کاک فوئاد ساڵی 1327 ی هه‌تاوی له ئاوایی ”ئاڵمانه“ ی مه‌ریوان له دایک بوو. ده‌وره‌ی منداڵیی تا ته‌مه‌نی نزیک ده‌ساڵی له وێ تێپه‌ڕ کرد و له خوێندنگه‌ی گونده‌که تا پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی خوێند. بۆ درێژه‌دان به خویندن، کاک فوئاد و چه‌ند که‌س له براکانی چوونه شاری سنه. پۆلی پێنجه‌می له خوێندنگه‌ی گه‌ڕه‌کی ”قه‌تارچیان“ ده‌ست پێ‌کرد. وه‌ک خوێندکارێکی ئازا و وریا بووه جێگه‌ی سه‌رنجی هاوڕێیان و مامۆستاکانی و، له بواری هه‌نده‌سه و حیساب و داڕشتن چه‌ند جار نامه‌ی پێزانینی له به‌ڕێوه‌به‌رانی خوێندنگه‌که وه‌ر گرت. کاک فوئاد له خوێندکاره هه‌ره به ناوبانگه‌کانی شاری سنه بوو. خوێندنی سه‌ره‌تایی سه ر‌که‌وتوانه ته‌واو کرد و، له ده‌بیرستانی ”ڕازی“ درێژه‌ی به خوێندن دا. دوای ته‌واو کردنی پۆلی نۆیه‌م، به‌شی ماتماتیکی هه‌ڵبژارد و له “ده‌بیرستانی هیدایه‌ت” درێژه‌ی به خوێندن دا. به‌ر له‌وه‌ی بچێته پۆلی دوازده، وه‌ک خوێندکارێکی نموونه هه‌لبژێردرا و، ناردرا بۆ شاری “ڕامسه‌ر” له باکووری ئێران بۆ ئوردوویه‌کی هاوینه که تایبه‌تی خوێندکارانی هه‌ڵبژارده بوو.
له سه‌رده‌می خوێندندا، هاوینان بۆ دیداری دایک و باوک ده‌گه‌ڕایه‌وه ئاڵمانه، به‌ڵام ساڵی 1345 وه‌ک کارمه‌ند بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له ئیداره‌ی “تووتن”ی شاری مه‌ریوان کاری کرد. بۆ درێژه‌پێدانی خوێندن له زانستگه به‌شداریی تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری (کونکوور)ی کرد و له زۆرتر له دوازده زانستگه‌ی به نرخ و دژواری ئێران ، له ئاستێکی به‌رزدا، وه‌رگیرابوو. به ته‌مای درێژه‌پێدانی خوێندن له “زانستگه‌ی نه‌وتی ئابادان” به‌شداریی له تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی ئه‌و زانستگه‌یه کرد و ئه‌نجامی سه‌رکه‌وتووانه‌ی به‌ده‌ست هێنا و ناوی له ڕۆژنامه‌کاندا بڵاوکرایه‌وه. له گفتوگۆیه‌کدا به ڕێوه‌به‌رانی زانستگه‌که پرسیاریان لێکردبوو ئه‌گه‌ر ببی به سه‌رۆک وه‌زیری ئێران چ ده‌که‌یت ؟ وه‌ڵامی دابووه‌وه “بۆ گه‌ڕه‌که فه‌قیرنشینه‌کانی ئێران ئیمکاناتی مه‌دره‌سه، زانستگه، کاره‌با، جاده، ئاوی خاوێن و خزمه‌تگوزاریی فه‌راهه‌م ده‌که‌م” . هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی کاک فوئاد بوو به هۆی ئه‌وه که له زانستگه‌ی نه‌وتی ئابادان وه‌رنه‌گیرێ. هاوینی ئه‌و ساڵه، بۆ خوێندن له زانستگه چووه تاران و له گه‌ڕه‌کی “خانی ئاباد”ی تاران له لایه‌ن ناسراوێکه‌وه ماڵێکی بۆ دابین کرا. سه‌ره‌نجام چووه زانستگه‌ی “ئاریامیهر”. له تاران له گه‌ڵ ڕووناکبیران و خوێندکارانی زانستگه و تێکۆشه‌رانی ڕادیکاڵ و چه‌پ ئاشنا بوو و هاوبیره‌کانی خۆی دیته‌وه .
ساڵی 1348 ی هه‌تاوی له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له ڕووناکبیرانی چه‌پ و تێکۆشه‌ر، به نهێنی ڕێکخراوێکیان دامه‌زراند که دواتر به “کۆمه‌ڵه” ناسرا. به‌شێکی گه‌وره‌ی کاتی خۆی بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێبی مارکسیستی و به‌شداری له کۆبوونه‌وه نهێنییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا ته‌رخان کردبوو. ده‌وره‌ی “سه‌ربازی”یه‌که‌ی وه‌ک “سیتوان دووی وه‌زیفه” ، له “ئیداره‌ی به‌رق”ی شاری مه‌ریوان ده‌س به کار بوو. له به‌رانبه‌ر ساواک و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی -وه‌ک “نیروومه‌ند” فه‌رمانداری ئه‌وکاتی مه‌ریوان- که هه‌وڵیان ده‌دا له هه‌موو لایه‌نێکی ژیانی شاره‌که‌دا ده‌خاله‌ت بکه‌ن، به توندی ڕاوه‌ستا. ئه‌م ڕاوه‌ستانه ئۆتۆریته‌ی کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی له شاره‌که، شکاندبوو. ساواک زه‌مینه‌ی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی کاک فوئاد ئاماده کرد و، وه‌ک کاربه‌ده‌ستی کاره‌با بۆ شاری “برووجرد” گوازرایه‌وه. ئه‌وه‌ی خزمه‌تی چاک بوو له دوو شاری مه‌ریوان و برووجرد، ده‌رحه‌ق به خه‌ڵکی ده‌سته‌نگ و هه‌ژار کردی و یادگاری شیرینی له خۆ به جێهێشت.
دوای ده‌وره‌ی سه‌ربازی له ئه‌نستیتو و هونه‌رستانی شاری سنه وه‌ک ده‌بیری فه‌ننی وه‌رگیرا. له گه‌ڕه‌کی “ئاغه‌زه‌مان” ماڵێکی به کرێ گرتبوو. که‌متر له مانگێک له هونه‌رستان کاری کرد. ساواک له که‌میندا بوو. گرتیان و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بردیانه زیندانی “کومیته‌ی هاوبه‌ش” له تاران، که سێ ده‌زگای ساواک، پۆلیس و ژاندارمه به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. ماوه‌یه‌ک له زیندانی کومیته شکه‌نجه کرا، به‌ڵام ساواک نه‌یتوانی وه‌ره‌ی بشکێنێت و قاره‌مانانه نهێنییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی پاراست. بۆ زیندانی “قه‌سر”ی تاران گوازرایه‌وه و زیاتر له سێ سال له‌وێ به‌ند کرا. له زیندانی “قه‌سر” بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر بارودۆخی زیندان مانی له خواردن گرت وبۆ شکاندنی وره‌ی، بۆ ماوه‌یه‌ک له به‌ندی زیندانیانی سیاسییه‌وه گوازرایه‌وه بۆ ناو زیندانییانی ئاسایی.
حکووومه‌ت به نیازی هه‌ندێک گۆڕانکاری له ئێران- که له سه‌رده‌می جیمی کارته‌ردا ئه‌و گۆڕانه‌ی فه‌زای سیاسی له ناو ڕووناکبیرانی ئێران‌دا به ته‌وسه‌وه به “جیمیکراسی” ناودێر کرابوو- تا ڕاده‌یه‌ک گوشاری له‌سه‌ر زیندانیانی سیاسی که‌م کرده‌وه. نوێنه‌رانی خاچی سوور، سه‌ردانی زیندانییه سیاسییه‌کانیان کرد و کاک فوئاد به هۆی خه‌باتی ناو زیندانه‌وه، ناسراو بوو. له ساڵی کۆتایی زینداندا، کاک فوئاد داوای کرد که بهێنرێته‌وه بۆ زیندانی شاری سنه و حکوومه‌ت قه‌بووڵی کرد.
زیندانی سنه مه‌یدانێکی خه‌باتی پڕ له سه‌روه‌ری و شانازی و ده‌وری پێشڕه‌وانه‌ی کاک فوئاده. له زیندانی سنه ماوه‌ی 24 ڕۆژی ته‌واو کاک فوئاد و هاوڕێیانی مانیان له خواردن گرت. مانگرتنه‌که له ده‌ره‌وه‌ی زیندان ده‌نگی دایه‌وه و، کاری کرده سه‌ر وره‌ی خه‌باتکارانه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک. یارمه‌تیی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه و هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه و تێکۆشه‌رانی شاره‌که له ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌باته‌ی ناو زیندان له شاری سنه به‌رچاو بوو.
پاش ته‌واوبونی ده‌وره‌ی چوار ساڵه‌ی زیندان، پاییزی ساڵی 1357ی هه‌تاوی کاک فوئاد ئازاد کرا. له ناو ڕێز و پێشوازییه‌کی گه‌رم و که‌موێنه‌دا کاک فوئاد گه‌ڕایه‌وه “ئاڵمانه”. گونده‌که بۆ ماوه‌ی ده رۆژ بوو به ناوه‌ندی کۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی دۆست و ناسیاو که له دوور و نزیکه‌وه هاتبوون بۆ به‌خێرهێنانه‌وه‌ی کاک فوئاد.
شۆڕش و شه‌پۆله‌کانی، هه‌موو ئیرانی داگرتبوو. شاره‌کان ناوه‌ندی جووڵه و خه‌بات بوون. ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان به خێراییه‌کی که‌موێنه به‌ره‌وپێش ده‌چوو. حکوومه‌تی پاشایه‌تی به‌ره‌به‌ره هه‌ره‌سی ده‌هێنا.
