ڕۆژی كورد :
له ڕێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت به ڕۆژی جیهانی په‌نابه‌ران له وڵاتی توركیه كچه په‌نابه‌ری كورد خاتوو “كوردستان زه‌ندی” كچی هاوڕێی ڕۆژنامه‌وان و هۆنه‌رمه‌ند كاك “عه‌بباس زه‌ندی” وه‌كوو په‌نابه‌ری سه‌ركه‌وتوو دیاری كرا و له‌و ڕۆژه‌دا له لایه‌ن به‌رپرسانی شاره‌كه‌یان له‌و وڵاته به تێكڕای بنه‌ماڵه‌كه‌یان وه‌كوو په‌نابه‌ری چالاك له بواره‌كانی هۆنه‌ری و وه‌رزشی خه‌ڵات كران و رێزیان لێ گیرا.
ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی ١٨ی دێسامبر به‌رانبه‌ر له گه‌ڵ ٢٧ی سه‌رماوه‌ز له ڕۆژی جیهانی په‌نابه‌ران، له ڕێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت له شاری “مانیسا” یه‌كێك له پارێزگاكانی وڵاتی توركیه باوك و كچێك وه‌كوو په‌نابه‌ری سه‌ركه‌وتوو و چالاك بانگهێشتی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه كران و له لایه‌ن به‌رپرسانی شاره‌داری و ڕێكخراوی كۆمیساریای باڵای په‌نابه‌ران و ئیداره‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی ئه‌و شاره به فه‌رمیی خه‌ڵات كران و رێز له چالاكییه‌كانیان گیرا و ده‌سخۆشییان لێكرا.
له درێژه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا داوا له كوردستان زه‌ندی كچی هۆنه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌وان كاك عه‌بباس زه‌ندی كرا كه سه‌باره‌ت به چالاكییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆیان و چۆنیه‌تیی ژیانی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و دژوارییه‌كانی ژیانی په‌نابه‌ری له وڵاتی توركیه بابه‌تێك پێشكه‌ش به به‌شداربووان بكات، هاوكات خاتوو كوردستان زه‌ندی له وتاریكی تێر و ته‌سه‌ل كه پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان و به‌رپرسانی كرد باسی له چالاكی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆی و باوكی له بواره وه‌رزشییه‌كان كرد و ئاماژه به‌و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مانه كرد كه ڕێگر بووه له پێشكه‌وتنیان به‌ڵام ناوبراو شان به شانی باوكی به‌رده‌وام بووه و كۆڵی نه‌داوه و بۆ له بیركردنی كیشه و دژوارییه‌كانی سه‌ر ڕیگا درێژه‌ی به وه‌رزش و هۆنه‌ر شانبه‌شانی باوكی داوه. خاتوو كوردستان له درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی باسی دژوارییه‌كانی ژیانی په‌نابه‌ری له وڵاتی توركیه كرد و باسی ئه‌وه‌ی كرد كه به هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌ت و دهسكۆرتی ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیووه بچن بۆ ساڵۆنه وه‌رزشییه‌كان و شوێنی ڕاهێنان و خولی فێركاری ته‌نیا پاركێك نزیك ماڵه‌كه‌یان بووه به‌ڵام هاوكات به‌رده‌وام بوون له ڕاهێنانه‌كانیان تا ئه‌و كاته‌ی له مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی بانگهیشت كران بۆ پێشبڕكێی جیهانی وه‌رزشه شهرئاژۆكان له شاری ئه‌سته‌مبووڵ كه خاتوو كوردستان له‌م پێشبڕكێیانهدا توانی سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بھێنێت و پێگه‌ی یه‌كه‌م پێشبڕكێی جیهانی خولی كونگ فۆ توئا له ده‌سته‌ی مێرمنداڵان مسۆگه‌ر بكات و له هه‌مان كاتدا عه‌بباس زه‌ندی باوكی خاتوو كوردستان وه‌كوو ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوبژیوانی بۆ ئه‌و پێشبڕكێیانه بانگهێشت كرابوو و به‌شدار بوو. كۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌كه به دابه‌شكردنی خه‌ڵات به سه‌ر ناوبراو و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و وێنه‌گرتن له گه‌ڵ به‌رپرسان كۆتایی پێهات.
جێگای ئاماژه‌یه هاوڕێی ڕۆژنامه‌وان و هاوكاری ناوه‌ندی “ڕۆژی كورد” عه‌بباس زه‌ندی هاوڕێ له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ماوه‌ی زیاتر له پێنج ساڵه وه‌كوو په‌نابه‌ر نیشته‌جێی وڵاتی توركیه‌یه و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن كۆمیساریای باڵای په‌نابه‌رانه‌وه به فه‌رمیی وه‌كوو په‌نابه‌ر وه‌رگیراوه به‌لام تا ئێستا به‌ره‌و وڵاتی سێهه‌م نه‌گوازراوه‌ته‌وه و چاره‌نووسی دووسیهكهیان تا ئێستاش نادیاره. هاوڕێی هۆنه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌وان عه‌بباس زه‌ندی ڕاهێنه‌ری ناسراوی وه‌رزشی له ده‌سته‌ی كۆنگ فۆ توئا خاوه‌نی لیسانسی ئه‌ندازیاری و دامه‌زرێنه‌ری یانه‌ی وه‌رزشی نه‌به‌ز له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له شاری سنه‌یه و هاوكات تا ئێستاش چه‌ندین كتێبی شێعر و وانه‌ی منداڵانی له بڕوانامه‌ی هۆنه‌ری خۆیدا تۆمار كردووه، هه‌ر چه‌ن تا ئیستاش به هۆی كه‌م ده‌ره‌تانی و نه‌بوونی ده‌رفه‌ت چاپ و بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه.