Google search engine
ماڵەوە وتووێژ جەماڵ پورکەریم: ئەوەی رەخنەی ڕووخێنەر لە حیزبە کوردیەکان بگرێ خزمەتکاری کۆماری ئیسلامیە

جەماڵ پورکەریم: ئەوەی رەخنەی ڕووخێنەر لە حیزبە کوردیەکان بگرێ خزمەتکاری کۆماری ئیسلامیە

0
242

جەماڵ پورکەریم: ئەوەی رەخنەی ڕووخێنەر لە حیزبە کوردیەکان بگرێ خزمەتکاری کۆماری ئیسلامیە

2010 06 11 – 6:52

دیمانە – سیما رۆژهەڵاتی: ڕۆژنامەنووس جەماڵ پوورکەریم ساڵی 1977لە شاری مهاباد لە دایکبووە و هەر لەو شارەش خوێندنى تا قۆناغى دیپلۆم تەواو کردووە. خاوەنى بڕوانامە لە بواری شانۆ و فیلمسازی لە ئەنجومەنى سینەمای جەوانى ئێرانە. ماوەى 6 ساڵ لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنى مهاباد کارى کردووە و دواتر بەهۆى چالاکى سیاسى دژى ڕژیمى ئێران لە سەر کار دەرکراوە. ساڵى 2004 بنکەیەکى فەرهەنگى – هونەرى بەناوى “کۆمەڵى فەرهەنگیی سۆما” بۆ فێرکارى زمانى کوردى لە شارى بانە دامەزراندووە و بە سەرنجدان بە قەدەغەی خوێندن بە زمانی کوردی لە ئێران، لە ماوەى دوو ساڵدا نزیکەى سێ هەزار کەسى فێرى خوێندن و نووسین بە زمانى کوردی بە هەر دووشێوە ڕێنووسى عەرەبی و لاتین کردووە. ماوەیەک نوێنەرى حەوتوونامەى (پیام مردم) لەشاری بانە بووەو دواتر حەوتوونامەیەکى بەناوى “دەنگى کۆمەڵگا”چاپ و بڵاوکردۆتەوە. هەروەها وێبلاگێکى بەناو نیشانى (www.rke.blogfa.com) کە هەواڵى چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردى تێدا بڵاو دەکرایەوە، وەڕێخستووە. جەماڵ پوورکەریم هاوکات لە گەڵ ئەم کار و چالاکیانەی چەندین بەرهەمى کارتۆنى بۆ منداڵانى کورد دۆبلاژ و بڵاو کردۆتەوە. ساڵى 2006 بە هۆى تێکۆشانى ڕۆژنامەوانى و چالاکیی سیاسى بە دژى ڕێژیمى ئێران، لە لایەن ئیتلاعاتى شارى بانەوە بۆ ماوەیەک زیندانى دەکرێ. دواتر بە دانانى بارمتە ئازاد دەبێ و بە هۆی فشارى لە ڕادەبەدەرى دەزگاکانى ئەمنییەتی ڕێژیم ناچار خۆی و ماڵ ومنداڵەکەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە جێ دەهێڵن و روو لە باشووری کوردستان دەکەن. لە باشوورى کوردستان  لە تەلەفزیۆنى گەلى کوردستان لە شارى ڕانیە دادەمەزرێ و ماوەى دوو ساڵ وەک بێژەر و ئامادەکار خزمەت بەم کەناڵە دەکا. پاشان روو لە کەناڵى زاگرۆس لە ڕانیە دەکەن و نزیکەى ساڵێکیش لەم کەناڵە کۆمەڵێک بەرنامە پێشکەش دەکەن. پاش لەتبوونى حیزبى دێموکراتى کوردستانی ئێران دەچنە ناوحیزبى دێموکراتى کوردستان و هەم وەک پێشمەرگە و هەم وەک دوو کەسى سەرکەوتوو و شارەزا لە ڕاگەیاندندا، لە کەناڵى ئاسمانیی کورد کاناڵ دەست بەکار دەبن کە بە حەق دەتوانین ناوى دامەزرێنەرانى ئەم کەناڵە لەوان بنێین کە نزیک بە دووساڵ کاریان تێداکرد. جەماڵ پوورکەریم وەک بێژەر و بەرپرسى بەشى هەواڵ توانى بە شێوەیەکى پڕۆفێشناڵ بەشى هەواڵى ئەم کەناڵە بەرێتە پێش. ئێستاش ماوەى سێ مانگە خۆى و منداڵەکانى باشووری کوردستانیان جێ هێشتووەو لە وڵاتى فەڕانسە و لە شارى پاریس نیشتەجێن.
بە مەبەستى تاوتوێکردنى دۆخى ئێستاى ئێران و سەرهەڵدانى بزووتنەوەیەک بە ناوى بزووتنەوەى سەوز و ئەم نائارامیانەى ناو ئێران وتوووێژێکمان لە گەڵ ڕۆژنامەوان جەماڵ پوورکەریم پێک هێنا کە ئەوەی خوارەوە دەقى وتوووێژەکەیە:دیمانە: سیما رۆژهەڵاتى
هۆکارى ئەوەى کە خەڵک لە ساڵى 1978دا بە دژى دەسەڵاتى پاشایەتى هەستاو ودەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى پەسەند کرد چ بوو؟
لە راستیدا دەسەڵاتى هەر دوو ڕێژیم چ پاشایەتى و چ کۆمارى ئیسلامى بە نیسبەت کوردەوە هەریەک سیاسەت بووە. لە سەردەمى دەسەڵاتى ڕێژیمی پاشایەتى دا کورد چەوساوەتەوە تەنانەت پێشەوا قازى محەمەد لەوسەردەمەدا لە سێدارە دراوەوزۆر کەسى دیکە لەناو گەلى کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا بەدەستی ڕێژیمى شای لەناو چووى ئێران شەهید کراون وکوژراون ،گەلى کورد خاوەن هیچ مافێک نەبووە ولە دەسەڵاتى ئێستاى ئێرانیش دا ڕێژیمى کۆمارى ئیسلامى هەر ئەم سیاسەتە پێرەو دەکا وگەلى کورد هەروا دەچەوسێنێتەوە، هەر چالاکییەک کە ناوى کوردى لەسەر بى بە دژە شۆرش ویان دژى ڕژێم وخوا دەژمێردرێ. کەوا بوو دەتوانم بڵێم کە شۆڕشی 1978بۆ کورد هیچ قازانجێکى تێدا نە بوو. بەشى کورد لە هەر دووڕژێم هەر چەوسانەوە بووە. بەڵام ئەوەى کە بۆ چى خەڵک دژى شاى ئێران هەستاودەنگى بە کۆمارى ئیسلامى دا،لە ڕاستیدا خۆش باوەڕیی بە شێک لە خەڵک بە دەسەڵاتى تازەى کۆماری ئیسلامى بووە،کەدواتر خەڵک ناخى ڕژێمى ئاخوندى بۆ دەرکەوت وهەست بە وەکرا کە لە چاڵ هاتووینە دەر بەڵام لە چاڵاو کەوتووین ، جا بۆیە خەڵکى کورد لە ڕۆژهەڵات هیچ کات متمانەى بەم ڕژێمە داگیرکەرانە نەکردووە وناکاو هیچ کاتیش دەنگى پێ نەداون.