کاک فوئاد له‌سه‌روبه‌ندی ڕاپه‌ڕیندا، به وزه و شه‌وقێکی یه‌کجار زۆره‌وه، چالاکییه‌کانی خۆی په‌ره‌پێدا و ئه‌مجار وه‌ک ڕابه‌رێکی ناسراو له ڕێنوێنیکردنی خه‌باتی سیاسی‌دا ده‌وری گێڕا. له خه‌باتی زه‌حمه‌تکێشانی “بێلوو” دژی خاوه‌ن مڵکه‌کان ، هه‌تا سه‌رکه‌وتن ده‌وری سه‌ره‌کیی گێڕا و به بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی خه‌باته‌که، له گه‌ڵ هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه جه‌ژنێکیان له ئاواییه‌که به‌رپا کرد و له وتارێکدا پیرۆزباییان له جه‌ماوری خه‌ڵک کرد .
کاک فوئاد له‌و یازده مانگه‌ی دوای زینداندا، هه‌موو توانا و کاتی خۆی بۆ خه‌باتێکی لێبڕاوانه له پێناو ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی ژێرده‌سته و چه‌وساوه‌دا له کوردستان ته‌رخان کردبوو. له ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو مانگدا، یانی له بیست‌و سێهه‌می مانگی پووشپه‌ڕه‌وه هه‌تا نۆی خه‌رمانانی ساڵی 1358، به ڕێبه‌ریی کاک فوئاد ژماره‌یه‌ک له هه‌ستیارترین، به‌ناوبانگترین و گه‌شترین ڕووداوه‌کانی مێژووی کۆمه‌ڵه و خه‌باتی سیاسیی کوردستان و ئێران هاتنه ئاراوه. کۆچی خه‌ڵکی مه‌ریوان، ڕێپێوانی حه‌ماسی وگه‌وره‌ی گه‌نجانی کچ و کوڕی سنه به‌ره‌و مه‌ریوان، گفتوگۆی ڕاسته‌خۆ له گه‌ڵ دوژمن، سه‌رکه‌وتنی کۆچ، ڕێپێوانی گه‌نجانی سه‌قز، بانه، بۆکان و سابڵا‌غ به‌ره‌و مه‌ریوان و پاشه‌کشه‌ی سیاسیی هێزی کۆنه‌په‌رستی له کوردستان، پێکهاتنی شوورای مه‌ریوان و … چه‌ند نموونه‌ی خه‌بات و ڕووداوه سیاسییه‌کان به ڕێبه‌ریی کاک فوئاد بوون. به بۆنه‌ی ده‌وری به‌رچاوی کاک فوئاده‌وه بوو که ئه‌وکات ده‌گوترا: مه‌ریوان مه‌ریوان، سه‌نگه‌ری ئازاده‌گان!
به ڕاگه‌یاندنی فتوای جیهاد له دژی خه‌ڵکی کوردستان، قۆناغێکی دیکه‌ی خه‌بات و خۆڕاگری له کوردستان ده‌ستی پێ‌کرد. له به‌رانبه‌ر له‌شکرهێنانی حکوومه‌ت و بۆمبارانکردنی شاره‌کان و گولله‌بارانکردنی به‌کۆمه‌ڵی تێکۆشه‌راندا، شه‌پۆلێکی به‌رینی خۆڕاگریی چه‌کدارانه له کوردستان که‌وته‌ڕێ. کاک فوئاد له ڕابه‌ریکردنی ئه‌و خۆڕاگرییه‌دا ده‌ورێکی گه‌وره‌ی بوو.
کاک فوئاد پێش بیستنی هه‌واڵی تیره‌بارانکردنی نۆ گیانبه‌ختکردووی مه‌ریوان، که دووانیان کاک حسین و کاک ئه‌مین برای بوون، له شاری بانه بوو. له بانه له گه‌ڵ هاوڕێیانی کۆمه‌له له چه‌ند کۆبوونه‌وه و دیدار له گه‌ڵ به‌ڕێزان مامۆستا شێخ عیزه‌ددینی حوسێنی، دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو، مام جه‌لال، شێخ جه‌لال حوسێنی، نوێنه‌رانی سازمانی چریکه‌کان و نوێنه‌رانی په‌یکار به‌شداریی کرد و پاشان بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه به‌ره‌و مه‌ریوان گه‌ڕایه‌وه. پاش وتووێژ و رێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌له له مه‌ریوان، دیسانه‌وه به‌ره‌و بانه گه‌ڕایه‌وه .
له گه‌ڕانه‌وه بۆ بانه، له شه‌ڕێکدا که له‌وه‌ده‌چوو به پیلانێک له دژی کاک فوئاد داڕێژرابێ، له گه‌ڵ به‌ڕیز “ته‌هموورس ئه‌کبه‌ری” نوێنه‌ری سازمانی چریکه فیداییه‌کانی خه‌ڵکی ئیران ڕۆژی نۆی خه‌رمانانی ساڵی 1358ی هه‌تاوی (هاوینی 1979) له نزیک ئاوایی “به‌سام” گیانی به‌خت کرد.
خه‌ڵکی ناوچه‌که، ته‌رمی کاک فوئادیان بۆ مزگه‌وتی “جامیعه”ی مه‌ریوان، هێنایه‌وه. خه‌ڵکی مه‌ریوان خێرا به‌ره‌و مزگه‌وت ڕێ که‌وتن و دوایین ماڵاوییان له کاک فوئاد کرد. هه‌ر شه‌ش ڕۆژ له گیانبه‌ختکردنی کاک ئه‌مین و کاک حسین تێپه‌ڕ بووبوو که ته‌رمی کاک فوئادیش له گۆڕستانی “تاڵه‌سوار” له ئاوایی “ئاڵمانه” ئه‌سپه‌رده کرا.
شێرکۆ بێکەس، شاعیری گەلی کورد، پەخشانێکی بە ناوی “زام” بۆ کاک فواد نووسیوە کە لە خوارەوە دەیبینن:
زام پێوان
تا ئیستا له گۆڕستانی “تاڵه‌سوار”ی سه‌ر به تهمو
مژ‌و خاك‌و خۆڵ ئه‌رخه‌وانیدا.. له سنگی شه‌قار شه‌قارو
تینووی ئه‌ودا، دره‌ختێكی ئه‌فسووناویی كه‌ڵه‌گه‌تی
به خۆی چاو ڕه‌ش، سمێڵ ئه‌ستووری، ناوچه‌وان پانی
ده‌م دوو خۆش.. دره‌ختێكی پهلوپۆداری پڕ له جریوه‌و
جووكه‌ی هه‌میشه نیگا ته‌ڕ.. دره‌ختێ به‌رده‌وام
له كڕنووش بردندایه بۆ مه‌زارێكی به هه‌یبه‌تی ته‌مه‌ن
سی ساڵه‌ی ژێر سایه‌ی.. ئیستا له‌وێ.. له گۆڕستانی
تاڵهسواردا.. له بێده‌نگییه‌كی خوێناویدا.. كه مێژوویه‌كی
برینداری تێدا ئه‌زرنگێته‌وه. سه‌دای عه‌شقێك ئه‌بیسترێ
كه (با) ئهیهێنێو ئه‌یباو، به‌فر پرووشه‌ی تیا ئه‌كاو،
شیعر له شێوه‌ی په‌پووله‌و په‌لكه‌گیای ته‌نیادا به ده‌م
ئه‌و سهدایهوه خۆیان ڕائهژهننو له ڕه‌وه‌زێكی ئه‌وبه‌ریشدا
شه‌وو ڕۆژ ته‌وارێك له شێوه‌ی ژنێكی شین پۆشدا،
حیكایه‌تی ئه‌و دره‌خته‌و ئه‌و مه‌زاره ئه‌گێڕێته‌وه. حیكایه‌تێ
كه هه‌ر وشه‌یه‌كی ئه‌ستێره‌یه‌كی بچووكه‌و هه‌ر ڕسته‌یه‌كی
ڕێگایه‌كی دره‌وشاوه‌ی نوێیه‌و هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ناسه‌ی
ئه‌سپێكی ڕامنه‌كراوی هه‌میشه ڕوو له هه‌ورازه..
مهزارهكهو دره‌خته‌كه
دووانه‌ی “ئه‌ڵمانه”ی دایكن
ئه‌ویان ناوی دارتووه سووره‌كه‌ی سوڵتانییه‌و
ئه‌میشیان ناوی فوئاد سوڵتانییه!
ئه‌م چیرۆكه ته‌مه‌ن سی ساڵه، ئه‌م حیكایه‌تی
تان‌و پۆ چنراوه به تریفه‌و هه‌ڵاڵه، ئه‌م عه‌شقی
ئاو‌و ئازادییه بۆ یه‌كه‌م جار له به‌ره‌به‌یانێكی
زیوینی (ئه‌ڵمانه)ه‌وه ده‌ستی پێكرد! ئه‌و وه‌خته‌ی
له ژوورێكی قوڕینی بچكۆله‌ی په‌نجه‌ره نزمی به
گوڵه مێخه‌ك داپۆشراوه‌وه.. گریانی كۆرپه‌یه‌كی
تازه له‌دایكبوو، له‌سه‌ر كاسه‌وه، گۆمی ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی
شڵه‌قاندو “ئه‌ڵمانه”ی له مژده‌یه‌كی سه‌وز هه‌ڵكێشاو هه‌ر هه‌مان
كاتیش كه‌ڵه‌شێرێكی پۆپنه ئاڵ خوێندی‌و تۆزێ له‌ولاتره‌وه
ماینێك زاو جوانوویه‌كی سپی كه‌وته سهرزهویو له ئاسۆیشدا
له سێ ده‌ری هه‌ورێكه‌وه گوڵاڵه باری!
كۆرپه‌یان ناونا دڵ.. (فوئاد)
فوئاد له‌و نیشتمانه بچكۆله‌یه‌ی ئه‌ڵمانه‌دا
له‌گه‌ڵ گوڵی دارچوالهدا چاوی پشكوتو
له‌گه‌ڵ كانیدا گوێچكه‌ی كرایه‌وه‌و
ده‌ستی مێژوویه‌كی زامدار.. مه‌ڵاشووی هه‌ڵدایه‌وه‌و
بای وه‌شت ڕایژهنیو
له دواییشدا له‌گه‌ڵ
بێچووه پڵنگێكدا.. پێی گرت‌و
له‌گه‌ڵ (با)ی كاره‌ساتدا گه‌وره بوو.
