با ڕۆژی ١١ بانەمەڕ (١ی مای)، ڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا بکەین بە ڕۆژی باوکی کورد

0
1796

پۆلێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لە دەرەوەی و لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، قۆڵی هیمەتیان هەڵماڵیوە و بیرۆکەیەکی نوێیان بۆ هێماسازی لە ناو کورد خستووەتە گەڕ. ئەو چالاکە کوردانە دەڵێن، “١١ی بانەمەڕ، ڕۆژی لەدایک بوونی پێشەوا قازی محەمەد، باشترین ڕۆژە بۆ ئەوەی کە وەک ڕۆژی باوکی کورد دەستنیشان بکرێ”.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی سێ شەمە ٣ی ئاپریلی ٢٠١٨ بەرانبەر لەگەڵ 14ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ی کوردی، پۆلێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لە دەرەوە و ناوخۆ، بە دوو قۆڵی، لە ڕێگای لاپەڕەیەکی فەیسبووکیەوە، دەستیان بە چالاکی کردووە و پێشنیار دەکەن “ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ واتا ١ی مای، بکرێ بە ڕۆژی باوکی کورد”.

ئەوان بە سرنجدان بە کەسایەتی و کاریگەریی پێشەوا قازی محەمەد و بەدەربوونی لە هزری حیزبی و هەروەها سازدانی یەکەم کۆماری کوردستان و گیانفیداییەکەی لەڕێگای کوردستان، ڕۆژی لەدایک بوونی شەهید پێشەوا قازی محەمەد بە شیاوترین ڕۆژ بۆ دەست نیشان کران وەک ڕۆژی باوکی کورد دەزانن.

ئەو چالاکە کوردانە دەڵێن، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، چیتر وەدوای هێما ئایینی و نەتەوەییەکانی فارسەکان و عەڕەب و تورکەکان کە داگیرکاری کوردستان لە چوار وڵاتی ئێران، سووریە، عێراق و تورکیەن نەکەوین و خۆمان هێماساز بکەین.

لە یەکەم ڕاگەیێندراوی ئەو چالاکە کوردانەدا هاتووە:

هێما و سیمبولەکان بۆ هەر نەتەوەیەک و لە ڕاستیشدا بۆ بوون بە نەتەوە و نەتەوەسازی، دەورێکی گرنگ و کاریگەریان هەیە، کورد تا ئێستا زۆر لە هێماسازیدا سەرکەوتوو نەبووە یان خاسترە بێژین، فرە گرنگی بە هێماسازە نەداوە.

باوک، وەک مرۆڤێکی ڕەنجکێش، دڵسۆز و لەخۆبوردوو، یەکێک لەو مرۆڤانەیە کە دەبێ ڕێزی لێ بگیردرێ و لە هەموو جیهان و لەناو زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، ڕێزی لێ دەگرترێ و رۆژێکی بۆ دەست نیشان کراوە، لێ لەناو کورددا مخابن تا بە ئەمڕۆش ڕۆژێک بەناوی ڕۆژی باوک نیە.

لەوما ئێمە، پۆلێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد، بە هاوڕایی گەیشتینە ئەو قەناعەتە کە ڕۆژێک وەک ڕۆژی باوکی کورد دەست نیشان بکەین، بەڵام ئەو ڕۆژە دەبوو و دەبێ، هێمایەکی کوردی بێ.

هەر بۆیەش بە هاوڕایی بەو قەناعەتە گەیشتین کە پێشەوا قازی محەمەد دەکرێ لە دەیان ڕووەوە وەک باوکی هەموو کوردان یان وەک هێمای بەرزی باوکی کورد بناسرێ.

بۆیەش لێرەوە هەوڵ دەدەین بە هاوکاریی ئێوەی زێدەهێژا، بە بێ سرنجدان بە ڕوانگەی سیاسی و حیزبی و ئایدیای تاکەکەسی، ڕۆژی 11ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی لەدایک بوونی پێشەوا قازی محەمەد، وەک پێشەوای یەکەم کۆمار و پڕشانازیترین قۆناخی خەباتی کورد لە هەر پێنج پارچەی کوردستانی داگیرکراو بکەین بە ڕۆژی باوکی کورد.

هیوادارین هەموو لایەک هاوکارمان بن

بەڕێوەبەرانی لاپەڕەی “پێشەوا، باوکی کوردان”

بۆ چوونە ناو لاپەڕەی فەیسبووکیی پێشەوا باوکی کوردان، لێرە کرتە بکە.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.