مافی پارلمانتارێتی لە دوو پارلمانتاری کوردی هەدەپ ئەستێندراوە

0
994

دەوڵەتی تورکیە مافی پارلمانتاریتی لە عوسمان بایدەمیر، پالمانتاری شاری ئورفا و هاوسەرۆکی هەدەپە و سەلما ئیرماک پارلمانتاری شاری هەکاری لەسەر لیستی هەدەپ، ئەستاندەوە.

ڕۆژی کورد: هەندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی تورکیە، ڕۆژی پێنجشەمە ۱۹ی ئاپریلی ۲۰۱۸ بەرانبەر لەگەڵ ۳۰ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، ڕایانگەیاند، مافی پارلمانتاریی لە عوسمان بایدەمیر پارلمانتاری شاری ئورفا و هاوسەرۆکی هەدەپە و سەلما ئرماک پارلمانتاری پارتەکە لە شاری هەکاریی کوردستانی باکوور لە پارلمانی تورکیە وەرگیرایەوە.

عوسمان بایدەمیر کە شارەوانی دیاربەکریش بووە و لە ناو سەرجەم گەلی کورد لە هەر پێنج پارچەدا و بەتایبەتی لە ناو کوردانی ڕۆژهەڵات، خۆشەویستیەکی زۆری هەیە.

ناوبراو لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شاری پاریس سەردانی گڵکۆی ڕێبەرانی شەهیدی کوردستان، دوکتور عەبدووڕەحمان قاسملوو، دوکتور سەعید شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی و هەروەها، سەردانی گڵکۆی نەمران یێلماز گۆنای و کوردانی تری نێژراو لەو گۆڕستانەی کردبووە.

بایدەمیر بە نیشانی ناڕەزایەتی لە پێش گرتن بە بەڕێوەچوونی نەوڕۆژی ئەمساڵی کوردی لە تورکیە، بە بۆینباخەکەی خۆی ئاگری نەوڕۆژی کردەوە، بەو واتایە کە لە هەر دۆخێکدا کورد ئاگری نەوڕۆژ دەکاتەوە و سەرهەڵدان بەردەوامە.

بەپێیئەو هەواڵانە، لە دانیشتنی ئەمجارەی پارلمانی تورکیە، دوسییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومنەنی وەزیران کە تایبەت بوون لە سەر عوسمان بایدەمیر و سەلما ئیرماک دوو پارلمانتاری کوردی باکووری کوردستان لە پارلمانی تورکیە خوێندرایەوە.

بەپێی دوسیەکان و یاسای پارلمانی تورکیە، لە دووای خوێندنەوەی دوسییەکان، مافی پەرلمانتاریی لە عوسمان بایدەمیر پارلمانتار و هاوسەرۆکی هەدەپە و سەلما ئرماک پارلمانتاری پارتەکە وەرگیرایەوە.

سەلما ئرماک بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان ــ باکوور و لایەنگری و بانگەشە کردن بۆ پارتی کرێکاران، مافی پارلمانتاری لێ وەرگیرایەوە و ۱۰ ساڵ بەندکردن و عوسمان بایدەمیر بە تۆمەتی سوکایەتیی کردن بە پۆلیسی ئەو وڵاتە بە یەک ساڵ و پێنج مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانی، لە پارلمان پەسەند کرا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.