ئه‌و بۆ یه‌كه‌مجار ههژاریو نانی برسی‌و ئاوی چه‌وساوه
پرسیاریان لا دروست كرد‌و
زوڵم.. ڕایچڵهكاندو ڕه‌نگی په‌ڕیوی
كێڵگهكانو جوتیارهكانو باڵی شكاوی
باڵندهكانو په‌راسووی ده‌رپه‌ڕیوی منداڵان
په‌یامێكیان دایه ده‌ستی!
هێشتا ئه‌وو خونچه له یه‌ك عومردا بوون
كه پاییزی عومری وڵاته‌كه‌ی بینی.
هێشتا ئه‌وو نه‌ونه‌مام له یه‌ك ته‌مه‌ندا بوون
كه زریكه‌ی ژنانی وڵاته‌كه‌ی بیست‌و
قامچی سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌وانی بینی.
هێشتا ئه‌وو یه‌كه‌م باڵه‌فڕێی كۆتر
له یه‌ك ته‌مه‌ندا بوون
كه خولانه‌وه‌و سووڕانههی داڵه‌كانی
سه‌ر سه‌ری بینی.
ئیتر ئه‌ویش وه‌كو ئازاری ئه‌و خه‌ڵكه
باڵای كرد‌و، وه‌كو قیژه‌ی ئاخ‌و داخ‌و
په‌یڤی ڕۆژانه‌ی خوێناوی‌و مانگه‌شه‌وی
ده‌رده‌داری گوندهكانو ده‌رمانی گریاوی
نزیك بالیف خه‌م دایگرت‌و به‌ڵام
لای ئه‌و
خه‌م بوو به ترووسكه
ژان بوو به برووسكه
قیژهكان بوونه سروود
بۆ هه‌موویشیان
سه‌ری خۆی كرد به ڕوانگه‌و
كه‌وته ڕێگه!
كه‌وته كۆكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كان
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستنه سه‌رپێ.
سه‌ردانی گوڵه گه‌نمه‌كانی ئه‌كرد
بۆ ئه‌وه‌ی باسی منداڵانی بێ شیریان بۆ بكات.
سه‌ردانی جۆگه‌كانی ئه‌كرد
بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێ تینوه‌كان له كوێن؟!
ئه‌چوو بۆ لای مامزه نه‌خۆشه‌كان
بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێ كێ ده‌رمانه‌كانیان ئه‌دزێ.
هه‌موو ڕۆژێ ئه‌چوو بۆ لای به‌رد
تا پڕ به مشتی وره‌ی لێوه‌رگرێ!
هه‌موو ڕۆژێ ئه‌و خه‌ریكی ئه‌وه بوو
په‌یڤ بگۆڕێ به هه‌نگاو
هه‌نگاو بكات به ئهزموونو
ئه‌زموون بكات به‌و په‌نجانه‌ی
له نووسیندا ئه‌بن به چاو
هه‌موو ڕۆژێ ئه‌و خه‌ریكی ئه‌وه بوو
زه‌نگه‌كانی جه‌سته وریابكاتهوه
شانه‌كانی جه‌سته نوێ بكاته‌وه
سه‌رله‌نوێ ژیان دروست كاته‌وه.
له‌گه‌ڵ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌دا بوونه هاوڕێ.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز خۆر ون نه‌كات.
له‌گه‌ڵ زریان‌دا بوونه هاوڕێ
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌چه‌مێته‌وه.
فوئاد وابوو..
فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو ماڵه برینداره‌كان بوو.
فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو باڵنده غه‌مگینه‌كان بوو.
خۆشه‌ویستی هه‌موو ماسیه
زه‌ردو سوور‌و جوانه‌كان بوو
“چونكه تۆڕه‌كانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه”
خۆشه‌ویستی هه‌موو گه‌ڵاو گوڵ‌و
دارستان‌و بێشه‌كان بوو
“چونكه ته‌وره‌كانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه”
خۆشه‌ویستی هه‌موو قه‌ڵه‌مه پاكهكان بوو
“چونكه درۆكانی نیشان ئه‌دان”
درۆی مناره‌كان
درۆی عهمامهكان
درۆی جبهكان
فوئاد وابوو
فوئاد ئه‌یوت: من هی خۆم نیم.
سه‌رم سه‌ری شاخانه‌و
ده‌ستم ده‌ستی باخانه‌و
قاچم قاچی گوندانه‌و
دڵم دڵی گوڵدانه‌و
چاوم چاوی شارانه‌و
گوێچكه‌م گوێچكه‌ی حه‌قیقه‌ت!
