دوای تێپه‌ڕبوونی ۳۲ ساڵ به‌ سه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ناوی عۆمه‌ری خاوه‌ر هێشتا زیندووه‌

0
1750

ڕۆژی كورد :
له‌ دوایین ڕۆژه‌كانی زستانی ساڵی ۱۹۸۸ی زایینی شاری هه‌له‌بجه‌ به‌ پێی بڕیاری سه‌دام حسه‌ین سه‌رۆك كۆماری ڕژیمی به‌عس كه‌وته‌ به‌ر ده‌سرێژ و كیمیاباران كرا و له‌ ئاكامدا زیاتر له‌ ۵۰۰۰ كه‌س شه‌هید كران و ژماره‌یه‌كی زۆر بریندار و كه‌مئه‌ندام و بێسه‌روشوێنی لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌موو ساڵیك ڕۆژی ۱۶ ی ئادار وه‌كوو یادی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ باشووری هه‌رێمی كوردستان قووڵترین برینه‌كانی نه‌ته‌وه‌ سته‌م لێكراوه‌كه‌مان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و له‌ ده‌یان بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سمی جیاواز یادی ئه‌و ڕۆژه‌ زیندوو ڕاده‌گرین. له‌ وه‌ها ڕۆژێك و له‌ به‌ره‌به‌ره‌ی به‌هار و نه‌ورۆزی كۆرده‌واری ئه‌و كاته‌ی گۆڵه‌ نێرگزه‌كان تازه‌ سه‌ریان ده‌رهێنابوو به‌ پێی بڕیاری ناڕه‌وای سه‌دام حسه‌ین دیكتاتۆر و سه‌رۆك كۆماری ڕژیمی به‌عسی ئه‌و كات و به‌ ده‌س عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ناسراو به‌ عه‌لی شیمیایی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بووكی شاره‌كانی باشووری كوردستان كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی ڕژیمی به‌عس و كیمیاباران كرا و له‌ ئاكامدا زیاتر له‌ ۵۰۰۰ كه‌س شه‌هید و چه‌ندین هه‌زار كه‌س بریندار و بێ سه‌روشوینكران و تا ئێستاش ئه‌و به‌شه‌ی نیشتمان به‌و درده‌وه‌ ئه‌تڵیته‌وه‌ و ئه‌ناڵێنێت.
“عۆمه‌ری خاوه‌ر” شانۆكارێكی كۆرد و یه‌كێك له‌ دانیشتووانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ دوای ۸ منداڵی كچ له‌م دواییانه‌دا ببوو به‌ خاوه‌نی كۆڕێكی جوان و زۆر دڵخۆش بوو، ئه‌و كاته‌ی كه‌ هاواری گه‌ڕه‌ك و ده‌نگی فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ڕژیمی به‌عس به‌رز بوونه‌وه‌ كۆرپه‌ بچكۆلانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و به‌ره‌و دره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی ڕایكرد به‌ڵام كه‌وته‌ به‌ر هێرشی كیمیاباران و خۆی و كۆرپه‌كه‌ی گیانیان له‌ ده‌ست دا و شه‌هید بوون. هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا عۆمه‌ری خاوه‌ر وه‌كوو سه‌مبۆلی به‌رخۆدانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید له‌ یاد و مێشكی هه‌موو كوردستان و هه‌موو جیهان زیندوو ڕاگیرا و ناوی تا ئیستا له‌ مێژوو دا زیندوو و به‌رز ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ بیستنی ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ خێرا ناوی عۆمه‌ری خاوه‌ر و كۆرپه‌كه‌یمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی دانیشتووانی هه‌موو شار و ناوچه‌كانی كوردستان ئه‌مساڵ به‌ هۆی مه‌ترسی تووشبوون به‌ په‌تای كۆڕۆنا نه‌یانتوانی به‌شداری یاد و ڕێوڕه‌سمی به‌رزڕاگرتنی یادی هه‌له‌بجه‌ بكه‌ن به‌ڵام له‌ ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌ و له‌ قووڵایی دڵیانه‌وه‌ وه‌كوو هه‌موو ساڵانی پێشوو یاد و ناوی ئه‌و ڕۆژه‌ مێژووییه‌یان به‌رز ڕاگرت و په‌یمانیان له‌ گه‌ڵ دانیشتووانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید نوێ كرده‌وه‌.
ناوه‌ندی “ڕۆژی كورد” وه‌كوو ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یاندن و مافی مرۆڤ بۆ خزمه‌ت به‌ دۆزی ڕه‌وای كۆرد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و زیندوو ڕاگرتنی یاد و ناوی هه‌موو بۆنه‌ و ڕیوڕه‌سمه‌كانی كوردستان و نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ بێ جیاوازی یادی ئه‌و ڕۆژه‌ مێژووییه‌ به‌رز ڕاده‌گرێت و له‌م ڕۆژه‌دا سڵاو ده‌نێرێت بۆ یادی شه‌هیدانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی هه‌موو كوردستان.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوه‌ندی ڕۆژی كورد – پاریس ۱۶ی ئاداری ساڵی ۲۰۲۰ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.