ئاڵمان، بریتانیا و فه‌ڕانسه‌ داوای ئه‌وه‌یان كرد گه‌مارۆ چه‌كه‌مه‌نییه‌كانی سه‌ر ئێران تا ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی درێژ بكرێته‌وه

0
1759

ڕۆژی كورد :
وڵاتانی ئالمان، بریتانیا و فه‌ڕانسه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌یه‌ك خوازیاری درێژه‌پێدان و به‌رده‌وامیی گه‌مارۆ چه‌كه‌مه‌نییه‌كان دژی ئێران تا ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی بوون. زه‌ریف ئه‌ڵێت ئه‌و سێ وڵاته‌ ئه‌وروپاییه‌ له‌ ئاستی ڕاسپارده‌ كردن و بڕیاردان دژی ئێران نین. هاوكات ڕۆژنامه‌ی كه‌یهانی تاران له‌ وه‌ها بارودۆخێكدا كشانه‌وه‌ و ده‌رچوون له‌ په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی “ئین پی تی” وه‌كوو ئه‌سپارده‌یه‌ك به‌ باش ئه‌زانێت.

دوابه‌دوای په‌سه‌ند كردنی بڕیارنامه‌ی پێشنیار كراوی ئاڵمان، بریتانیا و فه‌ڕانسه‌، هاوپه‌یمانیی سێ لایه‌نه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایی واژووكه‌رانی ریكه‌وتننامه‌ی به‌رجام له‌ ئه‌نجۆمه‌نی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناوه‌كی، ئه‌م سێ وڵاته‌ به‌ ڕاگه‌یاندنی بریارنامه‌یه‌ك وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی قووڵی خۆیان له‌ هه‌ڵگرتن و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی گه‌مارۆ چه‌كه‌مه‌نییه‌كان دژی ڕژیمی ئێران له‌ مانگی ئۆكتۆبر، خوازیاری درێژكردنه‌وه‌ و به‌رده‌وامكردنی گه‌مارۆكان تا ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی بوون. ئه‌م سێ ولاته‌ سه‌ره‌كییه‌ی ئه‌وروپا هاوكات پشتڕاستییان كردووته‌وه‌ و جه‌ختییان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كردووته‌وه‌ كه‌ هه‌روه‌ها پایه‌ندن به‌ بڕیاره‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی ناوه‌كی به‌رجام.
هایكۆ ماس، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئاڵمان هاوڕی له‌ گه‌ڵ دوو هاوتای خۆی له‌ وڵاتانی بریتانیا و فه‌ڕانسه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌ڵگرتن و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان كه‌ فرۆشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی نایاسایی بۆ وڵاتی ئێران قه‌ده‌غه‌ ئه‌كات، كاریگه‌ری خراپی دژی باری ئه‌منی و سه‌قامگیری ئاسایشی گشتی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت. هه‌ڵگرتنی قۆناغ به‌ قۆناغی ئه‌م گه‌مارۆ و بایكۆتانه‌ له‌ بڕیارنامه‌ی ژماره‌ ٢٢٣١ی ئه‌نجۆمه‌نی ئه‌منییه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گونجێندراوه‌ كه‌ دوابه‌دوای گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتنی ناوه‌كی به‌رجام له‌ ساڵی ٢٠١٥ی زایینی په‌سه‌ند كرا. وڵاتی ئامریكا كه‌ له‌ مانگی مایسی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی له‌ ڕیكه‌وتنی ناوه‌كی به‌رجام ده‌رچووه‌، خوازیاری به‌رده‌وامی گه‌مارۆ چه‌كه‌مه‌نییه‌كان دژی ئێران بووه‌.
وه‌زیرانی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئاڵمان، بریتانیا و فه‌ڕانسه‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی ٢٠ی حۆزه‌یران له‌ به‌رلین پێته‌ختی وڵاتی ئاڵمان دیدار و چاوپێكه‌وتنیان پێك هێنا و له‌ ئاراسته‌ی گه‌یشتن به‌ ستراتێژییه‌كی هاوبه‌ش وێڕای وتووێژ و دانووستانێگی گرینگ له‌ ڕیكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕا و ڕاوێژیان كرد و له‌ كۆتاییدا ڕاگه‌یه‌ندراوێكیان له‌م بواره‌دا بلاو كرده‌وه‌. هه‌ر سێ وڵاتانی ئه‌وروپایی له‌ هاوكاری نه‌كردنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ گه‌ڵ ئاژانسی نیوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناوه‌كی به‌ گشتی ڕه‌خنه‌یان گرتووه‌ و ئێرانیان به‌ پابه‌ند بوون به‌ به‌ڵێنه‌كانی په‌یمانی ناوه‌كی به‌رجام بانگهێشت كردووه‌. هاوكات ئه‌و سێ وڵاته‌ ئه‌وروپاییه‌ ساغ بوونه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ و بڕیاریان داوه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕوانگه‌ و هه‌ڵویسته‌كانی خۆیان له‌ گه‌ڵ چین و ڕوسییه‌ و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجۆمه‌نی ئه‌منییه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕا و ڕاوێژ پێك بێنن.
هاوكات و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕژیمی ئێران بریارنامه‌ی ئه‌نجۆمه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناوه‌كی مه‌حككوم و ئیدانه‌ كردووه‌ و ئه‌و بڕیارنامه‌ی هیوابڕاو و دڵسارد كه‌ره‌وه‌ ناو بردووه‌. هه‌روه‌ها زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ داخوازی وڵاتانی ئالمان، بریتانیا و فه‌ڕانسه‌ به‌ داخوازی ئه‌و سێ وڵاته‌ ئه‌وروپاییه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵینه‌ به‌رجامییه‌كانی ئێران ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ شایسته‌یی و شیاوی ئه‌وه‌یان نیه‌ كه‌ وه‌ها ڕاسپێردراوێك بكه‌ن. زه‌ریف له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ وڵاته‌ ئه‌وروپاییه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر گوشاره‌كان و ناهه‌قییه‌كانی ئامریكا بێ ده‌سه‌ڵاتن و هاوده‌ستی تڕامپ و نتانیاهوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووهێرش بۆ سه‌ر ئه‌ندامی پیشووی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له‌ وڵاتی هۆڵه‌ند
بابەتی دواترهه‌ژماری گیان له‌ ده‌ستچووانی تووشبوو به‌ په‌تای كڕۆنا گه‌یشته‌ نزیك به‌ نیو ملوێن كه‌س له‌ هه‌موو جیهاندا

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.