نووسین و ئاماده‌كردنی : چه‌نگیز شكاك
به‌شی تیۆری
سۆسیالیزمی دێموكراتیك، ئه‌م ئایدۆلۆژییه سیاسییه‌یه كه به‌راورد له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژییه هاوشێوه و دژه‌كانی كه‌مترین ده‌رفه‌تی پراكتیزه‌كردنی بۆ ره‌خساوه. ئەم سیسته‌مه سیاسییه نیمچه دێموكراتیك هه‌وڵیداوه تێكه‌ڵاوییه‌ك له سیسته‌می ئابووریی سۆسیالیست و دێموكراسیی سیاسی بە خاوه‌ندارێتیی كۆمه‌ڵ له به‌رهه‌مهێناندا دروست بكات.
تێگه‌یشتنی هه‌ڵه له سۆسیالیزمی دێموكراتیك به‌هۆی باڵاده‌ستبوونی سیوسیالیستی “موجود” له وڵاتانی سۆسیالیست و تا ئاستێكیش سیسته‌می سۆسیال دێموكراسیی رۆژئاوا و هه‌روه‌ها بە تەواوەتی پراكتیزه نه‌بوونی سۆسیالیزمی دێموكراتیك له هیچ وڵاتێكدا باڵی به‌سه‌ر خۆدی سۆسیالیزیمی دێموكراتیك كێشاوه كه ده‌رفه‌تی ههناسهكیشانی بۆی نه‌هێشتووه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر ئاستی دابه‌شكردنی ئایدۆلۆژییه سیاسیییهكانی جیهان له‌ناو خۆدی سۆسیالیست ریزبهندكراوه. به‌ڵام له راستیدا جیاوازییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ خۆدی سۆسیالیستی هه‌یی هه‌یه و به كۆمه‌ڵێك ریفۆرمه‌وه هه‌وڵیداوە جۆرێك له نه‌رمی نواندن و كرانه‌وه به رووی سیاسه‌ت، دێموكراسی، ئازادیی تاك وخاوهندارێتیی گشتی له‌ناوی سیسته‌می سۆسیالیست‌دا جێگیر بكات.
به‌پێچه‌وانه‌ی سۆسیال دێموكراسی، كه ریفۆرم له‌ناو خۆدی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی له‌ناو سیسته‌مه‌كه‌دا چاره‌سه‌ر بكات، سۆسیالیزیمی دێموكراتیك هه‌ر وه‌ك خۆدی سوسیالیزم به ته‌واوه‌تی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ره‌ت ده‌كاته‌وه و به له‌ناوچوونی مه‌حكووم ده‌كات.
سیسته‌می سۆسیالیستی به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئازادیی تاك، خاوه‌ندارێتیی تاك، ئازادیی سیاسی و هه‌مه‌ڕه‌نگیی سیاسی ناته‌بایه و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی نه‌گۆڕ و له سه‌رده‌مێكی جیاوازدا و به تیگەیەشتنی تایبه‌ت به‌خۆی و لەسەر ره‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازه‌كانی دیکەی كۆمه‌ڵ و مه‌حكووم كردنیان به له‌ناوچوون داڕێژراوه، توانایی خۆ گونجاندنی له‌گه‌ڵ ره‌وتی پێشوه‌چوونی مێژوو و پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ئێستا ـ به سێ ده‌یه‌ی رابردووشه‌وه نه‌بووه.
شكستی دێموكراتیزه كردنی سۆسیالیست
یه‌كه‌م و گه‌وره‌ترین هه‌وڵدان بۆ كرانه‌وه له‌ناو سیسته‌می سۆسیالیستی، له‌ناوچوونی خۆدی سیسته‌مه‌كه لێكهوتهوه و گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین سۆسیالیستی جیهان له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه.
میخائیل سێرگێیڤیچ گۆرباچۆڤ له ساڵی 1988 پرۆژه‌كه‌ی به‌ناوی پرۆسترۆیكا (ریفۆرمی ئابووری) گلاسنۆست (كرانه‌وه‌ی سیاسی) بۆ چاكسازیی ئابووری، كرانه‌وه‌ی سیاسی، پێدانی ئازادی، كه‌مكردنه‌وه‌ی كۆنترۆل و ئازادكردنی هه‌زاران زیندانی سیاسی خسته‌ڕوو.
ئامانجی گورباچۆڤ له راستیدا چاكسازیی سیاسی و ئابووری بوو. هه‌ر ئه‌و چاكسازییانه كه به‌شێكن له پرۆگرامی سۆسیالیزمی دێموكراتیك، هه‌رچه‌نده به ئاشكرا باس له‌وه ناكات، به‌ڵام قامكی خسته سه‌ر ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی سۆسیالیست لە وڵاتەکەیدا كه پێویسته چاره‌سه‌ری بكات و رێگه به هه‌ندێ ئازادیی سیاسی و ریفۆرمی ئابووری بدات. چونكه وه‌ك سه‌رۆكی مه‌زنترین وڵاتی كۆمونیست ـ سۆسیالیست هه‌ست به بونبه‌ست گه‌یشتنی سۆسالیست له به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داری، لیبرالیزم و سۆسیال دێموكراسی كردبوو و ویستی به هه‌ندێ چاكسازی جیهانێكی دیکە به‌سه‌ر سیسته‌مه نهگۆڕهكهیدا بكاته‌وه و بۆ به‌رده‌وامبوونی له‌سه‌ر ژیانی سیاسی هه‌ناسه و وزه‌یه‌كی نوێ پێ ببه‌خشێت.
به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و سیسته‌مه توانایی گۆڕانی نه‌بوو، له‌ر به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه. دێموكراتیزه كردنی سۆسیالیست به‌ناوی سۆسیالیزمی دێموكراتیك له پراكتیكدا به مردوویی له دایكبووه، هیچ یه‌ك له پارته سیاسییه‌كانی هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی سۆسیالیزیمی دێموكراتیك نه‌یانتوانیوه ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانیان به ته‌واوه‌تی به‌ده‌ست بێنن و بۆ جارێكیش بێت ئه‌و سیسته‌مه پراكتیزه بكه‌ن.
له‌ناو پارته كوردییه‌كان، پارتی دێموكراتیكی گه‌لان ـ هه‌ده‌په به چالاكترین پارتی هه‌ڵگری ئه‌و سیسته‌مه هه‌ژمار ده‌كرێ كه له باشترین حاڵه‌تدا له هه‌ڵبژاردنێکی په‌رله‌مانی توركیا 13.1% كۆی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه، نزیكه‌ی ته‌واوی په‌یوه‌ندیی به پرسی كورد له توركیاوه هه‌یه، نه‌ك سۆسیالیزم دێموكراتیك بوونی ئه‌م پارته.
كاتی خۆی چریكه‌كانی فیدایی (زۆڕینه) به گه‌وره‌ترین پارتی سۆسیالیست دێموكراتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ژمار كراوه.
به به‌رچاوگرتنی پێگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی پارته‌كانی هه‌ڵگری سۆسیالیزیمی دێموكراتیك، هیچ یه‌ك لە حزبەکانی سوسیالیزمی دێموکراتیک ناتوانن ئه‌م سیسته‌مه پیاده بكه‌ن، ئه‌وه‌ی كه ماوه به زۆری دروشمێكه كه به‌لكه ته‌نیا بۆ جیاكردنه‌وه‌یان له پارته‌كانی سۆسیالیست و سۆسیال دێموكرات بێت، یان له‌وانه‌یه هه‌ر به‌راستی توانایی پێشخستن و چاكسازی و گۆڕانیان له‌م سیسته‌مه‌دا نییه.
سۆسیالیزمی دێموكراتیكی مۆدێڕن
سۆسیالیزمی دێموكراتیك له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو هاته گۆڕه‌پانی سیاسییه‌وه. له ساڵی 1875 له ئه‌ڵمانیا گرووپی سۆسیالیستی ئهیسێنخار و گرووپی سۆسیالیستی لاسالین، پارتی سۆسیال دێموكراتی ئه‌ڵمانیان دامه‌زراند. له وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا، ئاسیا و ئوسترالیا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه سه‌رهه‌ڵدا كه به‌هۆیه‌وه شێوازێكی نوێ له سۆسیالیزم هاته ئاراوه و روانینێكی جیاواز له سۆسیالیزیمی پێش خۆی خسته‌ڕوو.
سۆسیالیزیمی دێموكراتیك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له هه‌ندێ وڵات پێشكه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له كاتی ئێستادا هیچ وڵاتێكی سۆسیالیست دێموكراتیك بوونی نییه.
سۆسیالیزیمی دێموكراتیك له سه‌ره‌تادا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسی بوو كه پشتگیری له مۆدێلێكی جیاوازی ئابووریی سۆسیالیست ده‌كرد. 1) هه‌ندێ له سۆسیالیست دێموكراته‌كان داوای پلانی ناوه‌ندی بۆ ئابووریی سۆسیالیست ده‌كه‌ن كه حكوومه‌ت خاوه‌ن ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه و دێموكراسیی سیاسیش له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه رێك ده‌خرێت. 2)هه‌ندێكی دیکە پشتیگری له بازاڕی سۆسیالیزم ده‌كه‌ن كه كۆمه‌ڵ خاوه‌ن دامه‌زراوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه و بازاڕی ركابه‌رایه‌تی به‌ڕێوه ده‌به‌ن كه له هه‌ندێ حاڵه‌تیش به شێوه‌یه‌كی دێموكراسی شوێنی كار به‌ڕێوه ده‌برێن. 3)هه‌ندێكی دیكه‌شیان پشتیوانی له ئابووریی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن كه پشت به بنه‌مای پلانی ئابووریی لامه‌ركه‌زی به‌ستووه.
مه‌به‌ست له‌م باسه‌ی سه‌ره‌وه، بوونی جیاوازی تێگه‌یشتن له چۆنییه‌تی پراکتیزە کردنی سۆسیالیزمی دێموكراتيكه كه له هیچ وڵاتێكدا نه‌یتوانیوه بیرۆكه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكرێت و دێموكراسی و سۆسیالیست پێكه‌وه ببه‌ستێه‌وه و كرانه‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌ناو سوسالیستدا بێنته ئاراوه.
گلۆبالیزمی ئابووری وه‌ك پاڵپشتێكی به‌هێزی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری توانی به به‌زاندنی سنووری نه‌ته‌وه‌یی، ئابوورییه‌كی جیهانی له به‌رژوه‌ندیی سه‌رمایه‌داری بهێنته ئاراوه، كه دامه‌زراوه جیهانییه‌كانی وه‌ك بانكی جیهانی، سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، رێكخراوی بازرگانیی جیهانی و كۆمپانیا فره ره‌گه‌زه‌كان به‌رگێكی یاساییان به‌م پرۆسه‌یه به‌خشیوه. پێكه‌وه به‌ستنی سیسته‌می دارایی جیهانی به گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی سه‌رمایه‌داری و شسكتی به‌ره‌ی سۆسیالیست هه‌ژمار ده‌كرێت، به جۆڕێك كه روودانی هه‌ر رووداوێكی ئابووری یان بازرگانی له‌و سه‌ری جیهانه‌وه كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئه‌وبه‌ری جیهانی هه‌یه. بۆرسه‌كانی جیهانی باشترین نموونه گلۆبالیزمن كه ههڵدابهزینی به‌های پشك له بۆرسه‌یه‌كی چین یان ئاستی گه‌شه‌ی ئابووریی ئه‌م وڵاته كاریگه‌ری به‌سه‌ر نرخی نه‌وت و زێڕ و به‌های دۆلار و دراوه‌كانی دیکە له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌یه.
به رووخانی سیسته‌می سۆسیالیستیی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، سۆسیال دێموكراسیش به‌رامبه‌ر لیبرالیزمی نوێ تووشی شكست بوو و نه‌یتوانی له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا به‌رده‌وامی به سه‌ركه‌وتنه‌كانی بدات.
رێگه‌ی سێیه‌می “ئه‌نتۆنی گیدێنز”
ئه‌نتۆنی گیدێنز كۆمه‌ڵناسی گه‌وره‌ی به‌ریتانیا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی سۆسیال دێموكراسی، هزر و بۆچوونه‌كانی له كتێبی “رێبازی سێیه‌م، نووژه‌نكردنه‌وه‌ی سۆسیال دێموكراسی” خسته‌ڕوو. به به‌راورد كردنی تیۆرییه‌كان و هۆكاری شكستی سۆسیال دێموكراسی به‌رامبه‌ر لیبرالیزمی نوێ، ئاماژه به پێنج كێشه‌ی سه‌ره‌كی سۆسیال دێموكراسی وه‌ك “گلۆبالیزم، تاكگرایی، چەپ و راست، رێكخراوه‌كانی سیاسی و پرسی ژینگەپارێزی” ده‌دات.
گیدێنز پرسی “روانینی نوێی سۆسیال دێموكراسی” بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسانه و هه‌روه‌ها “په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، خێزانی دێموكراتیك، تاوانكاری و دێموكراتیزه كردنی دێموكراسی” له رێگه‌ی سیاسەتی رێبازی سێیەمهوه شرۆڤه كردووه.
سۆسیالیزم به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له ناوه‌ڕۆكدا داهێنه‌ری دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلێتاریایه و ره‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازیییهكانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ناخیدایه، توانایی ریفۆرم، چاكسازی، كرانه‌وه و په‌ره‌پێدانی دێموكراسی نییه. رووخانی یه‌كێتی سۆڤییه‌تی پێشوو و دیكتاتۆرییه‌تی وڵاتانی سۆسیالیست به پراكتیك گواهیده‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه سۆسیالیزم له‌گه‌ڵ دێموكراسی، پێشكه‌وتنی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ته‌كنۆلۆژیا ناته‌بایه و ناتوانێت له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه خێراكانی جیهانی ته‌كنۆلۆژیا و په‌ره‌پێدانی سه‌رمایه‌داری خۆی بگونجێنێت.
دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن پارته كۆمونیست و سۆسیالیسته‌كانی ئه‌وروپا له سه‌ره‌تاوه له لایه‌ن پارتی كۆمونیستی فه‌ڕه‌نساوه ره‌تكرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به كلتووری دێموكراسی، پێكه‌وه‌ژیان، رێزگرتن له مافی مرۆڤ و ئازادی تاك له رۆژئاوا هه‌یه كه قبووڵكردنی هه‌مه‌ره‌نگی بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه پارته چه‌په‌كانی ئه‌وروپا دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلێتاریا ره‌ت بكه‌نه‌وه كه پێشتریش به پێشخستنی ریفۆرم و چاكسازی دەستبەرداری بیرۆكه‌ی شۆڕشی كرێكاری ببوون.
سیسته‌می سۆسیالیست ناتوانێت له شوێنێك دیكتاتۆرییه‌ت به‌رهه‌م بێنێت و له شوێنێكی دیكه دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلێتاریا ره‌ت بكاته‌وه. ئه‌و پارادۆكسه كه له‌ناو پارته سۆسیالیست و كومۆنیستهكانی جیهان بۆ ئه‌م بابه‌ته له ئارادایه، په‌یوه‌ندی به كلتووری جیاوازییان هه‌یه. هه‌ربۆیه كلتوور رۆڵێكی گرنگ و چاره‌نووسساز له ئاراسته كردنی ئایدۆلۆژییه جیاوازه‌كان هه‌یه كه قۆڕساییهكهی به‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی زاڵه و ئاراسته‌ی خۆدی سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌شی ده‌گۆڕێت.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه كه كوردستان به‌شێكه له‌و كلتووره رۆژهه‌ڵاتییه كه به‌ستێنی دروستبوونی دیكتاتۆر له ناخیدایه و به‌هۆی دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی، په‌یوه‌ندیی خێزانی، باوك سالاری، هۆز و ناوچه‌گه‌رایی و لۆژیكی هێز هه‌میشه ئاماده‌یه بۆ ئافراندنی دیكتاتۆر یان سیسته‌مێكی خۆسه‌پێنه‌ر.
سۆسیالیست له چوارچێوه‌ی كلتووری رۆژهه‌ڵات ته‌نیا دروشم و ئامرازێكه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و قۆرخكردنی بواره جیاوازه‌كانی ژیانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئازادیی تاك و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و سنوورداركردنی.
سیسته‌می سۆسیالیزیمی دێموكراتیك كه به‌راورد له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌كانی دیكه له وڵاته جیاوازه‌كانی جیهان كه‌مترین ده‌رفه‌ت بۆ پراكتیك كردنی پلانه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه، ناكرێت كوردستان بكرێته گۆڕه‌پانێك بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی.
ئابووریی كوردستان و سۆسیالیزیمی دێموكراتیك
كوردستان به‌تایبه‌تی به‌شه رۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ست نه‌بوونی ژێرخانی ئابوورییه‌وه ده‌ناڵێنێت. ئه‌وه‌ی كه له‌بواری ئابوورییه‌وه ده‌توانێت تا ئاستێك شانازی پێوه بكرێت، ئابووریی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه كه ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌رته‌ی ئابووریی كوردستان رێك بخرێت و وه‌به‌رهێنان تێدا بكرێت، ده‌توانێت له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رهه‌مێك بۆ بهبازاڕكردن و ركابه‌رایه‌تی كردنی به‌رهه‌می هاوشێوەی بیانی هه‌بێت.
سۆسیالیزیمی دێموكراتیك كه ئه‌ویش لایه‌نه باش و پێشكه‌وتووه‌كه‌ی سۆسیالیسته، له ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی له ئابووریی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریی كوردستان ده‌بێته هۆی سنوورداركردنی ئه‌م كه‌رته كه به درێژایی مێژوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بژێوی ژیانی كوردهواری بووه و تاكه بواری ئابوورییه كه كوردستان ده‌توانێت نه‌ك ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی له بواری كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری به‌ده‌ست بێنێت، به‌لكو به‌رهه‌مێك بۆ هه‌نارده‌كردن مسۆگه‌ر بكات.
په‌ره‌پێدانی ئه‌م كه‌رته و هێنانی سه‌رمایه و وه‌به‌رهێنان بۆ ئابووریی كشتووكاڵ و ئاژه‌ڵداریی كوردستان، پێویستی به پاراستنی مافی خاوه‌ندارێتی تاك و رێخستنی په‌یوه‌ندیی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌ر بنه‌مای بازاڕی ئازاد (خواست و خستنه‌ڕوو) هه‌یه، نه‌ك ئه‌و پلانه ناوه‌ندییه‌ی كه سیسته‌می سۆسیالیست باسی لێوه ده‌كات. زانستی ئابووری و ئه‌زموونی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیستی پراكتیزهكراو ئه‌م بواره پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه. هه‌رچه‌نده ئێستا هیچ سیسته‌مێك بوونی نییه كه ته‌نیا سه‌رمایه‌داری بێت یان سۆسیالیست، نزیكه‌ی ته‌واوی سیسته‌مه ئابوورییه‌كانی جیهانی ئابووریی تێكه‌ڵاون به ئاراسته‌ی جیاوازه‌وه.
قه‌یرانی دارایی 2008 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌رده‌می جۆرج بووشی دووه‌م، گه‌وره‌ترین ده‌ستێوه‌ردانی حكوومه‌ت له بازاڕی ئازاد لێكهوتهوه كه حكوومه‌تی ئه‌و كات به‌ره‌ڤاژی تیۆری و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بۆ پێشیگرتن به مایه‌پووچبوونی سیسته‌می دارایی، سه‌دان ملیار دۆلاری خسته بازاڕه‌وه، كه به یه‌كێ له گه‌وره‌ترین ده‌ستێوه‌ردان له بازار ئه‌ژمار ده‌كرێت.
جێبه‌جێكردنی سیسته‌می سۆسیالیزم له ئابووریی كشتوكاڵی كوردستان، له لایه‌كه‌وه خاوه‌ندارێتی ماڵ و مولك تووشی سه‌رلێشێواوی ده‌كات و له لایه‌كی دیكه‌وه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت دروست ده‌كات. هه‌ر ئه‌و خاوه‌ندارێتییه كه تاكه هێزی راسته‌قینه‌یه ده‌توانێ به‌رهه‌مداری، كواڵیتی و ركابه‌رایه‌تی له ئابووریدا به‌رهه‌م بێنێت.
به‌هۆی بێبه‌شكردنی كوردستان له پیشه‌سازی و بازرگانی له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی و رێژیمی پاشایه‌تییه‌وه، گه‌شه‌پێدانی ئه‌م بواره پێویستی به ده‌ستپێكردنێكی له خاڵی سفره‌وه هه‌یه. چونكه له كوردستاندا هیچ كارگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی پیشه‌سازی نییه كه بتوانێت له بازاڕدا ركابه‌رایه‌تی به‌رهه‌می به‌رامبه‌ری وڵاتان بكات. دواكه‌توویی كوردستان له‌مباره‌وه له كاتێك دایه كه پراكتیزه‌كردنی سۆسیالیزم له‌م به‌شه‌دا پێویستی به بوونی پیشه‌سازییه‌كی پێشكه‌توو هه‌یه. بازدان به‌سه‌ر ئه‌م قوناغه و وه‌رگرتنی ئه‌زموونی وڵاتانی وه‌ك مه‌غولستان یان كۆبا كه له شرۆڤه‌ی “كورته‌باس”دا هاتووه، له زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراو بۆ ئابووریی كوردستان هیچی دیكه لێ شین نابێت.
نه‌بوونی پیشه‌سازی و نه‌ریتی بوونی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌رفه‌تێك بۆ پێشخستنی كه‌رتی بازرگانی نه‌هێشتۆته‌وه. هه‌ربۆیه دارشتنی پلانی ئابووری بۆ ئایندهی كوردستان پێویستی به لێكدانه‌وه‌یه‌كی ورد له ژێر رۆشنایی پێشهات و گۆڕانكارییه خێراكانی جیهانی و بوونی ته‌كنۆلۆژیای به‌رز و سه‌رمایه‌ی مرۆڤی هه‌یه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دوو ده‌یه‌ی رابردووی سه‌رده‌می شانازیكردن به سۆسیالیست یان سۆسیالیزمی دێموكراتیك به‌روارد ناكرێت.
ره‌وشی ژیان، دارایی و ئاسایشی پیشه‌یی كارمه‌ند، كرێكار، كاسبكار، لاوان و ژیان له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری زۆر له سیسته‌می سۆسیالیستی باشتره. خاوه‌ندارێتی كۆمه‌ڵ له سیسته‌می سۆسیالیست له راستیدا، خاوه‌ندارێتیی تاقمێكی ده‌سه‌ڵاتداره كه به‌ناوی زۆرینه و دروشمه بریقه‌داره‌كانی یهكسانخوازی دیكتاتۆرییهتێكیان پێكهێناوه. له كاتێكدا خاوه‌ندارێتی له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا فره‌چه‌شنه و هه‌ر كه‌سێك به‌پێی توانایی و شارازایی خۆی سه‌رمایه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ناوه و كڕینی پشكی كۆمپانیاكان و بۆرسه داراییه‌كان له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ته‌نگی به دروشمه یهكسانخوازییهكانی سۆسیالیست هه‌ڵچنیوه و فراوانتربوونی توێژی مامناوه‌ند كه داینه‌مۆی گه‌شه‌ی ئابوورییه، رۆڵێكی سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ مسۆگه‌ر كردنی خۆشگوزه‌رانیی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌راهه‌م ده‌كات. ئه‌م ده‌رفه‌ته زێرێنهش ته‌نیا له‌و سیسته‌مه‌دا روو ده‌دات كه له چاوی سۆسیالیسته‌كان به كاپیتالیزم و سه‌رمایه‌داری ناسراوه.
سه‌باره‌ت به دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، سوسیالیزم نه‌یتوانی ئه‌و دادپه‌روه‌رییه به‌دی بێنیت، كه وه‌ك دروشمێكی بریقه‌دار خۆی له سیسته‌مه‌كانی دیكه جیا ده‌كرده‌وه. به‌دیهێنانی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی له سیسته‌مه جیاوازه‌كانی به‌ركار، بابه‌تێكی رێژه‌ییه و له كاتێكدا كه سۆسیالیسته‌كان زۆرترین قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، به‌ڵام له پراكتیكدا كه‌مترین ئه‌نجامیان به‌ده‌سته‌وه داوه.
له هه‌ناوی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، بەتایبەتی سۆسیال دیموكراته‌كان به دابینكردنی ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران توانیویان ئاستێكی گونجاو له دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهات، به رێگه‌ی زیادكردنی باج و پێشخستنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده و بێمه‌ی بێكاری به پراكتیك جێبه‌جێكراون كه سۆسیال دێموكراته‌كان به‌هۆیه‌وه خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌یان مسۆگه‌ر كردووه و تا ئاستێكی قبووڵكراو ده‌رفه‌تی یه‌كسانیان بۆ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ مسۆگه‌ر كردووه.
سۆسیالیزمی دێموكراتیك وه‌ك ئامانجی دوارۆژی حێزبی دێموكرات
حیزبی دێموكرات وه‌ك حزبێكی دێموكرات ـ میللی به هه‌ڵبژاردنی سۆسیالیزیمی دێموكراتیك وه‌ك ئامانجی دواڕۆژی، پێشوه‌ختانه و له سه‌رده‌می ژیانی خه‌باتی رزگاریخوازانە و و له پێشینه‌دا بوونی خەباتی چه‌كداری به باسكردن له پێكهێنانی كۆمه‌ڵێكی سۆسیالیستی، شكل و فۆرمێكی له‌پێش ئاماده‌كراو بۆ ئایندهی ئابووری و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و پرسی چینایه‌تی و حوكمڕانی كوردستان ده‌ستنیشان كردووه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م سیسته‌مه وه‌ك ئامانجی دواڕۆژی حزب له كاتی خۆیدا و ئه‌ویش له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه به‌شێك بووه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕی مه‌عنه‌وه‌ی، ده‌روونی و فیزیكی دوو جه‌مسه‌ری رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، به هه‌ڵبژاردنێكی لۆژیكانه و زیره‌كانه بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانی سیاسی و نه‌چوونه ژێر باڵی هیچ یه‌ك له‌و جه‌مسه‌رانه، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی سۆڤییه‌تی جاران هه‌ژمار ده‌كرێت. هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه ئه‌و بابه‌ته ئامانجی سه‌ره‌كی سۆسیالیزمی دێموكراتیك نه‌بوبێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی زانستی و شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌رده‌م بۆ لایه‌نه ركابه‌ره‌كانی حزب (دژه سیاسییه‌كانی) بوو كه حیزبی دێموكراتیان به بورژوا و دژی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشان تۆمه‌تبار ده‌كرد.
حیزبی دێموكرات هه‌رچه‌نده له كاتی خۆیدا به هه‌ڵبژاردنی سۆسیالیزیمی دێموكراتیك به شێوه‌یه‌كی زانستی، هزری و باسكردنی ئه‌زموونی وڵاتانی سۆسیالیست توانی رێبازی خۆی له‌ناو لایه‌نه‌كانی چه‌پی توندره‌وی ماركسیستی و سۆسیالیستی و ته‌نانه‌ت چه‌پی ناوه‌ڕاست، نه‌ته‌وه‌یی به‌رچاو ته‌نگ و ته‌نانه‌ت ئایینیش جیا بكاته‌وه و له نێوان ئه‌وانه‌دا رێگه‌ی سێیه‌م هه‌ڵبژێرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ناوه له‌سه‌ر دابنێت. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كاتیش ئه‌و داهێنانه به‌ده‌ر نه‌بوو له زیان.
سۆسیالیزم دێموكراتیك بوونی حیزبی دێموكرات، ناخواسته بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌لایه‌ن سیسته‌می سه‌رمایه‌داری رۆژئاواوه، به‌تایبه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه بخرێته ناو بلۆكی سۆسیالیستی رۆژهه‌ڵات و له هه‌موو په‌یوه‌ندی و هاوكاری بێبه‌ش بكرێت، ئه‌ویش له كاتێكدا كه كۆماری ئیسلامی گه‌وره‌ترین سه‌رئێشه‌ی رۆژئاوا بوو و تا ئێستاش مه‌زنترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر بهژوهندییهكانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه و جیهان هەیە و به رێگه‌ی تیرۆر و پشتگیری هەمە لایەنە له تیرۆریزمی ناوچەیی و جیهانی به‌گژ سیاسه‌ت و پلانه‌كانیان ده‌چێتەوە.
هه‌مووی ئه‌وانه له كاتێكدا بوون كه حیزبی دێموكرات له شه‌ڕێكی خوێناوی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا بوو كه به درێژایی دوو جه‌مسه‌ر بوونی جیهانی، له سه‌رده‌می كۆماری ئیسلامی رووبارێك خوین بۆ وه‌رگرتنی مافه زه‌وتكراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵات به‌خشیوه.
تۆمه‌تباركردنی ئه‌م حزبه له كاتی خۆیدا به بورژوا بوون، زیانێكێ دیكه‌ی هاوشێوه بۆ حیزبی دێموكرات به‌دوای خۆیدا هێناوه. هه‌رچه‌نده سیاسه‌تی پشتیوانیی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌كانی جیهان بۆ گه‌لی كورد له دروشمێكی بریقه‌دار زیاتر هیچی دیكه نه‌بوو. به‌ڵام تۆمه‌تباركردنی حیزبی دێموكرات به بورژوا له‌وانه‌یه ئه‌و نیمچه ده‌رگایه‌ش له‌سه‌ری داخستبێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئایا پێكهێنانی كۆمه‌ڵێكی سۆسیالیستی له ئایندهی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای سۆسیالیزمی دێموكراتیك پێویستییه‌كی حه‌تمییه، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسه هه‌ر وه‌ك ئه‌و خه‌باته سه‌رنه‌گرتووه وایه كه نه كرێكارانی جیهان یه‌ك ده‌گرن و نه براتییا گه‌لان دروست ده‌بێت. سۆسیالیزیمی دێموكراتیك نه‌یتوانی له‌كاتی خه‌باتی چه‌كداری یارمه‌تی و پشتیوانییه‌كی سیاسی، مه‌عنه‌وی و دارایی پێویست بۆ حیزبی دێموكرات مسۆگه‌ر بكات. حاشا له‌وه ناكرێت كه له‌ناو سۆسیال دێموكرات و چه‌په ناوه‌ڕاسته‌كانی ئه‌وروپا دۆست و هاوخه‌می زۆری هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئیمه ده‌زانین هه‌مووی ئه‌وانه زیاتر به‌هۆی كه‌سایه‌تی، سیاسه‌ت، هه‌ڵوێست و دۆسته‌كانی دكتۆر قاسملوو بووه، نه‌ك سۆسیالیزم دێموكراتیك بوونی حیزبی دێموكرات.