تا ئه‌هات ته‌وری ڕیشدار
تیژتر ئه‌بۆوه‌و
تا ئه‌هات ئازار قوڵتر ئه‌بۆوه‌و
برین په‌لوپۆی نوێی ئههاویشتو
له‌ملایشه‌وه تا ئه‌هات
فوئاد باڵای به‌رزتر ئه‌بۆوه‌و
هه‌نگاوی ئه‌بوو به هه‌نگاوی تیشك‌و
ڕه‌نگی به ڕه‌نگی شه‌فه‌ق‌و
چون لاولاویش له‌ناو قه‌دی
مێژووی تازه‌وه ئه‌ئاڵا!
مێژووی تازه.. مێژووی هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌سپه‌كان بوو
هه‌ستانه‌وه‌ی كێڵگه‌كان
هه‌ستانه‌وه‌ی تاشه به‌رده‌كان‌و
هه‌ستانه‌وه‌ی شهقامهكانو
هه‌ستانه‌وه‌ی ژنه‌كان!
تاران په‌چه‌ی به دره‌خت گرته‌وه.
عه‌بای دا به‌سه‌ر ئاوداو
جبه‌ی كرده به‌ر جاده.
عه‌مامه‌ی كرده سه‌ری باخچه.
به‌زۆر ڕیشی به گۆرانیی هێشته‌وه
كراسی عاشورای كرده به‌ر شیعر‌و
مۆسیقای بێوه‌ژن كرد‌و
ژیانی كرد به پرسه!
تاران به ده‌م كه‌سه‌وه پێناكه‌نێ.
به ده‌م مه‌رگه‌وه نه‌بێ.
ئه‌و خۆشیی له هیچ نابینێ
له مه‌رگ نه‌بێ.
ژنی ئه‌و كوڕی ئه‌و كچی ئه‌و
هه‌موویان ناویان هه‌ر مه‌رگه‌و
ئه‌وه‌ی له‌وێ له‌دایك نابێ ژیانه.
ئیستا فوئاد سوڵتانی‌و ئاینده
قۆڵیان له قۆڵی یه‌ك دایه
ئیستا فوئاد سوڵتانی‌و مۆسیقا
له‌ناو شیعرا بوون به چرا.
په‌نجه‌ی ئه‌وو په‌نجه‌ی باران
هه‌ریه‌ك په‌نجه‌ن.
سه‌ری ئه‌وو سه‌ری هه‌تاو
هه‌ریه‌ك سه‌رن.
قاچی ئه‌وو قاچی ڕێگا
هه‌ریه‌ك قاچن.
له ئیسته‌دا تۆ به ئاسته‌م فوئاد سوڵتانی‌و
ڕووبارێ له یه‌كتر جوێ ئه‌كه‌یته‌وه،
له ئیسته‌دا تۆ به ئاسته‌م فوئاد سوڵتانی‌و
ئازادی له یه‌كتر جوێ ئه‌كه‌یته‌وه.
ئیستا ئیتر فوئاد سوڵتانی بووه به “با”
له هه‌موو شوێنێكه‌و له هیچ شوێنێكیش نییه.
له یه‌ك وه‌ختا له مه‌ریوانه‌و له قه‌ندیل.
له یه‌ك وه‌ختا له جاده‌كانی تاران‌دا
پیاسه له‌گه‌ڵ قه‌سیده‌یه‌كی شاملودا ئهكاتو
هه‌مان ساتیش له‌به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی
له‌گه‌ڵ (بێكه‌س)دا ئهدوێتو
بۆ ئه‌و سه‌فه‌ری ناو به‌فرو به‌سته‌ڵه‌كه
شیعرێكی ئه‌و وه‌كو پاڵتوو له‌به‌ر ئه‌كات.
ئیسته فوئاد سوڵتانی بووه به نان
چۆته هه‌موو ماڵێكه‌وه..
بووه به ئاو ئه‌خورێته‌وه
بووه به دره‌خت له هه‌موو حه‌وشه‌یه‌كداو
بووه به په‌نجه‌ره‌ی هه‌موو ژوورێكو
بووه به ئاوێنه‌ی به‌رده‌می ژنان‌و
بووه به مه‌مكه‌مژی ساوایان‌و
بووه به حیكایهتو
ده‌ماوده‌م ئه‌گێڕدرێته‌وه
قه‌ڵه‌م هه‌موو وشه جوانه‌كانی خۆی خۆش ئه‌وێ
به‌ڵام وشه‌ی ئازا له پێش هه‌موویانه‌وه.
له مێژووی ئاخۆرانو بخۆراندا..
ئه‌و ده‌مه‌ی به مووی ڕیش په‌تی خنكان
دروست ئه‌كراو له تارانه‌وه تا كوردستان درێژ ئه‌بۆوه.
وه‌كو ئه‌وساو وه‌كو ئیستاش
ئه‌رزی حه‌رام به قه‌د ئه‌رزی هه‌موو وڵات بوو
ڕه‌نگی حه‌رام له هه‌موو ڕه‌نگه‌كان تۆخترو
فه‌توای جه‌ڵده. فه‌توای ڕه‌جم
له گشت په‌یڤێك به‌رزتر بوو.
له‌و ده‌مه‌دا بوو
فوئاد هاته ناو مینڕێژی حه‌رامه‌وه
سه‌ری ئازادی ژنی كردبوو به مانگ
باسكی ئازادی ژنی كردبوو به جۆگه‌و
مه‌مكی ژنی كردبوو به چراو
پرچی ژنی كردبوو به پرد‌و
ئازاری ئه‌وانی كردبوو به په‌یام.