باشە جەنابت وەک کەسێکى ڕۆژنامە نووس پێت وایە گەلى کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێ بە چ شێوەیەک خەبات بکاکە بتوانێ بە ئامانجەکانى بگا؟
ئێمە لە ڕۆژهەڵات هەم لەگەڵ ڕژێمى پاشایەتى وهەم لەگەڵ ڕژێمى ئاخوندى کەڵکمان لە زۆریەک لە شێوەکانى خەبات وەرگرتووە،لە خەباتى چەکداری ڕا بگرەتاکوو خەباتى مەدەنى ،خەباتى چەکداریمان هەبووە بۆیە ئەمڕۆ چالاکانى ناوخۆی کوردستان دەتوانن باس لە خەباتى مەدەنى بکەن ،بۆیە پێم وایە بۆگەلى کورد هەمووشێوەکانى خەبات ڕەوایە ،بەخەباتى چەکداریش نابێتە تیرۆریست ،چونکە بۆ گەیشتن بە ئامانجمان ودژى داگیرکەر شەڕ دەکەین، لەڕاستیشدا ئەگەر ڕێژیم بە بیانووىخەباتى چەکداریی کوردستان خەڵک دەچەوسێنێتەوە وبە چاوى ئەمنییەتى چاو لە کوردستان دەکا تەنیا بیانوویە ،دەنا هەر کوردێک ئەگەر هەر تەنیا بە قسە ناوى گەلى کورد بێنى ،ئەوە بە بڕواى ڕێژیم ئەو کەسە زیدى ئینقلابە ودەبێ بکوژرێ.بەڵام کوردتەنیا بە یەکگرتوویی دەتوانێ بە ئامانجەکانى بگا.

