هەوڵە نیشمانپەروەرانەکانی کوردان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی نیشتمان لە کرماشان، جیا لە ناوخۆ لە هەندەران و تاراوگەش بەردەوامن. لە درێژەی ئەو هەوڵانەدا، “ڕێکخراوی کولتووریی زاگرۆس” بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کوردی نیشتەجێی وڵاتی بلژیک ئێوارەکۆڕێک بەڕێوە دەبات.
ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنیری ناوەندی ڕۆژی کورد لە بلژیک، ڕێکخراوی کولتووریی زاگرۆس بە مەبەستی پشتیوانی کردن و ناردنی هاریکاری بۆ کوردستانیانی لێقەوماوی شاری کرماشان، ئێوارەئاهەنگێکی هونەری، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کوردی نیشتەجێی وڵاتی بلژیک بەڕێوە دەبات.
سەرجەم داهات و دەستکەوتەکانی ئەو ئێوارەکۆڕە هونەرییە، بۆ خەڵکی شاری کرماشان کە ماڵ و حاڵیام ڕماوە و بێ پەنا ماونەوە، تەرخان دەکرێ
ئازاد مستەفاپوور، هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد و یەکێک لە هونەرمەندانی بەشدار لەو ئێوارەکۆڕەدا، تایبەت بە ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی: “لە بەربەری شەوی یەلدا و نزیک بوونەوەی ساڵی نوێی زایینی چەند هونەرمەندی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان، بە هاوکاریی ڕێکخراویی کولتووریی زاگرۆس، ئەو ڕێوڕەسمە بە ناوی، شەوی یەلدا و سەری ساڵی نوێی زایینیی بەڕێوە دەبەن و کردوویانە بە بیانوویەکی شیرین بۆ ئامانجێکی بەرز و مرۆیی کە بریتیە لە کۆکردنەوەی هاریکاریی مادی بۆ کوردستانیانی کرماشان”.
هونەرمەندانی بەشداربوو بریتین لە:
یووسف ڕەشۆ
ئەکەرم حەمۆ
ساکۆ سووڵتانی
فەرهاد ئەمینی
ئازاد مستەفاپوور
کات:
شەممە، ٢٣.١٢.٢٠١٧