دۆناڵد ترامپ، كوژرانی ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی ڕیبه‌ری داعیشی پشتڕاست كرده‌وه‌

0
704

ڕۆژی كورد :
دۆناڵد تڕامپ، سه‌رۆك كۆماری ئامریكا له‌ واشنگتۆن ڕایگه‌یاند ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی ڕێبه‌ری گرووپی تێرۆریستی داعیش له‌ چالاكییه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانی ئامریكاوه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌، كوژراوه‌. به‌ پێی وته‌كانی ترامپ ئه‌م چالاكییه‌ له‌ باكووری ڕؤژئاوای سووریه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشتووه‌.

كۆشكی سپی ڕایگه‌یاند كه دۆناڵد تڕامپ، سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئامریكا سه‌ر له‌ به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٧ی ئۆكتۆبر بڵاوكراوه‌یه‌كی گرینگی بۆ ئاگاداری گشتی ڕاگه‌یاندووه‌. ناوه‌نده‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئامریكا باس له‌ هێرشی هێزه‌ سه‌ربازییه‌ تایبه‌ته‌كانی ئامریكا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ئه‌دله‌ب و كوژرانی ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی ڕێبه‌ری گرووپی تێرۆریستی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام” یان داعیش كردووه‌.
ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی ساڵی ١٩٧١ی زایینی له‌ شاری سامرا به‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ئیبراهیم و له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی خوێنه‌وار و ئایینی دا له‌ دایك بووه‌ و پله‌ی خوێنه‌واری دۆكتۆرای زانسته‌ ئایینیه‌كانی له‌ شاری به‌غدا وه‌ده‌ست هێناوه‌. پێشتر ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی یه‌كێك له‌ ئه‌ندادمه‌ چالاكه‌كانی ڕێكخراوی تێرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ له‌ وڵاتی عێراق بووه‌، دواتر له‌ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی له‌ گه‌ڵ دامه‌زراندنی ڕێكخراوی تێرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام “داعیش” بۆ یه‌كه‌م جار خۆی وه‌كوو خه‌لیفه‌ و نوێنه‌ری هه‌موو مرۆڤه‌ ئایینداره‌كان ناساند و به‌ درووشمه‌كانی “ئاشتی، ئازادی، دێمۆكراسی و سكۆلاریزم” و به‌ هێرش بۆ سه‌ر شاره‌كانی سامرا و دواتر مووسڵ چالاكییه‌ تێرۆریستیه‌كانی خۆی ده‌ست پێكرد.
به‌ پێی وته‌كانی دۆناڵد تڕامپ، سه‌رۆك كۆماری ئامریكا له‌م چالاكییه‌دا كه ڕۆژێك پێشتر سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٦ی ئۆكتۆبر له‌ ناوچه‌ی ئه‌دله‌ب به‌ ئه‌نجام گه‌یشتووه‌، ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی هاوڕێ له‌ گه‌ڵ سێ كه‌س له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه‌ منداڵ بوون له‌ كاتی ڕاكردنیان له‌ ده‌ستی هێزه‌ سه‌ربازییه‌ تایبه‌ته‌كانی ئامریكا خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌‌ و كوژرانی ناوبراو له‌ لایه‌ن پزیشكی یاسایی پشتڕاست كراوه‌ته‌وه‌. بانگه‌شه‌ی كوژران و مه‌رگی ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی پێشتر چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌ هه‌واڵنێرییه‌كانی هه‌موو دونیا بڵاو كرابووه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ هه‌واڵی كوژرانی ناوبراو له‌ لایه‌ن باڵاترین به‌رپرسی وڵاتی ئامریكا، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ و كۆشكی سپی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ و ناوه‌نده‌ هه‌واڵنێرییه‌كان هه‌واڵه‌كه‌یان پشتڕاست كرددوه‌ته‌وه‌ و چه‌ن ڤیدیۆش له‌ سه‌ر كوژرانی و گه‌مارۆدانی نابراو له‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ گۆمانی ده‌ربازبوونی ناوبراو به‌ گشتی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌ كوژرانی ناوبراو خه‌لافه‌تی بێ بنه‌ما و سازكراوی گرووپی تێرۆریستی داعیش بۆ هه‌میشه‌ كۆتایی پێ ده‌هێنرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە عێراق ٤٢ کوژراو و زیاتر لە ١٨٠٠ برینداری لێکەوتەوە
بابەتی دواترکاردانەوە جیهانییەکان سەبارەت بە کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی، ڕێبەری داعیش

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.