باستان لە یەکگرتوویی کرد، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زۆربەى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات دووپارچەو چەند پارچە بوون. هۆکاری ئەوە بۆ چى دەگەرێننەوەو چارەسەر چییە بۆ یەکگرتوویی؟
پارچە پارچە بوونى حیزبەکان دەردێکى گرانە و تەنیا لە بەرژەوەندیی داگیرکەران دایەو بەس، بەڵام خۆ مەرجیش نییە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەم هەموو پان و بەرینیەوە تەنیا یەک یا دووحیزبی هەبێ، بیرو ڕای جیاواز و بوونى چەندەها حیزب نیشانەى پێشکەوتوویی وبوونى هزرو بیروڕای زۆر وجیاوازە و ئەوەش زۆرباشە ،بەڵام ئەوەگرینگە کە ئەم بیروڕا جیاوازانە لە سەر یک شت کەئەویش لە ناو بردنى ڕێژیمى کۆماری ئیسلامییە کۆکن ،کە واتە ئەوە دەتوانێ هەمووان لە دەوری یەک و وەکوو یەک بەرە کۆبکاتەوە.

هۆی ئەوەى کە بەرەیەکى کوردستانى دروست نابێ چییە ؟
بە ڕاستى پرسیارێکى بە جێیە،بەڵام ئەوەى دەبێتە هۆی دروست نەبوونى بەرە ئاگا یا نائاگا نۆکەرى کۆمارى ئیسلامییە، بۆیە ئێمە وەک هەموو حیزبەکانى ڕۆژهەڵات پێویستە بە خۆماندا بێینەوە ولە چوارچێوەى کردەوەدا نەوەک هەر قسە هەوڵ بۆ دروست بوونى بەرە بدەین کە هیواخوازم ئەم ئاواتە کە ئى هەموو کوردێکى دڵسۆزە بێتەدى.

چەندین ساڵە خەباتى چەکدارى ڕاگیراوە پێتان وایە هۆکارى ئەمە چیە؟
ئێستا سەردەم سەردەمى خەباتى مەدەنییەو ڕەوتێکى باش لە کوردستان و ئێراندا سەرى هەڵداوە،جابۆئەوەى بیانوو نەدرێتە دەست ڕێژیم ئەوە هەمووحیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات خەباتەکەیان بردۆتە قۆناغى خەباتى مەدەنییەوە و هەر کاتیش پێویست بکا کورد ئامادەگى خەباتى چەکداریشى هەیە ،بەڵام لەم هەلومەرجەدا تەنانەت هەموو تەشکیلات وتەنزیماتەکانی هەموو حیزبەکان تەنیاو تەنیا بۆ خەباتى مەدەنى هەوڵ دەدەن وزۆریک لە ئەندامانى نێوخۆیی حیزبەکانى ڕۆژهەڵات لە ئێران دا خەریکى بەرەو پێش بردنى خەباتى مەدەنین ،بۆئەوەى چیدیکە ڕێژیم بە چاوى ئەمنییەتی وبە بیانووى زیدى ئینقلاب خەڵک قەتڵ وعام نەکا،ئەم شێوازە لە خەباتمان هەڵبژاردووە (هەرچەند ڕێژیم ئاواش هەر هەمووکوردێکى هەر پێ دوژمنى خۆیەتى وهەر بە زیدى ئینقلابى دەناسێ وبە چاوى ئەمنییەتییەوە دەڕوانێتە کوردستان ) لە ڕاستیشدا ئەگەر خەباتى چەکداریی دوێنێ نەبوایە ئەمڕۆ شێوەکانى خەبات نەیان دەوێرا سەر هەڵبڕن.

تا چەند باوەڕتان بە پاراستنى (تەواوییەتى ئەرزیی ئێران) هەیە؟
وەک خۆم هەرباوەڕم پێی نییەو ئەگەریش بەحەزى من بێ هەرسبەینێ دابەشى دەکەم ووەکوو کورد ئاواتم ئیستقلالی کوردستان ودەوڵەتى سەر بە خۆی کوردییە ،بەڵام لە بەر ئەوەى کوردستان ئێستاکە نە خاوەنى کارگەو کارخانەیەکە وهەموو ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان هەر نەیان ویستووە کاری بۆ بکەن لە حاڵەتى ئەمڕۆییدا ناتوانین جگە لە فیدڕاڵى داوای زیاترمان هەبێ، ئە گەریش لە داهاتوودا توانیمان لە سەر پێی خۆمان ڕاوەستین بۆ نا، ئەوە هەموو کوردێک حەزى لە بوونى دەوڵەتى کوردى هەیە .