من قه‌سیده‌م هێلانه‌یه
بۆ هه‌ر باڵنده‌یه‌كی كوردستان.
من هه‌رگیز لێم نه‌پرسیون
ئێوه له كام ئاسمانه‌وه هاتوون؟
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه فڕیون یان له ڕۆژئاواوه؟
پێناسه‌ی باكوورتان له باڵاتاندا
هه‌ڵگرتووه یان نامه‌ی باشوور
له دهنگتاندا؟!
من زامێكی كوردستانیم
ئه‌و خوێنه‌ی لێمدێ
چووره‌یه‌كی هی ڕۆژهه‌ڵاته‌و
چووره‌یه‌كی هی ڕۆژئاوایه‌و
تیلماسكێكی هی باكوور‌و
تیلماسكێكی هی باشوور!
ئه‌و خوێنه‌ی ئیسته‌یش له‌به‌رچاوی ئێوه
له سینه‌مه‌وه دێته خوارێ‌و سه‌رتاپام
ئه‌كا به شه‌فه‌ق‌و ئه‌م هۆڵهیش
ئه‌كا به گوڵجاڕی هه‌ڵاڵه
ئه‌وه خوێنی فوئاد سوڵتانییه‌و
جه‌سته‌ی ئه‌وه له‌ناو جه‌سته‌ی منداو
دڵی ئه‌وه له‌ناو شیعری منداو
ئه‌وه هه‌مان دار هه‌ناری قوربانییه‌و
له ناو ڕۆحی مندا ئه‌ڕوێ!
ئیسته له‌وێ.. له ئه‌ڵمانه
هه‌ر له نێوان دووئاوایی
“بسامو كانیعمهت”دا
به شه‌و ڕۆژ ته‌یرێكی سه‌رو گه‌ردن سووری
په‌ڕوباڵ سپی
دێت‌و ئهچێو له‌و به‌ینه‌دا
به ده‌م فڕینی نزمه‌وه
گۆرانییه‌ك..
بۆ منداڵانی هه‌ژارو خونچه‌ی ساوا‌و
ئاوی جۆگه‌له‌ی غهمگینو
قوڵینه‌ی به‌تاڵی نان‌و
گۆرانییه‌ك بۆ هه‌تاوی
له‌ش ڕێ ڕێ بووی ناو زیندان‌و
گۆرانییه‌ك بۆ نمه‌نمه‌ی
خه‌مانی ژنان ده‌ڵێ..
ئه‌و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵمانه
ده‌مێ نووكی قهڵهممانهو
ده‌مێكی تر وا له تابلۆی بهردهممانداو
ڕۆژێكی تر
ئه‌چێته ناو گوڵدانهوهو جارێكی تر
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌و له ته‌كماندا ڕائه‌وه‌ستێ‌و
له نێوانی ڕێزه ڕێزه‌ی بارانه‌وه
خه‌یاڵێكه‌و دوور ئه‌ڕوانێ.
له‌گه‌ڵمانه.. وه‌كو هه‌وا.. له‌گه‌ڵمانه!
ئه‌و وه‌خته‌ی سواری فڕۆكه‌و كه‌شتی ئه‌بین
لهویاندا ئه‌و پهروانهیهو
له‌میاندا ئه‌و چارۆگهیهو
له‌مێژووشدا.. هه‌موو جارێ
ئه‌گه‌ر كورسی بهرامبهرو
ته‌نیشت چۆڵ بێ
وه‌كو خه‌ونێ په‌یدا ئهبێو
به هێمنی دائه‌نیشێ!
له هه‌ر كوێ بین.. ئه‌و له‌وێیه
له ئاوێنه‌دا كه سه‌یری خۆمان ئه‌كه‌ین
ئه‌ویش دێته پشتمانهوهو ڕائه‌وه‌ستێ‌و
سه‌یرمان ئه‌كاو پێئه‌كه‌نێ.
وه‌ختێ كه چه‌پكه‌گوڵ ئه‌كڕین
ئه‌و هه‌میشه گوڵێكیانه.
له تیڤێدا هه‌میشه ئه‌و له ئازاری
ناو دنیادا ئه‌بینین‌و
ئه‌و كه‌ناڵێكی بۆ نییه‌و
له گشت كه‌ناڵێكی جوانی چاودا
وێنه‌ی دیاره.
وه‌ختێ ئه‌چینه ده‌ره‌وه‌و
ده‌ستی منداڵه‌كان ئه‌گرین
ئه‌و یان بووه به نوقڵی ناو گیرفانیانو
یاخود بوه به‌و جاده‌یه‌ی
درێژ درێژ ئه‌بێته‌وه به‌ره‌و كازیوه‌ی زیوینی
ئاینده‌یان.
ونمان ناكاو ونی ناكه‌ین
له هه‌ر كوێ بین ئه‌و دێ‌و ده‌ماندۆزێته‌وه..
