سەرەڕای ئەگەر زۆری هاتنە ئارای شەڕ لە نێوان ئەمریکا و تورکیە، ئەردۆغان پێداگری لەسەر بەردەوام بوونی هێرش بۆ سەر کوردەکان دەکات

0
1137

ئەردۆغان دەڵێت، شەڕ لەگەڵ کوردەکان لەگەڵ ئەوەیدا کە زەرەری زۆری بووە و ئەگەری شەڕی لەگەڵ ئەمریکاش لە ئارادایە هەر بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی کورد: لەگەڵ ئەوەیدا کە هێرش بۆ سەر کوردستانی سووریەی خەسار و زیانێکی زۆری بۆ تورکیە، لەڕووی مرۆیی و لۆجێستیکیەوە هەبووە و لەوەش گرینگتر ئێستا کە کورد لەو بەشە هاوپەیمانێکی ستراتێژین بۆ ئامریکا و بەو هۆیەش زیاتر ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا لەئارا دایەط بەڵام ئەردۆغان هەروا پێداگرە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ئۆپراسیۆنە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ژانویە/ 4ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، پێنجەمین ڕۆژی ئەم هێرشە بوو کە بەهۆی نالەباریی کەش و هەواوە، هێزەکانی تورکیە نەیانتوانی بەباشی پێشڕەوی بکەن و شەرڤانانی کورد توانیان زۆرتری ناوچە داگیرکراوەکان بگرنەوە.

سەرۆک کۆماری تورکیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی چوارشەممە. ۲۴ی ژانویە، گووتی: هێرشەکانی تورکیە هەتا گرتنی شاری مونبیج بەردەوام دەبێت کە ئەمە زیاتر ترسی هەڵایسانی شەڕی دوو هاوپەیمانی ناتۆ، واتا ئامریکا و تورکیە دێنێتە ئاراوە.

هێرشە ئاسمانی و وشکانیەکانی تورکیە، کە ئەمڕۆ پێی نایەناو پێنجەمین ڕۆژی خۆی و شەرڤانانی کوردی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کردووەتە ئامانج، شەڕێکی نوێی لەناوچەکە و بەتایبەتی لە سووریە هێناوەتە ئاراوە. گوشارێک بۆ شاری مونبج کە لە ۱۰۰ کیلومیتریی شاری عەفرین هەڵکەوتووە، دەتوانێت هەڕەشەیەک بێت بۆ سەر ئارامیی ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە کە ئامریکا هێناویەتە ئاراوە.

هێزەکانی تورکیە وهاوپەیمانانەکانی، ئۆپەراسیۆنی (لقی زەیتون)ـیان لە عەفرین دەست پێکرد، لەبەر ئەوەی ئانکارا YPG بە بەشێک لە پ.ک.ک دەزانێت کە ماوەی سێ دەیەیە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیەی نائارام کردووە.

ئەردۆغان لە وتارێکدا بە سەرۆک شارەوانیەکانی گوت: “بە هێرشی لقی زەیتوون، ئێمە جارێکیتر یاریە ناوچەییەکانی ئەم هێزە خائینانە کە هەرجارەو شتێکە، پووچەڵ دەکەینەوە و لەگەڵ هەر هەنگاوێکمان بەرەو مونبج خەیاڵەکانیان زیاتر پووچەڵ دەکەینەوە.”

جیاواز و بەربڵاوبوونی سیاسەتەکانی سووریە، پێشتر پێوەندیەکانی نێوان توورکیە و ئامریکای بەرەو لێکترازان بردووە و YPG بۆ ئامریکا یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکیەکان لەشەڕی دژ بە داعش و هێزەکانی بەشار ئەسەد لەناوچەکەدا.

هێرشەکانی تورکیە لە مونبج کە پڕاوپڕە لەهێزەکانی ئامریکا مەترسیەکی زۆری گیانی لەسەر ئەوانیش درووست کردووە. ئەوان مانگی مارسی پێش لەوێ جێگیربوون بۆ ئەوەی پێش بەشەڕی نێوان توورکیە و هێزەهاوپەیمانەکانی خۆیان بگرن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی ڕاهێنانی شەرڤانانیان وەئەستۆ گرتبوو.

بەرپرسێکی پلەبەرزی ئامریکای ڕایگەیاند، دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا، دەیەوێ ڕۆژی چوارشەممە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە نیگەرانیەکانی خۆی بۆ ئەم هێرشانە بگەیەنێتە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیە.

