هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: ئەگەر ژینا کورد نەبوایە نەدەکوژرا، ئەمە درێژەی فتواکەی خومەینە دژ بە گەلی کورد.

0
166

وەک تاک بە تاکی گەلی کورد، ئەرکی سەرشانمانە چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لە دیاسپۆرا بڕژێینە سەر شەقام و خۆپێشاندانی بەرین بەڕێوە بەرین.

هێزی سەرکوت و داگیرکەری ئێرانی لە هەر شوێنێک بەرەوڕووی کورد ببنەوە کارەسات و جینایەت دەخوڵقێنن، بۆ ئەوان جیاوازی نییە ئەو کەسە لە سەقز و ناوجەرگەی کوردستانە یان لە تاران و ناوجەرگەی داگیرکەر، بۆ داگیرکەران جیاوازی نییە لە مابینی کوردێکی سیاسیی و کوردێکی سڤیل و مەدەنی، لە لای ئەوان و بە پێناسە و فەرهەنگ و کلتووری داگیرکاریی ئەوان هەموو کوردێک دژی ئێرانە و دژی ڕژیم و ئینقلابەکەیانە، لە لای ئەوان کوردبوون گەورەترین تاوانە.

ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێران لە ژێر ناوی گەشتی ئیرشادی تاران بە بیانووی بێ بنەمای بێ حیجابی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ساڵانەیان دایە بەر هێرش و ئەشکەنجە کە بە داخەوە پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسیی برین و ئەشکەنجەکانی گیانی بەختکرد.

ژینای کورد بووە قوربانیی سیاسەتی داگیرکارانەی داگیرکەرانی کوردستان، بووە قوربانیی یاسا و فەرهەنگ و کلتووری دواکەوتوانەی داگیرکەری ئێرانی، فەرهەنگ و قانوونێک کە یاسا و فەرهەنگی نەتەوەی کورد نییە، ژینا بە هۆی ماهیەت و شوناسی کوردبوونەوە کوژرا نە بە هۆی ئەوەی ئەوان ناویان لێناوە بێ حیجابی، بێگومان ئەگەر ژینا کورد نەبوایە وەک هەموو ئەو ژن و کچە ئێرانی و فارسانەی ڕۆژانە لە ژێر ناوی بێحیجابی دەستبەسەر دەکرێن و دواتر ئازاد دەکرێن، نەدەکوژرا، بەڵام ئەو لە لای داگیرکەرانی کوردستان دوو تاوانی گەورەی لە ئەستۆ بوو، یەکەم : کورد بوو، دووهەم: ژن بوو.

ژنان و پیاوانی کورد، هەمیشە دوور بوون لە فەرهەنگ و کلتووری دواکەوتوانەی داگیرکەرانی ئێرانی، کچ و کوڕ، ژن و پیاو لە ناو فەرهەنگ و کلتووری کورد دا لە شادی و هەڵپەڕکێ دا دەست لە ناو دەستی یەک بەشدار بوون، شان بە شانی یەک کار و خەباتیان کردووە، بە چەشنی پێشمەرگە،شەڕڤان و گەریلا ئاسا دژ بە داگیرکەر وەستاونەوە و هیچ کات کێشەی نەتەوەی کورد حیجاب و لێچک و ڕووپۆش نەبووە.

ژینا نە یەکەم کەس بووە کە بۆتە قوربانیی دەستی داگیرکەرانی ئێرانی و دوایین کەسیش نابێ ئەگەر بێدەنگ بین و پەرە بە خەباتەکەمان دژ بە داگیرکەران نەدەین . (( ژینا ئەمینی، سوعدا خەدیرزادە، زەینەب جەلالیان، شلێر ڕەسووڵی و … ))

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێرای مەحکووم کردنی ئەم جینایەتەی داگیرکەرانی ئێرانی، بە مەبەستی دەربڕینی هەڵویستی هاوبەش، داخوازی لە سەرجەم حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا تاکوو بە گوتار و بەیانی هاوبەش دەنگی ناڕەزایەتی و یەکگرتوانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن و لەم ڕێگەیەوە  داوا لە گشت خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بکەین تاکوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە داگیرکاری و کوشت و کوشتاری خەڵک و نەتەوەی کورد، بێدەنگ دانەنیشن و بە هەر چەشنێک بۆیان دەلوێ، بڕژێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕن، هەروەها کوردانی دیاسپۆرا پێویستە پاڵپشت و هاوهەڵوێستی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن و بە وتنەوەی دروشم دژ بە داگیرکاریی خاکی کوردستان لە بەردەم سەفارەتی داگیرکەری ئێرانی کە ناوەندی تیرۆریستی و سیخوڕین، کۆببنەوە و جینایەتەکانی ڕژیمی ئێران دەرحەق بە نەتەوەی کورد زیاتر لە قاو بدەن.

لە کۆتاییدا بە هۆی مەرگی ژینای کورد، سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و بنەماڵەی ژینای جوانەمەرگ بە تایبەتی دەکەین و خۆمان لەم خەم و پەژارەیە دا بە شەریک و بەشدار دەزانێن، ڕووحی شاد و یاد و ناوی بەرز و بەڕیز بێ.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
هەینی ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی
١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی

بانگەواز: هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان مانگرتنی گشتی ڕاگەیاند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبانگەواز: هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان مانگرتنی گشتی ڕاگەیاند.
بابەتی دواتردووکان و بازاڕ داخەن، بەڵام شەقام چۆڵ مەکەن لە ماڵ بچنە دەرەوە و لە مەیدانە گشتیەکانی شار ناڕەزایەتی دەرببڕن.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.