بۆڵتۆن ئیدانەی هەڵسووکەوتی دژبەرانەی ئێران ده‌کات، لە هەمان کاتیشدا ئه‌ڵێت دەرگا بۆ وتووێژ کراوەیە

0
711

ڕۆژی کورد :
جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نێونەتەوەیی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بانگهێشتی ڕێبەرانی ئێران دەکات بۆ پاشەکشێ لە هەڵسووکەوتی شەڕئەنگێزی، بەرنامەی چەکی ناوەکی، گەشەپێدانی مووشەکی باڵستیک و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و گەڕانەوە بۆ وتووێژی ڕاستەقینە.

جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نێونەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەک لە ئۆرشەلیم پێتەختی وڵاتی ئیسرائیل لە گەڵ هاوتایانی ئیسرائیلی و ڕووسی خۆی باس لەوە دەکات ئەگەر تاران واز لە چەکی ناوەکی، مووشەکی باڵستییک و تێرۆریسم بهێنێت، ئەگەری وتووێژ هەیە. ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نێونەتەوەیی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی حوزەیران داوای لە بەرپرسانی تاران کرد بۆ پاشەکشێ لە هەڵسووکەوتی توندوتیژانە و گەڕانەوەیان بۆ لای وتووێژی ڕاستەقینە لە سەر بەرنامەی چەکی ناوەکی، گەشەپێدانی مووشەکی باڵستییک و پشتیوانی لە هێزە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە.
جان بۆڵتۆن لە نێوان وتەکانی خۆی لە دانیشتن لە گەڵ ڕاوێژکارانی ئاسایشی نێونەتەوەیی ئیسرائیل و ڕووسیە لە ئۆرشەلیم پێتەختی وڵاتی ئیسرائیل، ئێرانی وەکوو سەرچاوەیەکی دژبەری و شەڕئەنگێزی لە ناوچەکەدا تاوانبار کرد. ناوبراو بەرپرسانی تارانی تاوانبار کرد بە پشتیوانی لە توند و تیژی لە هەموو ناوچەکە لە حیزبۆڵای لۆبنان تا ڕژیمی بەشار ئەسەد دەسەڵاتداری سووریە، هەروەها هێزە هاوشێوە سەربازییەکانی شێعە لە وڵاتی عێراق، شۆرشگێڕە ئاژاوەچییەکانی حووسی یەمەن، هێرشە تێرۆریستییەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە وڵاتی ئەفغانستان و هەروەها هەڕەشە بۆ سەر سەرچاوە پاشەکەوتەکانی نەوت و سووتەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جان بۆڵتۆن هاوکات بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەروەها بە دوای دەست پێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکیەوەیە، وتیشی هەروا بە ساکاری هیچ ئاسەوارێک لە بڕیاردانی ستراتێژی ئێران لە هەمبەر وازهێنان لە چەکی ناوەکی و کرانەوەی دەرگای وتووێژی ڕاستەقینە کە دەرخستەی ئاوەها بڕیارێک بێت بە دەستمان نەگەیشتووە. ناوبراو ئاماژەی پێدا لە ماوەی چەن ڕۆژ دا ئێران هەڕەشەی بەرتەسک کردنەوەی پەیماننامەی ناوەکی بەرجام ئەکات و هەموو بڕیارەکان ئەشکێنێت و جارێکی دیکە کەمایەسییەکانی ئەو پەیماننامە ڕووخاوە نمایش دەکات.
جان بۆڵتۆن لە درێژەی باسەکانی دا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەرچی ڕۆژی دووشەممە ترامپ ڕێبەرانی ئێرانی بەرەوڕووی کۆمەڵێک بایکۆتی نوێ و بەرچاو کرد، بەڵام بۆ وتووێژی ڕاستەقینە لە مەڕ هەڵگرتنی تەواو و جێگای متمانەپێکردنی بەرنامەی چەکی ناوەکی ئێران، هەوڵ بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە سیستەمی مووشەکی باڵستییک، پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستە نێودەوڵەتییەکانی ناوچە و هەڵسووکەوتە دژبەرانەکانی لە هەموو دونیا، دەرگاکانمان بۆ وتووێژ کراوەیە. ناوبراو ئەوەی زیاد کرد تەنیا کاری پێویست بۆ دەوڵەتی ئێران ئەوەیە لە ڕێگای ئەم دەرگا کراوەیە بێتە ژوورەوە و وتووێژ دەست پێبکات.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارێکی خۆیدا ئاماژەی بەوەکرد کە بایکۆتە نوێکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دژی دەسەڵاتدارانی باڵای ئێران، لەوانە دیپلۆماتکاری باڵای کۆماری ئیسلامی، جەواد زەریف ئەوە نیشان دەدات کە دەوڵەتی واشنگتۆن لە پێشنیاری بانگهێشت بۆ وتووێژ ڕووڕاست نیە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کۆبوونەوە و دانیشتنی سێ قۆڵی ڕۆژی سێشەممەی ئەندامانی ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نێونەتەوەیی هەر سێ وڵاتانی ئامریکا، ئیسرائیل و ڕووسیە لە ئۆرشەلیم بە مەبەستی ئامانجێکی هاوبەش بۆ وەدستهێنانی ئاسوودەیی و ئەرخایەنی لە دەرچوونی هەموو هێزە دەرکییەکان لە سووریە بەڕێوەچوو کە هاوکات بنیامین نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی وڵاتی ئێسرائیل بەشدار بوو لە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکەدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.