نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ده‌سپێكی پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نی حیزبی دێموكرات

0
1639

ڕۆژی كورد :
به‌ ده‌ستپێشخه‌ری چالاكانی سیاسی و لێپرسراوانی هه‌ر دوو لایه‌نی “حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” و “حیزبی دێموكراتی كوردستان” پڕۆسه‌ی لێك نزیكبوونه‌وه‌ و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نه‌كان ده‌ستی پێكردووه‌ و هه‌ر دوو لایه‌ن هیوادارن له‌ داهاتوویه‌كی نزیك لایه‌نه‌كانی حیزبی دیموكرات یه‌ك بگرنه‌وه‌ و به‌ هاوڕیزی و ته‌بایی ماڵی كورد وه‌ سه‌ر یه‌ك بخه‌نه‌وه‌ و حێزبێكی دێموكراتی گه‌وره‌ و یه‌كگرتوو پێك بهێننه‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی پڕۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دێموكراتی كوردستان و به‌ ده‌ستپێشخه‌ری به‌رپرسان و دلسۆزانی هه‌ر دوو لایه‌ن و له‌ درێژه‌ی نووسراوه‌یه‌كی ڕێزدار “مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده” كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئیستا له‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی كرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی لێك نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری هه‌ر دوو لایه‌ن و باس له‌ سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ۲۴ی ئایار به‌رانبه‌ر به‌ ۴ی جۆزه‌رادان ساڵی ۲۷۲۰ی كوردی شاندیكی حیزبی دێموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده‌ و به‌ هاوڕێیه‌تی به‌ڕێزان قادر وریا، سمایل بازیار و ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌و حیزبه سه‌ردانی سكرتاریای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و له‌ لایه‌ن ڕێزدار “مسته‌فا هیجری” لێپرسراوی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و هه‌ر كام له‌ به‌ڕێزان حه‌مه‌ نه‌زیف قادری و ڕۆسته‌م جه‌هانگیری ئه‌ندامانی ده‌فته‌ر سیاسی ئه‌و حیزبه‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێكرا و باسه‌كانی ڕۆژ و له‌ سه‌ره‌تای هه‌موویانه‌وه‌ بابه‌ته‌كانی پێوه‌ندیدار به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ هه‌ر دوو لایه‌نی حیزب خرانه به‌رباس و تاوتوێكران.
ڕۆژی دواتر و له‌ درێژه‌ی هه‌مان پڕۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نه‌كانی حیزبی دێموركرات، سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ ڕیكه‌وتی ۲۵ی ئایار به‌رانبه‌ر به‌ ۵ی جۆزه‌ردان شاندێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێكهاتوو له‌ به‌ڕیزان مسته‌فای هیجری لێپرسراوی گشتیی ئه‌و حیزبه‌ و به‌ڕیزان حه‌مه‌ نه‌زیف قادری و فۆئادی خاكی به‌یگی ئه‌ندامانی ده‌فته‌ر سیاسی حیزبه‌كه‌یان سه‌ردانی قه‌ڵای دێمۆكرات و سكرتاریای حیزبی دێمۆكراتی كوردستانیان كرد و له‌ لایه‌ن به‌ڕێزان مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده، جه‌لیل گادانی، سمایل بازیار، قادر وریا و ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌و حیزبه‌وه‌ به‌ گه‌رمیی پیشوازییان لێكرا و له‌ درێژه‌ی باسه‌كان و سه‌ردانی پێشووی ناوبراوان دا باسه‌كانی تایبه‌ت به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نه‌كانی دێمۆكرات تاوتوێكران و خرانه به‌رباس و گڕ و تینیكی تایبه‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ و دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت و هه‌ر دوو لایه‌ن دڵخۆشی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ لێك نزیكبوونه‌وه‌ و یه‌كگرتنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌ داهاتوویه‌كی نزیك دا ئاشكرا كرد و خاڵه‌ گرینگه‌كانی چاوپێكه‌وتنه‌كانیان به‌رز نرخاند.
ناوه‌ندی “ڕۆژی كورد” وه‌كوو ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یاندن و خزمه‌ت به‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان هه‌موو جارێك هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ لایه‌نه‌كان و پارت و حیزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان لێك نزیك بكاته‌وه‌ و دوو به‌ره‌كی له‌ نێوان لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان دوور بخاته‌وه‌ و ئه‌و چالاكی و سه‌ردانكردانه‌ به‌ خاڵێكی گرینگ بۆ هه‌ر دوو لایه‌نی دێموكرات و نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتریان ده‌بینین و هیوادارین به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی حیزبی دێموكرات ماڵی كورد و به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كوردستان زیاتر له‌ جاران و پته‌وتر له‌ پێشوو درێژه‌ به‌ چالاكییه‌ سیاسییه‌كانیان بده‌ن و ئه‌و دیدار و چاوپێكه‌وتنانه‌ ببێته‌ خاڵێكی ده‌سپێك بۆ سه‌رخستنه‌وه‌ی ماڵی دێموكرات و هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نه‌مانی شه‌ڕی براكوژی و به‌ گژیه‌كداچوونی حیزب و پارته‌ سیاسییه‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا سه‌باره‌ت به‌ چالاكییه‌ تێرۆریستیه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران و بێ سنووری دڵڕه‌قییه‌كانی ئه‌و ڕژیمه‌
بابەتی دواتركوژرانی دوو كۆڵبه‌ر به‌ هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕژیمی ئێران له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی شاری خۆی

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.