فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە خاکی کوردستانی باشووریان بەزاند و حکومەتی هەرێمیش بێدەنگە

0
1048

بۆ چەندەمین جار فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیەی داگیرکەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی باشووریان بەزاند و بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە چیاکانی قەندیل کردە ئامانج، تا هەنووکە بەرپرسیانی حکوومەتی هەرێم لە بەرانبەر ئەو کارە نایاساییەی تورکیە، هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.

ڕۆژی کورد: سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی تورکیە ڕۆژی هەینی ۱۸ی مەی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۲۸ بانەمەی ۲۷۱۸ی کوردی، ڕایانگەیاند، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان چەند بنکەی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە چیاکانی قەندیل کردووەتە ئامانج.

سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیەی داگیرکەر لەم بارەوە ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژە بە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە و بۆردمان کردنی ۱۲ بنکە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیاکانی قەندیل کرد.

لە بەشێکی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژانی پێنجشەمە و هەینی لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە لە چیاکانی قەندیل ۱۲ بنکەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بریتین لە چەند کۆگای چەک، چەند پەناگە و چەند حەشارگە، بۆردمان کروان.

ماڵپەڕی “فورات نیوز” سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، وێڕای پشڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند، کاتژمێر ۱۲:۳۰ خۆلەکی دووانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ۱۸ی مەی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۲۸ی بانەمەڕی ۲۷۱۸ی کوردی و کاتژمێر ۲۱:۲۰ خۆلەکی دوو شەوی ڕابردوودا واتە شەوکانی چوارشەمە و پێنجشەمە، فرۆکە شەڕکەرەکانی تورکیەی داگیرکەر بنکەکانی ئەو پارتەیان لە چیاکانی خاکورک و قەندیل بۆردمان کردووە.

جێگای سەرەنجە کە چەندمین جارە لە ماوەی ساڵی نوێی ملادیدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیەی داگیرکەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەبەزێنن بە بیانووی بۆردمان کردنی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام تا هەنووکە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکییان لەو بارەوە نەبووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

جارێکی تر لە ڕۆژی چوارشەمە ۱۸ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۲۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، فڕۆکە شەڕکەرانی سوپای تورکیەی داگیرکەر لە ناوچەی “زاپ”ـی قڵادزێ سەر بە پارێزگای هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی، سێ بنکەی پارتی کرێکارانی کوردستانیان کردە ئامانج.

ئامادەکردنی: کاروان مێراوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.