ئایین، زانست، سیاسەت و کرۆنا

0
1872

نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ :
ژیله‌مۆ – ماسته‌ری ده‌رونناسی

لەم ڕۆژانە شتێک ختۆکەی مێشکم ئەدات شتێک کە پێنووس و تێنووس جگە لەوە ناتوانن هاوکاریم بکەن.
باسی ئەو تاجەیە کە بنرێتە سەری هەرکەس جلی مەرگ ئەبێتە خەڵاتی؛ ڤایرۆسی کرۆنا.
هەر وەک دەزانین باسی کرۆنا ویرووس باڵی کێشاوەتە سەر هەموو هەواڵەکانی ئەمڕۆژانە، جا لەم نێوانەدا ئایین و زانست هەر یەک بە شێوەیەک دەیهەوێ جیهان ڕزگار بکات و ببێت بە قارەمان و ڕزگارکەری جیهان لە شەڕی ئەم نەهامەتیە. بەڵام سیاسەت لەو نێوەدا چی ئەڵیت؟
ڕەنگە زۆر جار بیستبێتمان کە ئەم ڤایرۆسە پێکهاتەیەکی دەستکردی مرۆڤە کە سیاسیەکان سازیان کردووە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان و لە ناو بردنی خەڵکانێکی بێ گۆناح و بێ ئاگا لە هەموو شتێک. بۆ ئەوەی قوربانی بن لە پێناو سیاسەتدا. بڕێ کەس لە سەر ئەو باوەڕەن ئەگەر دەستکرد بێت کەواتە دەرمانەکەشی هەر پێشتر دروستکراوە! بەڵام جارێ ئەبێ بە ڕێژەی پێویست قوربانی بگرێت ئینجا دەرمانەکەی بە کار بهێنن.گرینگ نیە ئەگەر ئەمانە هەموو فەرز و پێشساختی مێشک بێت یان راستیێکی تاڵ، گرینگ ئەوەیە کە لێرەدا زانست بووەتە قوربانی سیاست و خزمەت بە سیاسەت دەکات، چ ئاگای لێ بێت و چ ئاگای لێ نەبێت. سەرەڕای ئەوەش کە هەموو زانایان و پسپۆڕانی جیهان راسپاردەکانی زانستی خۆیان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەگەێنن بە گوێی خەڵک بۆ رووبڕووبوونەوەی مرۆڤ بەرانبەر بەو ڤایرۆسە.
ئائینیش بە هێورکردنەوەی خەڵک خەریکی نواندنی دەرمانەکانی خۆیە و بێکار دانەنیشتووە. بەڵام بە درێژایی مێژوو ئەم دوو لایەنە ‌بەیەکەوە رکابەرییان بووە و رێگەیان لە یەکتر گرتووە بۆ پێشخستنی مرۆڤ. سیاسەتیش بە دڵی خۆی وەکوو چەقۆیەکی دوو دەم ڕۆلێ گێڕاوە و لە هەردووکیان لە دەرفەتی و کاتی جیاجیادا سوودی بردووە.
لەوەتەی مرۆڤ هەیە بەدوای شتێک بووە بۆ سوجدەبردن و پەرەستش کردن و نووساندنی خۆی پێوە. هەر لە ئەستێرە و مانگ بگرە هەتا خۆرەتاو و ئاگر و….هتد.
جا تایبەتمەندی و سەرچاوەی هەموو ئەم شتانە رووناکی و بەهێزبوون و نامۆئیانە. دیارە مرۆڤ لە شتێکی دەروونی بە نێوی ئەهریمەن کە سەمبۆلی تاریکیە ڕووی وەرگێڕاوە بەرەو شتێکی پاک و موقددەس کە ڕووناکی بێت و لە کاتی مەترسی و چەرمەسەریدا پەنای بردووە بەو سەرچاوە بەهێزانە و هەوڵی داوە خۆی ئارام بکاتەوە. ئەم رەوتە بەرەبەرە بووتە عادەت بۆی و ئایینی جیاوازیش بە پێی ئەو جۆغرافیایەی کە تێیدا ژیاون پێک هاتووە. ئەگەر مرۆڤ لە دڵی خۆیەوە شتێک هێوری کاتەوە هیج عەیبێکی تێدا نیە بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی دوواکەوتەیی و دابڕانی لە ئەزموون و خەتا، ئەوکات ئیدی قەبووڵکردنی بڕێکی زۆر زەحمەتە.
ئەبێ هەر مرۆڤێک مافی هەڵبژاردنی ئەوەی هەبێت کە چی پەرەستش بکات یان نەیکات. نابێ وەکوو میرات لە باب و باپیریەوە پێی بگات و ئەویش بێ هیچ لێپرسینەوەیەک وەریبگرێ یان لە نەتەوەیەکی ترەوە بە سەریا بسەپێت و بە زۆر قەبووڵی کردبێت. ئەوجاریش لە ترسا قەبووڵی کردووە کە ئەگەر نەتوانێ بیبەزێنێ لە ماوەیەکی درێژخایندا عادەتی پێ دەکات و وەکوو خوێن لە دەمارەکانیدا هاتوچۆ دەکات..ئەمانەی کە باسیکرا کاری سیاسەتە. هەرکات بیر و باوەڕی ئایینی لە چوارچێوەی تاکە کەسیەوە گواسترایەوە بۆ هەرێمی گشتی و پڕوپاگاندەی پێکرا و هەناردەکرا بۆ ئەملا و ئەولا دیارە بەرژەوەندیەکی نهێنی لە پشتەوە هەیە. لێرەدایە کە چەقۆ دوو دەمەکەی سیاسەت کەوتووەتە کار و خەریکە گەمە بە هەست و بیر و بڕوای خەڵک دەکات و ئەمەش مەترسیدارە. خەڵک تەنها ڕێگای ڕزگار بوونی خۆیان لە تەنگانەکانا ئەو بیر و باوەڕە شەخسیە ئەبینن کە ئێستا ئیتر بووە بە گشتی. وەک چۆن ئێستا لە هەمبەر ڤایرۆسی کورۆنا بڕێ لە خەڵکان گوێڕاێەڵی راسپاردەی مامۆستایانی ئاینین لە باتی ئەوەی کە گوێ بە زانست بدەن. ئایینی سیاسی وەها مرۆڤ دەخاتە ژێر چاوەدێری کە مرۆڤ پێی وایە هیچ شتێک لەوە گەورەتر و بەهێزتر نیە. لە لایەکی تریشەو زانست تا ئەوکاتەی باشە و خەڵک بەرەو پێش ئەبات کە لە خزمەتی تاکدا نەبێت، بەڵکوو بە مرۆڤەکان بە گشتی خزمەت بکات. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو باسەی کە ئەگەر ئەم ڤایرۆسە دەستکرد بێت؛ چە جەنایەتێکی گەورە لە ئارادایە بە هۆی ئەوەی کە سیاسەتوانان پێیان وایە بڕێ کەس شایانی ژیانە و بڕێ کەس نا. بە هۆی خەرج و بەرجی ئابووری کە بۆ وڵاتەکان زۆر قورس تەواو دەبێ. بە هەر حاڵ زانست توانیویە ئەو ڤایرۆسە ساز بکات یان باشتر بڵێم زانستی سیاسی.
مرۆڤ بیهەوێت و نەیهەوێت بوونەوەرێکی سیاسیە، چ شوانێک بێت بە دیار مەرەکانیەو لە کەژ و کێو، چ مامۆستایەک بێت لە زانکۆ و چ سەرۆک کۆماری وڵاتێک… .
هەر کام بەش بە حاڵی خۆیان لە سیاسەت بەهرەیان هەیە. بەڵام خۆزگە ئەو سیاسەتەیان بۆ بەرژەوەندی گشتی بە کار ئەهێنا نەک بەرژەوەندی شەخسی خۆیان.

لێرەدا ئەگەر بیر لەوەش بکەینەوە کە ئەم ڤایرۆسە شتێکی سروشتیە و هیچ پەیوەندیەکی بە لابراتوارە پزشکی و بایۆلۆژیەکانەوە نیە دیسان سیاسەتی چەواشە دژ بە خەڵک و وەڵاتەکان دەردەکەوێ.
مرۆڤێکی لووت بەرز و دەمارگرژ کە دین و ئایین کردوویەتە سەروکی عەرز و ئاسمان و گشت بوونەوەرەکان، خۆی ئەبێتە هۆی وێرانی و لەناچوونی خۆی و بوونەوەرەکان و ژیانی سەر زەوین!
زانست مرۆڤی بەسەر جیهاندا زاڵتر کردووە و کردوویە بە حاکم و سەرپشک و بڕیاردەر لەم جیهانە پان و بەرینەدا. ئەم مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ئاسایشی خۆی هەموو سرووشتی لە ناو بردووە و لەوانەیە ئەم ڕۆژانە ڕۆژی تۆڵەسەندنی سروشت لە مرۆڤ بێت. ئەگەر سیاسەت کەڵک وەرگرتن لە سروشت بۆ ژیانی بەختەوەر و دوور لە تەوەزلی و داگیرکەری بوایە ئەمڕۆ حاڵی هەموومان باشتر بوو، تەنانەت رەنگە کورۆناش هیچ باسێکی نەدەبوو! با ئەو وتەی رۆڵان بارت تان بیربهێنمەوە کە وتی:((ئەگەر ئێمە مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕنین دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چی لە دنیای ئێمەدا ئیتر نابێ بوونیان هەبێ. مرۆڤی سەردەم رەخنەیی بێبەزەییانەی خۆی بەردەوام ئاراستەی ئایین و سیاسەت دەکات و کۆنتڕۆڵیان ئەکات))
با ئاگامان لەم چەقۆی دوودەمی سیاسەتە بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.