نوێترین پیلانی یەکێتیی نیشتمانی بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور

0
1849

باڵێکی یەکێتیی نیشتمانی کە سەر بە هێرۆ برایم ئەحمەد، خێزانی جەلال تاڵەبانیە، ئێستا بە هاودەستی و لەسەر پێشنیاری ئێران، سێ پیلانی بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە باشوور نیشتەجێن لە بەر دەستە

ڕۆژی کورد: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو یەکێتیی نیشتمانی کە نایهەوێ ناوی ئاشکرا بکرێ باسی لە هەبوونی پیلانی مەترسیدار لە لایەن باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد و پافیل تاڵەبانی و لاهوور جەنگی بۆ حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد کە لە قووڵایی باشوور نیشتەجێن.

بە گوێرەی زانیارییە بەڵگەییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەو پێشنیارە لە دانیشتنی یەکێتی و قاسم سلێمانی ـدا تاووتوێ کراوە و تا ئێستا نەچۆتە بواری کردەییەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سەلاح موهتەدیش لەو دانیشتەدا بووە بەڵام نازاندرێ ئایا ئاگاداری ئەو سێ پیلانە هەیە یان نا.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ڕۆژی کورد ئەوەی خستە ڕوو کە باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد لە ناو یەکێتیی نیشتمانی کە ئێستا کۆنترۆڵی تەواویی دۆخی زۆنی سەوزیان لەبەر دەست دایە و دۆخی هەموو هەرێمیشیان شڵەقاندووە، بە نیازن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، سێ بژاردە بخەنە بەردەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات.

ئەو سێ بژاردەیە بریتین لە:

یەک: زۆنی سەوز بە تەواوی بەجێ بهێڵن و بچنە زۆنی زەرد

دوو: پێشمەرگەکانیان چەک دابنێن و خۆیان رادەستی ئێران بکەنەوە و لە بەرانبەریشدا، ئێران گارانتیی ئەوە دەکات کە سەرجەم پێداویستیەکی ژیانی ئاسوودەیان بۆ پێک بهێنێت و وەک کەسی تۆبەکراو وەریانبگرێتەوە.

سێ: حیزبەکان لە شوێنی خۆیان بمێننەوە بەڵام چەک و چۆڵ و پێشمەرگەیان سنووردار و لە ژێر چاوەدێریی یەکێتی ـدا بێ.

دەگوترێ بژاردەی سێیەم بە هۆی پێویستیی یەکێتی بەو حیزبانە لە ڕووی پاراستنی شوێنە نەوتییەکان یان کەم کردنەوەی هەڕەشە لەسەر هەندێ شوێنی نەوتیی وەک شیواشۆک ـە و زۆرتر حیزبەکان وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانییەکێتی ڕادەگرێ.

هەروەها بەپێی لێدوانی محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پێوەندییەکانی حدکا لە بەرنامەی “ڕاوێژ و ساڕێژ” لە ناوەندی ڕۆژی کورد، وەها دەردەکەوێ کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، تەنانەت لە ئەگەری ئارام بوونەوەی دۆخی کوردستانی باشووریش، نایانهەوێ بە گشتی بچنەوە چیاکان و خاڵە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و پێدەچێ هە ربە نیازی درێژەدان بە دۆخی ٢٥ ساڵی ڕابردوویان بن.

شارەزایانی سیاسی و چاوەدێرانی سیاسی و زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بڕوایەدان کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، سەربەخۆیی خۆیان تا ئاستێکی زۆر لەدەست داوە و چیتر بە نیازی خەباتێکی چەکداریی چڕ لە کوردستاندا نین و ئەوەش چەشنێک بێ هیوایی لە ناو خەڵک لە هەمبەر حیزبەکان تەنیوەتەوە.

تا ئێستا ڕوون نیە ئەو بژاردانە کەنگێ دەخرێنە بەردەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەوانیش چ کاردانەوەیەکیان دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.