ئه‌گه‌ر بچینه ماڵێكی سه‌قزه‌وه
له نه‌خشه‌كانی مافووری سه‌ر دیواردا
بۆته شاهۆیهكو ئه‌فڕێ.
ئه‌گه‌ر بچینه كۆنسێرتێ
خۆی ئه‌گۆڕێ به كه‌مانچه‌و
به شمشاڵ‌و یاخود بووه
به مایكرۆفۆن ئهمانبینێو ئه‌ماندوێنێ.
ئه‌گه‌ر بڕۆین دوور دوور بڕۆین.
هه‌ر لێره‌وه هه‌تا ئۆقیانووسی ئارام
له پڕێكدا وه‌كو نه‌وره‌سێكی عاشق
په‌یدا ئهبێو
به ده‌وری سه‌ردا خول ئه‌خواو
باڵ هه‌ڵئه‌بڕێ بۆ سڵاو‌و
له دواییدا نزم نزم تێئه‌په‌ڕێ!
گه‌ر بچینه ناو برینه ڕه‌شه‌كانی
كه‌ركووكه‌وه
ئه‌و ئه‌بینین له تاقێكدا
یان ده‌رمانه بۆ سووتان‌و
یاخود بووه به سه‌رینی
ژنه نه‌خۆشێكی ئه‌وێ!
ونمان ناكاو ونی ناكه‌ین
له هه‌ر كوێیه‌كی دنیا بین
له لۆچی هه‌ر زه‌مانێكدا
ئه‌و ئه‌بینین
من به سه‌ردان چووم بۆ دارفوور
له‌وێ له‌ناو قاقڕێكی برسێتیدا..
له‌وێ له‌ناو سه‌رماو سۆڵه‌ی بێكه‌سیدا
دوو جار بینیم
یه‌كه‌م جاریان خۆی كردبوو به پاروویه‌ك
له‌ناو ده‌ستی بچكۆلانه‌ی منداڵێكداو
جاری دووه‌م خۆی كردبوو
به به‌تانیی گرمۆڵه‌بووی
ژێر ده‌وارێ!
ئه‌م ڕۆژانه‌یش من ئه‌یبینم
زۆر ئه‌یبینم، له جاده‌كانی تاران‌دا
له‌ناو ئاپووره‌ی زاماندا
خۆی كردووه به تیلماسكێ
له قوماشی ناوچه‌وانی شۆڕه ژنێ‌و
یاخود له گه‌رووی شه‌قامدا
بووه به باڵی هاوارێ.
من ئه‌یبینم هه‌موو ڕۆژێ من ئه‌یبینم
لێره بێ یان له هه‌ر شوێنێ
به به‌یانیان ده‌ستی چه‌پی ڕۆژنامه‌یه‌و
به نیوه‌ڕوان زه‌نگۆڵ زه‌نگۆڵی
ئاره‌قه‌ی ناوچه‌وانی كرێكاره‌و
به ئێواران زه‌رده‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌ی ماڵه‌و
له شه‌ویشدا.. من ئه‌یبینم
له‌سه‌ر ترۆپكی ئاویه‌ر
مانگه‌شه‌وی خۆشهویستیو
داڕژانی تریفه‌یه!
ئیسته له‌وێ له گۆڕستانی “تاڵه‌سوار”ی ئه‌ڵمانه
شاتوویهكی سوور بووه به حیكایه‌ت خوانی
شه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌و هه‌موو شه‌وێ به‌شێك
له داستانه‌كه‌ی “فوئاد سوڵتانی” ئه‌گێڕێته‌وه‌و
به‌ڵام داستان ته‌واو نابێ. قسه‌ی ئه‌و هه‌موو
گه‌ڵایه په‌یڤی ئه‌و هه‌موو گژوگیایه ته‌واو
ئهبێو وه‌لێ قسه‌ی برینه‌كانی جه‌سته‌ی ئه‌و
دوایی نایه!..
ئیستا له‌وێ
ئه‌و شاتووه سی لقی خۆی
ئه‌كا به سی شه‌مو له یادی
فوئاد سوڵتانیدا یه‌كه یه‌كه
به په‌نجه‌كانی سی گه‌ڵا دایان ئه‌گیرسێنێ.
ئیسته‌ش ئێمه لێره
سی ئاوێنه. سی ئینجانه. سی منداڵ.
سی كانیی. سی كۆتر. سی هه‌ڵاڵه.
سی شیعر. له به‌رده‌می گوڵاڵه‌یی ئه‌م
یاده‌دا ڕیز ئه‌كه‌ین‌و له‌و كاته‌دا كوردستانیش
به ڕانكوچۆغهیهكی سووره‌وه دێت‌و سی جار
ته‌وێڵی ڕووناكی فوئاد سوڵتانی ماچ ئهكاتو
له دواییشدا هه‌ر هه‌موومان له سی ڕیزدا
پێكه‌وه ئه‌چینه‌وه بۆ ئه‌ڵمانه‌و له‌وێ به ده‌م
حه‌یرانێكی باڕێزه‌وه باوه‌ش ئه‌كه‌ین
به شاتووه‌كه‌ی سوڵتانیدا!
سله‌یمانی
23/ 6/ 2009 په‌خشان