خوێنەری هێژا،
وتووێژی بەردەستتان، وتووێژێکە لە زنجیرە وت‌و وێژەکانی ژووری ڕاوێژ لە تلێگرام کە لەگەڵ بەڕێز پەرویز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سه‌لاحه‌دین- هەولێر و هەروەها چاوەدێری سیاسی لەدوو بەشدا لە ڕێکەوتی ١٩ و ٢٠ ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٧١٥ی کوردی) ئەنجام دراوە. بەشی یەکەم بە پێشکەشکاری بەرێز ئومید خۆشبەخت چالاکی مەدەنی و نووسەر و خوێندکاری کارناسی زانکۆی عەلامەی تاران لە بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و بەشی دووهەمیش هەڵمەت مەعرووفی مامۆستای پێشووی زانکۆ و چالاکی سیاسی، لەسەر مژاری (دۆخی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کورد بە گشتی)، ئەنجام دراوە و تێیدا پرسیاری خۆیان و ئەندامانی ژوورەکەیان خستۆتە بەر باس.
ڕاوێژ: مامۆستا بەخێر بێن بۆ ژووری ڕاوێژ و سپاس کە کاتی خۆتان بە ئێمە بەخشی
پەرویز ڕەحیم: سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ سەرجەم ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ژووری ڕاوێژ، خۆشحاڵم لە خزمەتتان دام.
ڕاوێژ: وەکوو دەستپێک و سەرتای باسەکە، دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە گشتی چۆن دەبینن؟ و هەروەها باڵانسی هێزەکان چۆن پێناسە دەکەن؟
پەرویز ڕەحیم: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی گوزار یان بڵێین گواستنەوەدا تێپەڕ دەبێ و ئەو ململانیانەی کە بە ململانێی ژیۆئیستراتژیک، ژیۆپۆلۆتیک، ژیۆکالچێڕ و ژیۆئۆکۆنۆمیک دەناسرێ، لێرەدا بوونی هەیە بۆیە ستراتژی هێزە گەورەکان لێرەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بە ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئامریکا و ڕووسیە، ئەگەر ئاماژە بە هێزە بچووکترەکانی ئوروپایی یان بۆ نموونە چین و هەروەها هێزە ناوچەییەکان نەکەین، بۆیە هەندێک زانا ئێرە بە هارتلەندی نوێ (ئەوەی کە سێر هارفرد مەکیندێر “جوغرافیزانی بریتانیایی” پێشتر باسی هارتلەندی یاخود دڵی زه‌وی دەکرد) دەناسن كه ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی گرنگی ژئۆپۆلیتیكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
لە لایەکی ترەوە ئەو ناوچەیە گرنگییەکی زۆری لە ڕووی وزەوە هەیە کە ئەمەش یەکجار زۆر گرنگە، لە له‌م ناوچه‌یه سه‌رچاوه و یه‌ده‌گێكی زۆر گەورەی وزه(نه‌وت و گاز) بوونی هەیە کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر لە سەر سیاسه‌تی هێزە ناوچه‌یی و سه‌روو ناوچه‌ییه‌كان و هەروەها جیهانی پێشەسازی بە گشتی دادەنێ، بۆیەش ئەوەندەی تر پێگه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه گرنگ دەکات.
هەروەها لە ڕووی ژیۆکالچێڕیش، لێرە ئایین و ناسنامەی جۆراوجۆر هەن کە تەنانەت دەتوانی کەلێنەکان ببینی (گوسەلەکان) کە کەلێنی وێککەوتنن لە نێوان ئایینەکان و ناسنامەکان، هەر ئەوەش وای کردووە کە ببێتە ناوەندی قەیران و ناسەقامگیری و نائاسایشی کە لێرەدا بەم هۆیەوە دیاردەیەک بە ناوی تیرۆریزم سەرهەڵدەدا کە ئەمڕۆکە بە جۆرێک پرسی ئاسایشی بردۆتە قۆناغێکی ترەوە و شەڕی تیرۆر لە ئەدەبیاتی سیاسی و ئاسایشی دا بۆتە دیسکۆرسی زاڵی ده‌وڵه‌تان.
ڕاوێژ: بەپێی ئەوەی که ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنوورگەلێکی دەستکردیان هەیە و زۆربەی کێشه و ئاژاوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دابەش کردنه کۆڵۆنیالیستیه پێدەچێ که ئەم سنوورانه بگۆڕدرێن و وڵاتگەلێکی نوێ بێنه نێو کایەی سیاسیه وه؟ یەکێک لەو ئەگەرانەش ساز بوونی دەوڵەتی کوردییە لە هەرێمی باشووری کوردستان.
پ. ڕ: بە پێی ئەو پێشەکییەی کە لە پرسیاری یەکەمدا باسم کرد، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئەو هەموو قەیرانەی کە له ناوچه‌كه ڕوودەدا، و چەند هۆکارێکی تر بۆی هەیە نەخشەی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. له گرنگترینی ئه‌م هۆكارانه ده‌توانیین ئاماژه به‌م خاڵانه بكه‌ین:
هۆکاری یەکەم: ئەو سنووره سیاسیانه‌ی ئێستای ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه هاوتەریب نین له گه‌ڵ راستیه‌كانی مێژوویی ئایین و نه‌ته‌وه‌كان، واتا هاوتەریب نەبوونی سنوورە ناسنامەیی و سیاسییەکان لە ناوچەکە کە ئەمڕۆکە به سەردەمی هه‌ستانه‌وه و بەرجەستەبوونی ناسنامەکان ده‌ناسرێت.
هۆکاری دووەم: بەررزبوونەوەی پرسی ناسنامەکان و وشیاری نه‌ته‌وه‌یی و داواكری نهتهوهژێردهستهكان یاخود بێ ده‌وڵه‌ته‌كان بەتایبەتیش بەرجەستە بوونی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی.
هۆکاری سێهەم: شکستی دەوڵەتانی ناوچه‌كه لە پرۆسەی دەوڵەت نەتەوەسازی.
هۆکاری چوارەم: شکستی ئەو دەوڵەتانە لە بەرهەم هێنانی ئاسایش بۆ دانیشتوانیان به هه‌موو پێكهاته ناسنامه‌ییه‌كان، واتا ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشێک کە ئاسایشی هەمووان بێ نه‌ك ئاسایشی ناسنامه‌یه‌ك یاخود پێكهاته‌یه‌ك و په‌راوێز خستن و سرینه‌وه‌ی ناسنامه‌كانی تر. له‌سه‌رده‌می ئێستادا چەمکی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە به‌پێی روانگه‌ی قوتابخانەی كۆپێنهاگ، پێشووتر به‌پێی روانگه‌ی كلاسیك ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تەنیا یەک ڕەهەندی هه‌بوو و ئه‌ویش ره‌هه‌ندی سەربازی بوو ، به‌ڵام ئاسایشی مۆدێرن فرهرهههنده كه له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشتگویخراوه ولهبیرکراوە وه‌كوو: ڕەهەندی سیاسی، کۆمەڵگەیی(ناسنامه‌یی) و ئابووری و ژینگەیی. به‌گشتی له‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا پرسی بەشداری یه‌كسانی هه‌موو هاوڵاتیان و پێكهاته‌كان له ده‌سه‌ڵات و پرسی خۆشگوزەرانی ئابووری و بە گشتی پەرەپێدان لێرەدا بە ڕاستی چه‌قبه‌ستوو بووه.
خاڵی کۆتاییش ململانێیه‌كانی ده‌وڵه‌ته ناوچەییەکان له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ململانێی دەوڵەتە سەروناوچەییەکانە له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه پێكناكۆكهكانیان . به‌م پێیه‌ش دەکرێت ئێمە بۆ داهاتووی سیاسی ناوچه‌كه چەند سیناریۆیەک دابنێین:
سیناریۆی یەکەم: ئەو سنوورانە ئێستا هه‌یه دوای تەواو بوونی قەیرانەکە دەستی لێ نادرێت و وه‌كوو خۆی ده‌مێنیته‌وه. ئه‌م سیناریۆیه لاوازه و ئه‌سته‌مه كه ئەو وڵاتانه هەموو قەیرانەكان تێپەڕێنن و وه‌كوو خۆیان بمیننه‌وه. هه‌رچه‌نده من ناچمە ناو ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە ١٩٤٨ـەوە دەست پێدەکەن و دەڵێن به‌شێكی زۆری ئه‌و دەوڵەتانه‌ی ئێستا هه‌یه کە ئەوڕۆ تووشی قەیران بوونه بەرهەمی جه‌نگه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانیه، من نامهەوێ زۆر بچمە ناو ئەو باسە بەڵام پاش هەر جه‌نگێك تەنانەت بە شەڕی ساردیشەوە، دوای قەیرانەكان کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێ درووست دەبێ، بۆیە دەکرێ وا پێش بینی بکەین کە دوای ئەو قەیرانە چه‌ندین دەوڵەتی نوێ درووست دەبێ.
سیناریۆی دووه‌م: ئه‌وه‌ی كه ئەگەری هەیە کە چەند دەوڵەتێک کە قەیرانیان هەیە، سنوورە سیاسییەکانیان بگۆڕدرێت. وه‌كوو سوریا و عێراق و …هتد.
خاڵێکی تر کە بەڕاستی گرنگە ئاماژه‌ی پێبكه‌ین ئه‌وه‌یه كه لە جیهانی ئەمڕۆدا کە دەڵێین ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تووشی قەیران بونه ئه‌وه‌یه كه به‌گشتی دەوڵەت بە نوێنەری نەتەوە داندراوە یان وا تەسەور کراوە، بەڵام ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دواکەوتوو، تووشی قەیران بووە، واتە لێرەوە دوو ناسنامەی جیاواز هەیە و ناسنامەی دەوڵەت هەمان ناسنامە نیە کە گرووپ، نەتەوە یان پێکهاتە جۆراوجۆرەکان هەیانە.
لێرەدایە ئامارەکان نیشانی دەدەن کە شەڕی ناوخۆیی و توندوتیژیه‌كان لە نێوان وڵاتان لە هەموو ناوچەکانی جیهان و بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست، بەرهەمی ئەو پێکناکۆکیانهیه، ئەوە یەکجار زۆر گرنگە کە ڕیشەی تووند و تیژی و ململانێ و پرسی نائاسایشی، هەڵقووڵاوی پرسی سروشت و مۆدێلی شكستخواردووی دەوڵەت – نەتەوەسازییە لەو دەوڵەتانەدا. بۆیە ئێمرۆکە لە ئەدەبیاتی سیاسی‌دا چەمکی دەوڵەتی شکست خواردوو یان دەوڵەتی ناکاممان هەیە، ئەو دەوڵەتە شکێنەرە ناجێگیر و ناسەقامگیرانه، لە هەموو ئەو فەلسەفانەی کە بۆ بوونی دەوڵەت هەیە، بەتاڵ کراونەتەوە. دەوڵەتەکانی ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترین نموونەن، بۆیە دەڵێن شەپۆلی چوارەمی دەوڵەت نەتەوە سازی پاش شەڕی سارد هەر بەردەوامە، بۆ نمونه لە پاش مۆنتێنێگرۆ لە ساڵی ٢٠٠٨ و کۆزۆڤۆ و باشووری سودان، هێشتاش کێشە گەرمەکان هەر بەردەوامە. نموونەیه‌كی تر ئەگەر زیاتر وردبینه‌وه، قەیرانەکانی ڕووسیا لە ناوچەی قەوقاز و باکووری چێچێن، هەروەها لەسەر پرسی جۆرجیا و ئەفقازیا و ئەوسیتیای باشوور و هەروەها کێشەی ئازەربایجان و ئه‌مه‌نستان لە پرسی قەرەباغ، هەروەها مەسەلەی نه‌ته‌وه‌كان له ئیسپانیا وه‌كوو باسک و کەتەلۆنەکان، ئه‌مه بێجگە لە پرسی سکۆتلەندا و کیوبک، فه‌له‌ستینه‌كان و ئیسرائیل و…هتد هه‌ر به‌رده‌وامه، كه واتا ئەمە پرسێکی جیهانییە بەڵام تا ڕادەیەک به‌پێی سیسته‌م و شێوازە سیاسییەکەی هه‌ر وڵات و ناوچه‌یه‌ك، گۆڕانی بەسەردا دێت. بۆ نمونه لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا به‌پێی سیاسه‌تی هێژمونیخوازی ده‌وله‌ته‌كان و هه‌روه‌ها بە هاوکاری زلهێزەکان و تەنیا گرنگیدانیان بە پرسی سه‌قامگیری و ئاسایش (سەربازی) ئەمڕۆکە قەیران بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و ته‌نانه‌ت سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ش درووستبووە.
له‌م گۆشه نیگایه‌وه پێشبینی دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش، لە پاش ئەم جەنگە سەرەڕای خاڵە لاوازەکانی لە ڕووی پرسی گەندەڵی و یەکنەگرتوویی هێزه سیاسییه‌كان و لەدایک نەبوونی دامەزراوەی نیشتمانی، بەڵام دەكرێ چاوەڕوان بین كه ململانێیه ژیۆپلۆتیکیەکان و هەروەها كاریگه‌ری پرسی وزە و شەڕی دژەتیرۆر و له هه‌مویان گرنگتر ویست و داواکاری هاووڵاتیانی باشوری كوردستان، بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵ بێ و کورد لە هەرێمی کوردستان بە پێکهاتەکانی تری هەرێمیشەوە، بتوانێت ئەو قۆناغە سه‌خته به‌ڵام پرله ده‌رفه‌ته تێپەرێنێت و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنێت.
بۆیە من لێرە تەنانەت دەڵێم بە پێچەوانەوە ئەگەر هۆکارە ناوخۆییەکانیش (هەرچەند ئەو قسەیە بە موتڵەقی ناکەم)، ئامادە نەبن، کوردستان دەتوانێت لە ڕانتی ستراتژیک، هەروەکو چۆن ئێمە لە بوار نەوت و سیاسەت، دەوڵەتی ڕانتیێرمان هەیە، کوردستان دەتوانێ لەم ڕانتە ئیستراتژیکە ئەم چەمکە بەکار بێنێ و ببێتە دەوڵەت کە من ئەوەیانم زۆر لە لا گرنگە به‌لام وشیاری وزیره‌كی سیاسه‌تمه‌دارانی باشوری كوردستانی پێویسته.
ڕاوێژ: ئامانجی داعش وه کوو گرووپێکی تێڕۆریستی له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کام هاوکێشەگەلی سیاسیه؟ یان به گشتی خوێندنه‌وه‌ی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی له عێراق و شام چیه؟
پ.ڕ: تا ئیستا نە بۆ ڕۆژئاوا و نە بۆ زۆربەی کارناسان، ناسنامەی سەرەکی داعش ڕوون نیە، ئه‌مه جیا لە ڕواڵەتەکەی کە دەگوترێ دەوڵەتێکە و ئامانجی دروستكردنی خەلافەتی ئسلامیه و بۆ هێژمۆنی خۆی وەحشیگەریانە كاردەکا کە ئەمە بەڕاستی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕووکەشیە، تێکەڵ کراوە بە هەندێک هاوکێشەی ئەمنیەتی و بەرژەوەندی ده‌وڵه‌تانی ناوچەیی و سەرووناوچەیی، به‌ڵام بەڕای من لەو هاوکێشانەدا، داعش دەوری ئه‌كته‌رێكی هاوسەنگکەر دەگێڕێ، له رووی هاوسه‌نگی هێزه‌كانه‌وه ئەوە له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه داعش، جیا لەو کێشانەی کە دەرهاویشتەی کێشە و گرفتە ناسنامەیی و شکستی پرۆسه‌ی دەوڵەت نەتەوەسازی ده‌وله‌تانی ناوچه‌كه و شكستی دیموكراتیزاسیون له ناوچه‌كه و پەرەسەندنی ناسنامە ئایینی و نەتەوەییەکانه کە باسمان کرد، داعش بە جۆرێک دەتوانێت لە دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێکچووە، دەوری هاوسەنگیکەر ببینێ، بەرای من دەبێ لەو گۆشەنیگایەوە، چاو لە پرسی داعش بکەین و تەنیا وه‌كوو گرووپێکی تووندئاژۆی ئایینیی سه‌یر بكرێت، خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست نییه، به‌لام ئه‌مه لە پاڵ گرنگی دان بەوەی کە دووبارە جه‌خت له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌مه ده‌رئه‌نجامی شکستی پرۆسەی دەوڵەت سازی و هەمیش پرۆسەی نەتەوەسازیه لەو ده‌وڵه‌تانه كه وادەکات لەپاڵ پرسەکانی تری وەک پرسی لاوازی و نەبوونی دێموکراسی، پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و نه‌بوونی ئازادیه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان و پەرەنەسەندوویی ئابووری و ململانێی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و هه‌روه‌ها ململانێی زلهێزەکان… وهتد، داعش دەرهاویشتەی ئەو کێشانەیە و لەگەڵ هەڵەی ستراتژیکی وڵاتانی زلهێز لەم ناوچەیەدا، لە کۆی ئەوانەدا دەکرێ هۆكاری دروستبوون و ئامانجه‌كانی داعش هەڵبسەنگێندرێت. هه‌رچه‌نده داعش له‌وانه‌یه له كورت خایه‌ندا وەکوو رێکخراوێک، یان شێوە دەوڵەتێک، کۆتایی پێ بێت، بەڵام وەکوو هزر و فکر(له‌م به‌ستینه‌دا) بنبڕكردنی ئه‌سته‌م و درێژخایه‌نه.
به‌م پێیه‌ش لە کۆتاییدا ده‌توانم لە بارەی داعشەوە بڵێم، داعش جگە لەوەی کە درووستکراوی ئەم راستیه مێژووی و سیاسیانه‌ی ئێستایە و لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، هەر ده‌وله‌ته‌و بە ڕادەی پێویستی و نفووزی خۆی لەناوچەکەدا، کەڵکی لێ وەرگرتبێ و پشتیوانی بووبی و رۆڵی له دروستكردنیدا هەبووبێ کە ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە، توورکیە و ئێران و عەرەبستان هەر کام بە جۆرێک دەتوانن بەکاری بێنن و کەڵکی لێ وەربگرن و کردووشیانە و لە درووست کردن و بوونی داعشدا دەوریان هەبووە بەڵام لەبیرمان نەچێ کە داعش درووستکراوی دابه‌شكردنی هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی یاخود پێکهاتەی سیستمی نێودەوڵەتیە، ئەم خاڵه زۆر گرنگە بۆ خویندنه‌وه‌ی داهاتووی داعش.
ڕاوێژ: لەو خاڵە وەرچەڕخانەی کە ئیستا خۆرهەڵاتی ناڤین پێی ئاوسە، لاتان وایە تێزی نکوڵی کردن لە دەوڵەتی کوردی و نکوڵی کردن لە بوونی دەوڵەت، بەرەو چ ئاکامێک دەڕوات؟ بە گشتی ئایا ئەو تێزەتان قەبووڵە کە دەڵێ سەردەمی دەوڵەت – نەتەوە بەسەر چووە و سیستمی کۆنفدرالی پێشنیار دەکات؟
پ. ڕ: سه‌رده‌م و مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە بەسەر نەچووە، لەوانەیە ئەکتەری تر هاتبێتە ناو کایەکەوە کە بریتین لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانن وه‌كوو رێكخراو و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، ئێن جی ئۆ و کۆمپانیاكانی گه‌وره‌ی نەوتی و بازرگانی و …هتد، بەڵام بە پێچەوانەوە مۆدێلی سیاسی دەوڵەت – نەتەوە تاوه‌كوو ئێستا زۆر زوویە بڵێین کۆتایی پێهاتووە، دەتوانین بڵێین له وڵاتانی دواكه‌وتوو قەیرانی بۆ درووست بووە. به‌ڵام دەوڵەت-نەتەوە کاتی بەسەر نەچووە بەڵکوو دروستتر وایه كه بڵێین ئه‌و مۆدێله كلاسیكییه‌ی دەوڵەت – نەتەوەسازیه كه قەیرانی بۆ درووست بووە، بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتری وڵامه‌كه ئه‌وه ده‌ڵێم كه ئێمە کۆمەڵێک مۆدێلی ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وه سازیمان هەیە بۆ نموونە:
مۆدێلی ده‌وله‌ت- نەتەوەسازی لە خوارەوە بۆ سەرەوە: لەو مۆدێلەدا سەرەتا نەتەوەسازی دەکرێ ئینجا دەوڵەت دروستده‌كرێت، لێرەدا نەتەوە بنەمایە کە بە مۆدێلی ئوروپایی دەناسرێ و چه‌ندین زانا وه‌كوو ماکس ڤێبێر، بڕوای پێیەتی.
