ئەسەد لە دژکردەوە بە لێدوانی ترامپ:هەر جموجووڵێکی ڕۆژئاوا لە سووریە دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە.

0
870

بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژیمی سووریە دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند، هەر جموجووڵێکی ڕۆژئاوا لە سووریە دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە.

ڕۆژی کورد: بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژیمی سووریە، ڕۆژی پێنجشەمە ۲۳ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۱۲ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی، لە کۆبوونەیەکدا لەگەڵ عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی و نوێنەری نێونەتەوەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند: “لەگەڵ هەر سەرکەوتنێکی سووریە لە گۆڕەپانی شەڕدا، دەنگی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبیسترێت، هەوڵ بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەی ڕووداوەکان ئەدەن”.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا عەلی ئەکبەر ویلایەتی نوێنەری خامنەیی ڕایگەیاند: “سووریە ئەمڕۆ وەکوو حەوت ساڵی پێش لاواز نییە و ئەمریکاش لە جاران بەهێزتر نییە”.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕایگەیاندبوو کە “جەمسەری بەرگری” کە مەبەستی لەو چەمکە، حیزبووڵا و حەماس و حەشدی شەعبی وگرووپە تیرۆریستیەکانی تری سەر بە ئێرانە، ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی ئەمریکان.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشتر ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوەی هەیە هێرشی مووشکی لە بەرانبەر بە کار هێنانی گازی کیمیایی لە شارۆچکە “دوما” لە غوتەی خۆرهەڵات، بکەینە سەر ڕژیمی سووریە و گورزێکی سەربازی لێ بوەشێنین.

پێشتر لە بەرانبەر ئەو هەڕشانەی ترامپ، ڕووسیە ڕایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێکی مووشەکی ئەمریکا بۆ سەر سووریە، ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە و ئەو مووشەکانە تێک دەشکێنین.

کارناسی پرسە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ناوەندی ڕۆژی کورد، لەو بروایەدایە کە هیچ هێرشێکی ئەوتۆ ناکرێتە سەر سووریە.

کارناسی پرسی سیاسیەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، هۆکاری ئەو بانگەشەی خۆی گەڕاندەوە بۆ:

١- کەسایەتیی دۆناڵد ترامپ و بەکارهێنانی شێوەکانی خۆی لە بواری ئابووری لە بەشی سیاسیدا کە دژبەرەکەی خۆی بە ڕێکلام و پرۆپاگەندا گێژ دەکا و ناچار بە دانی خاڵی دەکا.

٢- فەڕانسە نایهەوێ ڕووبەڕووی ئێران و ڕووسیە ببێتەوە و تەنیا لەگەڵ هەندێک هێرشی سنووردارە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ تەمای ماکرۆن بۆ پەرەسەندی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی فەڕانسە لە ڕێگای ئێران و ڕووسیەوە.

٣- لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، دۆخی نێوان عرووس و ئەمریکا یەکجار ئاڵۆز دەبێ کە لە ئێستادا بە قازابجی هیچ کام لەو دوو زلهێزە نیە کە گومانی تێدا نیە لە پشتی پەردەوە پێکەوە ڕێکەوتنگەلێکی زۆریان بەتایبەتی لە سووریە هەیە.

٤- تێچووی زۆری ئەو شەڕە ئەویش لە کاتێکدا کە هیچ کام لەلایەنەکان ئامادەیی ئەوەیان نیە سیستەمی ئێستای سووریە تێک بچێ و ئەگەری پەرەئەستاندنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان و عێراق زیاتر دەکات.

بۆیە لای وایە کە بە دەست نیشان کردنی ئەو ٧٢ کاتژمێرە، ترامپ بە نیازی خاڵی پێویست لە عرووس بستێنێ و ناچار بە مل دان بە ویستەکانی ئەمریکای دەکات. هاوکات، ترامپ کە لە هەڵبژاردنەکان، لەلایەن عرووسەوە یارمەتی وەرگرتووە، پێ ملە بە هەندێ مەرجی عرووسەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.