چ ڕەخنەیەکت لە حیزبەکانى ڕۆژهەڵات هەیە؟
وەڵامەکەتان ئاوا دەدەمەوە کە لە باشوورى کوردستان گەلى کورد تاڕادەیەک گەیشتۆتە ئازادى، جابۆیە بوونى گۆڤارێکى ڕەخنەگری وەک لڤین ڕەنگە زۆر زەربە لە بەرژەوەندییەکانى کورد لەم بەشە لە کوردستان نەداو تەنانەت ڕخنەگرتن ببێتە هۆی چاکسازى و خزمەتى زیاترى حیزبەکان بە خەڵک، بەڵام لە ڕۆژهەڵات وانییە. سەرەڕاى ئەوەى کە بێ گومان حیزبەکان رەخنەیان لەسەرە وکەم و کوڕیان هەیە، ئێستاکە کاتی ڕەخنەگرتن و قسە بەیەکتر گوتن نییە کات کاتى یەک گرتنە، لە ڕێگەى ئەم وتوووێژە دەڵێم: هەر کەسێک نەختێ هەستى کوردایەتى لە ناخى دابێ و خۆی بە دڵسۆزى کورد و بزووتنەوەکەى بزانێ ڕەخنەی ڕووخێنەر لەهیچ کام لەم حیزبە کوردیانە ناگرێ کە دەیان سالِە لە جەرگەى خەبات دان و لە پێناو گەیشتن بە ئازادى دا گیانى خۆیان بەخت دەکەن .

یانی پێتان وایە هەرکەس ڕەخنەی ڕووخێنەر لە حیزبە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات بگرێ ئەوە کورد نییە؟
ڕاست وایەو بگرە زۆریش ئەولاتر ،لەم هەل ومەرجەدا ئەوەى ڕەخنەی ڕووخێنەر لە حیزبە کوردییەکان بگرێ بیهەوێ و نەیهەوێ خزمەتکارى کۆمارى ئیسلامییە ،بەرژەوەندیی ڕێژیمی ئیسلامییی ئێران لەوەدایە کە ڕەخنە لە حیزبەکانى ئۆپۆزیسیۆن بگیردرێ بۆئەوەى خەڵکى کوردستان لەم حیزبانە ناهومێدبن ولە شۆڕش وکوردایەتى دلِسارد ببنەوە. بەڕاستى کەم نین ئەو کەسانەى کە قەڵەمەکانیان بە ئەمرى وەزارەتى ئیتلاعات وسپاى پاسدارانى ڕێژیم هەڵدەسووڕێ و بە ڕواڵەتیش خۆیان بە دڵسۆزى مەسەلەى کورد لە قەڵەم دەدەن ،هەوڵى ڕێژیم ئەوەیە کە مۆرە بدۆزێتەوەو بە پووڵ وتار و بابەتى پێ بنووسێ یان بە ناوییەوە بکاو بڵاوى بکاتەوە. کەسانێک هەن کەبەناوى ڕۆشنبیر خۆ لە قەڵەم دەدەن و وادەزانن بە ڕەخنەگرتن لە حیزبەکان لەلاى خەڵکی کورد ئەرزش و ئیعتباریان دەچێتە سەر، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە جاشن و لە جیاتى گوللەو کڵاشینکۆف، قەڵەمیان دژ بە نەتەوەکەیان دەست داوەتێ. ئەو جاشەى کە گوللە بە ڕۆڵەى کوردو پێشمەرگەوە دەنێ لە ڕووى نەفامی و نەزانییەوەیە ، بەڵام ئەوەى بە قەڵەم شەڕى دژى کورد دەکا لە ڕووى ئاگاییەوەیەو دەزانێ چ دەکاو بۆ دەنووسێ و بەرژەوەندى کێى تێدایە. هەڵبەت کەسانێکیش هەن کە لەڕووى دڵسۆزییەوە ڕەخنەدەگرن وەلێ باوەڕکەن ناڕاستەوخۆ خزمەت بە ڕێژیم دەکەن . ئەگەر دڵسۆزن و راست دەکەن با رەخنەکانیان بەرنە بەردەم دەفتەری سیاسی و سەرکردایەتى حیزبەکان نەک لە سەر گۆڤار و راگەیاندنەکاندا دوژمنمان پێخۆش کەن. ئێمە ئێستا پێویستیمان بەوەیە کە خەباتی شاخ وشار لەوەى کە هەیە زیاتر لێک گرێ بدەین و ناکۆکى و دووبەرەکى بنێینە لاوە. تاقمێکى کەمی بەناو ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر لە کوردستان ئێستاکە سەریان هەڵداوە کەسپاى پاسدارانی ڕێژیم بابەتیان بۆ دەنووسێ وبە ناوى ئەوان بڵاوى دەکاتەوە کە نموونەى بەرچاویان دەتوانم ئاماژە بەجاشى قەڵەم عیرفان قانعى فەرد بدەم کە ماوەیەک لەمەوبەر بابەتێکى لە سایتى تابناکى سەر بە موحسێنى ڕەزایی (گەورەبەرپرسی سپا و ڕێژیم) لەژێر ناوى (حزب دمکرات از رویای ملى گرایی تا واقع) بڵاوکردەوە. جاش قەڵەم قانعى فەرد لەم بابەتەى دا هەوڵى تەواوى داوە کە بە دروست کردنى مێژوویەکى ناڕاست کەسایەتى کەسانێکى وەک نەمر پێشەوا قازى محەممەد، نەمر بارزانى، د.قاسملووى نەمر و مام جەلال بەرێتە ژێر پرسیار و لە لایەکى دیکەشەوە هەوڵدەدا بۆ ئاژاوە نانەوە لەناو حیزبەکان دا، بەشێوەیەکى زۆر زیرەکانە تەواوى حیزبەکان ئینکار دەکاو کۆمارى ئیسلامى بەڕاست و بەر حەق دەزانێ. بۆیە پێویستە ئەم جاش قەڵەمانە ناویان لە قاو بدرێ و کەسایەتییان بۆ خەڵک ڕوونتر بکرێتەوە. پێویستە کۆمەڵگاى ڕووناکبیرى کوردستان ئەم بەناو ڕۆشنبیرانە لەخۆى دەرباوێ. ئەو جاش قەڵەمانە لە سەرەتای سەرهەڵدانیاندا هەندێک بابەت بە قازانجى بزووتنەوەى کوردى دەنووسن، پاشان کە جێگە و پێگەیەکیان لەناو کۆمەڵى کوردەواریدا وەدەست هێنا دەکەونە ڕەخنەگرتن لە حیزبە کوردییەکان بۆ دڵساردکردنەوەى خەڵکى کوردستان لە شۆڕش وکوردایەتى ،خەڵکى وشیارى کوردستان زوو ناخى ئەوانە دەخوێننەوەو تێدەگەن کە ئەوانە داردەست ونۆکەرى کۆماری ئیسلامین .

ماوەیەکە کۆمیتەیەک بۆ یەکگرتنەوەى هەردووبەشەکەى دێموکرات دروست بووە ، سەبارەت بەم کۆمیتەیە ڕاتان چییە؟
یەکگرتنەوەى هەردوو دێموکرات وتەنانەت کۆمەڵەکانیش کارێکى گەورەیەو بە قازانجى بزووتنەوەى کوردەو ئارەزووى زۆرینەى خەڵکى کوردستانە ،بەڵام خۆ ئەگەریش یەک نەگرنەوەو هەرکامەو لە حیزبێکى جیاشدا خەبات بکەن زەرەر بە جووڵانەوەى کورد ناگەیەنێ، با لە جیاتى یەکگرتنەوە هەوڵ بۆ ئەوە بدرێ کە هەمووحیزبەکان لەدەورى یەک مێزى وتوووێژدا کۆ ببنەوە و هەوڵ بۆگەیشتن بە ئامانجى سەرەکى کە ڕزگاریی کوردستانە بدەن ،باکۆمیتەى یەکگرتنەوە ببێتە کۆمیتەى سازدانى بەرەیەک. بۆ ئەوەش پێویستە هەر کەسەو لە خۆی ڕا هەوڵ بۆ دانیشتن و دروستکردنى بەرەیەکى کوردستانى بدا. با لە هەڵوێستەکانماندا بەرانبەر بە ڕێژیم یەکگرتووبین تاکوو قورسایی کورد لە ڕۆژهەلات و ئێران دا بە دوژمنانمان نیشان بدەین .

لە دواى هەڵبژاردنەکانى سەرکۆمارى لە ئێراندا کۆمەڵێک ئێعترازو نارەزایەتى بەشێکى زۆر لە ئێرانى گرتۆتەوەو بزووتنەوەیەک بەناوى بزووتنەوەى سەوز دروست بووە هۆکارى ئەوەى کە خەڵکى کوردستان پێوەست بەم بزووتنەوەیە نەبوون چیە؟
پاش کودتاى هەڵبژاردن و بە سەرۆک کۆمارکردنەوەى ئەحمەدى نژاد کەسانێکى وەک کەڕووبى و مووسەوى بە هۆی ئەوەى نەبوونە سەرۆک کۆمار لایەنگرانیان بۆ وەڕێخستنى ناڕەزایەتى هاندا. بەڕاى خۆم ئەگەر چ کەڕووبی و چ مووسەوى بووبایەن بە سەرۆک کۆمار دۆخى ئێران ئاوا ئاڵۆز نەدەبوو، جا کە وایە بۆ وەى باش بوو کە نەبوون بە دەسەڵاتدار. ئەم جار ئەگەریش بووبایەن بە سەرۆک کۆمار زۆر زۆر وەک خاتەمى دەبوون و هیچ گوڵێکیان لە سەرى کورد نەدەدا ،ئێستاش ئەو بزووتنەوەیە واى لێهاتووە کەخەڵک بۆ خۆى ڕێبەرى دەکا نەک مووسەوى یان کەڕووبی. ئێمەش وەک گەلى کورد لەمێژ ساڵە خاوەن بزووتنەوەین وئەوەى ئەمڕۆ بزووتنەوەى سەوز دەیڵێ ئێمە ئەوە سى ساڵە بەو رێژیمەى دەڵێن و داواى دەکەین. پێویستیش ناکا هیچ ڕۆڵەیەکى کورد خۆى بە ئەندامى بزووتنەوەى سەوز بزانێ پێویستە کورد هەموو ئەندامى بزووتنەوەى کوردى بن و هەرکەسێک خۆی بە کوردو دڵسۆزى مەسەلەى کورد بزانێ جاچ چالاکى مەدەنى بێ ،چ چالاکى بوارى ژنان و خوێندکاری و…..بێ ،دەبێ سەرەتا ئەندام یان لایەنگرى یەکێک لە بزووتنەوەکانى کوردى ببێ، ئەوجا ئەگەر کورد وەک تاران خۆپێشاندان وەڕێ بخا، بێگومان ئەو کارەى ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵکى تارانى دەکا بە دە قات زیاتر بەرانبەر بە خەڵکى کوردستانى دەکاو دەست لە هیچ چەشنە جنایەتێک ناپارێزێ. کە ئاواش دەستى هەر نەپاراستووەو ئەگەر چاو لە زیندانەکانى ڕێژیمى ئێران بکەین دەبینین کە زۆرینەى چالاکانى ناو گرتووخانەکانى ڕێژیم ڕۆلەکانى نەتەوەى کوردن. زۆربەیان چالاک وڕۆژنامەنووسى کوردن کە حوکمى ئیعدامیان بەسەردا سەپاوەو ڕێژیم هەر بە چاوى پێشمەرگە چاویان لێ دەکاو سزایان بۆ دەبڕێتەوە.

لە شوێنێکدا باسى خاتەمیت کرد ئایا خاتەمى ئازادى نەدا بەخەڵکى ئێران و کوردستان ؟
ناتوانین بڵێین کە فەزاى سیاسی ئاوەڵاتر نەبۆوە، بەڵێ کاتێک خاتەمى هاتە سەرکار دۆخى سیاسی ئاوەڵاتر کرا،بەڵام هەر لە زەمانى ئەو خاتەمییەش دابوو کە دەیان وسەدان ڕۆڵەى کورد ڕەوانەى گرتووخانەکان دەکران و تەنانەت مەسەلەى قەتڵە زنجییرەییەکان و کوشتنى فرووهەرەکان لە دەورانى جەنابى خاتەمى دابوون. خاتەمى کارێکى کرد کە ڕۆشنبیران و ئەو کەسانەى ڕەخنەیان لە ڕێژیم دەگرت خۆ ئاشکرا بکەن و دواتر هەر هەموویان لە ناو ببردرێن. لە واقعدا خاتەمى خزمەتێکى گەورەى بە ڕێژیمەکەى کرد و ڕووخانى ئەم ڕێژیمەى زیاتر لە دە ساڵ وەدوا دا. بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەوانەش کارێکى کرد کە خەڵک ڕووی لە ڕێژیم بکرێتەوە و ئەمڕۆکە خەڵک ئاوا دەڕژێتە شەقام و دروشمى نەمان بۆ دیکتاتۆر دەدا هەر ئى ئەم ئازادییە کەمەی بوو کە خاتەمى لە ڕووی ناچاریەوە دای بە خەڵکى ئێران .

هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماری لە ئێران و بوونى ئەحمەدى نژاد بە سەرۆک کۆمار چۆن هەڵدەسەنگێنى؟
لەو ڕژیمەى کۆمارى ئیسلامییەدا هەرکەسێک ببێتە سەرۆک کۆمار بۆ گەلى کورد هیچ جیاوازییەکى نییە و کورد هەر دەچەوسێتەوە ،بەڵام لە ڕاستیدا باش بوو کە ئەحمەدى نژاد کرایەوە بە سەرۆک کۆمار ،ئەگینا ئەگەر چ کەڕووبی و چ مووسەوى بووبایەن بە سەرۆک کۆمار وەزعى ئێران و کوردستان هیچ گۆڕانێکى بە سەر دانەدەهات ئەو ناڕەزایەتیانەش کە ئێستا ئێرانى گرتۆتەوە سەرى هەڵنەدەداو ئەم بزووتنەوە سەوزەش دروست نەدەبوو.

سیاسەتى دنیاى غەرب لە ئاست کۆمارى ئیسلامى چۆن دەبینى ؟
ئێمە وەک کورد تا ئێستا هیچ کات لە هاوپەیمانى وپشت بەستن بە غەرب و وڵاتانى زڵهێز قازانجمان نەکردووە وهەمیشە ئەوان لێمان لە فێڵ بوون لە ئینگلیس و ڕووسیە ڕا بگرە تا ئامریکا ،ئەوان هەمیشە بەرژەوەندیی خۆیان ویستووە ،نەک ئى گەلى کورد ،ئەگەر ئەمڕۆکە دنیای غەرب دژ بە ڕێژیمى ئێران قسە دەکاو هەڕەشەو گورەشەى لێ دەکا ،خۆ لەبەر خەڵکى کورد وئێران نییە ،تەنیا لە بەر ئەوەى لە تیرۆریسمى کۆماری ئیسلامى تۆقیون ، لەوە دەترسن کە ڕێژیم ببێتە خاوەن چەکى ناوکى و دنیا بگرێتە دەست خۆى ،تەنانەت بە مەسەلەى چەکى ناوکى و باس کردنى، زۆربەى جنایەتەکانى رێژیم داپۆشراون و قسەیان لە سەر ناکرێ،ڕێژیم هەموو دنیای بە مەسەلەى چەکى ئەتۆمییەوە خا فڵاندووە ولە ژێرەوەش جگە لە چەکى ئەتۆمى ئەوە هەروا خەریکى سەرکوت و کوشت وکوشتارى خەڵکى کوردستان و ئێرانە ، خۆ نموونەى کەممان نییە لە پێکهاتنى غەرب وکۆماری ئیسلامى ، لە سێدارەدانى پێشەوا ڕا تاکوو تێرۆری د.قاسملوو و د.شەڕەفکەندى ،غەرب بۆچى بکووژانى د.قاسملووى ئاوا بە ئاسانى ئازاد کرد ئەگەر ئیمتیازى لە ڕژیمى ئیران وەرنەگرت ؟ کەوا بوو غەربیش درۆدەکا ،ئینجا خستنە سەرى تەحریمى ئابوورى بۆسەر ئێران تەنیا خەڵکى ئێران تووشى قەیران و برسێتى زیاتر دەکا ،هەر بۆیە شۆڕش و ڕاپەڕینێک لە شێوەى ڕاپەڕینى 1357ە کە دەتوانێ خەڵکى کوردستان و ئێران ڕزگار بکاو ئەوە خەڵک بۆ خۆیەتى کە دەبێ قۆڵ لە ئازادیی خۆى هەڵماڵێ.
ئەگەر چاوێک لە دۆخى ئێڕاق بکەین ،دەبینین کە ئامریکا چۆن خەریکى هەڵلووشینى نەوت وسەرماییەی ئەم وڵاتەیە ،خۆ ڕەنگە ئەگەر ئامریکا نەبوایە ڕێژیمى سەدام ئاوا بە ئاسانى نەڕووخاباو ئێستاشى لە گەڵ بێ ئەگەر ئامریکا لە ناوچەدا نەبوایە بێگومان یەکێک لەو وڵاتانەى کە هێرشى دەکرایە سەر و داگیر دەکرا ،ئێراق دەبوو، ئەوە ڕێژیمى ئێران جارێ چاوى ئامریکاى لێ دیارە کە ناوێری زۆر پەل ببزێوێ ،لە حاڵی حازریش دا ئامریکا بەرژەوەندى لەوە دایە کە لە گەڵ کورد هاوپەیمان بێ ،دەنا ناتوانێ ئاوا بە ئاسانى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بمێنێتەوە بەڵام هیوا خوازم ئەمجارە کورد لەم هاوپەیمانییەتەدا فێڵى لێ نەکرێ، سیاسەتى غەرب بە نیسبەت ڕێژیمى ئێرانەوە پێویستە ئەوە بێ کە پشتى هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆنى دژبەری ڕێژیم بگرێ ولە هەموو بوارەکاندا یارمەتیدەریان بێ ،ئەگینا غەرب بە قسە کردن ناگاتە هیچ ئەنجامێک بەرانبەر بە ڕێژیم ،بەڵکوو دەبێ ئەم هەڕەشەو قسانە بواری کردەوە بە خۆیانەوە بگرن و باغەرب هیچى دیکە هەوڵ بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە ڕێژیمى ئێران نەدا .

