ڕۆژی كورد :
مایك پۆمپێئۆ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا له دانیشتنێكی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له گه‌ڵ هاوتای عێراقی خۆی، هێزه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌كوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئارامی و ناسه‌قامگیری باری ئه‌منی وڵاتی عێراق و ناوچه‌كه ناوبرد و جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه‌ش كرد كه وڵاته‌كه‌ی خوازیاری دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی نوێ به بێ گه‌نده‌ڵی ئیداری و نه‌بوون و پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هیزه هاوشێوه چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به ئێران و وڵاتانی دراوسێن.
سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی ١٩ی ئاگووست له كونفڕانسێكی هاوبه‌شی ڕۆژنامه‌وانی و ڕاگه‌یاندن له نێوان هه‌ر كام له مایك پۆمپێئۆ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئا‌مریكا و فۆئاد حۆسه‌ین، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی عێراقی فێدراڵ به‌ڕێوه‌چوو كه له نێوان دانیشته‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه كه وڵاتی ئا‌مریكا خوازیاری دامه‌زرانی عێراقێكی نوێ به بێ گه‌نده‌ڵی ئیدارییه و هاوكات ڕایگه‌یاند كه هێزه هاوشێوه چه‌ه‌كدارییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیدارن بۆ سه‌ر ئارامی و ناسه‌قامگیركردنی باری ئه‌منی عێراق و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه چه‌كدارانه‌ی پێشكه‌ش به حكوومه‌تی عێراق كرد. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا له درێژه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی خۆیدا له گه‌ل فۆئاد حۆسه‌ین، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی فێدراڵ ئه‌وه‌شی زیاد كرد كه وتووێژه سه‌ره‌كییه چاره‌نووس سازه‌كان ته‌نیا له سه‌ر ته‌وه‌ر و بنه‌مای مانه‌وه‌ی ژماره‌ی هیزه‌كانی ئا‌مریكا له عیراقی فێدراڵ نابێت و ناوبراو داوا له به‌رپرسانی به‌غدا ده‌كات له سه‌ر ناردنی بوودجه له گه‌ل حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێكبكه‌ون و ته‌بایی پێك بهێنن و به زووترین كات هێزه چه‌كداره‌كان هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه و پۆلیسی ناوچه‌یی جێگری ئه‌و هیزانه بكرێن له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزه چه‌كدارانه له لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ و هێزه ده‌ركییه‌كانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێن و مه‌ترسییه‌كی ته‌واون بۆ سه‌ر ئارامی و ڕه‌وشی ئه‌منی وڵاتی عێراق به تایبه‌تی و ناوچه‌كه به گشتی.
به پێی وته‌كانی ناوبراو، سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا به‌م زووانه هه‌نگاوه داهاتووه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به ئیران و دوایین بڕیاره‌كانیان له بابه‌ت ئه‌و وڵاته‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نن. هاوكات و له لایه‌كی دیكه‌ش فۆئاد حۆسه‌ین، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی فێدراڵ هه‌ر له‌م دانیشتن و كۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌دا ڕایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كی پته‌و و قایمی له گه‌ڵ ئا‌مریكا هه‌یه و بڕیاری كۆتایی عیراق پێویسته له لایه‌ن دانیشتوان و هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌وه بێت و له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه به‌ڕیوه بچێت و وڵاته‌كه‌ی خوازیاری پێوه‌ندی و په‌رچه‌كرداری ئاسایی له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێیه به بێ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌وان له كاروباری ناوخۆیی عێراقی فێدراڵ.
جێگای ئاماژه پێكردنه مسته‌فا ئه‌لكازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فێدراڵ هاوڕێ له گه‌ڵ شاندێكی هاوبه‌شی خۆی به سه‌ردانێكی فه‌رمیی بۆ به‌شداری له كۆمه‌ڵه وتووێژ و چاوپێكه‌وتنێك له بواره ئابورییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته واشنتۆن پێته‌ختی وڵاتی ئا‌مریكا و هه‌روه‌ها بڕیار وایه ئه‌لكازمی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ڕێكه‌وتی ٢٠ی ئاگووست له گه‌ڵ دۆناڵد تڕا‌مپ، سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا دیدار و چاوپێكه‌وتن پێك بهێنێت و دواتر كومه‌ڵێك دیدار و چاوپێكه‌وتن له گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای كۆمپانیا و گه‌وره ڕیكخراوه ئابوورییه‌كانی ئه‌و وڵاته سه‌باره‌ت به ئاوه‌دانكردنه‌وه و ڕه‌وتی چاكسازی و نوێكردنه‌وه‌ی عێراقی فیدراڵ به‌ڕێوه ببات. به پێی وته‌كانی به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار به شاندی هاوڕێی ئه‌لكازمی بڕیار وایه چه‌ن گرێبه‌ستێكی گرینك له گه‌ڵ گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته له بواره‌كانی نه‌وت، گاز و وزه به ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیدار واژوو بكرێت.