بەناو ڕێفۆرمخواز و بە ناخ ئیخوانیە حکومەتخوازە کوردەکان، چیان گەرەکە؟

0
905

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

تێبینی: لەو نووسراوەدا، بە هۆکاری تایبەت، ئاماژە بە ناوی هیچ کەسێک نادرێت ئەگینا بۆ هەر کام لەو خاڵانە کە باس کراوە، بەڵگە هەیە و لە ئەگەری پێویستدا دەخرێنە ڕوو.

خەباتی گەلی کورد لە درێژەی مێژووی خۆیدا، تووشی گەلێک تەنگ و چەڵەمە و هەڵدێر و نشێو هاتووە، هەر لە خەیانەتی کاوەی ئاسەنگەر و هاوکاریەکەی لەگەڵ زەحاکی فارس و خیانەتی مەلای خەتێ لە ژێر ناوی بەرگری لە ئایین و خۆفرۆشیی ئەحمدی لێتانی کە بە ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئاوی قەڵای دم دم بوو بە هۆی تێکشکانی قەڵای دم دم و لەناوچوونی خانی لپ زێڕین و لەشکرەکەی و کۆکردنەوەی واژۆ لەلایەن بورژواکانەوە بە دژی کۆمار و پێشەواوە بگرە تا فرۆشتنی خوێنی سەدان ڕێبەر و پێشەنگی کورد و بێدەنگی لە هەمبەر لەسێدارەدانی مەلا ئاوارە و موعینییەکان و سەروان حەتەم و ..تاد، بردنی هێز بۆ سەر پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانیان لە باشوور چەند ساڵی ڕابردوودا و …تاد.

سەرجەم ئەو خیانەتانەی کە لە گەلی کورد کراون، دەکرێ بێژین بێ ئەملاوئەولا دەستی خودی کوردی تێدابووە و هیچ کات دوژمنان و نەیارانی کورد نەیانتوانیوە بێ یارمەتی و هەبوونی دەستی خائینانە و خۆفرۆشانەی کورد، کورد بگلێنن و بگرە کورد دەستی سەرەکی تێدابووگە و بۆتە پێشەنگ و چاوساخی دوژمنان و نەیاران و داگیرکاران کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو خۆشخزمەتییە لە پێناو پارە و سامان و پلە و پایەدا بووە.

یەکێک لەو نەخۆشییانەی کە ئەمڕۆ جڤاکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گیرۆدەی بووە و خەریکە وەک شێرپەنجە لە گیانی کورد و خەباتەکەی ڕۆدەچێ، نەخۆشیی ئیسلاح تەڵەبییە، کەسانێک کە بە ڕواڵەتێکی کوردانە و ناخێکی کۆماری ئیسلامییانە و درووشمگەلێکی هەڵخەڵەتێنەر، هاتوونە گۆڕەپانی سیاسەتەوە و مخابن میدیاکانیش لە کوردستانی باشوور، بۆ کۆکردنەوەی بەردەنگ و مشتەریی زیاتر و بۆ یەکەمی بێ ڕکابەربوون، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ژێر ناوی سەیر و سەمەرەی، “پسپۆڕی سیاسی” و “کارناسی سیاسی”، “چاوەدێری سیاسی” و …تاد، گۆڕەپان لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی پاقژی کورد دەگرن و بۆ ئەوانی تەرخان دەکەن، مەیداندارییەک کە هێندە بەرفراوانە، وا لە بینەر دەکات، هەست بە سارد و سەودایەکی ژێر بە ژێر لەو ناوەدا بکات.

ئیسلاح تەڵەبە حکومەتییە کوردەکان چەند تایبەتمەندییان هەیە کە خاڵی هاوبەشی هەموویانە:

یەک: سەرجەمیان سەر بە ئیخوانن و ڕەگێکی توندی ئایینییان تێدایە. لەبیرمان بێ کە ئیخوانەکانی ئێران لە ئێستادا ڕێگایان تا ئاستێکی زۆر لە ئیخوانەکانی میسر جیاکردۆتەوە، هەرچەند بە سرنجدان بە کێشەکانی ئەو دواییانەی ناوبەری وڵاتانی عەڕەبی و قەتەر و دەرکەوتنی پەیوەندیی چڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و قەتەر، دەکرێ دژایەتیی کەسانی وەک یوسف قەرزاوەی لە شاشەی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرەوە، دژ بە ئێران و ئەسەدیش بە شێوەیەکی تر تاووتوێ بکەین کە لێرە ناگونجێ و گەرەک باتێن تایبەتی بۆ بهێتە نڤیسین. هەروسا خودی ئیخوانیش لە ئێستادا و بەتایبەتی دوای لەسەر کار لابرانی مورسی، جێگای ڕاڤەیە و چەند دەستەیی تێدایە.

دوو: سەرجەمیان دژ بە حیزبەکان و خەباتی چەکدارین و ڕۆژ نیە بابەتێکی فەیسبووکی یان نووسراوەی تر لەمبارەوە بلاو نەکەنەوە.

سێ: سەرجەمیان بەشێک لە ژیانیان لە تاران ژیاون (چ وەکی خوێندکار، چ وەکی پارلمانتار و چ وەک پزیشک و ژیانی ئاسایی).

چوار: سەرجەمیان بە دژی خەباتی کورد دەنووسن و هیچ گازی و گازندەیەکیان لە حکومەت نیە و بگرە لە هەڵبژاردندا هان لە ڕیزی پێشەوەن.

– بەشێک لەو ئیسلاح تەڵەبانە، خامنەیی بە هێڵی سوور دەزانن و دەڵێن خامنەیی ئەوپەڕجەناحییە و جیاوازی هەیە و بڤەیە.

– بەشێکیان لە سپای قودس دا، فەرماندە و پلەدارن.

– بەشێکیان لە مونشی و یاریدەدەر و ستراتژیستەکانی جالادانی کوردستان، وەک حەسەنی و خەڵخاڵی بوون و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستیان بە خوێنی کورد و ڕۆڵەی کورد سوور بووگە.

نزیک بە ١٠ کەس لە بەرپرسان و هەڵسووڕاوانی سەرەکیی ئیسلاح تەڵەبانی کورد، بەردەوام خەریکی نووسینی پلان و بەرنامە و تێز بۆ سپای تیرۆریستیی پاسدارانن و بەپێی بەڵگەکان کە بە دەست ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتوون و لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا کۆکراونەتەوە، بەردەوام لەسەر نووسینی ئەو تێز و ڕاسپاردانە، لە کێبەرکێ دان. لێرەدیە کە بە ناسرانی کەسانی وەک قانعی فەرد، ئەو کەسانە لە چاوی زیتەوە نەبێ نابیندرێن و خۆیان حەشار داگە و بگرە جلی کوردایەتیشیان پۆشیگە.

ئەو ١٠ کەسە دابەش دەبن بە دوو تاقم کە تاقمێکیان بە کرمتر لە بڕەپارەی ١٥ تا ٢٠ ملیۆن تمەن، هیچ توێژینەوەیەک ئەنجام نادەن و بەشێکیان لە ٥ تا ١٠ ملیۆن پارە وەردەرگرن.

بەشێک لەو ئیسلاح تەڵەبە ئیخوانییانە لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و پارەکەی وەردەگرن بەڵام ئیزن نادەن بە ناوی خۆیان بڵاو بێتەوە کە ئەم دیاردەیە زۆرتر لە ناو ئیسلاح تەڵەبە ئیخوانییەکانی مهاباد و بۆکان دەبیندرێت.

لە ئێستادا ئیسلاح تەڵەبەکان بە سێ تاقم کار دەکەن.

یەک: حیزبی وەحدەتی میلی، لقی کوردستان کە لە پارتی کرێکارانی کوردستان نزیکن و سیاسەتی برایەتیی گەلان بەڕێوە دەبەن و بەرپرسی سەرەکیشیان کەسێکی تورکی خەڵکی هەمەدانە و لە سەرجەم بوارگەلی وەرزشی، ژینگەپارێزی و …تاد دەستیان هەیە.

