ژووری “ڕۆژهەڵات، قەڵای جوانی” لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وەک ژوورێکی نوێ و چالاکی کوردانی ڕۆژهەڵات، لە داهێنانێکی نوێدا، کێبەرکێی شیعر و نووسینی داناوە و لە ئەنجامدا کەسی براوەشی ناساندووە.
ڕۆژی کورد: ئەو کێبەرکێیە، لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا، بۆ ماوەی یەک حەوتوو بەردەوام بووە و شەش کەس شیعر و دەق و پەخشانەکانی خۆیان بۆ ژوورەکە ناردووە و دواتر خراوەتە دەنگدان کە لە ئەنجامدا، پەخشانی “مەجید هەرشەمی”، وەک دەقی یەکەم و براوە ناسراوە.
دەقی بەرهەمەکان و ڕاگەیێندراوەی ژوورەکە لەمبارەوە بەو شێوەی خوارەوەیە:
ئازیزان
ئەندامانی ژوری “ڕۆژهەڵات، قەڵای جوانی”
لە ماوەی ڕابردوودا، یەکەم کێبەرکێی شیعر و نووسینی ژوورەکەمان بەڕێوەچوو کە لە ماوەی یەک حەوتوودا، شەش کەس لە ئەندامان، بەرهەمە ئەدەبیەکانی خۆیان نارد و دواتر بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ خرا دەنگدانەوە.
ئەنجامی دەنگدانەکە:
بە گشتی ١٩ کەس لە دەنگدانەکەدا بەشداریان کردووە کە دەقی “مەجید هەرشەمی” بە (٧) دەنگ براوەی ئەو کێبەرکێیە بووە.
شیعری خاتوو “ماری موکریانی بە کۆی (٦) دەنگ، وەک کەسی دووهەم دەست نیشان کرا.
شیعری هەڵمەت مەعرووفی بە (٤) دەنگ، وەک کەسی سێیەم دەست نیشان کرا.
سەرجەم شیعرەکانی تر بە دەنگی بەرانبەر، لە پلەی چوارەمدا جێ دەگرن.
دەقی کاک مەجید هەرشەمی کە یەکەم هاتۆتەوە:
لە بناری قەندیل جگە لە فیشەکدان و چەکی دەستمان و چەند کتێبی تەڕ بە ئارەقەی پشت و گەچراو نەبێت، هیچی ترمان لا نەبوو.
دایکە حەلیمە لەنێو کوانوی گڕی شەڕدا، بە جلە خاکیەکەی، کراس و کەواکەی لەباخەڵی نابوو و سەنگەری کوڕە شەهیدەکەی لە باوەش گرتبوو.
لەگەڵ خۆراوا بوون، زەحمەت بوو لەو کوێستانە ئاور هەڵکەین چونکە دەکەوتینە ژێر رەحمەتی تۆپباران. سەرما تا سەر ئێسقان خۆی ئاخنیبوە گیانم، منی کوری گەرمەسێری بە کراس و پاتۆڵێ بۆم زەحمەت دەگوزەرا، دایە حەلیم کەواکەی پێدام، گوتی بەسەر شانتی دادە، بۆنی دایکتی پێوە بکە، گەرمت دادێنی.
دروستی گوت هەرکە یادی دایکم خەیاڵی هەڵفراندم، بەفری ساردی ناو جەستەم هێدی هێدی توایەوەو خەو پێڵوی چاوی پێداخستم.
لەگەڵ شەبەنگی دوای کازێوە هەڵسام، سیمی کەواکە دەبریسکاوە، وام دەزانی بەدرێژایی شەو لە باوەشی پڕ میهری دایکمدا خەوتوم.
دایک چ نهێنیەکی تێدا حەشار دراوە کە تەنانەت نێوهێنانیشی ئارامی بەروح دەبەخشێ؟!
شیعری دووهەم/ خاتوو ماریا موکریانی:
شیوەنێک بۆ #دایک
ئیمشەو خەمێک لە دڵمایە
هەر چەند دەکەم خەوم نایە
بە بێدەنگی بۆ خۆم دەگریم
شیوەنی مـــن بێ سەدایە
نە بە گـــریان نە بە قــــەڵەم
سووکنایی ئەو دڵـــــەم نایە
هەر چی بۆ بەرزیت بنووسم
هێشتا کەمم گووتوە دایــــە
گـــریە و زاریــم بەردەوامە
هــەتا تـــینم لە بــەر دایــە
هـــەرگیز فەرامۆشت ناکەم
هــــەتاکوو دنـــیا دنــــیایە
شیعری سێیەم: هەڵمەت مەعرووفی
#دایک
دایە بێ شک ئاسمی مانمی
گوڵ کە من بم، خۆرمی، بارانمی
کەنیەکەت کانی ئەڤین و مانەوە
گەشترین خۆری هەموو دەورانمی
چاوەکانت سەنگەری ڕابوونەوەن
تۆ گوڕ و هێزی هەموو کارانمی
شەونخونی و لایەلایەت، سەروەتم
ئێستەکەش هەر زایەڵەی جارانمی
تۆی دەراوی مانەوەم، ئاوی حەیات
خۆت شیفای گشت مەینەت و ئارانمی
باوەشی تۆم چوو لە سایەی نیشتمان
لێ، هەنووکەش خۆرمی، بارانمی
پەخشانی کاک عەلی بانەیی:
دۆعاكانی دایكم
ئهمه شوێن پێی دایکمه و زهردهخهنهی چیرۆکی منداڵیمه
ههڵگری باری بێدهنگییه و جوانی ژووانی نیشتمانه
من نازانم بۆ خۆم بگریم یان بۆ ساته ناخۆشییهکانی دایکم !؟
من نازانم بهکۆڵانه تاریکهکانی شهوانی ڕابردومدا گوزهربکهم یان چهپکه گوڵی دهستت بکهم بهئێخهمهوه .
یان فهقیانهی گرێدراو و زهردهخهنهی گوڵهكان بۆ بخوێنمهوه
دایهگیان بهرلهوهی چیرۆکی دواههناسهم بۆ تۆ بخوێنمهوه
جوانی ماڵێکی پڕنوورت بۆ داوادهکهم لهپهروهردگار .
ههموو ڕۆژێك دایكم لهژێر داری سهوزی پڕبهرهكهتدا نزادهكات
دهست بۆ خوا بهرزدهكاتهوه .!
دۆعاكانی دایكم
مۆمهكانی تهمهنم دادهگیرسێنێ
ترپه و ههناسهی ژیانم دهداتێ
دۆعاكانی دایكم
سهرهتایی ڕۆژێكی نوێم پێدهبهخشێت
ئیمانێكی بههێز و پڕلهخۆشهویستیم لاڕووناك دهكات
دۆعاكانی دایكم
زهردهخهنهی چیرۆكی منداڵیم دهخوێنێتهوه
ماڵێكی پڕنوور و دوور لهتاریكیم دهباتهوه
ئیتر خهونی من بینینی نیشتمانه
دایك مهزنترین و جوانترین دووانهی دڵی ههمووانه .
پەخشانی کاک مستەفا ئەمیری:
بۆ دایك
بۆ دایكی كۆچ كردووم
بۆ ئەو كەسەی كە لە هەموو كەسی خۆشتر دەویستم
خۆشی كرد بوو بە خوای من.
ئەو شۆ چاوم لە ئاسمانی دووریت بڕی
تا لەنێو ئەستێرەكان دا بتبینمەوە
ئەو شۆ چوومە ناو بەحری خەیاڵت
تا لەنێو شەپۆلی یادت دا بتلێمەوە
ئەو شۆ خەون هەڵی گرتم بۆلات
دیتم ببوی بە پەری بەهەشتی
بەسەبڕی و هێدی هێدی بەسەر
فەرشی گوڵان دا دڕۆیشتی
باڵندەكان بەسەر سەرت دا نەرم نەرم
باڵیان لێ دەدا ڕیگای ماڵی تازەیان
پێ نیشان دەدای خانمی دڵ گەرم
ئەوشۆ دەبمە میوانی خەمی ڕۆیشتنت
دەرگام لێ بكەوە وەنەشە بۆن خۆشەكەم كۆڵێكم یادگاری
لە عیشق و وەفا و میهرەبانیەكانت بۆ هێناوی بەدیاری
كوڕە چووكەت مستەفا
شیعری ئیبراهیم دەباغی (ڕۆژهەڵات):
دایە گیان
بە شیرەی گیانی خۆت ، بەخشیت گڕ و تینی ژیان
بۆ لەشی بێ گیان و بێ هێزم ئەتۆ ، ئەی دایە گیان
یاریدە دەر و هاوڕێی هەمیشەم بووی ئەتۆ
ڕۆژ و شەو ماندوو نەناس و بێ نەوەستان دایە گیان
تۆ بڵێی جارێکی دی ئامێزی گەرمت گرمەوە ؟
سەر کەمە سەر کۆشی تۆ خەو چاوی من بگرێتەوە ؟
ئای چ خۆشە ئەو خەوە ، هەر وەک مناڵی تازە بوو
من گڕ و گاڵ و گرین ، تۆش لاواندن و ڕاژانەوە
خۆشەویستی تۆ لە دڵ دەرناچێ تا ماوە ژیان
خۆم دەکەم قوربانی بەر پێت و هەناوت دایە گیان
چرکەێ کیش بیر و یادی تۆ ، لە دڵ دا ون نەکەم
تا کو خوێن مابێ لە لەش ، رووح لە بەدەن ئەی دایە گیان
ئیبراهیم دەباغی (ڕۆژهەڵات )
سیدنی 18/04/18