نارەزایەتیی خەڵکی جوانڕۆ لە هەمبەر لەناوبردنی تەپکی “ئەڵاهوئەکبەر” بەردەوامە

0
1711

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە جوانڕۆ، ئەمڕۆ هەینی ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی ناڕەزایی شاری جوانڕۆ لە هەمبەر لەناوبردنی تەپکی “ئەڵاهوئەکبەر”ـی ئەو شارە لە لایەن باندی مافیایی شەهاب نادری، نوێنەری ئەو شارە بە هاوکاریی سپای پاسداران و بنکە دەوڵەتییەکان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەرینیان پێکهێنا.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتووە، شەهاب نادری لە سەردەمێکدا کە فەتحوڵا حوسێنی نوێنەری شاری جوانڕۆ لە مەجلیسی ڕژیم بووە، ئەو تەپکە کە سامانی شارە، لە هەمبەر خۆشخزمەتییەکانی شەهاب نادری، پێی بەخشیووە و ئێستاش لەلایەن دەوڵەتەوە نزیک بە ٣٠ میلیارد تمەن وامی پێدراوە و بڕیارە بیکا بە شوێنی بازرگانی و گەشتیاری کە ئەوەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی شاری جوانڕۆی لێکەوتۆتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەی شاری جوانڕۆ بە پێی ڕێکەوتنێکی ناڕوون و نایاسایی بە شەهاب نادری کە یەکیک لە مۆرە ناسراوەکانی ئیتلاعاتە، بەخشراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەو تەپکە بە ناوی فاتمە، ژینا و بروومەند نادری کە خێزان و کچ و برای شەهابن، کراوە.

خەڵکانی ناڕازی داوای گەڕاندنەوەی ئەو تەپکە بۆ سەر سامانی شار دەکەن و دەڵین ئیزن نادەن ئەو شوێنە میژووییە کە سامانی شارە بەشەخسی بکرێت و لەناو ببردرێت.

بۆ ناسینی باندی مافییایی شەهاب نادری لێرە کرتە بکەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت