ئیسرائیل سەرۆکایەتی خولی ئەمجارەی لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داماڵینی چەک لە ژنێڤ دەستپێکرد، ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی سووریا بایکۆتی بکات و ئێرانیش ناڕەزایی دەرببڕێت .
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەند ، دانیەل میرۆن باڵیۆزی ئیسرائیل لە بارەگای ئەورووپای نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە 31 ی گەلاوێژ سەرۆکایەتیی کۆنفرانسی داماڵینی چەک و چەکدارانی کرد وەک یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم گرووپە بە بەشداری نوێنەرانی ٦٥ وڵاتی وڵات.
ئێران و سوریا کە دوو دوژمنی سەرەکیی ئیسرائیلن شانبەشانی ئیسرائیل ئەندامی کۆنفرانسەکەن، بەڵام باڵیۆزی سوریا ئامادەنەبوو لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا بەشداری بکات و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی .
کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داماڵینی چەک 45 ساڵ لەمەوبەر بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتننامەکانی چەکداماڵین و کۆنترۆڵکردنی چەک بەتایبەتی چەکی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵکوژی دیکە دامەزرا.
ئەم دامەزراوەیە بە لەبەرچاوگرتنی ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی گشتیی و پێشنیارەکانی وڵاتانی ئەندام ڕێکار و کارنامەی سەربەخۆی خۆی پەسەند دەکات.