هۆمێدت بە ئازادیی کوردستان وئێران چەندە ؟
هەموو مرۆڤێک بە هومێد وهێواوە دەژى ،ئەگەر باوەڕم بە ئازادیی کوردستان نەبوایە پێم وایە هەر ئەوکاتەى ڕۆژهەڵاتى کوردستانم بە جێ دەهێشت دەمردم ،بەڵام هەرئەوکاتە بەو هیوایەوە بە جێم هێشت کە ڕۆژێک بە ئازادى دەگەڕێمەوە باوەشى نیشتمان،ڕووخانى ڕێژیمیش وردە وردە هەست پێدەکەم و یەکێکە لە گەورەترین ئارەزۆکانم ،بەڵام بێ خەباتى بێ وچان وبێ یەکگرتوویی گەلەکەمان ئەم ئاواتە نایەتە دى .

زۆر سپاس بۆ ئەوەى ئەو کاتەتان پێ داین تاکو پێکەوە ئەم وتووێژە بکەین.
سپاس بۆ ئێوەش ،هیوای سەرکەوتنتان بۆدەخوازم لە گشت بوارەکانى ژیاندا، بەهیوای سازبوونى چوار دەوڵەتى گەورەو یەکگرتووى کورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

نوێترینەکان
چۆلکردنی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵات لە باشوور و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر نووسینگەی ک.ن.ک لە هەولێر و هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت مەحکووم دەکەین. کۆچی دوایی دایکێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە شاری سنە بانگەوازی سێ لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ژینا کۆچی دوایی باوکێکی نیشتمانپەروەر، باوکی کاک مەسعوود پەژووهی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کۆچی دوایی کرد. بانگهێشتتان ناکەین بۆ خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە لە بەرانبەر داگیرکەر دا سویس،لۆزان: پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە سەد ساڵەی پەیمانی شوومی لۆزان پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمیی “جەماڵ پوورکەریم” بۆ بەڕێز خاتوو بڵێسە جەبار فەرمان بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی دەبێ. ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە تیرۆر کرانی دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ دوو لایەنی کۆمەڵە: دان بە خۆتان دا بگرن و زمانی سیاسەت و دیالۆگ بکەنە جێگرەوەی زمانی چەک و شەڕی خۆکوژی. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: ڕژیمی ئێران بە هێرش بۆ سەر کۆساڵان دەیهەوێ شکستەکانی لە بەرانبەر ئێرادەی گەل و شۆڕشی ژینا دا قەرەبوو بکاتەوە. وتووێژی قەندیل پرێس لە گەڵ جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ئێمە پێکەوەین: بەیاننامەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە جمووجۆڵەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. گەنجێکی کورد بە پێیان لە ئاڵمانەوە تا لۆزان دژ بە پەیماننامەی شوومی لۆزان ڕێ دەکا.