، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە.”

سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامیی ڕاسانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و تێكه‌ڵاو كردنی خه‌باتی شار و شاخی حیزبی دیموكراتی و به‌رده‌وامی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌و حیزبه له‌ ناوخۆی وڵات و چالاكییه‌كانیان، ناوه‌نده‌كه‌مان ناوه‌ندی ڕۆژی كورد وه‌كوو ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یاندن و خزمه‌ت به‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و به‌رز ڕاگرتنی ناوی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌، وتووێژێكمان له‌ گه‌ڵ هاوڕێی ئازیز ئه‌لبورز روئین ته‌ن ئه‌ندامی ناوه‌ندی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و دانیشتووی وڵات دانمارك پێك هێنا كه‌ له‌ ژێره‌وه‌ ئه‌خرێته‌ به‌ر چاوی بینه‌ران و خوێنه‌رانی ناوه‌نده‌كه‌مان وێڕای سپاس و ده‌سخۆشی و ماندوو نه‌بوون بۆ كاك ئه‌لبۆرز روئین ته‌ن ئازیز پرسیاره‌كانمان به‌م شێوه‌یه‌ ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان كرد و جه‌نابیان به‌وپه‌ڕی دڵفراوانی و به‌ ڕوویه‌كی كراوه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ناوه‌نده‌كه‌مانی نارده‌وه‌.
وه‌كوو ده‌ستپێك دوامان له‌ به‌ڕێزیان كرد خۆیان بناسێنن و به‌ كورتی پێمان بڵێن پله‌ی خوێنده‌واری و شوێنی نیشته‌جێبوون و شوێنی دانیشتنی ئێستایانمان بۆ باس بكه‌ن. هاوڕێی شوڕشگێر ڕیزدار كاك ئه‌لبورز وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمانی به‌م شێوازه‌ داوه‌ته‌وه‌.
 ئەلبورز ڕۆئین تەن لە دایک بووی شاری ورمێ دانیشتووی وڵاتی دانمارک، لیسانسی شیمی لە زانکۆی سەلاحەدین هەیە و وێڕای کاری حیزبی لە کۆمیتەی دانمارک و چالاکی لە بواری ڕاگەیاندن لە کۆنگرەی شانزدە کە بەکۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناوزەد کرا بە ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا.

1- وه‌ك ئاگادارین پڕۆسه‌ی ڕاسان و تێكه‌ڵ بوونی خه‌باتی شار و شاخ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ساڵی 2014ی زایینی ده‌ستی پێكرد به‌ ڕای جه‌نابتان ڕاسان تا چه‌ ئاستێك سه‌ركه‌وتوو بووه‌؟

 سەرکەوتووی جوڵانەوەیەکی فرە ڕەهەندی وەک ڕاسان هەڵگری باسێکی زۆرە کە دەبێ لە گۆشە نیگای جیاوازەوە لێی بڕوانی. بەڵام بە پێویستی دەزانم پێش ئەوەی باس لە سەرکەوتنی ڕاسان بکەین، باس لە پێش ڕاسان و چۆنیەتی هاتنە ئارای ڕاسان بکەین، چونکە بەو شێوەیە باشتر دەتوانین شرۆڤەی سەرکەوتوو بوونی ڕاسان بکەین. لە دوای هاتنە خوارێی حیزب لە قەندیل و شاخەکانی ڕۆژهەڵات بۆ قوڵایی باشوری کوردستان و کەمتر بوونی حزوری چالاکانەی پێشمەرگە، هەروەها پیلانەکانی بەردەوامی ڕێژیم لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و لە دەروە چ لە ڕێگای شەڕی نەرم و چ بە تیرۆر و موشەکباران بۆ لاواز کردنی شۆڕش تێچوویەکی زۆری خەرج کرد. لە نێوخۆی وڵاتدا بە پەرە پێدانی سناریۆی ڕێفورم خوازی هەوڵی دا کە نیشان بدات پرسێک بە نێوی پرسی کورد نیە و ئەگەر گرفتێکیش هەبێ لە چوارچێوەی ڕێژیم دا چارەسەر دەکرێت. لە هەمان کاتدا لە سەرکوت و کردەوە دژە گەلیەکانی خۆی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات دا زیاتر لە پێشوو بەردەوام بوو. لە کاتێکی وەها دا کە ڕێژیم لە لایەک لە گەڵ ڕۆژئاواییەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ بوو لە لایەکی دی بە دەستتێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە پڕوپاگەندەی بە هێز بوونی خۆی ئەنجام دەدا پێویستی وەگەڕخستنەوەی خەبات و ڕاسانەوەیەکی گەلی بەرانبەر ئەو دیکتاتۆریە زیاتر لە هەموو کات خۆی دەنواند. بێ گومان ڕاسانەوە لە بەر هۆکارگەلی ژئۆپولیتیکی و بەراوردی هێز ئاسان نەبوو، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک دینامیزمی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لێبڕاوانە بڕیاری خۆی دابوو، هەر ئەوەش بوە هۆکاری ئەوەی بە حزوری چالاکانەتری پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و جێگیر کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاخەکانی ڕۆژهەڵات پەیامی ڕاسانەوەی بە گەل دا و لەو پەیامەش دا شاریش وەک لایەکی ئەو جوڵانەوەیە بە گرینگەوە باسی لێکراو بایەخی پێدرا کە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکیشەوە بە باشی پێشوازی لێکرا. کە واتە بە ڕاسانەوەی نوێی گەلەکەمان جارێکی دیکە ڕۆژهەڵات زیاتر وەک چەقی خەبات گەڕایەوە نێو هاوکێشە سیاسیەکان، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە. بە دەستپێکی ڕاسان حیزبی دێموکرات سەلماندی هەموو پڕۆپاگەندەی ڕێژیم لە مەڕ نەمان و لاوازی هێزی شۆڕش درۆن بەڵکو هەر ئەو هێزە داینەمۆی ڕاسانەوەیەکی دیکەیە ئەمە سەرکەوتنێکی دیکەی ڕاسان بوو. ڕاسان وێڕای دابەش کردنی ئەرکی شۆڕش بە سەر هەمووان و هێنانە بەرباسی خەباتی شار و لێک گرێدانی خەباتەکان هەنگاوێکی دیکەی بە جەماوەری کردنی زیاتر خەبات بوو کە ڕەمزی سەرکەوتنی هەر جوڵانەوەیەک هەژمار دەکرێت ئەمە سەرکەوتنێکی دیکەی ڕاسان بوو. دروست بوونی هیوا بۆ سەرکەوتن لە خەباتی نەتەوەیەک فاکتەرێکی دیکەی گرینگە کە بە دەست پێ بوونی ڕاسان ئەو هیوایە لە نێو گەل دا بە شێوەیەک چرۆی زیاتری کرد کە کاریگەری لە سەر دۆخی ڕۆژهەڵات بۆ پێکەوە بوونی زیاتر و بە هانای یەکترەوە چوون هەبوو. هەر بۆیەش ڕاسان سەرکەوتوو بووە ئەو سەرکەوتنەش بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و پێشوازی گەلە، بەڵام تا سەرکەوتنی کۆتایی کە ڕزگاری نیشتمانە ئەرکی زۆر قورس لە سەر شانی هەموومانە پێکەوە بە یەکڕێزی هەموو هێز و لایەنەکان بۆ بە دەستهێنانی سەرکەوتنی کۆتایی ڕاسان کە ڕزگاری نیشتمان و ئازادی گەلی کوردە ڕاسان بەردەوامە.

2- چالاكییه‌كانی راسان له‌ درێژه‌ی ئه‌م ماوه‌دا وه‌كوو خۆتان چۆن هه‌ڵده‌سنگینن و چۆنی ده‌نرخێنن؟

نرخی زۆر گران لە پێناو بەرەو پێش بردنی ڕاسان پێشکەش بە ئازادی و ڕزگاری نیشتمان کراون، بەڵام بە هەڵسەنگاندن و بەروارد کردنی دۆخی ئێستا و پێش ڕاسان دەتوانین گرینگی ڕاسان زیاتر شرۆڤە بکەین، تا ئێستا بە هەوڵ و تێکۆشانی پێشمەرگە و پێشوازی گەل لە نێوخۆ توانزاوە ڕاسان وەک هەستانەوەیەکی نوێ شوێنێ خۆی بکاتەوە، چالاکیەکانی ڕاسان لە چەندین بوار دا بەردەوام بووە کە هەر یەکێک لەو بوارانە وێڕای جیاوازی بەڵام گرینگی خۆیان هەیە، لە هەمان کاتدا پوتانسیلی هێزی شۆڕش زۆر لەوەی زیاترەو وەگەڕخستنەوەی ئەو هێزە لە بواری جیاواز و هەماهەنگ کردنیان ئەرکی قورسی ئێمەیە، هەروەها یەکێک لە ئەرکەکانی ڕاسان هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی بەستێنی یەکڕێزی لە نێوان هەموو هێزو لایەنەکانە کە ئەم ئەرکەش لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاری بەردەوامە و هەوڵی خێرا کردنی ئەو هەنگاوانەش هەن. چالاکیەکانی ڕاسان تا ئێستا شایانی پێزانینە و بۆ لەوە بە دواش ئەرکی زۆر قورسمان لە سەر شانە کە بە پشتیوانی گەل و یەکڕێزی لایەنەکان هیوای باشتر بەرەو پێش چونیان هەیە.

 3- ئایا ڕاسان تا چه‌ ئاستێك توانیویه‌تی له‌ دڵی كۆمه‌ڵانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان جیگای خۆی بكاته‌وه‌ و تا چه‌ ڕاده‌یه‌ك هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ڕژیمی ئێرانی هه‌راسان كردووه‌ و به‌ گشتیی تا چه‌ ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه‌؟

بۆ وەڵامی بەشی یەکەمی پرسیارەکەتان دەتوانم ئاماژە بە دوو بابەت بکەم یەکەمیان بەردەوامی هاتنی لاوان بۆ ڕێزی شۆڕشە نیشان دەدات کە ئەو پەیامە لە لایەن لاوانەوە کە داینەمۆی گۆڕانکاری لە هەر کۆمەڵگایەک هەژمار دەکرێن بە باشی وەرگیراوەو بە پیل ئەو پەیامە هاتوون. بابەتی دووەم خەباتی شار لە چوارچێوەی دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی و هەروەها بە جۆش و خرۆشی زیاتری بەڕێوە چونی بۆنە نەتەوەییەکان و بەرز بوونی هەستی هاوکاری و بە هاناوە چونی لێقەوماوانی یەکێک لە شارەکان کە پێویستی بەهاوکاری هەیە لە لایەن هەموو نەتەوەی کوردەوەیە کە وەک ڕەهەندی جیاوازی خەباتی شار دەبیندرێت بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ڕاسان توانیویەتی لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵک جێی خۆی کردۆتەوە. لە هەمان کاتدا ملیتاریزە کردنی هەر چی زۆرتری کوردستان و تەنانەت هەڕەشەی فەرماندەرانی سوپای پاسداران لە حیزبی دێموکرات لە تریبونی نوێژی جومعەی تارانەوە بەڵگەن کە هێزی ڕاسان ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە نێو ڕێژیم دروست کردوە.

 4 – به‌رده‌وامی و درێژه‌ی چالاكییه‌كانی ڕاسان له‌ ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و لە دەرەوە چۆن ده‌بینن؟

لە ئێستا دا وێڕای ئامادەیی بەردەوامیی شاخ واتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و داهێنانی چەمکگەلی وەک پێشمەرگەی شار لە نێوخۆ و خەباتی تەشکیلاتی نێوخۆی حیزب کە بەشێکی گرینگی ڕاسان هەژمار دەکرێت، چالاکیە جیاوازەکانی ڕاسان لە بواری پەروەردەو ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی و هەروەها هەوڵدان بۆ بەهێز کردنی ناوەندی هاوکاری بەردەوامن، ئەو چەندەش بە هەوڵ و تێکۆشانی کادر و پێشمەرگە و ئەندام و ڕێبەرایەتی حیزب هاتۆتە دی کە هەوڵی پەرەپێدانیان دەدرێت بۆ ئەوەی سەرخستنی ڕاسان مسۆگەر بکرێت. شایانی باسە خۆپێشاندانی بەرینی بروکسێل لە ساڵڕۆژی تیرۆری ڕێبەری نەمرمان دکتور قاسملوو هەنگاوێکی دیکەی بە نرخی ڕاسان بوو کە لە لایەن بەڕێز کاک مستەفا لێپرسراوی گشتی حیزب بە ڕاسانی تاراوگە ناوزەد کرا. بە دیتنی ئەو هەوڵ و تێکۆشانە وێڕای کار بۆ پەرەپێدانیان پەرەی ڕاسانەوەی گەلەکەمان لە داهاتوو دا بە ڕوونی دەبینم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.