ده‌سبه‌سه‌ر كردنی جه‌ماوه‌ری ناڕازی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ڕابردوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وامه

0
1246

ڕۆژی كورد :
ناوه‌ندی مافی مرۆڤی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ ڕاپۆرتێكی نوییدا ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وشی ده‌سبه‌سه‌ركراوه‌ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی مانگی پیشوودا له‌ پارێزگای كوردستان زیاتر له‌ ١٠٠٠ هاووڵاتی ده‌سبه‌سه‌ركراون، كه‌ هاوكات زۆربه‌یان منداڵ و كه‌سانی بریندارن.

ناوه‌ندی مافی مرۆڤی كوردستان له‌ ڕاپۆرتێكی خۆی دا كه‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی ٦ی دیسامبر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌كانی خۆی ئه‌ڵێت كه‌ ده‌سبه‌سه‌ركردنی شارۆمه‌ندان له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سۆپای تێرۆریستی پاسداران له‌ شاره‌ كورده‌كان هه‌روا به‌رده‌وامه‌. هه‌ر به‌ پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ڕێژه‌ی هاووڵاتیانی ده‌سبه‌سه‌ركراو له‌ شاره‌كانی ئیلام، كرماشان، جوانڕۆ، سه‌رپێڵی زه‌هاو، كامیاران، سنه‌، سه‌قز، بۆكان و ورمێ زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س به‌رئاوه‌رد ده‌كرێت.
ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ درێژه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی ١٠٠ هاووڵاتی ده‌سبه‌سه‌ركراو به‌ دانانی بارمته‌ له‌ به‌ندیخانه‌ و شوێنه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌م شارانه‌ ئازاد كراون. ڕێژه‌ی بارمته‌كان له‌ ٣٠ ملوێن تمه‌ن تا چه‌ن سه‌د ملوێن تمه‌ن له‌ گۆڕاندا بووه‌. به‌ پێی وته‌ی چه‌ن كه‌سێك له‌ ده‌سبه‌سه‌ركراوه‌كان كه‌ له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا ئازاد كراون، هاوولاتیانی ده‌سبه‌سه‌ركراو به‌ جۆری گرووپی و به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ژووره‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانی گرتووخانه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی ده‌زگای زانیاری سپای پاسداران و ده‌زگای زانیاری گشتی ڕاگیراون و هاوكات بۆ لیكۆڵینه‌وه‌ و وه‌رگرتنی دانپێدانان به‌ دڕندانه‌ترین شیواز ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاری جه‌سته‌یی و ڕه‌وانی دراون. هاوكات دوو كه‌س له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ گرتووخانه‌كانی هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی شاره‌كانی سنه‌ و مه‌ریوان ئازاد كراون، باس له‌ ڕاگرتن و ده‌سبه‌سه‌ركرانی ده‌یان منداڵ و مێرمنداڵ له‌م گرتووخانانه‌ ده‌كه‌ن.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژه‌یه‌كی زیاتر له‌ ٢٠٠ كه‌س له‌ گرتووخانه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانه‌و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌كانی شاری سنه و به‌ندیخانه‌ی دیزڵاوای شاری كرماشان. بارودۆخی ئه‌م هاووڵاتیانه‌ به‌ هۆی كه‌می جێگا و ڕیگا و نه‌بوونی پێداویستی پیویست زۆر ناله‌بار و خراپ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كانی گه‌یشتوو به‌و ناوه‌نده‌ نزیكه‌ی ٥٠ هاووڵاتی كه‌ دوابه‌دوای ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی ئه‌و شارانه‌ به‌ فیشه‌كی جه‌نگی و ساچمه‌یی بریندار كراون له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌ ڕێگای نه‌خۆشخانه‌كان به‌ برینداری ده‌سبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌كان كراون و له‌ كاتێك دا كه‌ ئه‌وانه‌ پێویستیان به‌ ئاگاداری پزیشكی خێرا هه‌یه‌ بۆ گرتووخانه‌كانی ده‌زگای زانیاری و به‌ندیخانه‌كانی شاره‌كانی سنه‌ و كرماشان ڕاگوێزراون و بنه‌ماڵه‌كانیان ئاگادار ڕه‌وشی ته‌ندروستی و مان و نه‌مانی ئه‌وانه‌ نیه‌ و بووه‌ته‌ هۆی دڵه‌ڕاوكێیه‌كی گه‌وره‌ بۆ خزم و كه‌س و بنه‌ماڵه‌كانیان.
هه‌ژمارێكی زۆر له‌ بنه‌ماڵه‌ی ده‌سبه‌سه‌ركراوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماورییه‌كان له‌ وتووێژ له‌ گه‌ڵ ناوه‌ندی مافی مرۆڤی كوردستان ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌موو ڕۆژی چه‌ن جار سه‌ردانی ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌كان و ده‌زگای زانیاری و ده‌زگا دادپه‌روه‌رییه‌كانی ئه‌و شارانه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئاگادار بوون له‌ بارودۆخی منداڵه‌كانیان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش تا ئێستا هیچ به‌رپرسێكی دادپه‌روه‌ری ئاماده‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌م باره‌وه‌ نه‌بووه‌. له‌م نێوانه‌دا ته‌نیا چه‌ن كه‌سێك له‌ ده‌سبه‌سه‌ركراوه‌كان كه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ژووری قه‌ره‌نتینه‌ و ژووره‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانی به‌ندیخانه‌ گشتییه‌كان توانیویانه‌ له‌ ڕێگای ته‌له‌فوونه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ ڕه‌وشی ته‌ندروستی خۆیان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ و متمانه‌ بده‌نه‌ بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ زیندووبوونیان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبه‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی كۆمیسیۆنی هاوبه‌شی چاودێری ڕیكه‌وتننامه‌ی ناوه‌كی له‌ ڤییه‌ن
بابەتی دواترهێرشی مه‌ترسیداری هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی سۆپای سووریه‌ و فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی رووسیه‌ بۆ سه‌ر پارێزگای ئه‌دله‌ب

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.