تەقینەوە لە نزیک باڵوێزخانەی ئامریکا لە کابۆل لە ساڵیادی هێرشەکانی ١١ی سێپتامبر

0
540

ڕۆژی کورد :
لە هەژدەهەمین ساڵڕۆژی هێرشەکانی ١١ی سێپتامبر، تەقینەوەیەک لە نزیک باڵوێزخانەی ئامریکا لە ئەفغانستان، شاری کابۆل پێتەختی ئەو وڵاتەی هەژاند. فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئامریکا هیچ ئازارێکیان بەر نەکەوتووە و تا ئێستا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە خەسارەکانی ئەم تەقینەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

لە یەکەمین کاژێرەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ئەیلوول تەقینەوەیەکی بە هێز کابۆل پێتەختی وڵاتی ئەفغانستانی بە توندی هەژاند. وەزرارەتی بەرگری ئامریکا باس لەوە دەکات کە تەقینەوەکە لە نزیکی بینای باڵوێزخانەی ئامریکا لە ئەفغانستان ڕوویداوە. بە پێی هەواڵەکانی بەردەست فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئامریکا هیچ ئازارێکی ئەوتۆیان بەرنەکەوتووە و هێشتا وردەکاری زیاتر لە مەڕ چۆنیەتیی ئەم تەقینەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
دوابەدوای شکەست هێنانی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان ئامریکا و گرووپی تاڵیبان ئەگەری ئەوە لە ئارادا بوو کە هێرشە تێروریستییەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان فەراوانتر بێت و ڕێژەی توندوتیژییەکان ڕوو لە هەڵکشان بێت. تاڵیبان بە بڵاوکردنەوەی داخوویانێک هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە شکەست هێنانی وتووێژەکانی ئاشتی زۆرترین خەساری بۆ ئامریکا دەبێت و دژی بەرژەوندییەکانی ئامریکایە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا شەوی شەممەی ڕابردوو لە بەرەبەرەی چاوپێکەوتنێکی نهێنی لە گەڵ نوێنەری تاڵیبان، ئەم چاوپێکەوتنەی هەڵوەشاندەوە.
لە هێرشە تێرۆریستییەکانی ١١ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١ی زایینی لە نیۆیۆرک کە لە لایەن گرووپە ئیسلامییە تۆندئاژۆکانی ئەلقاعیدەوە پلانی بۆ داڕێژراو و بەڕێوەچوو، نزیکەی ٣٠٠٠ کەس لە وڵاتی ئامریکا گیانی خۆیان لە دەست دا و بوونە قوربانی. گرووپی ئەلقاعیدە بە ڕێبەرایەتی “ئۆسامە بێن لادەن” ئەوکات لە ئەفغانستان نیشتەجێبوون. دوابەدوای ئەو هێرشانە، ئامریکا هێزە سەربازییەکانی خۆی بەرەو ئەفغانستان بەڕێکرد و هێزەکانی سۆپای ئامریکا تا ئێستاش لەم وڵاتەدا نیشتەجێ و جێگر ماون. دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئامریکا لە ڕەوتی ململانێی هەڵبژاردنەکانی خۆی دا بەڵێنی ئەوەی دابوو کە سەربازە ئامریکاییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکانیان. وتووێژەکانی ئاشتی نێوان دەوڵەتی ئامریکا و نوێنەری گرووپی ئیسلامگەرای تۆندئاژۆی تاڵیبان، هاوینی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکردبوو.
دۆناڵد ترامپ هۆی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی کتووپڕی چاوپێکەوتن و دیداری خۆی لە گەڵ نوێنەری تاڵیبان بەردەوامی هێرشە توندوتیژانەکانی ئەم گرووپە بە تایبەتی هێرشی تێروریستی شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کابۆل ناوبرد کە لە ئاکامی ئەو هێرشە دا ١٢ کەس لەوانە سەربازێکی ئامریکایی گیانی خۆیان لە دەس دا. ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی هێرشەکانی ١١ی سێپتامبر لە پێنتاگۆن ئامادە و بەشدار بوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.