مۆدێلی ده‌وله‌ت- نەتەوەسازی لە سەرەوە بۆ خوارەوە: لێرەدا دەوڵەت پێشووترە لە نەتەوە، بە پێچەوانەی مۆدیلی یەکەم. ئەو مۆدێلە به مۆدێلی ئەمریکایی ناسراوه و چه‌ند زانایه‌ك وه‌كوو گیبێرنا و هابس باوم لایه‌نگری لێ ده‌كه‌ن. لێرەدا نەتەوەی مەدەنی بنەمایە کە بەداخەوە ئەو مۆدێلە له وڵاتانی جیهانی سێهەمی بەجێ ماوی ئیستعمار، بە ناکامڵی و لاوازی به‌بێ ره‌چاوكردنی راستیه مێژووی و ناسنامه‌ییه‌كان و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی جیبهجێكرا كه له كۆتاییدا بووه هۆی قه‌یران و شكستی ئه‌و ده‌وله‌تانه.
مۆدێلی تریشمان هەیە کە لە وڵاتانی تری وەک ئەفغانستان و عێراق و باڵکان و تەنانەی ئاڵمان و ژاپۆن، هەوڵی بۆ درا به‌ڵام بەپێی کۆمەڵێک فاکتەری تر لە هەندێک شوێن شکست دەخوات، لە هەندێک شوین هەڵدەستێتەوە، بۆ نموونە لە کۆزۆڤۆ لە ١٩٩٩، لە تەیمووری ڕۆژهەڵات لە ١٩٩٩تا ٢٠٠١ لە سێرالیئۆن لە ١٩٩٨ و لە کامبۆجیە لە ١٩٩٠ کە شکستی خوارد لە هائیتی لە ١٩٩٣ تا ١٩٩٥ لە سۆمالیا لە ١٩٩٣.
بۆیە دەتوانین بڵێن كه له دەوڵەته دواكه‌وتووه‌كاندا، بە زەبر و زەنگ خەریکی بەنەتەوەیی کردنن نەک لە پرۆسەیەکی مۆدێڕنی دێموکراتیک‌دا هه‌وڵی نه‌ته‌وه‌سازی بده‌ن به‌ڵكوو به سیاسەتی یەکسان سازی و ڕەچاونەکردنی مافه‌كان و نکوڵی کردن لە نەتەوەکان، بە سڕینەوەی جیاوازیەکان ده‌یانهه‌وێت نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ن. لێره‌یه كه هه‌وڵی ئەو شێوەیە و ئەو پرۆسەیه، کێشەی بۆ درووست بووە، جا لێرەدایه كه دەبێ جیاوازی بکەین، كه قەیران بۆ ئه‌م جۆره له ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وانه درووست بووە نەک بۆ یه‌كه‌یه‌كی سیاسی به‌ناوی دەوڵەت- نەتەوە. هەڵبەت له روانگه‌یه‌كی تره‌وه ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە له‌م ده‌وڵه‌ته نادیموكراتیكانهدا تووشی قەیران بووە، جێگای خۆشحاڵییە، هەر بۆیەش ئێمە دەتوانین دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمان درووست بکەین.
لێره‌دا پێویستە ئەوەش بڵێم کە لە ڕووی یاساییەوە، کۆنفدراڵی قۆناغێک دوای سەربەخۆییە، ئەوە زۆر هەڵەیە کە ئێمە بڵێین کە کۆنفدراڵی پێش درووست بوونی دەوڵەتە، دەبی سەرەتا دەوڵەت درووست ببێت پاشان لە یەکیەتیەکدا سەروەری یان حاکمیەتی خۆت دەپارێزی به‌ڵام دەچییه ناو یەکگرتووییەکەوە کە بە یەکگرتوویی کۆنفدراڵی دەناسرێت و لە سەرووی دەوڵەتەكانی پێكهێنهرهوهیه.
ڕاوێژ: وەک خۆتان لەو بڕوایەدا هەن کە سەر لەنوێ دوو ئێمپڕاتووری شێعه و سوننەی عوسمانی و سەفەوی لە داهاتوودا درووست ببنەوە؟ چونکە هەر وەک دەزانن ئەو هەوڵانە لە ئارادا هەن و لە لایەن دوو دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە زۆر جار بە ئاشکراش باسی لێوە دەکرێت؟
پ.ڕ: لەو بڕوایه‌دا نییم، به‌ڵام دەتوانن ناوچەی نفوزیان هەبێ و هاوپەیمانی و کۆوالیسیۆنێک پێک بێنن، بەڵام ئەوەی کە دووباره ئیمپراتوورییەتێکی سووننە و شیعە درووست بێ، ئەوە زۆر زۆر ئه‌سته‌مه، چونکە ئێستاکە پرسی مافی چارەی خۆنووسین و پرسی سەروەری لێکتر هەڵەنگووتوون و گەورەترین کێشەیان بۆ درووست بوونی دەوڵەت ساز کردووە و دەسەڵاتداری (حاکمیەت) کە بە هۆی پرۆسەکانی بە جیهانی بوون یان بە جیهانی کردنەوە قەیرانی بۆ ساز بووە، لێرەدا زۆر زۆر زەحمەتە ئیمپراتوورییەت بە واتا کلاسیک و نەریتییەکەی پێک بێتەوە، تەنانەت له ئاستی پێكهاته‌ی سیسته‌می نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه پرسی تاک جەمسەری ئەوە خەریکە تووشی قەیران دەبێت و هەندێ لە زانایان باس لە درووست بوونی فرەجەمسەری و هاوسانگییەکی نوێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکەن، بۆیە من نەتەنیا ئەوە بە دوور دەزانم بەڵکو بە پێچەوانەوە لە فۆرمی نوێ‌دا، لە ئاستی ناوچەییدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسەکانی ئاسایش و لێکدانەوە ئاسایش تەوەرەکان، دەتوانین باس لە هاتنە کایەی جۆری جیاواز لە ئاسایش لە هەر ناوچەیەک یان هێشوویەک کە پێی دەگوترێ هێشووی ئاسایشی (ئەمنیەتی) بكه‌ین. لەو ڕوانگەوە و هەروەها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە ئەگەر لێی بڕوانی، لە جیهانی ئەمڕۆدا کە جیهانێکی بە جۆرێک لە جۆرەکان بێ سنوورە، درووست بوونی ئیمپراتوورییەت به شێوازی كلاسیك و مێژووییه‌كه‌ی نامومکینە بەڵام جۆرێکی تر لە ململانێ هەیە کە ململانێیە لەسەر ناوچەی دەسەڵات یان ناسنامەی نوێ، بۆیە درووست بوونی ئەو دوو ئیمپراتوورییە ناتوانێ ڕاست بێ. لە بیریشمان نەچێ کە هەل و مەرجی درووست بوونی ئیمپراتوورییەت کە جۆرێک لە کایەی نێودەڵەتی هێنابووه ئاراوە و دواتر چەند شەڕی لێکەوتەوە و ئه‌م سیسته‌مه هەڵوەشاوە، کەواتە ئێمە دەبێ لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکان، ئەو سیستەمە بخوێنینیەوە و لێکی بدەینەوە کە ئایا ئیمپراتوورییەت درووست دەبێت یان نا. ئه‌م مۆدێله دەتوانێ لە ڕووی تیۆری و لەسەر لاپەڕە هەبێ بەڵام لە ڕووی کردارییەوە یەکجار زەحمەتە. بۆ نممونه ئەو هەل و مەرجەی کە ئێستاكه هەیە زۆر جیاوازە لە پێش جه‌نگی جیهانی یەکەم کە ئیمپراتوورییەکان توانیان تا ئەو کاتە بوونیان هەبێ و بمێنن.
ڕاوێژ: قەیرانی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەڕەبی و ئێران و هاتنە ناوەوەی ڕوسیە بۆ گۆڕەپانی ململانێکان چ کاریگەریەکی لەسەر ئەگەری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان دروست دەکات؟
پ.ڕ: ئه‌مه له‌لایه‌ك هه‌ره‌شه‌یه و له‌لایه‌ك ده‌رفه‌تی زێرینه بۆ كورد كه نه‌یاره‌كانی كورد یه‌كگرتوو نیین و كێشه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و هیزه سیاسییه‌كانی یه‌كگرتوو بیت و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كی كورد بێت وهه‌روه‌ها هه‌موو ئامرازه‌كان به‌كار بێنێت .
ڕاوێژ: وەک دەبینن ڕۆژ بە ڕۆژ دوو جەمسەری شیعە و سووننە زیاتر لەگژ یەکتری ڕادەچن، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران پچڕاند، ئەوەش دوای ڕووداوی شێخ نەمر و ئاگردانی سەفارەتی سعوودیە بوو، لاتوان وایە بەتایبەتی بەو داکشانی نرخی نەوت و کەمی بودجەی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو، ئەو ململانێیانە بەرو چ ئاقارێک دەڕۆن؟
پ.ڕ: ئەو شەڕە كه لە ئێستادا بوونی هەیە، ڕاستە شەڕی ڕاستەوخۆ نیە بەڵام لە ئیستادا عەرەبستان بە دژی ئێران لە شەرێکی نیابەتی دایە، لە عێراق و لە ڕێگای پاڵپشتی کردنی سووننەکان و لە سووریە و هەروەها لە رێگای هاوپەیمانەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و لەویش گرنگتر لە ڕێگای دیپلۆماسی وزه یان نەوتییەوە لەگەڵ ئێران‌دا لە شەڕێکی سارد دان کە کەڵک لە هەموو ئامرازەکان وەردەگرن بە دژی ی
ەکتری. بۆ نمونه ئەگەر بڕوانینە ناسنامەی سیسته‌می سیاسی ئەو وڵاتانە، ئەوی تری ناسنامەیی سیاسیان کێیە؟
لێره‌وه ئەگەر بتهەوێ خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخە بکەیت پێویسته راسته‌وخۆ بگەڕێیەوە سەر بیروڕا و قوتابخانه‌ی کۆنستراکتیڤیستەکان كه بەپێی روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، ڕەفتاری سیاسەتی دەرەوە یان بەرژەوەندی نەتەوەییان، ئەو پێناسەیەی لە خۆیان و جیهانی دەرەوە و هاوپەیمانیەتێکەیان هەیە، روون ده‌بێته‌وه. بۆیە ئێران هەوڵ دەدا لە ڕێگای فاکتەری شیعە و هەموو فاکتەرەکانی ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی و سڕینەوەی قەیران، گوشار بخات و هێژمونی خۆی بسەپێنێت بۆ ئەوەی کە لە ناوخۆش سەقامگیرتر بێ و ئەم قەیرانە دارایی – سیاسییە کە لە رێگای ئابڵۆقەکانەوە بەسەری هاتووە، تێپەرێنێت. بۆیە بە بڕوای من تا کاتێ
ک کە ئەو دوو نیزامە سیاسییە بەو دوو ناسنامەیە بەردەوام بن، دڵنیا بن کە ئێمە ناتوانین ئاسایی بوونێکی پەیوەندییەکان ببینین، بۆ نموونە لە کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، تا کاتێک ئەو نیزامە سیاسییە هەبێ، تۆ ناتوانی باس لە پەیوەندییەکی ئاسایی لەسەر بنەمای دڵنیایی ئاسایشی و بەرژەوەندی دوو لایەنە لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بکەی، ئەگەریش هەبێ، زۆر سنووردارە و لە هەمان کاتێشدا، کاتیە، بۆیە ئەو پەیوەندییە سنووردار و کاتییانەش تێدەپەڕێندرێن، چونکە ئەو قەیرانە هەڵقووڵاوی سروشتی نیزامی سیاسی ئەو دەوڵەتانەیە.
لێره‌دا پێویسته لەسەر پرسی ئێران و عەرەبستان پێشینەیەک باس بکەم بۆ ئەوەی کە بزانین په‌یوه‌ندییه‌كانی ئەو دوو ده‌وله‌ته چەندە قەیراناوی بووه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه لە ١٩٣٥ـەوە سەفارەتخانەیان دامەزراندووە، به‌ڵام لە ١٩٤٣ تا ١٩٤٧، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ل یه‌كتر پچڕاندووه، پاشان دکترینی نیکسۆنیش لەسەر دوو کۆڵەکەی سیاسی ئێران و ئابووری عەرەبستان دامەزرابوو، عەرەبستان لە ڕووی نەوتییەوە و ئێران لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە. پاش شۆرشی 1979 له ئێران ناكۆكییه‌كانیان چووه قۆناغێكی تره‌وه بۆ نموونه لە پاڵپشتی عەرەبستان لە عێراق لە شەڕی هەشت ساڵەدا کە جیا لەوەی کە یارمەتی ماڵی و دارایی دەدا و بۆڕی نەوتەکەی بۆ دەریای سوور دەنارد تا ڕووداوی ڕێپێوانی (بەرائەت لە موشرکان) لە ساڵی ١36٦ کە تێیدا ٢٧٥ ئێرانی کوژرا تاوه‌كوو بەفەرمی ناسین تالیبان کە بە جۆرێک لە لایەن عەرەبستانەوە بە دژی ئێران دەناسرا تاوه‌كوو تەقینەوەکانی بورجەکانی خوبەیر لە عه‌ره‌بستان و کوژرانی ١٩ کارمەندی ئه‌مریكی و بیانی و تۆمه‌تباركردنی ئێران به ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره تیرۆریستیه تاوه‌كوو ئەوەی کە ڕەفسەنجانی و خاتەمی هەوڵیاندا پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە کە دوای ئەوە دیسان دەبینینەوە بە تیرۆری ڕەفیق حەریری لە لوبنان، سەرلەنوی بارگرژی درووست دەبێتەوە، پاشان دووبارە کێشە ساز دەبێتەوە، هاندانی شیعەکان لە بەحرەین و سەرهەڵدان و هاتنە کایەی بەهاری عەرەبی و پرسی تاوانبار کردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ تیرۆر کردنی عادل ئەلجوبەری، سەفیر عەرەبستان لە واشنگتۆن دێتە کایەوە، پاشان مەسەلەی ڕووداوی مەنا و ئەوجار ئەو دەستدرێژییە سیكسیهی كه بۆ سه‌ر چه‌ند حاجییه‌كی ئێرانی كه لە فڕۆکەخانەی جەددە دا ڕووی دا بارگرژیهكانیانی زیاتر كرد. کەواتە ئەو دوو نیزامە لەو ناوچەیەدا لە بنەڕەتەوە ناتوانن پێکەوە پەیوەندییەکی ئاساییان هەبێت.
ڕاوێژ: بە ڕاگه‌یاندی بەرجام، ئێران خۆی بە براوە دەزانی، ئێستا و دوای پرسی کێشە ساز بوون بۆ دانی ڤیزا بە ئێرانیەکان و هەروەها تاوانبار کردنی ئێران بە تیرۆر و دانی نزیک بە دوو ملیارد سزا و غەرامە لەسەر ئێران لە دوای ئەوەی کە ئێران موشەکی عیمادی خستە ڕوو، لاتان وایە پەیوەندییەکانی نێوان ئامریکا و ئیران بەرەو کوێ دەروات. زۆر کەس لایان وایە کە شەڕی سووریا پیلانێک بوو کە بۆ خستنە ناو گێژاوی ئێران
ساز کرا؟
پ.ڕ: لە وڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی پێشوودا باسم کرد، سرووشت و ناسنامه‌ی نیزامی سیاسی ئێران وایە كه نه‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ل ئه‌مریكا وه‌كوو ده‌وله‌تانی تر ئاسایی ببێته‌وه، من زۆر جار ئه‌وه باس دەکەم و دەڵێم، كه نیگەران مەبن، سیسته‌می سیاسی ئێران بەرەو ڕووخان دەچێ، چونكه ئێران ئەگەر بیهەوێ گەمەیەکی زۆر قوڵی سیاسی و سەربازی بکا، ئەو تواناییەی لە ئاست وڵاتانی ناوچە و لە ئاستی نێو دەوڵەتی نیە. ئەگەریش بیهەوێ پێوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە، دووبارە تا ئاستێک دەتوانێت ئەو کارە بکات. دڵنیا بن کۆماری ئیسلامی بە هۆی سرووشتی نیزامی سیاسی و ناسنامەکەی، ناتوانێ لە دەرەوەدا هەندێک سیاسەت وه‌كوو ده‌وله‌تێكی ئاسایی بکات، چونكه ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە ئاستی ناوخۆی ئێران و ره‌وایه‌تی ئه‌م سیسته‌مه ده‌بێت، بۆیەش لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە تا بژاردە سیاسییەکانی، ئەوەندە مەترسییان هەیە کە دەبێ ئەوی ترێکی ناسنامەییان هەبێ، ئەو ئەوی تری ناسنامەییە دەتوانێ سووننەکان و عەڕەبەکان بێ و یان سیسته‌می لیبرالیزم و مه‌ترسی له پرسی ئازادێهكان و مژاری دێموکراسییە، هەروەها دەتوانێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و وڵاتانی ئوروپایی بێ.
بۆیه‌شه كه ئێران دەیهەوێ بە شێوەیەکی زۆر سنووردار، تەنیا بەرژەوەندییەکانی خۆی جێ بە جێ بکات و هه‌ره‌شه‌ی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر نه‌مێنێت، كه ئەمە لە درێژخایەن و ته‌نانه‌ت مامناوەندا کێشەی بۆ دەخوڵقێنێ، بەڵام بەداخەوە خوێندنه‌وه و سیاسەتە هەڵەکانی ئیدارەی ئۆباما له بواری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئێران، لەو چەند ساڵەی دواییدا، ئەم دەرفەتی مانه‌وه‌ی زیاتر بۆ ئێران دریژ كرده‌وه، بۆیە لە کورت مەودادا ئیران، دەسەڵاتێکی باشتری دەبی بۆ دەست تێوەردان لە ناوچە و بۆ سەرکوت لە ناوخۆدا و هەر بۆیەش توانیوێتی لەو قەیرانانه دەرباز بێ، بەڵام لەبیرمان بێ کە کۆمەڵێک مەرجی یەکجار زۆر قورس بەسەر ئێران‌دا سەپێندراوە، لە بیرمان نەچێ کە ئابڵۆقەکان تەنیا لەسەر کێشەی ناوه‌کی نییە. هه‌روه‌ها پرسێکی تر هەیە، ئەوەیش ئه‌وه‌ی کە ئایا ئێران لە ڕووی ئاساییشییەوە کە وەک ئاماژه‌م پێدا لەسەر بنەمای ناسنامەیی و هۆڤیەتییەوە پێناسەی بۆخۆی کردووە، ئایا دەتوانێ تا کۆتایی بە تەواوی، پابەند بێ و ئەو مەرجانە جێ بە جێ بکات؟ ئایا ئێران دەتوانێت هەروا بەو سیاسەتە ناوخۆییە بەردەوام بێ؟ بەو قەیرانانەی کە هەیە دەتوانێ لە ناوخۆ بەردەوام بێ؟ من بە دڵنیاییەوە دەڵێم، قەیرانەکانی ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ناهێڵن، چونکە ئەگەر ئیلزاماتی سیستەمی لە دەرەوە و گوشارەکان نەبا، ئێران زۆر زیاتر په‌لی ده‌هاویشت.
بۆیە سیاسەتە هەڵەکانی ئیدارەی ئۆباما و نەخوێندنەوەی دروستی ناسنامه‌ی سیاسی كۆماری ئیسلامی ئێران و ململانێ و کێشەکانی ناوخۆیی ئەمریکا لەلایەک، پرسی داهاتووی نیزامی نێودەوڵەتی و هاوسه‌نگی هێزه‌كان له ناوچەكه له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌رفه‌تی به ئێران دا. بۆیە دڵنیا بن یەکەم لە ڕووی ئابوورییەوە ئێران توانای ئەو ململانیانەی نییە، چونكه له كۆتاییدا سیاسەتی دەرەوەی ئێران، درێژکراوەی سیاسەتی ناوخۆیە و ئەگەر بیهەوێ بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بە دێموکراسی و بە پێی بەها و پێوەر و سیستەم و نۆرمەکانی باو و زاڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، بجوڵێتەوە و ببێتە ئەندامێکی كاریگه‌ر لە کۆمەڵگای جیهانی، ئەو کاتە ئه‌م سیاسه‌ته کاریگەری لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەبێ و ئەگەر بە پێچەوانەش بجووڵێتەوە، سەر لە نوێ قەیرانی قووڵی بۆ ساز دەبێتەوە. هه‌روەکوو باسم کرد ناسنامەی نیزامی سیاسی ده‌وڵه‌تان لە ناوچەکە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئێران. هه‌روه‌ها لە ڕووی ئابووریشەوە هه‌رچه‌نده لێره‌دا من ناچمە ناو ئەو باسەکە کە ئابووری ڕانتیێر خود بە خود قەیرانی بۆ درووست دەکات به‌ڵام له ڕووی سیاسییەوە ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ناوچە ڕوودەدات و باسم کرد، ئەم ململانیانە، دەرفەت بۆ ناسنامەکانی تر دەخوڵقێنێ، بۆیە ئێران لە ڕووی ئاساییشییەوە زۆر لە دڵەڕاوکێ دایە و هه‌ره‌شه‌ی له‌سه‌ره.
لە ئێستادا ئیران دەیهەوێ هاوسه‌نگی هێزەکان بەو معامەلە گەورەیەی كه له‌گه‌ل 5+1 كردی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بپارێزێت. کە من چەندین ساڵ لەوەی پێش لە چاوپێكه‌وتنێكی تیشک تی ڤی باسم کرد كه ئێران بەدوای معامەلەیەکی زۆر گەورەیە لەگەڵ ئامریکا و دەیهەوێ بەو معامەڵە گەورەیە ئەو هاوسەنگییە بمێنێت، بۆیە دەبێ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و لە ئاستی سیاسه‌تی نێودەوڵەتی و لە ناوخۆی ئێران و له‌لایه‌كی تریشه‌وه سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕەچاو بکەین و ئەو کاته بۆمان دەردەکەوێ کە قەیرانەکان چۆن ئه‌گه‌ری دووبارە سەرهەڵدانهوهیان هه‌یه.
له‌م بهستێنهدایه كه ده‌رباره‌ی دۆخ و پرسی سووریا جگە لە هەڵە ستراتژیکییەکانی ئیدارەی ئوباما و ململانێکانی لەگەڵ رووسیا، دەتوانین بڵێین ئێران بۆ جێ بە جێ کردنی داواكارییه‌كانی یان ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١، سوریای بە بارمته گرتبوو، ئەوە خاڵێکی زۆر گرنگە و من دڵنیاشم لە پشت ئەو دێڕە فەرمییانەی کە لەو ڕێککەوتنە لە گەڵ ئێران‌دا واژۆ کراون، ڕێککەوتنێکی زۆر گەورە کراوە له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، بۆیه ئه‌گه‌ری زۆر به‌هێز ئه‌وه‌یه كه خاڵی نەهێنی هەبێت له‌م رێكه‌وتنه پرسی سووریە ئەو بارمته‌یه بووە کە لەسەر چۆنیەتی بەئەنجامگەیاندن و پێکەوە سازان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی، ئامریکا ئەو ئیمتیازه‌ی لە ئێران وەرگرتووە، بۆیە ئێران ناتوانێ به‌م سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌ی ئێستای بەردەوام بێ و تووشی قەیرانی قووڵ دەبێ، بۆیە ئەگەر لەو ڕەهەندەشەوە چاوی لێنەکەین کە ئەوە داوێک بووە کە تواناکانی ئێرانی تێدا بەرەو فەوتاندن ببەن، لە ڕەهەندێکی دیکەشەوە دەتوانین چاوی لێبکەین کە ئەویش نەبوونی توانای ئێرانە بۆ درێژە پێدانی ئەو یارییە.
ڕاوێژ: بەشێک لە چاوەدیرانی سیاسی ناوچە دەڵێن کە ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە لە عێراق و سووریە، بەرهەم و دەرەنجامی هەڵە خوێندنەوەی ئەمریکا و ئوروپا بوو لە دێموگرافیای ئەو دوو وڵاتە، بۆ نموونە پێش بینی هێزی شیعەی لە عێراق نەکردبوو و لە لایەکی ترەوە پێش بینی سازبوون و سەرهەڵدانی ئەو هەموو گرووپە ئیسلامییەی نەکردبوو، ئێوە ڕاتان چیە؟
پ.ڕ: بەشێکیم لە وڵامی پرسیاری پێشووتر ئاماژەم پێ‌کرد بەڵام بەش دووەمی ئەوەیە کە سووریا بۆ گەمەی ناوچەیی بۆ ئێران زۆر گرنگە و هەروەها ئەو مامەڵەییەی کە ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 کردی، بۆئەوەی کە بتوانێ لەو هیلالەی کە بە هیلالی شیعی ناسراوە، هاوسەنگی هێزەکان ڕاگرێ و نەهێڵێ ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە گوشاری بخەنە سەر، کەڵک لەو هیلاله شیعیه وەردەگرێ، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی به‌شێك له هێزه کوردیەکانیشەوە له‌و ناوچه‌یه‌دا، کەڵکێکی ئامرازییان لێ وەردەگرێ و ئەوە زۆر ئاشکرا و ڕوونە.
به‌ڵام ئەوەی کە ئایا کورد دەتوانێ لە پاشەڕۆژدا زیرەکانە هاوكێشه‌كان هەڵگەڕێنێتەوە یان له دۆخی له‌باردا وەرەقێکی نوێ ڕوو بکات، ئەمە دەمێنێتەوە سەر زیرەکی سیاسەتمەدارانی کورد لە ڕۆژئاوای كوردستان کە بتوانن ئەوانیش کەڵکی ئامرازی لە ئێران وەربگرن، بەڵام لە ئێستادا ئەم پاڵپشتییەی ئێران، پاڵپشتییەکە بۆ درووست کردنی هاوسەنگی هێز و کۆنترۆڵ لەسەر داهاتووی ناوچەکە و پاڵپشتی لە هێڵی شیعی و گوشار خستنە سەر تورکیە و هەروەها گوشار خستنە سەر هێزە سیاسیەکانی تره و ئه‌م هاوكاریه لەو ڕوانگەیەوە کە دەتوانێ کۆنترۆڵی هیزەکانی کورد بکات و نابێ ئەوە لە بیر بکەین، بەڵام هیوادارم لە کۆتاییدا کوردەکان بتوانن ئه‌وانیش کەڵکێکی ئامرازی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ربگرن و پاش ئەوەی کە سیمای ناوچەکە هەندێک بەرەو ڕوون بوونەوە و سەقامگیرێکی تا رادەیەک جێگیر یان ڕێژەیی ڕۆیشت، ئەوانیش بتوانن داواكاری و سیاسەتی ناسنامه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان جێگیر و ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
من لەگەڵ پرسیاری ئەو هاوڕێیە هاوڕام کە دەڵێ ئەو دۆخە لە ئەنجامی هەڵەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بوو لە تێنه‌گه‌یشتن له دۆخی ناوچە. چونكه پێشووتریش کۆمەڵێک ڕەخنەگری ئه‌كادیمی و سیاسی و هه‌روه‌ها ناوەندی لێکۆڵینەوەی (تینگ تانک) ڕەخنەیان لە سیاسه‌تی ئەمریکا له ناوچه‌كه گرتبوو کە دوو دەستی عێراقت پێشکەشی ئێران کرد یان ره‌خنه‌یان ده‌گرت كه لە پێناو چیدا بە میلیاردها دۆلار بە فیڕۆ چوو؟ یان سەربازی ئێمە له پێناو چ ده‌ستكه‌وتێك بە کوشتن چوو، ئایا بۆ ئەوە بوو کە ناوچەی دەسەڵات بۆ ئێران درووست بکەین؟ بۆیه ده‌توانیین بڵێین كه نوخبه سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە تایبەت، خوێندنەوەیەکی درووستیان لەسەر واقعی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناویاندا، پرسی کورد نەبووە، ئەوە ڕاستییەکە و زۆر کەسی شارەزا و پسپۆڕیش لە خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و لە وڵاتانی ئوروپایی‌دا ئەو ڕەخنەیان لێدەگرن، ئەمە خاڵێکی یەکجار كاریگه‌ر و سەرەکییە.
ڕاوێژ: ڕۆڵی ئێران له قه‌یرانی سوریه و داهاتووی سوریه چۆن ده‌بینن و پێوەندییەکانی چۆن دەبێت بەتایبەت لەگەڵ کانتۆنەکانی کورد له سوریه؟
پ.ڕ: با لەسەر پرسی کوردەکانی ڕۆژئاوا و پشتیوانی ئێران، ئاماژە بە بابەتێک بکەم، بنه‌مای سه‌ره‌تایی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندیی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوە درێژکراوەی سیاسەتی ناوخۆیە، به‌م پێیه‌ش لە کاتێکدا ئێران ئەو ڕەفتارە نادیموكراتیكه لە سیاسەتی ناوخۆیی خۆی لەگەڵ نه‌ته‌وه و پێکهاتەکانی جیاوازی ئێران دەکات، هیچ کات ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئەو پشتیوانییه‌ی کوردەکان لە ڕۆژئاوای كوردستان لە لایەن ئێرانەوە، کەڵک لێوەرگرتنێکی ئامرازییانە نیە، کەواتە تەنیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی له هاوکێشە ناوچه‌ییه‌کان بەکاریان دەهێنێت هەروەک چۆن بۆ ڕووسیەش ڕێک هەمان شتە، لێرەدا رۆڵ و زیرەکی کوردەکانە کە چۆن بتوانن لەو دۆخە کەڵک وەربگرن و لە هاوکێشەكانی ناوچه‌كه نەبنە قوربانی و نەبنە فاکتەری به‌هێزی ئێران، چونكه ئێران فاکتەرێكی گوشاری دەوێ بۆ هاوسه‌نگی هێزه‌كان، بۆیه کوردەکان دەبێ بکەر بن نەک فاکتەری به‌هێزی ئێران له ناوچه‌كه، ڕاستە هێزه كوردیه‌كان هێزیان سنوورداره و لێرەدا کۆمەڵێک ئیلتزاماتی پێکهاتەیی بوونی هەیە بەڵام لە بیرمان نەچێت کە ئێستا، دەوری ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان زۆر بەرجەستە بووە و کورد خەریکە لەفاکتەرێکی ڕووتەوە له هاوكێشه‌كان دەبێتە بکەرێکی چالاک لە هاوکێشەکاندا، بە نەمانی ئەسەد و لاواز بوونی عێراق و هەروەها هاوکێشە سیاسییه‌كانی ناوخۆیی تورکیە، کۆی ئەوانە دەتوانێ کورد بکاتە خاوەن ستاتووسی خۆی و هەروەها بەوەی کە ئێستا ده‌وله‌تانی ڕۆژئاواش نایهەوێ ئێران و ڕووسیە دەستی باڵایان هەبێ و یارمەتی کورد دەدەن و دەیانهەوێ له هێزی سه‌ربازی كورده‌كان کەڵک وەرگرن، لێرەدا دەوری دیپلۆماسی کوردەکان دەتوانێ دەربکەوێ بەڵام بەو مەرجەی کە ئامانجە نەتەوەییه‌كان لەسەرەوی ئامانجە تاکە کەسی یان حیزبییەکانەوە بێت.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، عێراق لە پرسی دەوڵەت – نەتەوە سازیدا شکستی خواردووە و ئەگەر بەزۆر دووبارە له‌سه‌رپێ رابگیرێته‌وه ئەوه دیسانه‌وه ئه‌و قەیرانەی لێ دێتە کایەوە کە لە پێشەکی پرسیارەکاندا ئاماژەم پێ‌کرد، ئەوەش هەڵقووڵاوی ئەم واقعە ناسنامەییەیە، جگە لە پرسی پێکهاتەی ڕانتی ئابووری سیاسی لە عێراقدا کە بە شێوەیەکی ئوتوماتیک دەبێ دەسەڵاتێکی زاڵ بوونی هەبێ و ئەوانی تر بسڕێتەوە و بچەوسێنێتەوە و بۆیە لێرەدا و لەو پێکهاتەیە دا گرنگی نەدان بە فیدرالیزم و هەروەها واقعە پێکهاتەییەکان لە عێراق، وایکرد کە ئەم دۆخە ناله‌باره کە ئیمرۆکە دەیبینین، بوونی هەبێ. لە کۆتاییدا سەرەڕای بوونی فاکتەرەکانی تر، ئەو ڕایە یەکجار درووستە کە هەڵەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوایی تا ئێستاش بەردەوامە و دەتوانێت یەکێک لە فاکتەرە کاریگەرەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە بێتە ئەژمار.
هه‌روه‌ها پێویستە ئاماژە به‌وه‌ش بکەم کە ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەیانهەویست یان لایان وابوو کە دەتوانن دێموکراسی لەو وڵاتەدا کە هیچ کەلتوورێکی دێموکراسی نیە و پێکهاتە سیاسی و ئابووری فەرهەنگییەکانی لە بنەڕەتدا دێموکراسی نین، بێننە کایەوە و مۆدێلێک بۆ وڵاتانی تر پێشکەش بکەن، ئەوەش دووبارە خوێندنەوەیەکی هەڵە بوو. هەروەها پاشه‌كشی هێزه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق بە هۆی ململانێ ناوخۆییەکانی نیوان کۆمارییەکان و بەڵێنه‌كانی هەڵبژاردنی دێموکراتەکان ده‌رباره‌ی پاشه‌كشه له عێراق ئه‌م دۆخه‌ی خولقاند، ئەوەش دۆخێکی زۆر گونجاو و ئامادەی بۆ ده‌ستێوه‌ردانه وێرانكه‌ره‌كانی ئێران رێكخست، هەموو ئەوانە و پاڵپشتی نەکردن لە کورد و سووننەکان لە عێراقدا کاریگەری هەبوو له‌سه‌ر هاتنه كایه‌ی ئه‌م دۆخه. ئامریکا و وڵاتانی ئوروپایی تا ئێستاش سیاسەتێکیان هەیە کە تا ڕادەیەک نەگۆڕە، ئەوانە لە سیاسەتی خۆیان له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ هاتنه‌ئارای سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌یی لەگەڵ بوونی دەوڵەتی ناوەندی به‌هێزن، لێرەدایە کە گۆڕانکاریه‌کان لە لایەک و بکەرایەتی ئەکتەرە ژێر دەوڵەتییەکان له‌لایه‌كی تره‌وه‌یه کە دەتوانێ ئەم هاوکێشە و ته‌نانه‌ت زێهنییەتە بگۆڕێت.
ڕاوێژ: بەو گرژیانەی که له نێوان ئێران و وڵاتانی عەڕەبیدا هاتوۆته ئاراوە، وا هەیە ئێران زیاتر و زیاتر به لای ڕوسیەدا بکشێ و تەنانەت ڕووسیه بکات به کارتی فشار بۆسەر وڵاتانی عەڕه بی ناوچەکه؟
پ.ڕ: هاوپەیمانەتی ڕووسیە لەگەڵ ئێران سنووردارە، لە بیرمان نەچێ کە خودی ڕووسیە هەمان ڕووسیەیە کە دەنگی بە زۆرینەی ئەو ئابلۆقانەداوه کە بەسەر ئێران‌دا سەپان و ته‌نانه‌ت دژایەتی نەکردن، لە کاتێکدا ئیران هەمێشە حیسابی هاوپەیمانی بۆ دەکرد، له‌لایه‌كی تره‌وه ستراتیژی و ئامانجەکانی ئێران و ڕووسیەش لە ناوچەکە زۆر جیاوازن، ئەگەر چاو لە ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی ناو خودی ئێرانیش بکەین لە بەرانبەر ڕووسیادا زۆر بە هەستیارییەوە باس له‌م هاوپه‌یمانه‌تییه دەکەن و ئه‌مه نیشان دەدات کە ڕووسیە لە هاوکێشەکانی لەگەڵ ئامریکادا کۆمەڵێک ئامانجی گەورەتری هەیە و ئێران وه‌كوو ئامرازێك به‌كار دێنێت.
بۆیە ئێران مەترسێکی زۆری هەیە. جگە لە ململانێ ژئۆپۆلتیکێکانی ناوچەكه و هەروەها له ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز کە ئێران و ڕووسیە پێکەوە هەیانە، پرسی ناسنامە ئیسلامێکەی ئێران و لە لایەکی تریشەوە پرسی ململانێی ئابووری به‌تایبه‌ت لە ڕووی نەوت و گازەوە له نێوانیاندا بوونی هەیە، بۆیه پێم وایه كه ئێران و ڕووسیە ناتوانن تا سه‌ر وەک دوو هەڤاڵبەندی ستراتژیک بە ئەژمار بێنین، بۆیە ئەو هاوپەیمانییە کاتیە. دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە ئەگەر ئێران توانای هه‌با كه لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا بە ڕووسیە هاوسەنگی هێزەکان بپارێزێت و بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت، هیچ کات ڕازی نەدەبوو ئەو ڕێککەوتنە له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بکات، ئەوە نیشان دەدات کە ڕووسیە ناتوانێ ئەو بۆشاییە بۆ ئێران پڕ بکاتەوە. بۆیە ئێران ئەو هەموو نەرمییە بۆ نموونە لە بەرانبەر عەرەبستاندا دەنوێنێت تەنیا بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەو پەیوەندییانەی کە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە پێویستی پێیانە له‌گه‌ل رۆژئاوا دروست بكات.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ڕووسیە هیچ کات نایهەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بپچڕێنێت، پێویستە بزانین کە ئێران له ناوچه‌كه ئهگەرچی لەگه‌ڵ توركیه و عێراق و لوبنان پەیوەندی هەیە بەڵام لە کۆتاییدا له په‌راوێزدایه، ئێران لەرووی ناسنامه‌ییه‌وه له ناوچەکەدا ده‌وڵه‌تێكی زۆر تایبەتە بەڵام وڵاتانی عەرەبی جگە لە پرسی نەوت و غاز و بەرهەمهێنان کۆمەڵێک کارتی بەهیزتریان لە ئێران هەیە، هەر بۆیەش ڕووسیە قەت خۆی ناخاتە بەرەی دژایەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییەوە، ئەو فاکتەرە زۆر زۆر گرنگە. لە ڕووی پرسی ئایینیشه‌وه ڕووسیە لەو ناوچانەی کە مسوڵمان نشینن قەیرانی هەیە و چ لە پرسی نەوت و وزە و ململانێکانین و چ لە پرسگەلی سیاسی و دیپلۆماسیدا، لە سووریەش کە ڕووسیە جێ پێیەکی هەیە، لە کۆتاییدا وڵاتێکی عەڕەبیە و دەشزانێ ئەسەد هەر دەبێ بروات، کەواتە لە کۆی هاوکێشەکاندا، ڕووسیە بەتایبەتی لە ململانێکانیدا لەگەڵ ئامریکا، کارێکی وا ناکات کە بکەوێتە دژایەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییەوە و بەپێچەوانە هەوڵ دەدات پێوەندییەکی به‌هێزیشی لەگەڵیاندا هەبێ، لێرەدایە کە بژاردەکانی بەردەمی ئێران یەکجار کەمن و ناتوانێ به ته‌واوه‌تی پشت بە ڕووسیە ببەستێت.
بەشی دووهەم:
ڕاوێژ: به سه‌رنجدان به باروودۆخی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی نا‌ویین، له ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا باشوور کام مۆدێلی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه پێڕه‌و ده‌کات و به سه‌رنجدان به‌وه‌ی که له به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا ناسه‌رکه‌وتوو بوو، ئایا له‌م باره‌شه‌وه تووشی شکست نابێت ؟ هەروەها ڕۆڵی ئامریکا له‌م باره‌وه چه‌نده و ئایا به‌ڵێنی ئه‌رێنی لێ وه‌رگیراوه ؟
پ.ڕ: لەوانەیە لێرەدا بۆ باشوری كوردستان تەنیا یەک مۆدێل كاریگه‌ر نەبێ و فاکتەری دەرەکی و جەنگیش کاریگەری خۆی هەیە، ئەگەر بۆ نموونە بگەڕێینەوە بۆ بیر و ڕاکانی “چارلز تیلی” کە درووست بوونی دەوڵەت – نەتەوەكانی ئۆرۆپا له رێگه و ده‌رئه‌نجامی فاکتەری جەنگ دادەنێ، ئەوە یەکێک لە فاکتەرەکانە، هەروەها لێرە(باشوری كوردستان) دەوڵەتێک بوونی نەبووە تا پاشان نەتەوەی بۆ ساز بکات، لێرەدا نەتەوەیەکە کە خەریکە دەوڵەت ساز دەکات، بۆیە دەکرێ تێکەڵێک لەو مۆدێلانە بێ کە پێشتر باسم کردن.
سەبارەت بە کۆنگرەی نەتەوەیی کە ئایا شکستی خوارد ئەوە کاریگەری لەسەر دەوڵەتی هەرێم هەبێ، بەڕاستی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی نیە له نێوانیاندا و لە بیریشمان نەچێ کە زۆربەی ئەو لایەنانەی کە لە کۆنگرەی نەتەوەییدا بەشدار بوون ئێستا لە بنەڕەتدا دەوڵەتی نەتەوەییان ناوێ، ئەوە بەراستی پرسیارێکی لۆژیکی و زانستیمان بۆ درووست دەکا کە ئایا تۆ دەتوانی بەو کەسانە بڵێی ناسیۆنالیست و نەتەوەخواز، لە کاتێکدا کە پرسی دەوڵەت لە لایان بە هیچ شێوەیەک پرسێکی سەرەکی نیە و تەنانەت ڕەتیشی دەکەنەوە. من خۆم لە کۆنگرەی نەتەوەییدا وەکوو راوێژکار بەشدار بووم، زۆر بە باشی ئەوەم بینی کە چی ڕووی دەدات، بۆیە با هەڵەکان نەخەینە ئەستۆی هه‌رێمی کوردستان.
ئەوەی کە ئایا ئامریکا بەڵێنی داوە بە کورد یان نا، من نازانم و ئاگادار نیم بەڵام تا ئێستاکەش لە ئەجندای ئەمریکادا نیە کە دەوڵەتێک بۆ کورد درووست بکا، ئامریکا هەمیشە له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا پراگماتیست بووە، بە هۆی ئەو باروودۆخەیە کە لێرەدا دەوری کورد و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان رۆڵی سەرەکی دەبینێ نەک ئامریکا، لە بیرمان بێت کە ئامریکا تا ساڵی ١٩٧٤ ددانی بە چیندا نەهێنا بەڵام دوای ئەوە ته‌عامول له‌گه‌ڵ واقع ده‌كات.
ڕاوێژ: سێناتور عەبدولقادری ئه‌فەندی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس (جۆرج کلیمانسۆ) و هەروەها سوڕڕەییا و عەلی بەدرخان لە نامەیەکدا بۆ وودرۆ ویلسون سەرۆکی ئامریکا، ئاماژە بەوە دەکەن کە پارچە پارچە کردنی کوردستان و دابەش کردنی بەسەر چەند دەولەتدا بۆ هەمیشە دەبێتە هۆی قەیران سازی لە هەر هەموو ناوچە. حەز دەکەم لە مامۆستا پەرویز بپرسم کە چەندە لەگەڵ ئەو باوەڕەدا کۆکن؟ فاکتەری کورد چەندە بە هۆکاری قەیرانساز دەزانن بۆ ئەو وڵاتانە لە ئاستی ناوخۆیی و لە ئاستی ناوچەیی و کورد تا چەند دەتۆانێ ببێتە هۆکاری پرش و بڵاوی سایکس پێکۆ؟
پ.ڕ: من بەڕاستی دەقی ئەو نامانەم نەدیتووە، بەڵام من باسی ئەوڕۆکە دەکەم، بەڕاستی لەوڕۆدا هەل و مەرج زۆر زۆر گۆڕاوە و ئەوەی کە ئایا کورد دەتوانێ ببێتە هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سایکس پیکۆ، لە بنەڕەتدا هه‌روه‌كوو ئاماژه‌م پێداوه، پرسی دەوڵەت – نەتەوە سازی بەو مۆدێلەی جیهانی سێیه‌م بە گشتی کێشەی بۆ ساز بووە، سەردەمی بەجیهانی بوون و ده‌رهاویشته‌كانی کاریگەری له‌سه‌ر پرس و بواره‌كاندا کردووە، ئەوە ته‌نیا درووشم و هەندێ چەمک و تیۆری و دەستەواژە نیە، لێرەدا پرسی ناسنامەگەرایی و ناسنامەخوازی، هاتۆتە کایەوە، نەخشەی سیاسی ئەو وڵاتانە لەگەڵ هێڵە ناسنامەییەکان یەک ناگرێتەوە، جیا لە پرسەکانی تری پێکهاتەی نیزامی نێودەوڵەتی کە کاریگەری هەیە لەسەر هاتنە کایەی ئەکتەری نوێ و هەروەها شکستی پرۆسەی دەوڵەت – نەتەوەسازی و پرسەکانی پەیوەندیدار بە دێموکراتیزاسیۆن و…هتد، هه‌لومه‌رجێكی خوڵقاندووه کە ئەو سنوورانە دەبێ بگۆرێن و قەیرانە گەرمەکانی ئێستاش باشترین بەڵگەن بۆ ئەو مەسەلە.
ڕاوێژ: با بچینە سەر پرسەکانی پارچە بە پارچەی کوردستان. با سەرەتا باس لە باشووری کوردستان بکەین، ئێستا چەند کێشەی سەرەکی بوونی هەیە: قەیرانی دارایی، گەندەڵێ و یەک نەگرتوویی حیزبەکان و شەڕی داعش، لەو لاشەوە باس لە سەربەخۆیی دەکرێ. بە گشتی بۆچوونی جەنابت لەسەر دۆخی ئێستا باشوور چیە؟
پ.ڕ: ڕاستە پرسی گەندەڵی و بابەته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به قه‌یرانه‌كانی باشور، یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازییە بەڵام پرسێک نیە کە بەتەواوی ڕێگر بێ لە درووست بوونی دەوڵەت و بەربەست بێ لە ڕێگای درووست بوونی، بەڵام یەک نەگرتوویی لە ئاست لاواز کردنی هێزی نەتەوەیی و دابەش بوون بەسەر چەند ئەجیندایەکدا، ئەمە دەتوانێ وایكات كه کورد هێز و تواناکانی لە ئاست ڕووداوەکاندا نەبێ، ئه‌مه کارەساتهكهیه. بوونی شەففافیەت و نەبوونی گەندەڵی یەکجار باشە بەڵام با لە بیرمان نەچێت کە نابێ پرۆسەی دەوڵەت – نەتەوە سازی لەو سۆنگه‌یه‌وه سەیر بکەین.
با چەند نموونە لەو وڵاتانە بێنینەوە کە دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆیان ساز کرد، باسیش لە وڵاتانی خۆرئاوایی ناکەم کە بە پرۆسەیەکی تایبه‌تدا تێپەڕین، مۆدێلەکانی دەوڵەت – نەتەوەسازی لە بنەڕەتدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین یان با بڵێین لە وڵاتانی دواکەوتوو یان لە حاڵی گەشە کردندا، جیاوازی هەیە، بۆیە له‌دۆخی هەرێمی کوردستاندا ئه‌مه بەو واتایە نییە کە دەبێ هەموو پێشمەرجەکانی دەوڵەتێکی مۆدێڕنی وه‌كوو ئێستای ئۆرۆپا هەبێ جا ببێتە دەوڵەت. كه باستان لە گەندەڵێ كرد با باسێک لە کۆماری ئیسلامی بکەین، ئەگەر چاوێک لە ئامارەکانی ڕێکخراوی شەففافیەتی نێودەوڵەتی و ڕاگەیێندراوی گۆڤاری فارین پۆلیسی و فاند فۆر پیس بکەن کە ساڵانە له‌م باره‌یه‌وه ریزبه‌ند و ئامارەکانیان ڕادەگەیێنن، جا ئەنجا دەزانین گەندەڵی چۆن زۆربه‌ی وڵاتانی دواكه‌وتوو و به‌تایبه‌ت كۆماری ئیسلامی گرتۆته‌وه. بەڵام لێرەدا کێشەی سه‌ره‌كی چیە؟ کێشە دابەش بوونی کوردستانە لەسەر دوو بەرەی دژ بە یەک و ناکۆک کە ئەمە دەتوانێ کارەسات بێت و هه‌ره‌شه و مەترسی ساز بکات بۆ سه‌ركه‌وتنی پرسی به‌ده‌وڵه‌تبوون .
به‌بڕوای من گەورەترین بەربەست له قۆناغی یه‌كه‌م بۆ دروستكردنی دەوڵەتی کوردستان، بەربەستی زیهنییە کە تا ئێستاش کورد لێرە بە ترسەوە دهڕوانێتە ئەو پرسە، باسی من ئەوە نییە کە پلان و ستراتیژیت نەبێت، بەڵام شکاندنی ئەو بەربەستە زێهنییە لە هەموو شت بۆ كورد گرنگترە، پاشان تێپه‌راندنی بەربەستە عەینییەکانی تر کە خۆی لە ئاست و بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبینێتەوە وه‌كوو پرسی یاسایی و پرسی هێز و ژیۆپۆلتیک و هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تان له ئاستی ناوچه‌یی و نێودەوڵەتی.
ئەوەی کە وڵاتان ڕۆڵیان هه‌بووه لە نهگەیشتنی كورد بە سەربەخۆیی کوردستان، ده‌ڵێم بەڵێ بە دڵنیاییەوە دەوریان هەبووە، ئەوە پرسێکی یەکجار زۆر گرنگە، بەڵام ئێمە دەزانین کە ئاڵوگۆڕەکان هه‌موو كات له هه‌موو ناوچه‌كانی جیهاندا بە پێی به‌رژه‌وه‌ندی یان حه‌ز و و ویستی ئەو ده‌وڵه‌تانه نییە، بۆ نمونه ئێوه سه‌یری هەڵسوکەوتی تورکیە بکەن لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ئێستا، هه‌روه‌ها ئێوه هەڵسوکەوتی ئێران لە نەوەدەکانی سه‌ده‌ی رابردوو تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه تەماشا بکەن، هه‌روه‌ها خودی عەرەبەکان و دونیای عەرەب لەگەڵ کورد له رابردوو و ئێستا تەماشا بکەن ده‌بین زۆر جیاوازه، کەواتە ئاڵوگۆڕه‌كان و گۆرانکارییەکان لەسەروو به‌رچه‌وه‌ندی یان ویستی ئەوانهوهیه و ئه‌مه خۆشبەختانە لە قازانجی کورده، بەڵام بە مەرجێک کورد و نوخبه سیاسییه‌كانی، وشیاریان هەبێ و بتوانن ئەو توانا و هێزەی كه له ئێستادا هه‌یانه کۆ بکه‌نه‌وه و بە خوێندنەوەیەکی درووستی ئاوگۆر له پێکهاتەی سیسته‌می نێودەوڵەتی و به‌هاكانی زاڵی ئه‌م سیسته‌مه و هەروەها ئاڵوگۆڕه ژیۆپۆلتیکێکهكان له ناوچه‌كه و چۆنییه‌تی بەکارهێنان و دووبارە پێناسە کردنەوەی هێز، بتوانن لەو دەرفەتەدا کەڵک وەربگرن.
ڕاوێژ: چەند پێتان وایە، پارتی و کاک مەسعوود، ڕاست وێژ و کۆکن لەسەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی؟ زۆر کەس دەڵین، هەر کات پرسی لابردنی سەرۆکایەتی دێتە ئاراوە و گوشار بۆ لاچوونی سەرۆکی ئێستای هەرێم زیاد دەبن، ئەوا پرسی سەربەخۆیی دەورووژێندرێت؟ ڕای ئێوە چیە؟
پ.ڕ: لیره من ئه‌گه‌ر جەنابی سەرۆک بارزانی بە نموونە وەرگرم، ئێوه تەماشای تێکستەکانی(نووسرا و گوتار و ره‌فتاری سیاسی) بکەن، هیچ کاتێک نەبووە له‌م مافه پاشەکشە بکات، با نموونەیەکی زیندوو و زۆر نوێ بێنمەوە، هه‌ڵوێستی به‌رێزیان لەوە ئاشکراتر نابێ کە لە باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسێكی هه‌واڵ دا له بەردەم وەزیری دەرەوەی ئا‌ڵمانیا(ئێشتانمایهر) كه سه‌ردانی به‌رێزیانی كردبوو کە لەلایەن په‌یامنێری هەواڵدەرێکەوە پرسیاری لێ‌کرا کە ئێوە چۆن دڵنیایی دەدەنە هێزەکان کە ئێوە ڕۆژێک ئەو چەکانە بۆ سەربەخۆیی خۆتان و بۆ درووست کردنی دەوڵەتی کورد بەکار ناهێنن؟ وتی: ئێمە کەی وتوومانە دەوڵەت ساز ناکەین؟! ئەمە لە ئاستی نیودەوڵەتیدا زۆر گرنگە کە لەبهردهم به‌رپرسێكی وڵاتێکی گرنگی ئەورووپیدا كه یەکێک لە زلهێزترین وڵاتانی ئوروپایی و زلهێز لە باری ئابووریدایه، ئاوا بە راشکاوانە باسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و ده‌وله‌ت بکەی، ئەمه خاڵی یه‌كه‌م، دووهەم، باسی نییەت لە دڵەوە و بابەتی پشتی پەردە شتێکی تره كه ناچێته بواری شیكردنه‌وه‌ی سیاسی بەڵام کە ئێمه سه‌ره‌نجی ڕەفتارەکانی به‌رێزیان کەین و شیکاری بۆ بکەم، ئاوای نابینم كه ئه‌مه ته‌نیا دروشم بێت به‌ڵكوو ئه‌مه بۆته ناسنامه‌ی بارزانی و ته‌نانه‌ت پارته‌كه‌ی سه‌ره‌رای هه‌موو ره‌خنه و كه‌م و كورتیه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌رێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان، بەڵام لە بیریشمان نەچێ لە کۆتاییدا پارتی دێموکراتی کوردستان لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا کار دەکات و سیاسەتەکانی بۆ ئەو ژینگەیە، مافی خۆیەتی ئەگەر بتوانێ پاشان سوود لەو دەسکەوتە ببینێ و کەڵکی لێوەربگرێ، بۆیە لە کۆتاییدا له‌م به‌ستێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه دەنگی پێدەدەن و پارتی ڕەوایەتی وەردەگرێ، ئەوە پرسێکە بەڵام پرسیار خستنه‌سه‌ر بارزانی پێموانییە درووست بێ، چونکە سەرەڕای هەموو تێبینییەکان لام وایە سەرۆک بارزانی زۆر ڕاستگۆیانە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی دەجووڵێتەوە، نموونەشیمان بینی، كه هەر کات کە بەرێزیان ئەو پرسە دەگەیێنێتە لوتکە و دوا قۆناغ، ئه‌وه کێشەیەکی ئابووری یان ئاسایشی و سەربازی و ته‌نانه‌ت سیاسی له ناوخۆ و لە دەرەوە درووست دەکرێ کە نیشاندەری هه‌ره‌شه و مه‌ترسی نه‌یارانه لە درووست بوونی دەوڵەتی کوردی کە ئەوەش بە ڕوون و ئاشکرا له‌م گۆرانكاریانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رجه‌سته بوو.
ڕاوێژ: شەڕی داعش بۆ باشوور و کورد بە دەرفەت دەزانن یان نا بە پێچەوانە بە خەسار و ماڵ وێرانکەری دەزانن؟
پ.ڕ: بەڕاستی شەر هەموو کاتێک هەم هەڕەشەیە هەم دەرفەت، بۆیه بە دەرفەتی نازانم کاتێک کە هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوومان نەبێ، راهێنانیان پێ نەكرابێت، چەک و ته‌قه‌مه‌نیان نەبێ، خاوه‌ن ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌گه‌رایی نه‌بن و ورەیان نزم بێت، لە ڕووی داراییەوە کێشەکان هەبێ و تەنانەت به‌شێكی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان جینۆساید بكرێت و پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، نەخێر ئه‌مه دەرفەت نییە و هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان، بەڵام کاتێک جه‌نگ دەرفەتە کە بە پێی هەموو روانگه و تیۆرییەکان ئەو جەنگە وا له پێگه‌ی تۆ بکات کە لە ئاستی نێودەوڵەتی، وڵاتە زلهێزەکان یارمەتیت بدەن جا چ ڕاستەوخۆ چ ناڕاستەوخۆ و هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی گرنگ لە جەنگی دژە تیرۆر، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە ببێتە دەرفەتێک بۆ پرسی یەکگرتوویی ناوماڵی کورد، ئه‌مه ئه‌و كاته ده‌رفه‌تێكی راسته‌قینه‌یه بۆ كورد. با نموونەیەک بێنمەوە، لە زۆربەی ده‌وڵه‌تان به‌تایبه‌ت بەو ده‌وله‌ته دیکتاتۆرانەشەوە زۆر جار کە مەترسی دەرەکیان نییە، مەترسییەکی خەیاڵی بۆخۆیان درووست دەکەن، بۆ ئەوەی کە لە ناوخۆ بتوانن یەکگرتوویی بپارێزن، بەڵام ئەوە بە واقعی بۆ كورد و هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوه و ئێمە دەتوانین کەڵکی لێ وەربگرین.
کەواتە سەرەڕای ئەو تێبینیانە به‌ڵام کورد توانی ئه‌م دۆخه تێپه‌ر بکات، لە هەموو ئاستە دیپلۆماسی سیاسی و سەربازییەکان کە ئه‌مه‌ش دەتوانێ کاریگەری لەسەر پرسی بەدەوڵەت بوونی کورد بکات، بۆیه من بە دەرفەتێکی دەزانم کە کورد دەتوانێ لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و لە ئاستی ناوچەییدا لەم دەرفەتە بۆ درووست کردنی دەوڵەتی خۆی، بە جوانترین شێوە کەڵک وەربگرێت و پاشەکشە له مافه‌كانی نەکاتەوە، باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه بوو کە یەکێک لە سەرەکیترین دەستکەوتەکانی ئه‌م جه‌نگه کە زۆریش گرنگ بوو بریتی بوو لەوەی کە ئەو ناوچانەی كه به ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ناسرێت کە بە دەستوور و یاسا و دیپلۆماسی كورد نه‌گه‌راوه سەر کوردستان، ئەمڕۆ بە پێ ئه‌مری واقع و به خوێن گەڕاوەتهوه سەر هه‌رێمی کوردستان و ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەسه‌ر سنووره‌كانی باشوری كوردستان به‌رگری له خاكی كوردستان ده‌كات.
ڕاوێژ: ئێستا به هۆی ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی داعش و دلێری پێشمەرگه و شەڕڤانان بۆ ڕاگرتن و پاشەکشه پێکردنی داعش و هەروەها گۆڕانکاری تیۆریک و پڕاکتیکی له سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژئاوا بەرانبەر به ئاسیای پاسیفیک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنه مەیدانی چەند جەمسەرێکی ناوچەیی دۆخی کورد گوڕانکاریێکی بەرچاوی به خۆیەوه بینیوه، بەڕای ئێوه کورد لەم هەلومەرجەی کە پێش هاتووه چۆن دەتوانێت کەڵک وەربگرێت و له ئاکامدا دەوڵەتێکی کوردی بونیاد بنرێت؟
پ.ڕ: ئەگەر من بڵێم تا ئێستاش سیاسەتی ڕۆژئاوا لەمەڕ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاری ریشه‌یی بەسەردا هاتبێ، درووست نییە، ناوه‌رۆكی کێشەش هه‌ر ئەوەیە کە هێشتاکەش رۆژئاوا بە هەمان عه‌قڵیه‌تی سەردەمی جه‌نگی سارد، لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجووڵێتەوە و لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر باسمان کرد، بۆیه ئیدارەی ئۆباما دەیهەوێ کە هاوسەنگییەکی هێز لە نێوان وڵاتانی سووننە و ئێران‌دا درووست بکرێت، ئەمه ئەو فۆرموله‌یه کە ئەمریکا دەیهەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو هاوسهنگییە ڕێگە لە هاتنی زلهێزەکانی تر و دەست درێژیان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی درووست بکات و هاوسهنگییەکی تا ڕادەیەکی جێگیر بێنێته‌ئاراوه، ئەوە خاڵی یەکه‌م، خاڵی دووهه‌م ئه‌وه‌یه كه رووداو و پێشهاته‌كان و واقعی نوێ بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه ئەو دۆخه‌ی پێشووتری زاڵ یان هاوسه‌نگی كۆن بگۆڕێ کە هەڵبەت لەوانەیە لە داهاتوودا دەرهاویشتەکانی زیاتر ببینین، ئەو کێشانە و ئەو گرفتانەی کە بەرۆکی وڵاتانی ئوروپایی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئوروپایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە و هاوپەیمانەکانیان له ناوچه‌كه (جەخت دەکەمەوە کە هەر سێ فاكته‌ر) ئەوە دۆخه‌ی پێشووتری گۆڕی، لێره‌وه‌یه كه ئه‌م دۆخه نوێیه پێویستی بە هاوپەیمانی و هاوسەنگی و ئەکتەری نوێ هەیە، بۆیە لێردا ئەو دەرفەتە زێڕینە پێکهاتەییە بۆ کورد هاتۆتە کایەوە.
لە ئەدەبیاتی سیاسی نێوده‌وله‌تیدا دەرفەت بریتییە لە گۆڕانی پێکهاتەیی سیسته‌می زاڵ. به‌م پێیه‌ش له دۆخی سه‌قامگیردا ئێمه ئه‌كته‌ر یان بکەر ویان ئەیجێنتمان هه‌یه، جا چ لاواز بی و چ بەهێز، بەڵام کاتێک کە پێکهاتەی سیسته‌می گونجاو نەبێ ئه‌وه بكه‌ره‌كان ناگۆردرێن، بۆ نموونە لە جه‌نگی سارد كه بكه‌ره‌كان دیاریكراوبوون ئه‌وه بۆ کورد دابه‌شبوونی هێز و گۆرانی ئەو پێکهاتە سیسته‌میه زۆر لە سەرووی تواناکانی کورد بوو و ئەو کات کورد ئەکتەرێکی سەرەکی نەبوو بەڵکو زیاتر له چوارچێوه‌ی گەمەی ئه‌كته‌ره‌كانی تر بوو، بەڵام ئیستا پێکهاتە سیستهمیهكه گونجاوە، پێکهاتەیەکی سیسته‌می کە تاوه‌كوو ئێستاش به ته‌واوه‌تی شکڵی نەگرتووە. بۆیه چه‌ندین ئه‌كته‌ر له‌ناو ده‌چن و چه‌ند ئه‌كته‌ری نوی دروست ده‌بن كه كورد یه‌كیكه له‌م ئه‌كته‌ر نوێیانه.
کورد جگە لەوەی کە پێویستی بونیاتنانی هێزی خۆی به هه‌موو ره‌گه‌زه ره‌ق و نهرمهكانهوه، پێویسته كه گرنگی به پرسگەلی دیپڵۆماسی و سوود وەرگرتن لە ڕاگەیاندن و کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی ئەو وڵاتانە، لۆبی کردن، ئاشتەوایی ناو ماڵی خۆی، كاركردن له‌سه‌ر کێشەی ئابووری ده‌وڵه‌تانی ئۆرۆپایی و ناوچه‌یی و بوون به فاكته‌ری پارێزه‌ری ئاسایشی وزە کە یەکجار زۆر گرنگە، کۆی ئەمانە هەموو دەرفەتن، ئیتر کورد چەندە کاری لەسەر دەکا، ئەمە بەڕاستی پرسێکی جیایە. کورد چۆن هەڕەشەکان دەکاتە دەرفەت، چۆن دەتوانێ کەڵکی لێ وەربگرێ، ئەمە دووبارە پرسێکی ترە، بۆیە لە سەدەی بیست و یەکەم دا دەرگاکان بۆ کورد کراوەیە، دەرفەتەکە، دەرفەتێکی زێڕینە کە ناوەکەی تری پێکهاتەی سیسته‌می یان (ساختار)ه، بۆ ئەو بکەرەی کە لە کۆتاییدا ببێتە دەوڵەت و ئەو بە دەوڵەت بوونەی کورد لە باشووری کوردستان، کاریگەری لەسەر پارچەکانی تریش دادەنێت.
ڕاوێژ: بە لەبەر چاو گرتنی ئەم ڕاستییە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە لەباری مێژویی حاکمییەتێکی بەرگرتووی هەبوە و نە بە بەراوردکردن لەگەڵ۹۰۰ ساڵ حکومەتی کلیسا و ۷۰۰ ساڵ حکومەتی ڕۆم بەسەر ئوروپا و هەروەها نە ئابورییەکی تێکەڵاوی وەک ئوروپای هەیە کە گرێبەستگەلێکی وەکو گرێبەستی زوغال سەنگ (خەڵووز) و گرێبەستی لیختن ئیشتاین و دۆاتر پەیماننامەی جامیعەی ئوروپا ببێتە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی کۆنفێدارلیزمێکی دێموکراتیک، تەنانەت یەکگرتووی ئافریقاش کە کۆپی هەڵگریان لە ئوروپا کرد، توشی شکست هاتووە و بە کردەوە هیچی پێ ناکرێت. ئێوە باسی کۆنفێدارلیزمی دێموکراتیک لە بنەڕەتدا چەندە بە واقعی دەبینن؟
پ.ڕ: بۆ تێگه‌یشتن له باسی کۆنفدرالیزمی دیموكراتیك‌دا، پێویسته بگەڕێینەوە سەر ڕوانگەکانی بوکچین و ئانارشیستەکان بە گشتی.هه‌رچه‌نده ئەوە لە بیر نەکەین کە ئەم پرسە خۆی لە خۆیدا پرسێکی مرۆڤییە، بەڵام نه لەسەر واقعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم قۆناغەدا. هه‌روه‌ها لە ڕووی یاساییەوە کۆنفدڕاڵی تا ئەم چرکە ساتە لە سەڕووی دەوڵەتەوەیە، یانی تۆ دەبی دەوڵەتت هەبێ پاشان باس لە کۆنفدرالی بکەی، کۆنفدرالی پێش دەوڵەت ناکەوێ، نموونە وڵاتانی ئوروپایی و ئەو وڵاتانەی کە لە مێژوودا بۆ کاتێکی کورتیش بێ لە نێوانیاندا کۆنفدرالی هەبووە، به‌ڵام ده‌توانیین بڵێیبن كه پرسەکە پرسێکی مرۆییە و زیاتر تیۆریکە، تەنانەت بۆ ئوروپاش تا ئێستا بە تەواوی دەستی نەداوە، بۆ ئوروپایەکی کە نوێنەری شارستانییەت و یاسا و مافی مرۆڤ و دێموکراسییە، بۆیە ئەم پرسە دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەین، ئێمە دەبێ پرسە مرۆییەکان لەگەڵ پرسە ژیۆپۆلتیک و سیاسی و واقعی و پرسی هێز کە تا ئێستا جەوهەری سیاستە هەم لە رووی تیۆریک و هەم کردارییه‌وه جیا بكه‌ینه‌وه. بۆیه ئه‌مانه چه‌مكگه‌لێكی ئایدیالیستین و بۆ پاش دروستبوون و به‌هێز بوونی ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وه‌ی كوردستان له‌وانه‌یه بكرێت بیری لێ بكرێته‌وه. به‌ڵام ئێستا بۆ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی ناسیۆنالیستی كورد وه‌كوو ژه‌هر كوشنده‌یه.
ڕاوێژ: مامۆستا ئەوبەری دراوەکەی پارتی، پ ک کایە، پ ک کا باس لە ماوەبەسەر چوونی مۆدیلی دەوڵەت نەتەوە دەکا.. بە سەرنجدان بەوەی کە پێشووتر وڵامتان دایەوە، ئێستا باس لەو مەسەلە ناکەین. پرسیارێک لێرەدا لە ئارادایە ئەوەیە: بە دەوڵەت بوونی کوردستان، بێگومان کاریگەری و برەوی زۆرتر لەسەر پرسی کورد لە تورکیادا دەبێت، بەڵام خودی سیستەمی دەوڵەتی کوردی لەهەڵسەنگاندن لەگەڵ سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکی پ ک ک لێک دژ و ناتەبایە، ئەم ناتەباییە تا چ ڕادەیەک پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دوچاری کێشە و وەستان دەکات؟ لە داهاتوودا کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتی کوردی چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەن؟
پ،ڕ: زۆر جار واقع هەندێ شتت بەسەردا دەسەپێنێ کە لەو شتەی کە ئەوڕۆ داوای دەکەی زۆر گۆڕانکاری بەسەردا دێ، جا یان بە ئاستی باشتر یان خراپتر، بۆیە پێش بینی ئەوەی کە لە داهاتوودا چۆن ڕەفتار دەکەن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چەندە ورد بین و چەندە پراکماتیستن و چەندە پرسە نەتەوەییەکان به‌سه‌ریاندا زاڵە و لە کۆتاییدا ئەوەی کە لە لایان گرنگە، سەربەخۆیی کوردە یان پرس و بابه‌ت و ئه‌جێندای تر؟
پرسی خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیکیش کە بەڕاستی لەگەڵ سیستمی سیاسی و تهناهنهت هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و ئابووری ئێستای ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه دژ و ناتەبایە. بۆیە به ره‌چاوكردنی قۆناغەکاندا دەتوانین له باكور باس له خەباتێکی مەدەنی فرە ڕەهەند و لە لایەکی ترەوە گۆڕینی دەستوور بكه‌ین، واتە تا دەستووری تورکیە نەگۆڕدرێ، هەموو هەوڵەکانی ئاکەپە و كورد كهبەرههمی خەبات و خوێنی کوردە له بار بچێت. بەشێکی تریش قەناعەت پێ هێنانە بەوان، خەباتی مەدەنی، گوشار خستنە بۆیە ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوە کە بۆ جێگیربوون و چەسپاندنی دەبێ گوشارەکە بۆ سەر سیستمی سیاسیی درووست بکەی لە ئاستی ناخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی کارێکی فرە ئاست و فرهڕەهەند بکەین، بۆیە ناکرێ یەک لایەنە ئەوە ڕابگەیێنین و بڵێین چیتر ئێمه دەوڵەتمان ناوێ، بەڵام یەک لایەنەش ئەوە ڕادەگەیێنم. كیشه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئەگەر داوای دەوڵەتیان کردبا واقعی تر و فابیلی فه‌هم تر با. به‌ڵام ئێستا زۆر ناروونه. ڕاستە ئەم مۆدێله زۆر لە داواكاری دروستكردنی دەوڵەتی نه‌ته‌وه‌یی خوارترە بەڵام لە نیزامێکی سیاسی‌دا تۆ ناکرێ دوو سیستمی دژ بە یەک درووست بکەی، بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه له کۆماری کوردستان دا تا ئێستاش ئەو ڕەخنەیەی کە لێی دەگیرێ لە لایەن دژبەرانیەوە ئەوەیە کە چۆن لە سیستمێکی پاشایەتیدا کۆمار دامەزرێندراوە؟ ئەو دوو سیستمە پێک ناکۆکێکی یاسایی و سیاسی زۆر گەورەیان پێکەوە هەیە. بۆیه پێویستە لەو ڕوانگەیەوە چاوی لێبکەین.
بە بۆچوونی من هێزە کوردییەکان لە باشوور، بە ئەزموونی سیاسی ئەو چەند ساڵەیان زۆر واقعگەراترن یانی دەتوانن زۆر باش گەمە بکەن کە ئەمە بەختەوەرییە بۆ کورد کە سەرەڕای هەموو کەم و کورتی و تێبینییەکانی کە هەیە، زۆر واقعگەرایانەتر سیاسەت دەکەن، پێویستە هێز و بژاردە سیاسییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەم شێوازە سیاسەت بکەن و بزانن کە ده‌وله‌تانی تر دەیانهەوێت ئەوان وەکوو ئامراز بەکار بێنن با کوردیش بە زیرەکی بجووڵێتەوە نەک هەست و ئایدیۆلۆژی، کورد تا لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیدا بجووڵیتەوە و لەو چوارچیوە نەهێتە دەر و ئایدیۆلۆژیا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بۆ قۆناغی رزگاریخوازی نەبێته ناسیۆنالیزم و هەموو شت لە پێناو نەتەوەی خۆیدا نەکا، تا ئەو کات دەبێتە قوربانی گەمەی ئەم لایه‌ن و ئەو ده‌وله‌ت، بۆیە دەبێ ئەم هاوسەنگێیە نوێیه‌ی ناوچەكه و تواناکانی خۆی بخوێنێتەوە و باش کەڵک لەم دەرفەتە پێکهاتەییە وەربگرێت.
ڕاوێژ: ئەو پرسیارەی هاوڕێیەک تۆزێک لە باسەکە دوورە بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە بنەڕەتدا پرسی دژبوون بە دەوڵەتی کوردی بنچینەیەکی کۆمۆنیستی هەیە و لە هەمان کاتیش‌دا دەوڵەتی کوردی پێویستی بە پشتگیری هەیە ئەو پرسارەی هاوڕێیەک دەپرسین: ئیمانوئل کانت لە کتێبی ئاشتی پایداردا دەڵێ؛ هەتا ئەو کاتەی کە حاکمییەتێکی واحید لە دونیایەدا ساز نەبێت و کۆمارێکی جیهانیمان نەبێت ناکرێ دل بەوە خۆش کەین کە لە شەر و زولمی دیکتاتۆران نەجاتمان بێت. ئێوە رێکخراوی نەتەوە یێکگرتوکان چەندە بە میکانیزمی رێک و پێک بۆ ئەو ئارمانە دەزانن و چەندە دەگەڵ باوەری ئەحزابی چەپن کە ئەو رێکخراوە بە دەزگایەکی خزمەتخۆاز بە بەرژەوەندی ئەمپریالیزم دەزانن؟
پ.ڕ: بیروراكانی فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی ئیمانۆئێل کانت بەراستی لە ڕووی ئینسانی و مرۆیی و فکرییەوە، هەوێنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتۆکانە و بەر لەویش کۆمەڵه‌ی گەلان، ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە لەسەر بنەمای هزریی كانت داندراوە، بەڵام ئەوەی کە ئایا تا چەندە لە واقعدا دەسەڵاتدارییەتێکی جیهانی درووست دەبێ، ئەمە خۆی جێگای پرسیارە و تۆزێک دەیخاتە چوارچێوەیەکی ئایدیاڵەوە، ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتۆکان چەندە بە میکانیزمێکی گونجاو كار ده‌كات، ئەو حاشاهەڵنەگرە کە نەتەوە یەکگرتۆکان زۆر ڕەخنەی لەسەرە و نەیتوانیوە لە زۆر شوێن بە ئەرکی خۆی هەستێ، ئەوەش بەو واتایە نیە کە وه‌كوو كۆمۆنیسته‌كان ده‌ڵێن نەتەوە یەکگرتۆکان بەتەواوی لەژێر هێژمۆنی ئەمپریالیزم دایە، چونکە نابێ لەبیرمان بچی کە خودی یەکێتی سۆڤییەتیش دژی ئەمپریالیزم بوو به‌ڵام لە دامەزراندنیدا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو تا ئەنجوومەنی ئاسایش، كه تیایدا ئەندامی هه‌میشه‌یی بوو تا ئەو کاتەی کە یەکێتی سۆڤییەت هەڵدەوەشێنێتەوە و روسیا جیگه‌ی ده‌گرێته‌وه. کەواتە ئەوە زۆر تووندڕەوانەیە کە بڵێین له هیچ سوودی نییه، بەڵام ئه‌و ڕەخنەیهش دروسته کە بەرژەوەندی زلهێزان و بەتایبەت پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاساییش دەپاریزێت. بەڵام بە پێی مەنشوورات و بڕیارەکانی كۆمه‌له‌ی گشتی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، دەرفەتیش بۆ ئه‌كته‌ره‌كانی تر هاتۆتە کایەوە، لە بیرمان نەچێ ئەو كیانه سیاسییه‌ی كه ئەوڕۆ لە باشووری کوردستان بوونی هەیە و یۆته هیوای کورد، هەر به‌پێی فەسڵی حەوت و ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی ئاسایش بوو، بۆیه دەبێ له هه‌موو رێكخراو و ده‌رفه‌ته‌كان کەڵک وەرگرین. نمونه‌یه‌كی تر تەیمووری ڕۆژهەڵات و كۆزۆڤۆ و سودان و…هتد. ئەو پرسانە دەکرێ ئێمە کەڵکی لێ وەربگرین، بۆیە دەکرێ ڕەخنەکان لەسەر جێی خۆی و درووست بن بەڵام دەتوانین زۆر کەڵکیشی لێ وەرگرین، ئەمە لە بوونی دارستانێک کە هەر دەوڵەتێکی به‌هێز بێت و خۆی بسەپێنێت زۆر باشترە و بە لانیکەمەوە هەندێ یاسا و پرەنسیپی نێوده‌وله‌تی پابه‌ندكه‌ر بوونی هەیە و هەر بۆیەش با ڕوانینمان نە ڕوانینێکی لانی کەمی و نە ڕوانینێکی لانی زۆری بێ و میانەڕۆ بین و بتوانین ئەو دەرفەتانە بقۆزینەوە لە ڕێگای ئەو نۆرم و ڕێککەوتننامه نیودهوڵهتیانهوه.
ڕاوێژ: با بچینە سەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕۆژئاوا چەند بابەت بوونی هەیە: یەکەم: شیوەی هاوپەیمانێتی کە خۆی دوو ڕوویە، یەکیان هاوپەیمانەتی کورد پێکەوە واتا یەپەگە و ئەنەکەسی و …تاد، دواتر هاوپەیمانێتی ناونەتەوەیی، ئێو ەئەو پەیوەندیانە چەند بە زیان یان قازانجی کورد دەبینن؟ بۆ نموونە ڕێککەتننامەی دهۆک زۆر بە ئاشکرایی پێشێل کرا و هەڵوەشایەوە و ئەنەکەسی و هێزەکانی تر لە هەڵبژاردن رێگایان پێ نەدرا.
پ.ڕ: بەر لە هەموو شت پێویستە ئەوە بڵێم کە لەسەر چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردنی ڕۆژئاوا دەبی ڕۆژئاواییەکان خۆیان بڕیار بدەن، بەڵام ئەوەی کە هێزێک بیهەوێ هێزەکانی تر پەراوێز بخات، ئەوە کارەساتی لێدەکەوێتەوە، ئەوە نە دیموکراتیکە و نە به‌پێی بەرژەوەندی نەتەوەییە، بۆیە هاوپەیمانییەتێکی گشتگیر لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە ئاستی نەتەوەییدا دەتوانێ زۆر لە قازانج و بەرژەوەندی کورد بۆ ئێستا و بۆ داهاتوویەکی چاوەڕوانکراو بێت، کە ئەو دەرفەتانەی ئاماژه‌م پێدا بۆ کورد بێنێتە کایەوە، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییانەی کە لە لایەن باشوورەوە دەکرێ، دەبێ زۆر بە گرنگ وەربگیردرێن، پاڵپشتی باشوور زۆر گرنگە بۆ رۆژئاوای كوردستان، با نموونەیەک بێنمەوە، کۆبانی، بۆ دەبێ کۆبانی لە بیر بکەین کە بۆ یەکەم جارە کە کورد لانیكه‌م لە مێژووی هاوچه‌رخدا به شێوه‌ی فه‌رمی و رێكخراو هێزی سه‌ربازی دەنێرێتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و سەروەری ویان حاکمیەتی سێ دەوڵەت دەبەزێنێ، بە پێی هیچ یاسایەکی فیدراڵی نە کورد و نە هیچ هەرێمێکی فیدراڵی بۆی نیە کە سنوورەسیاسییهکان ببەزێنێ و هێزی سه‌ربازی بۆ به‌شداری له جنگ له ده‌وڵه‌تێكی تر بنێرێتە دەرەوە، کەواتە کورد یەکەم: حاکمیەتی عێراقی بەزاند، دوو: سه‌روه‌ری تورکیەیەک کە تا سەر ئێسقان تاوه‌كوو ئێستا دژی ستاتۆس سیاسی ڕۆژئاوای كوردستانه، لە ژێر کاریگەری و گوشاری کورد له هه‌رێمی كوردستان و ده‌وله‌تانی ڕۆژئاوا، رێگای دا بە کورد تا پێیدا دەرباز بێ، سێ: پاشان خودی سەروەری سووریا، ڕاستە ئێمە دەڵێن لە واقعدا سەروەری سووریا نەماوە بەڵام تا ئێستاش لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەر بە ده‌وله‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ری سووریا ئەژمار دەکرێ، کەواتە سێ سه‌روه‌ری یان حاکمییەت لێرەدا بەزێندرا و شكستی داعش ده‌ستیپێكرد.
کەواتە ئەگەر کورد لەسەر پرسێک ڕێک بکەوێ بزانە چۆن دەتوانی ئاڵووگۆڕ به هاوسه‌نگی هێزه‌كان و هاوكێشه سیاسییه‌كاندا بێنی، هەر کۆبانی بوو كه توانی هێزی پێشمه‌رگه و شه‌رڤانی و ماهیه‌تی کورد بکاتە سیمبۆل، له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا، ئەوە کەمترین بەرهەمی یه‌كگوتاری و یەکگرتووییە.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەگەر کۆمەڵێک حیزب پێکەوە بن و لەسەر پلاتفۆرم و ئامانجێکی نەتەوەیی ڕێک بکەون، ئەو کاتە باشتر دەتوانن گەمەی سیاسی له گۆره‌پانی ناوچه‌كه بکەن، چونکە هەر یەک لەوانە دەتوانێ پەیوەندی لەگەڵ لایەنێک هەبێ، ئەو کات دەتوانی ئەجندای ئەو لایەنانە کە بە قازانجی کورد نەبێ، دەکرێ خونسا بکرێتەوە، بۆیه ئه‌گه‌ر ئەنجومەنی نیشتمانی یان پارلمان و دامه‌زراوه‌كانی حوكمرانی داده‌مه‌زرێت، جگە لەوەی کە ئەوەندەی تر هێز و تواناکان بەرز دەکاتەوە، بە هەمان ڕادەش دەتواندرێ لە ئاستی نێودەوڵەتی به‌هێزتر ده‌ربكه‌وین و دەکرێ پاڵپشتی هه‌موو هێزه كوردستانیه‌كان و ته‌نانه‌ت هێزه ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش مسۆگەر بکرێت، یەکجار گرنگە کە لەم دۆخه‌دا هەموو هێز و لایەنەکانی رۆژئاوی كوردستان له به‌رێوه‌بردن و دانانی سیاسه‌ت و بریار به‌شدارییان پێ بکرێت. ئه‌مه جگە لە بەهێزبوون لە ڕووی سەربازی و ڕەوایی پێدران به دامه‌زراوه سیاسییه‌كانی رۆژئاوا و پێشکەش کردنی نموونەیەکی مۆدێرن و دیموكراتیك، دەتواندرێت بەسەر ته‌نگه‌ژه و ئەجندا پێك ناكۆكه‌كانی ناوچەیی و نێوده‌وله‌تی، زاڵ بین. به‌پێچه‌وانه‌وه ئەمه دۆخەكه مەترسیدارە.
کەواته بەڕاستی کورد دەتوانێ کەڵک له‌م ده‌رفه‌ته وەربگرێت، چونكه لە دۆخ و ژینگەیەکی سەقامگیری ڕووکەشی یان شکڵی کە پێشتر لە جەنگی سارددا بوونی هەبوو، کورد لەو پێكهاته‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی جه‌نگی سارددا دەرفەتی هیچ بكهرایهتیهك بۆ كورد نەبوو، بەڵام ئێستا لەو پەشێوی و ئاڵۆزییەدا دەتوانی کەڵکی لێ وەربگرێ تاوه‌كوو نه‌زمێكی نوێ دیته ئاراوه.
ڕاوێژ: هەروەک دەزانین ده‌وله‌تانی ڕۆژئاوا لەبەر 2 هۆکاری سەرەکی واتا تیرۆریزم و کۆچبەری دەیهەوێ پشتێنێکی ئەمنیەتی سیاسی له دەورووبەری ڕۆژئاوادا بکێشێت و ناچاره لەو وڵاتانەی که دراوسێی ڕوژئاوان گۆڕانکاری بکات. کورد که له مەترسیدارترین ناوچه بۆ ڕۆژئاوادا هه‌ڵكه‌وتووه چۆن دەتوانێت ئه‌م هەله بۆ خۆی بقۆزێتەوه؟
پ.ڕ: با ئاماژه به زانایه‌كی ژیۆپۆلتیك به ناوی ژان گاتمەن كه بە باوکی ژیۆپۆلتیکی پۆست مۆدێرن دەناسرێت به‌كه‌م، كه ئەگەر بگەڕێنەوە سەر کتێبەکانی و بابەتەکانی، نەخشەیەکی نوێ لە هارتلەندی نوێ دەست نیشان دەکات کە کوردستان له چه‌قی ئه‌م هارتلهندهدایه، پێشتر هەندێ باسم لەو هارتلەندە نوێیە کرد لە ڕووی ژیۆستراتژیک و ژیۆپۆلتیک و ژیۆئێکۆنۆمیک و ژیۆکالچێر زۆر گرنگە، كه کورد چەندە دەتوانێ لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کەڵک لەوە وەربگرێ، لە هەموو ڕووەکانی کە باسم کرد، کە واتە خاڵە لاوازەکانی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا كه ئاماژه‌تان پێكرد پێویسته دەست نیشان بکرێن، کەواتە تا لە نێو واقعی نوێ‌دا لە دایک نەبینەوە هیچمان پێ ناكرێت،ئێوه ئه‌گه‌ر تێبینی لە لەدایک بوونی دەوڵەتان بکەن، تا بارودۆخ و واقعێکی نوێ نەهاتۆتە پێش یان پێکهاتەی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی بەرەو گۆڕان نەچووە یان نەگۆڕاوە، دەوڵەتی نوێ لە دایک نابێ، چ لە شەڕی جیهانی و چ لە پێش شەڕی جیهانی و پاش جەنگی جیهانیش و دواتر پاش شەڕی سارد و هه‌روه‌ها ئێستاکە بە شەپۆلی چوارەمی دەوڵەت – نەتەوە سازی یان لە دایک بوونی دەوڵەتانی نوێ دادەندرێت.
ڕاوێژ: بەڕێزتان سیاسەتی (پ ی د) له ڕۆژئاوای کوردستان له سەرەتای قەیرانی سوریاوه تا ئێستا چۆن دەبینن هەڵەکانی و سەرکەوتنەکانی چین؟ ئەگەر بکرێ زیاتر ئاوڕ بدەنەوە سەر هاوپەیمانەتییەکانی، ئایا سیاسەتێکی بەڕۆژ و سەرکەوتووی هەبوه یان نا؟
پ.ڕ: من بە پێچەوانی ئەو قسانەی کە هەن، هەر دوو ڕەهەندی دەبینم، ره‌هه‌ندێك ئه‌وه‌یه كه توانی لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێ، ئەوە زۆر سیاسەتێکی سەرکەوتووی هەبووە، كه لە چەند بەرەیەکدا جەنگی نەکرد. ئەگەر هاتبا دژی سووریە جەنگی کردبا، دژی سوپای ئازاد جەنگی کردبا و دژی تورکیە جەنگی کردبا واتا ئەو هەموو جەنگەی کردبا، ئەوە لە توانای کورددا نەبوو، ئەگەر ئەوە تاکتیک بێ ئەوە زۆر زیرەکانە بووه، کەواتە لەوەدا زۆر سەرکەوتوو بوو و زۆر زیرەکانە توانی لەو قەیرانەی تورکیە کەڵک وەربگرێ و ئەو ناوچانە بە بێ جه‌نگ و خوێنرشتن کۆنترۆڵ بکات، ئەوە دەتوانێ ببێ بە مۆدێلێکیش بۆ کورد، بەڵام ره‌هه‌ندی تر ئه‌وه‌یه كه لە پرسەکانی تردا، ئەگەر پ.ی.د بکەوێتە ژێر ئەنجندایەک، بۆ نموونە بکەوێتە ژێر ئەجندای سیاسییه‌كانی پ ک ک لە باکوور بە باشی نازانم. دەبێ هەندێک جار هەندێک تایبەتمەندی پارچەکانی کوردستان لێک جیا بکەینەوە و ره‌چاو بكرێت، سەرەڕای ئەوەی کە پێکەوە گرێ دراون و هاوچارەنووسین، لە هەندێک واقعدا لە پراکتیکی ڕۆژانەدا زۆر جیاوازی هەیە، ئەگەر ی. پ. گ بیهەوێ بە ئەجندای ئێران و تەنیا بۆ مانەوە ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئەسد کار بکات ئەوە زۆر هەڵە و زۆر مەترسیدارە، چونكه پشتیوانی و سۆزی ده‌وڵه‌تانی لە دەست دەدەن و هەم بۆ خودی پرس و داهاتووی کورد مه‌ترسیداره، ئەمە خاڵێک، بەڵام خاڵی لاوازی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژئاوا دەتوانێ تاک لایەنە بوونی ڕەوتێکی سیاسی بێ، ئەمە زۆر مەترسیدارە، بەشداری پێنەکردن بە هێز و لایه‌نه‌كانی تر مەترسیدارە، لە بیرمان نەچێ کورد ئەگەر لە ڕێگای باشووری کوردستانەوە هێزەیان بۆ نەچووبا و باشووری کوردستان نەهاتبا سەر خەت و پرسەکەی بە جیهانی نەکردبا، ئەو ئیستاتووسەی ئێستای نەدەپارێزرا . بۆ نمونه هەر لەبەر چاوی ئەمریکا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایی بوو کە کورد رۆژانه دەکوژرا و کۆبانی خەریک بوو ده‌كه‌وته ژێر كۆنترۆڵی داعش و له‌وانه‌یه کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی كورد له رۆژئاوا هاتبا و جینۆسایدێكی تر روویدابا.
ڕاوێژ: (پ ی د) و لقەکانی دیکەی (پ ک ک) لە ڕۆژئاوا لەژێر ناوی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک‌دا، ئیدارەی سیاسی – ئەمنییەتی ڕۆژئاوایان وەئەستۆ گرتووە، بەڵام بە ئاشکرا دەبینین هێز و لایەنەکانی دیکەی ڕۆژئاوا لەو بەڕێوەبردنەدا بێبەش کراون، یان تەنانەت هەندێک جار تێکهەڵچوون ڕووی داوە، بە بڕوای ئێوە ئەو کێشەیە لە خودی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکدایە یان کێشە لە کەسانی بەڕێوەبەری ئەو سیستەمەدایە؟
پ.ڕ: خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیک پێویستی بە دێموکراسێک لەوپەڕییدا هەیە، کە قسە کردن لە دێموکراسی ئەوپەڕیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا ئایدیالە، بەڵام ڕاستە نابێ ئایدیاکانیشمان بمرێنین، بەڵام ئەوەی کە ڕێگە بە هێزەکانی دیکە نادرێ لە لایەن (ی پ گ)ـەوە نە دێموکراسییە و نە واقعگەراییە و نە لەگەڵ تواناکانی کورد، یەک دەگرێتەوە. با پرسەکان هەندێک لێک جیا بکەینەوە، ئەو پرسە لە گەمەیەکی گەورەتردا دەتوانێ بخوێندرێته‌وه، به‌م مانایه كه تۆ دەبێ مافە سیاسییەکانت و هەروەها واقعی خۆت بە دەست بێنی و بیچه‌سپێنی، ئەوە ئەو کاتەیه کە دەبێ باس لە مۆدێلێک بکەین، ئەوە تەنیا مودێلی بەرێوەبردنە، چونكه ئێمە کێشەمان لە مۆدێلی بەڕێوەبردندا نیە، ئەم پرسه پاشان دەتوانین هەموو حیزبەکان و لایەنەکان و ڕووناکبیرەکان پێکەوە کۆبنەوە و ئەو مۆدێلەی کە گونجاوە و دەشێ بە واقعە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانمان دەگونجێ هەڵبژێرن، کێشەی سەرەکی لێرەدا وەپێش خستنی مۆدێلێكی تایبه‌تی لاوه‌كی لە سەر پرسە سه‌ره‌كی و بنه‌ره‌تی و جه‌وهه‌ریه‌کانی ترە، هێشتا پرسە چاره‌نووس سازه‌کانت چارەسەر نەبوونه، باسی مۆدێل بکەین، هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژیك كوشنده‌یه .
ڕاوێژ: لە پاش گرێبەستی وێستفالی لە ئوروپا لە سالی۱٦۴۸، نزیک بە ۳۵۰ کانتون لە ئوروپا سازبو و کە لە ئەنجامی بە بۆنبەست گەیشتنی نیزامی کانتۆنی باسی دەوڵەت نەتەوە و سازکردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بوو بە مۆدێلی هاوچەرخی دەسەڵاتداری. ئێوە چەندە باوەڕتان وایە کە نیزامی کانتۆنی رۆژئاواش سەرەتایەک بێت بۆ دەولەت نەتەوە؟ ئەگەر وانییە چۆن دەکرێ ئێمە مێژو پێچەوانە کەینەوە، واتا لە دەوڵەت نەتەوەرا بچین بۆ کانتۆنیزم؟ بە گشتی ئەو سیستمەتان لە ڕۆژئاوا پێ هەڵقوڵاوی هزرێکی مۆدێرن و خوێندنەوەیەکی قووڵە یان هزرێک کە دەیهەوێ خەونی کورد بنێژێت؟
پ.ڕ: کانتۆن، ئیقلیمی فێدرال، پاریزگا یان هەر ناوێکی کە لێی دەنێی ئەوانە مۆدێله‌كانی دابەشکردنی ده‌سه‌ڵاته به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه كه كورد ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه كه بیهه‌وێت دابه‌شی بكات؟!، بۆ نموونە ئەگەر سه‌یری ده‌وله‌تی سویس بکەین، مێژوویەکی دوور و درێژی لە دێموکراسی و تەنانەت لە شەڕ و پێکدادانیشدا هەیە بەڵام واقعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر زۆر جیاوازە، دەبێ لەسەر ئەو پرسە زۆر وشیار بین ئەوە یەک، خاڵی دووهەم ئه‌وه‌یه، کە باس لەو چەمکانە دەکەین دەبێ بزانین کە زۆربەی چەمکە تیۆریکەکان لەگەڵ واقعە پێکهاتەییەکان یەک ناگرێتەوە و دەبێتە فاکتەرێک بۆ لاواز بوونمان، لێرە ئاماژه‌م پێدا کە ئه‌م جۆر له دەوڵەت –نەتەوەسازیه قەیرانی بۆ ساز بووە یان ئەو دەوڵەت –نەتەوه نادیموكراتیكانه کێشەیان بۆ ساز بووە.
لێرە پرسه‌كه بۆ كورد ئه‌وه‌یه كه پاش درووست بوونی دەوڵەتی خۆت دەتوانی مۆدێلی بەڕێوەبردن لە ناو ئەو دەوڵەتەدا هەڵبژێری، ئەمە زۆر جیاوازە، پێم خۆشە خوێنەران زۆر گرنگی بەم بابه‌ته بدەن، ئەوە ته‌نیا مۆدێلێکی بەڕێوەبردنە، تۆ لە پێش ئەودا ئەولەویەتت هەیە و مۆدێلی گەورەترت هەیە، ئەوە لە ڕووی ئینسانی و تیۆریکەوە زۆر مۆدێلێکی جوانە بەڵام تۆ ناتوانی وەپێش پرسه بنه‌ره‌تییه‌كانی كوردی بخەی، چونکە واقعەکە ئەو واقعەی سویس یان ئۆرۆپا نیە، نە واقعی تورکیە نە واقعی سووریە نە عێراق و نە ئێران.
من لێرە باسی چەمکی هێزم کرد، دەبێ لەو روانگه‌یه‌وه بڕوانینە پرسەکە. ئێمە باسی پێکهاتەی نێودەوڵەتی دەکەین، باسی نوێنەرایەتی نەتەوەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دەکەین، ئەو مۆدێلانە له به‌رێوه‌بردن دەکرێ پاشان بۆ بەدێموکراسی کردنی زیاتری کۆمەڵگای کوردی بێنە ئاراوە بەڵام پاش و پێش کردن بەو ئەولەویەتانە تووشی کێشەمان دەکات و لەوەش گرنگتر تووشی دمەقاڵەیەکمان دەکات کە تەنیا لە دونیای تیۆریکدایە و لە دونیای واقعی كورد دا راستی نییه.
ڕاوێژ: با بچینە سەر باسی باکوور، هەڵبژاردنی یەکەم جار رێژەی نزیک بە ١٤%ی بۆ (ه د پ) بەدواوە بوو، دواتر شەڕی جزیر و چەند تەقینەوە و شەڕی ناوخۆیی لە باكوور ساز بوو لە نێوان پ ک ک و دەوڵەتی فاشیستی تورک، ئەوە بوو بە هۆکاری دابەزینی دەنگی (ه د پ ) و نزیک بە ١٠%. ئێوە چەند پێتان وایە سیاسەتەکانی شاخ (پ ک ک ) یارمەتیدەرە بە دۆزی کورد یان ئەوەتا بە سەرنجدان بە سیستمی دەسەڵات لە تورکیە، بە زیانی کوردە؟
پ.ڕ: کورد لە باکوور بەراستی زۆر قەرزداری پ ک ک ـەیە، ئەوە راستییە، چونكه لەو سه‌رده‌مه‌ی کە دەنگی کورد له باكور کپ دەکرا و كه‌س نه‌یده‌توانی بڵێ من کوردم، پ ک ک هەڵدەستێ و خەبات دەست پێدەکات، ئەمە حاشا هەڵنەگرە، بەڵام کێشە لە جۆری سیاسەت کردنی پ ک ک ـەیە، بۆیە من هەمیشە ده‌لێم كه هیچ کات بە ڕەش و سپی پرسه‌كان نەبینین، بۆ نمونه بڵێین پ ک ک بوونی نیە یان ڕەشە، یان ئه‌وه‌ی كه پ ك ك دوورە لە هه‌ر ڕەخنەیهك، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه. بەڵام ئێستا سیاسەتەکانی پ ك ك بەداخەوە دەکەوێتە نێو ئەجندای ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی، كه ئه‌مه کێشە بۆ كورد ساز دەکات، ئەوە ئەو هەڵەیە بوو کە پ ک ک، کردی، کە ڕێک ئەو ره‌فتاره بوو کە ئا ک پ پێویستی پێ هه‌بوو بۆ هه‌ستانه‌وه له توركیا، بۆیە چاوەدیران بروایان وایه کە ئا ک پ بە سیاسەتەکانی خۆی وایکرد کە پ ک ک کاردانەوەی نادروستی هه‌بێت و ئەمە بە گشتی بە زیانی کورد تەواو بوو، ئا ک پ ـەی پێ بەهێز بوو، نەک هەر لە بەرانبەر کورددا بەڵکو لە خودی تورکیە بۆیه بەداخەوە تای تەرازوی هێزەکانی بەو هێڕشە چەکدارییانە کە دەکرا لەو کاتەدا نەکرێ، گۆڕدرا، لەو کاتەدا ئەو هێڕشانە هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد نەبوو بێجگە لە شكستی پرۆسه‌ی ئاشتی و زیان له هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆیە دەبینین کورد لێرە خەسارێکی زۆری دی. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد کە خەڵکی تورکیە لە نێوان ناسەقامگیری و لە نێوان نائەمنی و قەیرانی داراییدا پاشەکشەی کرد و دێموکراسی خسته پله‌ی دووهه‌م، کە زۆر دێموکراسی دەیتوانی لەو کاتەدا وەپێش بکەوێ و ئا ک پ، لاواز بێ، بەڵام هەڵەیەکی كوشتده له خوێندنه‌وه‌ی ستراتژیکی پ ك ك، چی بەسەر دۆخی کورد لە باکووردا له ئاستی نێوخۆی و نێوده‌وله‌تی هێنا.
ڕاوێژ: کێشەیەکی تر کە لەسەر پ ک ک بوونی هەیە ئەوەیە کە پ ک ک خۆی بە هێزی چوار پارچە دەزانێ و هەمێشە کێشەکانی خۆی بە چوارپارچەیی دەکات بەڵام لە هەمان کاتێشدا دژە بە هێما نەتەوەییەکانی وەک ئاڵا و ناوی پێشمەرگە و لە هەمان کاتێشدا هێزی بۆ سێ پارچەی تر درووست کردووە، ئەو سیاسەتانەی پ ک ک وای کردووە کە زۆر کەس بە هاوپەیمانی دژبەرانی کورد وەک ئێرانی بناسن، زۆر کەس لایان وایە کە شەڕی نیابەتی دەکا، ئێوە بە گشتی ڕاتان چیە؟
پ.ڕ: پ ک ک، مافئ خۆیەتی کەڵک لە دوژمنێکی کورد وەرگرێ بۆ دژایەتی دوژمنێکی تری کورد تا ئێرە هیچ کێشەیەک نیە، بەڵام کاتێک کە ئەجندای ئەم لایەنە کە خۆی سەرتاپا دژی بەرژەوەندی و مافی کوردە و تۆ بێی ئەجندای ئەم لایەنە جێ بە جێ بکەی، کە ئەمە زۆر كوشنده و هەڵەیە، تەنانەت هەندێک لایەن و پسپۆڕ و شارەزا لەم بارەوە دەڵێن کە ئەگەر دۆزی کورد لە تورکیە بەرەو پێش چووبا، لە دژی ئێران دەبوو و هاوسەنگی هێزی لە دژی ئێران له ناوچه‌كه و نێوخۆ دەگۆڕی، بۆیە لەم کاتەدا ئێران دەستی هەبووە لە پەشێوی نانەوە لە باکووری کوردستان و بۆیەش ئەوە بۆ نوخبە سیاسییەکانی کوردی باكور زۆر مەترسیدارە. بۆیه پێویسته دوو پرس لێک جیا بکەینەوە، خودی گریلاکانی پ ک ک و ئەندام و لایەنگرانیان کە هەستێکی نەتەوەییان هەیە لەگەڵ رێبه‌ر و نوخبە سیاسییەکانیان کە هەڵەی ئیستراتژیک یان هەڵە لە بڕیاردان یان هه‌ڵه له خوێندنەوەی واقعدا دەکەن، لێک جیا کردنەوەی ئەو دوو شتە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کە نەکەوینە چوارچێوه‌ی پلان و ویستی داگیرکەران و دوژمنان و ناحەزانی کورد، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تره‌وه، مەسەلەی شەڕی به‌نوێنه‌رایه‌تی کردن، وەک ژەهرێکی کوشەندە وایە بۆ کورد، جا هەر لایەن و هێزێک بیهەوێت بیکات جیاوازی نیە. له روویه‌كی تریشه‌وه ئەوە پێکناکۆکێک درووست دەکات لە ڕەفتار و لە ڕووی تیۆریک و فکرەوە کە لە لایەک تۆ بتهەوێ بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان حیزبێک ساز بکەی و دەست تێوەردان بکەی، سرووشت و تایبەتمەندی هەر پارچەیەکی کوردستان جیاوازە، ئیمە زۆر قازانج دەکەین کە تەنیا یارمەتی پارچەکان بدەن نەک دەست تێوەردان بکەین.