دوو: ئەو بەشە ناسراوەی کە لە بەرەی مۆڵەت پێنەدراو و بە بێدەنگی خنکێندراوی کورددا کۆبوونەوە و بە هاتنی حیزبی وەحدەتی میلی، لقی کوردستان، بێدەنگ پاشەکشەیان کرد و بەیعەتیان دا بە حیزبی وەحدەتی میلی و ناوی خۆیان قەلاچۆ کرد کە ئەوەش بەپێی فەرمانێک بوو کە لەلایەن موحسێن ڕەزاییەوە ئاراستەیان کرا و ئەوانیش بێ هیچ بیانوویەک و بە شێوەیەکی ئارام، کۆتاییان پێهێنا.

سێ: ئەو ئیخوانیانەی کە خۆیان لە چوارچێوەی نووسەر و ڕۆژنامەنووس دا دەرخستووە و سەرەتا ڕواڵەتێکی ڕەخنەگرانە لە حیزبە کوردییەکانیان لە خۆیان خستە ڕوو و دواتر نەرمەنەرمە بەرەو ڕژیم کشان و لە هاوئاهەنگیی تەواودان لەگەڵ دەستەی دووهەم و لە بەشێکی بەرچاوی کارەکانی خۆیاندا لایەنگرییان لە خەباتی کوردستانی ڕۆژئاوا کردووە و پشتگرییان بۆ کوبانیش کۆکردەوە بەڵام لە هەمبەر کوردی ڕۆژهەڵات کاسەی گەرمتر لە شۆرباون و لەمەڕ سەربەخۆیی باشووریش، هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دژایەتی بکەن و لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدەن ڕوخساری ناشیرینی خۆیان دەرنەخەن.

قسەی کۆتایی:

ئیسلاح تەڵەبە کوردەکان کە وەک گوترا ئیخوانین و بەشێکیشیان جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحن و لە موفتی زادەکانیش نزیک بوونەوە و بەپێچەوانەی سەلەفییەکان، هەموو هەوڵیان بۆ دەستەبەرکردنی هێز و دەسەڵاتی سیاسیە نەک ئایینی و بەرهەمی بەرنامەی ڕەفسنجانی و موحسێن ڕەزایین، بەرنامەیەک کە دواتر درا بە سپای قودس و وەسڵی قاسم سلێمانی کرا بەڵام تا ئێستاش لە ژێر ڕکێفی موحسێن رەزایی دایە. لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بە چڕی هەوڵ دەدات ئیسلاح تەڵەبە ئیخوانییەکان لە کوردستان بکات بە ئالترناتیڤی حیزبە کوردییەکان کە سەرکەوتنی ڕژیم لەو بوارە بە واتای بردنە ژێر ڕەشمەی ڕژیمی خەباتی کورد بە تەواوی و بۆ هەمیشەیە و مەترسیدارترە لە هەبوونی داعش و هەر ڕێکخراوێکی تری ئیسلامی و تیرۆریستی کە بێ گومان ناتوانێ لە ناو کورددا رەگاژوێ دابکوتێ.

ئەو مەترسییە کاتێک زیاتر هەست پێدەکرێت کە بەشێک لە حیزبەکان و میدیاکانیان و بەشێک لە ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبانە و میدیاکارەکانیشیان، بە تەواوی دەستەمۆی ئەو ئیسلاح تەڵەبانە بوون و بگرە وەک پارێزەری ئەو ئیسلاح تەڵەبە ئیخوانییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بابەتەکانیشیاندا، خۆیان دەردەخەن. بۆ ئەو ڕاستییە تەنیا پێویستە چاوێک لە وڵامدانەوەی پۆستە فەیسبووکییەکانی ئەو ئیسلاح تەڵەبانە لە لایەن هەندێک کەس و لایەنی حیزبەکانەوە، بروانین.

ئەم مەترسییە کاتێک فرەتر دەبێت کە دەبیندرێ، چەند کەسێکی سەر بەم ڕەوتە ناڕەسەنە دژە کوردییە، لە ناو حیزبەکانیش پەلیان هاویشتووە. بۆیە باشتر وایە حیزبە کوردییەکان تەنانەت پێش پێکهێنانی بەرە و هێزی یەکگرتووی تایبەت بە ڕۆژهەڵات، وچانێک لەو بابەتەی بەردەستتان بگرن و ڕامانێک لە ناو هێزەکانی خۆیان بکەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت