ڕۆژی كورد :
یه‌كێك له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی وتووێژه‌كانی “مایك پۆمپێئۆ”، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا له گه‌ڵ “بنیامین نێتانیاهوو”، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل باس له سه‌ر ئێران و چالاكییه تێرۆریستییهكانیهتی. پۆمپێئۆ دوای پشوویه‌كی دوو مانگه به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كڕۆنا، ئامانجی یه‌كه‌م سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خۆی به‌ره‌و وڵاتی ئیسرائیل هه‌ڵبژاردووه.
مایك پۆمپێئۆ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی ۱۳ی ئایار له سه‌ردانێكی خۆی دا به‌ره‌و وڵاتی ئیسرائیل گه‌یشته ئۆرشه‌لیم پێته‌ختی ئه‌و وڵاته و له كۆنفرانسێكی هاوبه‌ش له گه‌ڵ نتانیاهوو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته له ئۆرشه‌لیم ئاماژه‌ی به‌وه كرد و وتی ڕژیمی مه‌لاكان له وڵاتی ئێران ته‌نانه‌ت له كاتی بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه كردنی په‌تای كڕۆنادا كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانیان به گشتیی خستووه‌ته ژێر گوشاری ئابووری و كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی ته‌ندروستی و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش به به‌كارهێنانی سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وامه له هه‌نگاوه هانده‌رانه تێرۆریستییه‌كانی له هه‌موو جیهاندا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا له كۆنفڕانسه هاوبه‌شه‌كه‌ی خۆیدا له گه‌ڵ بنیامین نتانیاهوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتی ئیسرائیل له شاری ئۆرشه‌لیم باسی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌م چه‌شنه هه‌نگاوانه‌ی ڕژیمی ئێران ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیمی ئێران ئاشكرا ده‌كات. جێگای ئاماژه پێكردنه كه سه‌ردانی پۆمپێئۆ له وڵاتی ئیسرائیل وه‌كوو یه‌كه‌م سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای گشتگیری كرۆنا یان ڤایرۆسی كۆڤیید – ۱۹ به ههژماردێت. وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا له‌م سه‌ردانه‌ی خۆیدا بۆ وڵاتی ئیسرائیل بریاره بێجگه له بنیامین نتانیاهوو له گه‌ڵ “به‌نی گانتس”، ڕێبه‌ری پارتی “شین و سپی”یه‌كانی ئیسرائیل و چه‌ن كه‌سایه‌تیی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته چاوپێكه‌وتن و دیدار پێك بهێنێت.
یه‌ك ساڵ قه‌یرانی سیاسی زاڵ به سه‌ر بارودۆخی ناوخۆیی ئیسرائیل دا، له‌مپه‌ڕێك بوو له به‌رده‌وامی و دریژه‌پێدانی وتووێژ و چاوپێكه‌وتنه‌كانی ستراتێژیك له گه‌ڵ ئا‌مریكا و ئیستا دوابه‌دوای گه‌یشتن به ڕێكه‌وتنێكی هاوبه‌ش له سه‌ر پێكهینانی ده‌وڵه‌تیكی هاوپه‌یمانیی هاوبه‌ش له نێوان دوو پارتی لیكوود به ڕێبه‌رایه‌تیی بنیامین نتانیاهوو له لایه‌ك و پارتی شین و سپییه‌كان به ڕێبه‌رایه‌تیی به‌نی گانتس له لایه‌كی دیكه، مایك پۆمپێئۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی به‌ره‌و ئه‌م وڵاته به‌ڕێ كه‌وتووه و له سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و وڵاته و له چاوپێكه‌وتن و وتووێژ له گه‌ڵ هه‌واڵنێرانی ناوه‌نده ههواڵنیرییهكان، ڕژیمی ئیرانی تاوانبار كردووه به پشتیوانی له چالاكی تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تیی له هه‌موو جیهاندا.
بنیامین نتانیاهوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتی ئیسرائیل سه‌ردانه‌كه‌ی مایك پۆمپیئۆ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئامریكای بۆ ئۆرشه‌لیم وه‌كوو نیشانه‌یه‌ك بۆ زیاتر پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو وڵاتی ئا‌مریكا و ئیسرائیل ناوبرد و وێڕای پێداهه‌ڵگوتنی دووباره له سیاسه‌ته‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له به‌رانبه‌ر ئێران دا، ڕایگه‌یاند كه به‌ره‌و پێش بردنی سیاسه‌ته‌كانی به‌كارهێنانی گوشار بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئێران سیاسه‌تێكی ڕاست و درووسته و نتانیاهوو له درێژه‌ی وته‌كانی ڕژیمی ئێرانی تاوانبار كرد به هه‌نگاوهه‌ڵهێنان دژی ئارامی و ئاشتی كۆمه‌ڵگای ئا‌مریكا، ئیسرائیل و وڵاته‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پێش سه‌ردانه‌كه‌ی مایك پۆمپێئۆ بۆ ئۆرشه‌لیم ناوه‌نده هه‌واڵنێرییه‌كان ڕایگه‌یاندبوو كه سه‌ره‌كیترین ته‌وه‌ری وتوویژهكان له سه‌ر ده‌وری سه‌ره‌كی و مانه‌وه‌ی ئیران له سووریه ده‌بێت.