دایکم

0
1840

قوباد جەلی‌زادە

 

دایکم نوێژ ده‌کات…
تا،
ترومبێلی کوڕه‌کانی وه‌رنه‌گه‌ڕێن.
تا ئیفلیج نه‌بن.
…تا جه‌رگی نه‌سوتێ.

دایکم به‌ ڕۆژو ده‌بێت…
دوعا ده‌کات، زاواکانی
واز له‌ مه‌یخانه‌ بهێنن
ڕوو بکه‌نه‌ ماڵی خودا.

دایکم ده‌چێ بۆ حه‌ج…
به‌ر ده‌گرێته‌ شه‌یتان
به‌رده‌ ڕه‌ش ماچ ده‌کات.
تا،
کچه‌کانی به‌دبه‌خت نه‌بن.

دایکم زەکات ده‌به‌خشێت…
به‌ دزیه‌وه‌ ده‌ستی خه‌ڵک ده‌گرێ…
به‌ڵکو شێرپه‌نجه‌،
ده‌ست له‌ مه‌مکی بووکه‌ نازداره‌کانی هه‌ڵگرێ.

دایکم ده‌چێته‌ سه‌ر مه‌زار…
په‌ڕۆی که‌سک،
له‌نێو چاوانی کێله‌کان گرێ ده‌دات.
تا،
خوشکه‌زاکانی نه‌زۆک نه‌بن.
برازاکانی کوڕیان ببێت.

دایکم له‌ شه‌وی “لیلة القدر”دا،
ناخه‌وێ.
تاکو مشتێک، له‌ نووری خودای به‌رکه‌وێ.
تا به‌و نووره‌،
“بودا “ئاشت کاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ “موحه‌مه‌د”.
موحه‌مه‌د ده‌ستکاته‌وه‌ ملی”موسا” .
به‌و نووره‌،
کڵێساکان، پاک کاته‌وه‌ له‌ خوێنی”عیسا”.

دایکم به‌ده‌م ته‌سبیحاته‌وه‌،
له‌سه‌ر به‌رماڵه‌ خوریه‌که‌ی،
خه‌وی لێ ده‌که‌وێ.
دایکم پێغه‌مبه‌ری،
له‌ هه‌موو کوڕه‌کانی خۆی،
خۆشتر ده‌وێ.

ئه‌وه‌ من نیم،
ئه‌وه‌ دایکمه‌…
گه‌ر بۆی بلوێ،
ناوی هه‌موو کوڕیک ده‌نێ
موحه‌ممه‌د
ناوی هه‌موو کچێک،
فاتیمه‌!

دایکم دوعاکانی گیرا نه‌بوون…
یه‌که‌ یه‌که‌، کوڕه‌کانی مردن.
زاواکانی، پێکیان پڕ کردن له‌ کوفر.
شێرپه‌نجه‌،
مه‌مکی بووکه‌کانی تژی کردن له‌ کرم.
برازاکانی وه‌جاغ کوێر.
خوشکه‌زاکانی نه‌زۆک.
کچه‌کانی به‌دبه‌خت.
پێغه‌مبه‌ره‌کانی خوێنرێژ!

دایکم،
هه‌موو سبحه‌ینه‌یه‌ک ده‌چێته‌ به‌هه‌شت.
ته‌نیا خۆی
خۆی و‌ به‌س.
ئێمه‌ له‌وێ نین.
که‌سمان له‌وێ نین.
که‌سمان.
که‌س!

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووکۆنسێرتی گرووپی ژێ له‌ مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
بابەتی دواترکۆشکی سپی : سووریە بە پاڵپشتی ئێران و ڕووسیە گازی کیمیایی بەکار هێناوە.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.