ناکۆکی لایەنە ئەمنیەتییەکان، شاری “نۆدشە”ی بێ شارەدار کردووە

0
1343

بە هۆی کێشە و ململانێ ناوەندە ئەمنیەتییەکان نزیکەی ٤ مانگە شاری نۆدشە، هەڵکەوتوو لە ناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەست بێ شارداری دەناڵێنێت.
بە پێ ڕاپۆرتی ڕۆژی کورد، پاش ئەوەی لە ٧ بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی “موختار ئەحمەدی” شارداری شاری نۆدشە دەستی لە کار کێشایەوە، لەسەر بڕیاری ئەنجۆمەنی شۆڕای شار و بە وتەی “ئەحمەد فەرهادی” بەرپرسی شۆرای شاری نۆدشە: “یەکێک لە گەنجە بەتواناکانی شار بە ناوی ئەشکان حەدادیان-مان، سەڕەڕای دەستێوەردانی هێندێک کەس و لایەن،  وەک شارداری نوێ پێشنیار و دواتریش بە کۆی دەنگ لە لایەن شۆرای شاری نۆدشەدا پەسەندکرد”.
بە پێ زانیارییەکان لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی “ئەشکان حەدادیان” وەک  شارداری نوێ لە لایەن شۆرای شار بۆ پەسەندکردنی حۆکمی شارداربوونی، بە فەرمانداری پاوە و پارێزگای کرماشان ناسێندراوە، بەڵام بە وتەی “ئەحمەد فەرهادی” بەرپرسی شۆرای شاری نۆدشە، هەتا ئێستا و پاش نزیک بە دوو مانگ پارێزگای کرماشان و فەرمانداری پاوە وەڵامیان نەداونەتەوە.
لە لاییەکی ترەوە و بە پێ زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، پێشتر لایەنە ئەمنیەتییەکان ٣ کەسی سەربە ڕژیمیان وەک بەرپژێری شارداری نۆدشە خستبووە بەردەم شۆرای شاردا، بەڵام سەڕەڕای گۆشار و دەستێوەردانەکان شۆرای شاری نۆدشە ئەشکان حەدادیانی هەڵبژاردبوو.
هەر بە پێ ئەو زانیاریانەی کە بەدەستی ڕۆژی کورد گەییشتوون؛ هەڵنەبژاردنی کەسانی پێشنیارکراوی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە لایەن شۆرای شاری نۆدشە،  بووەتە هۆکارێکی سەرەکی پەسەند نەکردنی شارداری نوێ  لە لایەن  پارێزگاری کرماشانەوە.
ئەشکان حەدادیان لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٤ی شاری نۆدشەیە و دەرچووی زانکۆی “بووعەلی” شاری هەمەدانە و ماوەی چەند ساڵێکیشە کارمەندی شارداری شاری نۆدشەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.