ڕاوێژ: کێشەیەکی تر کە لەسەر باکوور بوونی هەیە، کێشەی زمانە. زۆرێک لە چاوەدێران لایان وایە ئەگەر پێشتر کورد بە سنووری دەستکرد لێک دابڕا، ئەوجار پ ک ک بە هێنانە ئارای دوو خەتی نووسین، دوو شیوەزاری قسە کردن و هەروەها برەو نەدان بە زمانی کوردی و لە لایەکی تریشەوە پێشنیار کردنی سیستەمی کانتۆنی، بۆ هەمێشە کوردی لە بوون بە یەک دەوڵەت بێبەری کرد. ئێوە چؤنی هەڵدەسەنگێنن؟
پ.ڕ: راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه جۆره له نووسین كورد به‌سه‌ریدا سه‌پاوه و له توركیای نوێ دروستكراوه و به سیسته‌م و زۆر، به‌لام كورد ده‌توانێت به‌سه‌ریدا زاڵ بێت و به تێپه‌رینی كات و قۆناغ به قۆناغ به هاوكاری نوخبه سیاسی و ئه‌كادیمیه‌كان له ده‌رفه‌تێكی گونجاو به هه‌موو ئامرازه مۆدێرنه‌كانه‌وه هه‌وڵی یه‌كگرتوویی بۆ بدات. کورد زۆری پێویستی بەوە هەیە کە لە ڕووی هێمایی و ناسنامەیی و هێماکانی ناسنەمەکەیەوە، ره‌گه‌ز و بنه‌مای هاوبەش بدۆزێتەوە، بۆیە بە بۆچوونی من کورد دەبی دووبارە لە هەموو پارچەکانی پێداچوونەوە بکا و هەوڵ بدات زیاتر ره‌گه‌ز و بنه‌ما هاوبەشەکان بەرجەستە بکات و پرسه ناکۆکان بسرێتەوە یان لاوازیان بکات، بۆیە زۆر گرنگە لە پرۆسەی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازیدا، هاوبەشێکان بەرجەستە بکرێن، لێرەدا دەبی هێڵەکان ڕوون بن، ناکرێ تۆ لە یەک کاتدا باس لە دەوڵەتی نەتەوەیی بکەی و لە هەمان کاتێشدا باس لە ناسیۆنالیزم بکەی و باس لە پرسێکی زۆر خوارتری وەک مۆدێل بکەی وه‌كوو ستراتیژی خه‌بات کە لە پێشووتر باسم لێ کرد، ئەوەی پ ک ک باسی دەکا مۆدێلە، تێکەڵاو کردنی ئەو چەمکانە زۆر هەڵەیە، هەم لە ڕووی زانستی و هەم لە ڕووی پراکتیکییەوە و دەبێ کورد کە ئێستا لەم قۆناغەدایە و دەیهەوێ لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرێت دەبێ پرسە سەرەکییەکانی بورووژێنێ و هێمای هاوبەش ساز بکات.
ڕاوێژ: ئەوەی که hdp له شاره کوردەکان ململانێی لەگەڵ akp پێ نەکرا، ئەمه چ پەیامێکی بۆ پ ک ک تێدایه؟
پ.ڕ: لە هەموو شاره كوردیه‌كان ئەوە بە موتڵەقی وا نه‌بوو، ه.د.پ جێگای akpـەی لە هەندێ شوێن لێژ کرد، بەڵام لە هەندێ ناوچه‌ش بە پێی واقعی کوردستان لە باکوور و هەروەها تا ڕادەیەک سووننەتی بوونی كۆمه‌ڵگا و پرسی ئابووری کە بە دەست akpوەیە یەکجار دەورێکی گرنگی بینیوە کە AKP لەو رێگایەوە زۆر کاری کردووه و هەروەها ئەو سیاسەتەی کە زیاتر لە ٨٠ تا ٩٠ ساڵە له توركیا به ئامرازی ره‌ق و نه‌رم پەیڕەو دەکرێ، کۆی ئەوانە کاریگەری هەبوو، ئەوه جیا لەو هەڵە ئیستراتیژیکیانەی پ.ک.ک كه ئاماژه‌م پێدان، کە ئەوە لەو کاتەدا خوێندنەوەیەکی درووست نەبوو کە ڕێک لەم کاتە هەستیارەدا پێكدادانی سەربازی بێتە ئاراوە.
AKP دەیویست دووبارە کورد قەتیس بکاتەوە و بیهێنێتەوە سەر شوێنی خۆی و بچووکی بکاتەوە و پاشان کۆنترۆڵی بکات و دووبارە پرۆسەی کورد بە ئەمنیەتی بکاتەوە، ئەوە جەوهەری قسەکانە، بە ئەمنیەتی کردنی پرسی کورد زۆر گرنگە، کورد دەبی پرسە سیاسی و یاساییەکانی خۆی لەم چوارچیوەیە ئاسایشیه بباته دەره‌وه و پێویسته لە سیاسه‌ت كردن لە تورکیەدا لەوم ڕوانگەیەوە پرسە ستراتیژیكهكان ببینێت.
ڕاوێژ: هێندێک لە شروڤەکاران پێیان وایە کە پارتی کرێکارانی کوردستانیش هەمان ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی هەیە بەڵام بە خاتری ئەوەی کە پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ باسی خۆبەرێوبەری دێموکراتیک دەکات، ئەگەر ئەو باسە ڕاست بێت، ئێوە پێتان وایە کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشوور و دواتر پەیوەست بوونی بەشەکانی تر، ئاقڵانەترە یان ئەوەی کە خەباتێکی سەرتاسەری بکرێت و هەمووی کوردستان یێکرا باسی سەربەخۆیی بکات؟ ئێوە لە بنەڕەتدا هیچ لۆژیك و عەقلانییەتێک بۆ لێک‌گرێدانی تاکتیکەکانی پ.ک.ک لەگەڵ باسی سەربەخۆیی دەبینن؟
پ.ڕ: من وەک خۆم ناتوانم شیکاری بۆ نیەتە شاراوە و پشتی پەردەییەکان بکەم، ئەوەی من شیکاری بە پێی فاکتەرەکان و پەیرە و پرۆگرام و ئەساسنامە و ڕەفتار و لێدوان یان ده‌قی حیزبەکان ده‌كه‌م، چونکە نازانم لە پشتی پەردە چی هەیە، بۆیه ئەو شتەی کە ده‌بینین شتێکی ترمان پێ دەڵێ ئەویش ئەوەیە کە پ.ک.ک بە ئاشکرا دەوڵەتی نەتەوەیی ناوێ، ئەوەی کە بڵێین دەیهەوێ بەو شێوەیە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ساز بکا هەندێک کێشەی تێدا هەیە، خۆ هەرێمی کوردستانیش بە ئاشکرا دەڵێ من دەوڵەتی نەتەوەییم دەوێ و زۆربەی وڵاتانی جیهانیش پشتگیری لێ دەکەن، ئەوە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوەی کە دەیڵێن جەوهەری هاوکێشەکە نیە، بەڵام ئەگەر گریمان ئەو قسەیە ڕاستە و پاشان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئەو ئاقارە بڕۆن (لە خۆبەڕێوەبەرییەوە) ئەوە لە زیرەکی نوخبه سیاسییه‌كانی کوردە و دەبێ دەست خۆشیان لێ بکرێت لە هەموو بژاردە سیاسییەکانی پشت ئەو بیرۆکەیە.
هەڵبەت من وەکوو خۆم ئاواتمە هه‌موو هێزه کوردستانییه‌كان هەموویان پێكه‌وه راپه‌رین به‌رپا بكه‌ن و دەست بە خەباتی گشتگیر و سه‌رتاسه‌ری بکه‌ن، بریا وا دەبوو، بەڵام ئەوە زۆر ئایدیالیستییە و دەچێتە چوارچیوەی سیاسەتی تەجویزییەوە، واتە ئەوەی کە کورد هەمووی پێكه‌وه و به یه‌ك سیاسه‌ت و ستراتیژی هەستێ و هێزەکان یەکتر بگرن و هەر چوار پارچە شان بە شانی یەک خەبات بکەن، ئایدیالیستیە زۆریش، بەڵام لە ڕووی واقعییەوە با هەر پارچەیەک یارمەتیدەری پارچەکانی تر بێت بۆ ئەوەی کە بتوانێت لانیکەمی مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بڕوات، دوای ئەوە دەکرێ پێكه‌وه وه‌كوو كورد باس لە مۆدێل و شێوازی تر بکەین تا دەگەینە کۆتا ئامانجەکانمان.
ڕاوێژ: با بچینە سەر باسی ڕۆژهەڵات، هیوا جەماڵ راگه‌یاندنكاری تۆری میدیایی رووداو له‌م ماه‌یه‌دا بابەتێکی نووسیبوو لە ژێر ناوی ئارامی خۆرهەڵات مەشێوێنن، زۆر چاوەدێر و حیزبی پارچەی تریش و تەنانەت خەڵکانی ئاساییش دەڵێن هەر سێ پارچەی تر لە خەبات دایە بەڵام خۆرهەڵات خەوی لێکەوتووە، ئەو خەونووچکەیە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
پ.ڕ: کورد لە ڕۆژهەڵات خەوی لێنەکەوتووە بەڵام، یەکەم: گەمەکان لەسەرووی توانای کوردەوەیە له‌م به‌شه‌دا، دوو: خەباتی کوردیش لە هەر پارچەیەکی کوردستان، دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی ئەو وڵاتە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە و ناوچەکەدا و هەروەها پێگەی ئەو ده‌وڵه‌ت له ئاستی نێوده‌وله‌تی. بۆ نموونه کورد له باشووری كوردستان توانی له چركه ساتێكی مێژوویی دا کەڵک لە هەڵەکانی سەددام وه‌ربگرێت له ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌یی. یان کورد چۆن توانی له گۆرانكاریه‌كانی ناوچه‌كه و لاوازی بەشار ئەسەد بقۆزێتەوە و بەکاری بێنێ بۆ دروستكردنی كیانێكی نیمچه‌سه‌ربه‌خۆ له رۆژئاوی كوردستان یان هاتنە سەر کاری AKP بووه ده‌رفه‌تێك بۆ كورد له باكوور كه کوردی بردە قۆناغێکی ترەوە له توركیا، هەر چەند هێشتا زۆر سنوورداره و لە ئاستی داواکارییەکانی کورددا نیە، کەواتە ئەوە گرێدراوی کۆمەڵێک هەل و مەرجە و تەنیا ناگەڕێتەوە سەر بكه‌رایه‌تی کورد، هەڵبەت ئەوە سەرەڕای هەموو ئەو تێبینی و گرفت و ڕەخنانەیە کە لەسەر لاوازی و كێشه پێكهاته‌یی و ناوخۆییه‌كانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هه‌روه‌ها تاک بە تاکی هاووڵاتیان لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا هەیە، بۆیە پێویستمان به خوێندنەوەیەکی نوێ هەیە چ لە ئاستی کۆمەڵگا و چ لە ئاستی تاکەکان و چ لە ئاستی حیزبەکاندا و ئەوە ڕەخنەیەکی بەجێیە ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە سەیری بکەین.
هەروەها ئەو خەوتووییەی کە دەیڵێن تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ بوونی زەبر و زەنگ بەڵکو کێشەی کەلتووری و زەبر و زەنگی کەلتووریش بوونی هەیە، بەستنەوەی پرسەکان بە پرسی ئاسایشی و سەربازییەوە بوونی هەیە، مەسەلەی هاوپەیمانی و ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران لەگەڵ ده‌وله‌تانی تر زۆر گرنگه، لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی گوتارێکی ناسیۆنالیستی و جەماوەری یەکگرتوو، كه حیزبەکان لەم خاڵەدا لاوازییان هەیە و كاریگه‌ری كردۆته سه‌ر ره‌فتاری سیاسی تاکەکانی کۆمەڵگاش له رۆژهه‌ڵات. بۆیه پرسه‌كه ئه‌وه‌یه کە چۆن ده‌كرێت حیزبه سیاسییه‌كان مۆدێل سازی و ئالترناتیڤ سازی بکەن کە بکرێ كه تاك و هێزه سیاسییه‌كان بێنە ناو دیسکۆرسێکی نه‌ته‌وه‌یی تایبەت به رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه كێشه له حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه كه حیزبەکانیش له قه‌یرانی ناسنامه‌دا ده‌ژین و به‌رده‌وام له نه‌بوونی ئه‌و ناسنامه نه‌ته‌وه‌یی- سیاسییه(هه‌ر چه‌نده به رواڵه‌ت و رووكه‌شی ئه‌م ناسنامه‌یه هه‌یه) به‌ڵام ئه‌م خاڵه ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یی كورد ده‌ستنیشان ده‌دات، كه به‌داخه‌وه ئێستا ناروونی و سه‌رلێشێواوی هه‌یه. هه‌روه‌ها نه‌بوونی ستراتیژیه‌كی سه‌رده‌میانه و چالاك و روون تواناكانیانی زۆر لاواز بووه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ساختاری دواكه‌وتوو و داخراوی خودی حیزبه‌كانه كه ئه‌وه واده‌كات به‌رده‌وام پارچە پارچە بن و زیاتر خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی كێشه نێوخۆییه‌كانیان بن، بۆیه لێرەدا ئێمه نا‌توانیین چاوەڕوانیمان لە خەڵکێکی بێ دەرەتانی ڕێکنەخراوی بێ قهلخان هه‌بێت، ناشكرێت هیچ جوولانهوهیهك سەرکەوتوو بیێت تا پلانێک و بەرنامەیەکی ڕێکخراو و گونجاو و بوونی نەبێت.
بەم شێوەیه ئه‌گه‌ر راپه‌رین و سەرهەڵدانێکیش رووبدات كاتی ، سنووردار و کوێر و بێ بنەمایە، بۆیە دەبێ لە ئاستی تاکەکان لە کۆمەڵگای کوردی و هەروەها نێوان حیزبەکان، بە ناسنامه و پلاتفۆرمێکی نوێ و چۆنیه‌تی و میتۆد بۆ خەباتێکی هاوبەش بێنە گۆڕەپانەوە کە ئەوە دەتوانێ پرسێکی یەکجار بەرفراوان بێت بەڵام تا حیزبەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا نەگەنە ئەو بڕوایە کە پێکەوە کار نەکەن و بڕیار نەدەن گۆڕانکارییەک له‌و خاڵانه‌ی كه ئاماژه‌م پێدا بکەن، ئەوە نایەتە کایەوە، چونكه نە حیزبەکان ئه‌م توانایه‌یان هه‌یه كە بتوانن بەو ئامانجە بگەن و نە تاکەکانیش بە تەنیا دەتوانن ئەو ڕێگایە ببڕن.
ڕاوێژ: زۆر بە کورتی بەڕای ئێوە حیزبەکانی خۆرهەڵات بە دابڕان و لێک ترازان هێندە خەسیو و پەسیو نەبوون کە بکرێ چیتر لەسەریان حیساب بکەین؟ ئێستا کە کورد و حیزبەکانی توانایی ئەو گەمەیان نییە، ڕێگا چار چیە؟ دەبێ هەر چاوەڕوانی هەل بین؟
پ.ڕ: تەنیا ڕێگا چارە بوونی ئیرادەی مرۆڤەکانە وه‌كوو كورد، خۆ ئەگەر هەموو فاکتەرەکانی دیکەش بەشدار بن لە کۆتاییدا ئەوە مرۆڤی كورده كه بڕیار دەدات. ڕاستە گوشارەکان کاریگەرن بەڵام لە کۆتاییدا دەبێ مرۆڤەکان خۆیان ئەو بڕیارە بدەن، هیچ کەس ناتوانێ بێت و لە جیاتی کورد لە ڕۆژهەڵات خەبات بکات، کەواتە کورد دەبێ خۆی ئەم بڕیارە بدات. حیزبەکانیش هەر بەم شێوەیە، ئەوان خۆیان بڕیاری جیابوونەوەیان داوە و خۆشیان دەبێ دووبارە ئەو بڕیارە بدەنەوە. به‌ڵام دەبێ ئەوە بە شیکاری و وردبینییەوە بێ و هۆکارەکان و خەساری ئەم لێک ترازانە بناسرێن. ئایا تا چەند بەرژەوەندی تاکەکەسی لێرەدا بوونی هەیە؟ ئایا پرسەکان پەیوەندی بە کۆمەڵناسی رۆژهه‌ڵات و کولتووری سیاسییەوە هەیە؟ ئایا پەیوەندی بە پێکهاتەی ئەو حیزبانەوە هەیە؟ بە دڵنیاییەوە پێکهاتەی ئەو حیزبانە کۆنە و هەمێشە ئامادەی لێک ترازانە، بۆیە من یەکەم پێشنیارم بۆ حیزبەکان ئەوەیە کە ئەو ساختاره کلاسیک و چەپییە و …هتد، بە كه‌ڵكی خەباتێکی مۆدێڕن و ئاڵوگۆره‌كانی خێرای ناوچه‌كه و گه‌وره‌یی رووداوه‌كان و هه‌روه‌ها به كه‌ڵكی ئێستای خۆرهەڵاتی کوردستان نایه‌ت، ئەوەش بۆ هەموو حیزبەکانی رۆژهه‌ڵات درووستە.
ڕاوێژ: خاڵێکی تر لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چالاکانی ناوخۆی (مەبەست چالاکانێکە کە خۆیان لە حیزبەکان بە جیا و جیاواز دەزانن)، بەرەی یەکگرتوو و ئیسلاح تەڵەبەکان و هەندێ لایەن و کەسی تر و بە پێی گوتاری خۆیان دەبێ لە ناو ئەو سیستمەدا بەرەو دەستەبەر بوونی مافەکانی کورد بڕۆنە پێش، ئێوە ئەو لایەنانە و ئەو گوتارە چۆن دەبینن؟
پ.ڕ: پرسی ئیسلاح تەڵەبی بۆ کورد و بڕوا بوون بەوەی کە کورد دەتوانێ لەو چوارچیوەیەی ئێستای كۆماری ئیسلامی‌دا مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات زۆر مه‌ترسیداره بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كورد و ده‌بیته هۆی لاوازی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد و چه‌ند پارچه‌بوونی هێزه سیاسییه‌كانی كورد له رۆژهه‌ڵات و له‌لایه‌كی تره‌وه لەگەڵ پرسێکی تردا بە ناوی نافه‌رمانی و خەباتی مەدەنی تێکەڵ کراوە. بە پێی هەموو پێوەرەکان لە نێو ئەو سیستەمەدا سنووری گەمەکە بۆ كورد ئه‌گه‌ر نه‌ڵیم سفره ئه‌وه زۆر سنووردارە، هەر وەک خۆیان ناوی دەنێن ئەگەر ناوی بنێین جۆرێک لە دێموکراسی دینی، جۆرێکە لە گه‌مه‌ی کۆنترۆڵ کراوی سیسته‌م و له چوارچێوه‌ی ستراتیژی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بۆ ره‌وایه‌تی پێدانه‌وه به سیسته‌می سیاسی-ئایینی كۆماری ئیسلامی کە ناویان ناوە “مەردوم سالاری دینی” کە دیارە مەبەستیشیان چیە.
بۆیه کورد نابێ لە داوی ئەم دیسکۆرسەی كۆماری ئیسلامی و به‌تایبه‌ت ئیسلاح ته‌ڵه‌به‌كان بکەوێت. ئەو بەریزانە کە من ریزم بۆیان هەیە و هیچ تۆمه‌تێك ناخەمە پاڵ هیچ کام لەو لایەنه كوردیه به‌ناو ئیسلاح ته‌ڵه‌بانه‌ی نێوخۆی ئێران، ئەگەر ڕاستگۆش بن کە من گومانم لە راستگۆییان نییە، یان سیسته‌می كۆماری ئیسلامیان نه‌ناسیوه یان ئه‌وه‌ی كه زۆر به رووكه‌شی گرفت و چاره‌سه‌ری پرسه‌كانیان تاوتوێ كردووه.
بۆیه‌ش ئەم هه‌ڵگرتنی گوتاره خزمەت به پرسی كورد له رۆژهه‌ڵات ناکات. ئەوەی کە هێزێكی سیاسی چۆن بەرەنگاری ئەو سیستەمە دەبێتەوە و ڕیفۆرم دەکات یان شۆڕش ویان تاكتیكی خەباتەکەت مەدەنییە یان ئه‌وه‌ی كه بە کام شێواز خەبات دەکەی، کورد نابێ له‌م چوارچێوه‌یه قه‌تیس بمێنێته‌وه و ئەو سنوورانە تێکەڵ بکات. من هیچ بڕوایەکم بەوە نییە کە کورد بتوانێ مافەکانی خۆی لە چوارچیوەی ئەو سیستەمەدا دەستەبەر بکات، بەڵام ئەمه‌ش بەم واتایە نییە کە تەنیا ڕێگای خەبات له رۆژهه‌ڵات، خەباتی چەکدارییە.
ڕاوێژ: زۆر جار ڕەخنە لە کوردی خۆرهەڵات دەگیردرێ کە خەمی هەموو کەس دەخوات لە کوبانی و جزیر و دیاربەکر و شنگال و هەولێر، بەڵام لە خەمی خۆیدا نیە. ئەوە هەستێکی نیشتمانپەروەری قووڵە کە بۆتە خۆرە لە گیانی کوردی خۆرهەڵات یان دەرهاویشتەی پرسی ترە؟ کوردی خۆرهەڵات لە هەر چوار پارچە خەبات دەکات و بۆ هەمووی خوێن دەدات، ئەوە دەستەکوتە یان نا بە زیانی خۆی شکاوەتەوە؟
پ.ڕ: با راشكاوانه و زانستی بڵێم، گەورەترین کێشەی کورد لە رۆژهەڵات، پرسی ناسنامەیە کە جەوهەری پرسەکانە کە پێشتر باسم کرد. کورد لە خۆرهەڵات خۆی بە هاوخەمی هاونشتیمانییهكانی له چارچهكانی تر دەزانێت کە ئەوە هەم هه‌ست و ئەرکێکی نەتەوەییە و هەم مرۆڤدۆستانەیە، بەڵام کاتێک کە سنوورەی ناسنامه‌ی نه‌تەوەیی و مێژوویت زۆر لێڵە و تێکەڵە لەگەڵ فارس و ئێران، ئەوە زۆر زۆر کێشەت له بۆ ساز دەکات له بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێست و ره‌فتاری سیاسی کە نابێتە ئەکتێک بەرانبەر بە خودی کۆماری ئیسلامی، کە هەڵبەتە لە نەبوونی هێز و ڕێکخراوی زۆر بە هێز چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆی سنوورەکاندا زیاتر ئه‌مه به‌رجه‌سته ده‌بێت.
من سەرنجی ئێوە بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشم کە کۆماری ئیسلامی توانیوێه‌تی ئەو ناروونی و لێڵی سنوورە ناسنامەییانە بەکار بێنێت و کەڵکیان لێ وەربگرێت. بۆ نموونە هەر کات کە پێکدادانە خوێناوییەکان لە باکوور و باشوور ڕوو دەدات، بەرانبەرەکەیان کێیە؟ به دڵنیاییه‌وه عه‌ره‌ب و توركه كه هاو ناسنامه نیین. ئه‌وه نیشان دەدات کە پرسی سنوورە ناسنامەییەکانیان توانیوێه‌تی زۆر کاریگەر بێت، بە دەربڕینێکی تر، کورد لە ڕووی کەلتووری و فەرهەنگییەوە زۆر هەست بە نزیکی لەگەڵ فارس و ئێران( هه‌رچه‌نده ئه‌م چه‌مكه‌ش كێشه‌ی زانستی هه‌یه) دەکات و ئەوە ژەهرێکی زۆر كوشنده‌یه بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان.
ڕاوێژ: لە ئێستادا کە ئێمە قسە دەکەین، هەڵبژاردنی خولی دەیەم و ڕێکلام و خۆنووسین و کاندیدا بوون، لە ئارا دایە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوڕۆ بایکۆتی کرد و پێدەچێت کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و هەندێک لایەنی تریش بایکۆتی دەکەن، بەڵام هەندێک حیزب و لایەن هاندەری خەڵکن بۆ بەشداربوون، لە ناوخۆش دوو لایەن دەبیندرێ کە هەمان بەشداری و بایکۆتە بەڵام لەو خولەی ئێستادا بەرەیەکی فارس کە کوردیشی لەگەڵە هاتۆتە کایەوە کە دەڵێ من بەشداری دەکەم و بە لەقاودان هێز کۆدەکەمەوە و دواتر دەیڕووخێنم، ئێوە ڕاتان چیە؟ هەڵبژاردن چۆن دەبینن؟ بایکۆت ماوە بەسەر چوو و قسەی دووبارەیە یان بەشداری ڕەوایی دانە بەو نیزامە؟
پ.ڕ: پرسی بەشداری کردن یان تەحریم (بەشداری نەکردن)، ڕێک لە ناو پرسی دیسكۆرس دەسەڵاتی زاڵ دایە. بەڕاستی پێویست بوو دوای ئەو هەموو ئەزموونە له‌گه‌ڵ ئێران به‌گشتی و كۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌ت، حیزبەکانی کوردستان لەو گوتارە بچنە دەرێ. ئیتر بە ئاشکرا هەموو لایەک دەزانین کە مافی کورد لە کۆماری ئیسلامی‌دا ده‌سته‌به‌ر نابێت. ناچمە سەر پرسە یاسایی و دەستوورێکان کە ئەوەندە ڕوون و ئاشکران کە پێویست بە شیکردنەوە ناکات، له پێکهاتەی سیاسی ئێران‌دا، ویستی رێبه‌ر و دامەزراوەكانی ئایینی و هێزی سه‌ربازی و ئەو لایه‌ن و کەسانەی کە له سەرووی شۆرای چاوەدێرین (نیگابان) و هەروەها فیلتێرەکان و …هتد، ئەوەندە ئاشکران کە پێویست بە باس لێکردن ناکات، بەڵام پێویستە حیزبەکان لەم دیسکۆرسەی بەشداری کردن یان نەکردنە بچنە دەرێ، یەکجار بایکۆتیان كرد/بیکەن و تەواو تا كۆماری ئیسلامی ده‌مێنێت، بەڵام ئەوەی کە شێوەی بایکۆتەکە ببێتە بایکۆتێکی چالاک و له‌م رێگه‌یه‌وه چۆن قه‌یرانی ره‌وایه‌تی و تەنگژەوەی ئاسایشی بۆ كۆماری ئیسلامی دروستبكه‌ن، ئەوە پرسێکی ترە. لێرەدا بۆ چڕ و پڕکردنی باسەکە چەند نموونەتان بۆ دێنمەوە کە زۆر سەرنجڕاکێشن.
بۆ نموونە لە مەجارستانی دەیەی هەشتای سه‌رده‌می كۆمۆنیزم، هاوڵاتیان دەهاتن بە گوێ نەدان بە هه‌واڵی فه‌رمی ڕادیۆ و پیاسەکردنی رۆژانه له كاتێكی دیاریكراودا لەگەڵ تەلەیزۆنهكانیان له فرغونێكدا دژایەتی ئەو دەسەڵاتەیان دەکرد و رایهندهگهیاند كه چه‌نده به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات ده‌ڵێت ئه‌وان یه‌كگرتوو هاوههڵویستن و ده‌سه‌لات بێ ده‌سه‌لات و بێ توانایه له به‌رامبه‌ریان. نموونەیه‌كی تر بۆ ئەوەی کە بزانین ئێمە چەندە دەتوانین هەندێ چالاکی بچوکی بێ مەترسی و واتادار بکەین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سیستەم کە کوردیش دەتوانێ لەو کاتانەدا بەکاریان بهێنێت. بۆ نموونە لە سەردەمی فوجی مۆری لە وڵاتی پێرۆ، کارێکیان دەکرد کە هەر هەموو دەسەڵاتیان دەکێشایە تەنگژەوە، ئەوان ئاڵای وڵاتەکەیان دەشۆرد!، هیچ کەسیش نەیدەتوانی بیانگرێ، ئاڵای وڵاتە و هێنابوویان بیشۆن و دەیانکوت پیسە، بەڵام ئەوە هەڵگری واتایەکی تر بوو، واتە ئاڵای ئەو وڵاتە پیسە چونكه بەخوێنی هاوڵاتیان پیس و شەڵاڵ بووە!. سەرنج بدەنه ئه‌م تاكتیكه، هیچ کەس ناتوانێ لەسەر شوردنی ئاڵا هاوڵاتی بگرێ، بەڵام کە بوو بە بزاڤێکی بە کۆمەڵ ئه‌وه تەواوی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی کێشایە ژێر پرسیارەوە و وایكرد گۆرانكاری روو بدات.
بۆیە ئەگەر تۆ تەنیا لەو روانگه و سۆنگه‌یه‌وه بیبینی کە یان دەبێ لە ناو دەسەڵاتی ئێستای كۆماری ئیسلامی‌دا هه‌ر چه‌ند سنوورداریش بێت و به‌هه‌ر نرخێك بەشدار بیت یان بە خه‌باتی چەکداری بیڕووخێنی یاخود واداری ده‌كه‌ی دانوستاندنت له‌گه‌ڵ بكات، ئەوە تۆ تووشی تەقلیل ئینگاری دەبی. ئێمه دەتوانین دەیان و هەزاران نموونەی لەو شێوەیە بێنیەوە، نموونەیهیك بچوك و كاریگه‌ری تر لە ئینگوش له رۆسیا لە ساڵی دوو هەزار کە کەسێک به هه‌ڵبژاردن هاتە سەر کار کە بە پاڵپشتی ڕووسیە و بە تەغەلووب و دەستێوەردان لە دەنگەکان هاتبۆ سەر کار، خەڵک هەزاران تۆماریان کۆ کردەوە و رایانگه‌یاند كه ئێمە هەر دەنگمان نەداوە، ئەوە چۆن هاتۆتە سەر کار؟ کە دواتر ئه‌م بزاڤه په‌ره‌ی سه‌ند و بەرەو پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هەڵبژاردنەکان ڕۆیشت.
با نموونەیەکی تر باس بکەم، لە بێرمە(میانمار) دەهاتن وێنەی دیکتاتۆرەكهیان بە ملی سەگەوە هەڵدەواسی و لە ناو شار بەڕەڵایان دەکرد، دەی حکومەت چی لە سەگانه بەکات؟ کەواتە هەر ئەو نموونە ساکارانە کە زۆریشیان پێکەنیناوین، چەندە دەتوانن کاریگەر بن و حکومەت دەخه‌نه نێو قەیرانەوە. لە ڕواڵەتدا ئەوە شتێکی پێکەنیناوییە و حکومەتیش ناڕووخێنێ، بەڵام ئەوە خاڵی بنهرهتییهكهیه کە بریتییە لە دروستبوونی یەکگرتوویی و هه‌ستی هاوبه‌ش و ره‌وایه‌تی لێسه‌ندنه‌وه له ده‌سه‌ڵات و رێكخستنی تاكه‌كان و هێنانه كایه‌ی میكانیزمی نزێی خه‌بات بۆ نمونه بۆ پرسی کورد له خۆرهه‌لات.
هەروەها نابێت ئه‌و بروایهمان هه‌بێت كه کۆماری ئیسلامی هێندە ده‌سه‌ڵات و سیسته‌م و دیاردەیەکی سیاسی سەیر و سەمەرەیە کە بە هێچ جۆر خۆڕاگری مەدەنی له ناوخۆ وڵامدەرەوە نیە، چونكه لە ڕاستیدا وا نیە. خۆ سیسته‌می سیاسی ده‌وڵه‌تانی ئوروپای ڕۆژهەڵات، به مانای راسته‌قینه‌ی وشه توتالیتێر و سه‌ربازی بوون، کەس ناتوانێ بلێ ئەوان ئازادیان دابووه هاوڵاتیانیان یان ده‌وڵه‌تانی تر کە پێم وا نیە کەمتر لە کۆماری ئیسلامی سه‌ركوتكه‌ر بووبن، بۆیە دەبێ تۆ لەسەر ئەم تاكتیك و چەمکە وردانە کار بکەی و بڕوات هەبێ کە ئەوە بزاڤ و جووڵە بچوکەکانن کە سەر دەکێشن بۆ گۆرانكاریه پێكهاته‌ییه گه‌وره‌كان، من توێژینەوەیەکم کردووە كه پاش ماوەیەکی تر بڵاوی دەکەمەوە کە له‌وێدا گرنگی زۆرم داوەتە ئەو ره‌فتار و ڕووداوە بچوکانە کە ته‌نانه‌ت بوار و ڕووداوی ناسیاسین به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی سیاسی‌یان له ئیران لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
بۆیه پرسیاره‌كه بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌وه‌یه بۆ دەبێ هەموو میكانیزمه‌كان ته‌نیا له چوارچیوەی سیاسی‌دا بخویندرێتهوه؟ لە حاڵێکدا کە ئامارەکان و لێکۆڵینەوە و خوێندەوەکان نیشانیان داوە کە ئەو پرسانەی کە ناسیاسین پاشان به پرۆسهیك و كاروكارلێك له‌گه‌ل یه‌كتر له ئاماده‌بونی ره‌گه‌زه پێكهاته‌ییه‌كان سەر دەکێشن بۆ بوار و پرسی سیاسی، بۆیە ئێمە دەبێ لەو سۆنگه‌یه‌وه سەیری پرسەکان بکەین و نەکەوینه نێو دیسکۆرسێ زاڵی كۆماری ئیسلامی و سووڕانەوە لە بازنەیەکی بەتاڵدا.
ئەوەشمان لە بیر بێت کە ئێران وڵاتێکە کە لە ڕواڵەتدا سەقامگیرە بەڵام پڕاوپڕە لە ناسەقامگیری و ناسەقامگیرییەکانیش به هۆی سروشتی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه لە کۆتاییدا سیاسین هەر بۆیەش سرووشتی سیستەمی سیاسی ئێران زۆر بەڕاحەتی دەکەوێتە ژێر تەنگژە و كاردانه‌وه. بۆیە دەکرێ لە ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووری، یەکجار زۆر کار بکرێت به‌ڵام تێكه‌ڵ به پرسه سیاسییه‌كان نه‌كرێت كه خواستی كۆماری ئیسلامییه.
بۆیە لە سەردەمی بەجیهانی بوون و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەوە دەتوانین وشیارییەکی نوێ بێنینە کایەوە. تواناکانی سیستەمی ئێران بۆ وڵامدانەوەی داواکارییەکان زۆر زۆر لاوازە. ئەوانەی کە باسی دەکەم هەمووی بەرهەمی کاری لێکۆڵینەوەن کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. گۆڕانکارییەکان لە ئێران دەتوانێ پاشان سەر بکێشێ بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی، یان کێشە و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بقۆزرێته‌وه، بۆیەش کۆماری ئیسلامی لەسەر هەر پرسێک و تەنانەت پرسە ژینگەییەکان و پرسە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان زۆر هەستیارە به‌ڵام ئه‌مه به‌له سه‌ره‌تادا نانێت وه‌كوو بواری سیاسی سه‌یر بكرێن. ئەو دەرفەتانە زۆرن کە ئێمە دەتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین، بۆیە لەم ململانیەدا کە بەرەی یەکگرتووی کورد یان هەر هێزێکی تر بەشداری دەکات، یان بەشداری ناکا و بایکۆتی دەکا، دەبێ ئەوە یەکلایی بکرێتەوە و کۆتایی پێ بێنین، ئەگینا ئێمە لە ناو دیسکۆریسی زاڵی کۆماری ئیسلامی‌دا ، خەریکین گەمە دەکەن به بێ ئه‌وه‌ی بزانیین، بەڕواڵەت خەریکین سیاسەت دەکەین بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە لە ناوی ئەو دیسکۆرس و سیستەمەدایە کە ده‌خولێینه‌وه.
ڕاوێژ: حیزبەکانی خۆرهەڵات چۆن دەتوانن ئەو هەلەی ئێستا بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە؟ ئایا پشت بەستن یان دەستی دۆستی بۆ بەرەی سووننە درێژ کردن چەندە بە درووست دەزانن؟
پ.ڕ: ئەوە دەکەوێتە سەر هێز و توانای دیپلۆماسی حیزبەکان کە چەندە دەتوانن ئه‌مه بكه‌ن یان لایەنەکانی تر کە چەندە بیانهەوێ له‌گه‌ل كورد وه‌كوو بكه‌رێك كاربكه‌ن، کە ئەوەش دووباره دەگەڕێتەوە سەر تواناییەکانی حیزبەکان، ده‌وڵه‌تان چاو لەوە دەکەن کە ئایا ئەوانە(حیزبه‌كان) ئەو کاریگەری و تواناییەیان هەیە کە بتوانن له ئێران کاریگەر بن؟
بەڵام لە بیریشمان نەچێ کە دەبێ هەستیار بین، ئەگەر ئەوە بە ئاشکرا بکرێت ئەو کات کۆماری ئیسلامی دەتوانێ رای گشتی نێوخۆیی بە دژی كورد بێنێتە کایەوە، چونکە بینیمان ئۆپۆزسیۆنی فارسی کۆماری ئیسلامی، کاتێک کە باس لە دژایەتی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دێتە کایەوە، به‌توندی بەرگری لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکه‌ن، بۆیە دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە هەڵس و کەوت لەگەڵ ئەم پرسە بکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەرفەتێکە بۆ هێزە سیاسییەکان کە بتوانن ئەو خاڵە لاوازانه‌ی کە لە ڕووی لۆجیستیکی و دارایی و هەندێ خاڵی ترەوە هەیانە، کەڵکی لێ وەربگرن. بەڵام ئەوەش دەبێ بە ڕەچاوکردنی ستراتیژی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بێ لەم بوارەدا.
ڕاوێژ: مامۆستا پەرویز ڕەحم ـی ئازیز، سپاس بۆ ئێوەی هێژا کە دوو شەو کاتی خۆتان بە ئێمە بەخشیوە و بەو شێوەیە بە وردی و دڵ ئاوەڵاییەوە وڵامی پرسیارەکانی ئێمەتان دایەوە، لە لایەن بەڕێوەبه‌ری ڕاوێژ و ئەندامانی ژوورەکەوە سپاستان دەکەین و هیوای تەمەن درێژیتان بۆ دەخوازین.
پ.ڕ: منیش سپاسی بەڕێوەبەرانی ژووری ڕاوێژ و ئەندامانی به‌رێز و خۆشه‌ویستی دەکەم. بوونی ئەم جۆره ژوورانە و به‌شداری و گوێگرتن لەو باسانە و کات دانان بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسانه من خۆشحاڵ دەکات، چوون نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ئاستی تێگەیشتوویی و هەستی نەتەوایەتی تاكه‌كانی کورد زۆر بەرز بۆتەوە. هەرچەند ئەو باس و لێكدانه‌وانه زۆر کورتن، بەڵام دەکرێت لانیكه‌م ئه‌م باسانه له‌م قۆناغه‌دا بكرێن به سەرەتایەک کە پرسیاری قووڵتر لەسەر كێیهتی و چییه‌تی خۆمان و شێوازی خه‌باتمان درووست بکەین و لە بازنەیەکی بەتاڵدا نەسوورێینەوە، هیوای سه‌ركه‌وتن و سەربەرزیتان بۆ دەخوازم ، شەوتان شاد.