لە دیداری لەگەڵ ڕۆیتێرز، وتەبێژی دەوڵەتی تورکیە گووتی: ئەگەری شەڕی نێوان هێزەکانیان لەگەڵ سەربازانی ئامریکای بەکەم دەزانێت و پێی وانیە ئەو شەڕە رووبدات.

زۆربوونی ئاماری کوژراوان

شەڕوان دەروێش، وتەبێژی یەکینەکانی،پاراستنی گەل، ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی ژانویە، گووتی کە شەرڤانانی سووریە کە لەلایەن ئامریکاوە پشتگیری دەکرێن لەو دەورووبەری مونبج جێگیرکراون لەئەگەری هێرشی تورکیە و هەرلەم بارەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئامریکا لە پێوەندیدان و ڕاشیگەیاند: ئێمە ئامادەی جوابدانەوەی هەرجۆرە هێرشێکین.

تورکیە ڕایگەیاند کە سێ کەس لە سەربازەکانیان کوژراون. ڕامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریە گووتی کە ۴٨ کەس لە هێزەکانی تورکیە و گرووپی ئەرتەشی ئازاد کوژراون و لە بەرامبەریشدا کوژراوانی YPG نزیک بە ۴۲ کەسن.

ئەرتەشی تورکیە ڕایگەیاند کە هەتا ئێستا نزیک بە ۲۶۰ کەس لە شەرڤانان و تیرۆریستانی داعشیان بە تێکەڵە کوشتووە. هێزەکانی سووریەی دیموکڕاتێک SDF کە لەلایەن ئامریکاوە پشتیوانی دەکرێن، و لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG سەرکردایەتی دەکرێن، ڕایگەیاند کە داعش لە شاری عەفرین بوونی نیە و بەتوندی ئەو ئامارە لە کوژراوانی ڕەدکردەوە و گووتی کە درۆیەکی گەورەیە.

کەش و هەوای نالەبار، بەتایبەت باران بارینی بەخووڕ و هەور و تەم و مژ، بووەتە هۆی پەکخستنی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیە و پێشڕەویەکانی زۆر هێواش کردووە کە بەوهۆیەوە شەڕڤانانی کورد توانیویانە زۆربەی ناوچەکانی داگیرکراو بگرنەوە.

ئەرتەشی تورکیە و هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سووریە هەوڵ دەدەن کە بەرزاییەکانی بوورسایا بگرن کە زاڵەبەسەر بەشی ڕۆژهەڵاتی عەفریندا.

عەبدورەحمان ڕامی چاوەدێری سووریەی گووتی: تورکیە جارێ ناتوانی بەتەواوی ئەو گووندانەی کە تێیهاتووە کۆنتڕۆڵی بکات، لەبەر ئەوەی شەڕڤانان زۆر قارەمانانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

ساڵی ۲۰۱۶ SDF، تیرۆریستانی داعشی لەشاری مونبج دەرکرد و کۆنتڕۆڵی ئەو شارەی گرتە دەست. ئەردۆغان ئامریکا تاوانبار دەکات کە بەڵێنی پێداون لەئەگەری گرتنەوەی مونبج ڕادەستی عەرەبەکان دەکرێتەوە.

هێزەکانی دیموکڕاتیکی سووریەSDF ڕایانگەیاند کە ئەو کەسانەی کە بە دڵخوازی خۆیان لەوڵاتانی ئامریکا، ئاڵمان و ئینگلیسەوە چووبوونە نێو داعش و دژبە ئەوان شەڕیان دەکرد ئێستا یارمەتیدەریانن بۆ شەڕدژی تورکیە.

جیمز ماتیس، وەزیری بەرگری ئامریکا گووتی: هێرشەکەی تورکیە هەوڵەکانی بۆ لەنێوبردنی داعشی بەلاڕێدا بردووە.

ئامریکا هیوادارە بە پشتیوانی لە YPG بتوانێ کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات و ئەم کارە ببێتە هۆی ئەوەی کە وتووێژەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنێڤ بە لابردنی بەشار ئەسەد کۆتایی بێت.

ڕاپۆرتێک لە واشنگتۆن پۆست

وەرگێڕانی: داوود حەیدەری (سوارە)

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.