ڕۆژی کورد: عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بە توندی دژایەتیی خۆی لەگەڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور کرد و ڕایگەیاند: “کۆماری ئیسلامی وەک دراوسێیەکی عێراق، دژ بە هەندێک دەنگۆیە کە لەمەڕ بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ جیابوونەوەی بەشێک لە عێراق لە ئارا دایە و ئەو کەسانەش کە ئەو بابەتە پەرە پێدەدەن بە دژبەری سەربەخۆیی و شوناسی عێراق دەزانێت”.
خامنەیی لە ناوئاخنی چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ عەیدەر ئەلعەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستانی لە ئەگەری سەربەخۆبوون کرد و گوتی: “عێراق دەبێ یەکپارچە بمێنێتەوە و مافی عێراقە کە لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە و بەوپەڕی هێزەوە لە هەمبەر ئەو کەسانە بوەستێتەوە کە دەیانهەوێ لەهەمبەر عێراقی یەکپارچە بوەستنەوە”.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی عەلی خامنەیی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: “عێراق لە هەمبەر هێرشی داعشدا یەکگرتوو و یەکپارچەیە و سەرجەم رەوتە سیاسی و ئایینییەکان لەمەڕ بەردەوامی لە هەمبەر داعش تا بنەکێش کردنی، کۆکن”.
خامنەیی کە پێشتریش، حەشدی شەعبی وەک گەوهەرێک بۆ عێراق ناوبردبوو، جارێکی تر گوتی: “دژبەرانی حەشدی شەعبی، دەیانهەوێ عێراق لاواز بکەن”.
لەو قسانەی خامنەیی وادەردەکەوێ کە لایەنگرانی سەربەخۆیی، دژبەرانی گرووپی حەشدی شەعبین، کە ئەوە دەکرێ بە واتای فەرمانی هێرش بە گرووپی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێم ئەژمار بکرێت.
هێزەکانی حەشدی شەعبی لەژێر پشتیوانی و کارتێکەری و ڕێبەریی مادی و سەربازیی کۆماری ئیسلامی دان و سەرقاڵی جێبەجێ کردنی پلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەن.