وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سوریا هەموو ئەو هەواڵانەی ڕەتکردهوه گوایه ئەنکەرەو دیمەشق هەنگاو بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان دەنێن، جەختیشیکردۆتەوە، بێ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی سوریا، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەنکەرەدا ناکەن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سوریا بۆ ڕۆژنامەی “وەتەن”، کە بڵاوكراوهتهوه، هەواڵەکەی ڕۆژنامەی “حوڕییەت”ی ئاکاپارتی حیزبی دەسەڵاتدار سەبارەت بەنزیکبوونەوەی تورکیاو سوریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان تەنها پڕوپاگەندەیەکی میدیاییەو بەشێکە لەچەواشەکارییەکانی حکومەتی ئاکپارتى، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتە.
ڕۆژنامەی “حوڕییەت” لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا گفتوگۆ لەسەر ئەگەری دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیانو گێڕانەوەی بۆ دۆخی سروشتی خۆی دەکەن.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا وتویەتی:”هەواڵەکە بۆ جوانکردنی وێنەی ڕژێمی تورکیایە کە لەماوەی ڕابردوودا بەهیچ شێوەیەک پڕەنسیپی دراوسێیەتی باشو ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لەبەرچاو نەگرت کەلەنێوان هەردوو گەلی سوریاو تورکیادا هەیە”.
جەختیشیکردۆتەوە، ڕژێمی تورکیا سیاسەتێکی دوژمنکارانەو نائەخلاقیی دژ بەسوریاو گەلەکەی پەیڕەوکردووە کە دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ، ئەویش لەڕێگای پشتیوانیکردنی گروپە تیرۆریستییەکانو بڵاوهپێکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی بەشێوەیەکی ناشەرعی لەسەر خاکی سوریا بەمەبەستی پشتیوانیکردنی ئەو گروپە تیرۆریستیانە.
ئهوهشى وتووه، “گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا پەیوەستە بەکشانەوەی هێزەکانی لەناو خاکی سوریاو ڕاگرتنی پشتیوانیکردنی تیرۆریستانو دەستهەڵگرتن لەو پێشێلکاریانەی دەرحەق بەسورییەکان ئەنجامیدەدات”.