نەعیم نەجەفی: کاری باش بۆ زمان و ئەدەبی کوردی لە کرماشان کراوە

0
155

زنجیرە وتووێژ (7)

زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کەلتووری هەر نەتەوەیەک و ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لەناوچوونی، لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، هەر بۆیەش ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکیتر بتوێننەوە، سەرەکیترین و زیاترین هەوڵیان، تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر لێشاوی شاڵاوی دڕندانە و هۆڤانەی دوژمنان و داگیرکەرانی بەڵام بە خۆشییەوە هەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوە.

زمان جیا لەوەی کە مافی سرووشتی و خواپێداوی هەر نەتەوەیەکە، لە هەمان کاتێشدا کاریگەری لەسەر ڕامان و هزر هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، گەورەترین خەساری نەبووبی پەروەردەیە بە زمانی زگماکی کە پسپۆڕانی ئەو بوارە و لە ناویاندا ڤیگۆتسکی، بە تەسەلی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان شیکردۆتەوە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و هەروەها ئاوڕدانەوە لە گرنگی پەروەردەبوون بە زمانی زگماکی، زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ چەند کارناس و پسپۆرێکی بواری زمانی کوردی ئەنجام دراوە و لە بەشێکی دیکەی ئەو زەنجیرە وتووێژەدا کاک  (نەعیم نەجەفی، نووسەر و رۆژنامەنووس) وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

 سازدانی: هاشم عەلی وەیسی

پرسیار: زمان یەکەمین و گرینگترین شوناس و ناسنامەی مرۆیی و لە هەمانکاتدا نەتەوەییە کە تێیدا مرۆڤ ئاوێنەی باڵا نوێنی خۆی لە رەوتی مێژودا بە هەموو گۆڕانکاری و وەرچەرخانە مێژویی، ئایینی، کۆمەڵایەتی… بە دیی دەکات، کە چی ئەم ئاوێنە باڵا نوێنە لە رۆژهەڵات بە بوونی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆی وەک کۆماری ئیسلامی نەک بە تەنیا کوردی لێ بێبەش کراوە، بەڵکو هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی ئەم جوگرافیایەی لێ بێبەش کراوە و هەوڵی سڕینەوە و لە گۆخستنی زمانیان دراوە لە ساڵڕۆژی زمانی دایک چۆن ئەم بابەتە بە نسبەتی کۆمەڵگەی رۆژهەڵات هەڵدەسەنگێنن و دەنرخێنن؟

نەعیم نەجەفی: ناسیۆنالیزم وەک “نەتەوە – دەوڵەت”، لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ی زایین گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوین و دوای ئەوەی کە گەلی تورک بە پێشاهەنگی ئاتاتورک، ئەم هزرەیان بۆ خۆیان دەستنیشان کرد، ڕۆشنبیرانی فارس و شۆینکەوتووانی پان‌ئێرانیزمیش، له‌ کۆتاییەکانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی قاجارەکان، ئەم هزرەیان بۆ پێکهێنانی نەتەوە- دەوڵەت، بۆ گەلی فارس دەست نیشان کرد و دواتر به‌ پێشاهەنگی ڕەزاخان و بە دامەزراندنی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی په‌هله‌وی، له‌ پێناو وڵاتی نوێی ئێران، ئه‌م هزر و تێراونینەیان‌ بردە پێش و لەو کاتەوە، به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌کانی ئازه‌ری، کورد، عه‌ره‌ب و هتد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ناوین، له ژێر ناوی وڵاتی نوێی ئێران‌ و نه‌ته‌وه‌ی ئێران، له‌ پارادایمی فه‌رهه‌نگ و زمانی فارسیدا، له‌ لایه‌ن پان‌ئێرانیستە‌کانەوە پێناسه‌ کراونەتەوە.‌

لە سەرەتای دامەزراندنی ئێرانی نوێ، لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیی “پەهلەوەی-١”دا، سیاسه‌تی نێگەتیڤی ئاسیمیلاسیۆن” ی زمانی و فه‌رهه‌نگی. مه‌زهه‌بی و ئێتنیکی، بۆ‌ قڕکردنی «پێناسەی نەتەوەیی» و « لاوازی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی» له‌ دژی نەتەوەکانی غەیری فارس بە رێوە چووە‌ و هه‌تا ئیستاش‌ دریژه‌ی هه‌یه‌ و وه‌ک پره‌نسیپێکی هه‌تاهه‌تایی بۆ بەرژەوەندی ئابووری و ڕامیاری نەتەوەی فارس، لە لایەن ناسیۆنالیزمی ئێرانی و شۆینکەوتووانی پان‌ئێرانیزم لە دژی خەڵکانی غەیرە فارس و بندەستی ئێران‌دا ‌پەسەند کراوە.

ساڵی ١٩٣٠ی زایینی، به‌ ده‌ستووری ڕەزاخان، ته‌نیا زمانی فارسی، وه‌ک زمانی خوێندن و نووسین بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ که‌ له‌ ژێر ئیختیاری ده‌سه‌ڵاتی پاشایەتیی پەهلەویدا بوون دەستنیشان کرا.‌ ته‌نانه‌ت هاوکات له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ هه‌ر به‌ ده‌ستووری ڕەزاخان، خوێندن و نووسین به‌ زمانه‌کانی غه‌یر‌ی فارس وه‌کوو عەرەبی، ئازه‌ری، کوردی و هتد قه‌ده‌غه‌ کرا کە هەتا ئێستا سەردەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامییە لە ئێران، ئەو سیاسەتە دریژەی هەیە.

زۆرینه‌ی فارسه‌کان و شوێنکەوتووانی پان‌ئێرانیزم فه‌رمی کردنی زمانی فارسی، به‌ خزمه‌تێک بۆ یه‌کگرتوویی گه‌لانی ئێرانی بەناو ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ چی خوێندن و نووسین به‌ زمانه‌کانی غه‌یری فارسی وه‌کوو ئازه‌ری، عەرەبی و کوردی قەدەغە کرا؟

ناسیۆنالیزم لەو کاتەو کە وەک “نەتەوە – دەوڵەت” لە ئەوروپاو گەیشتە بووە رۆژهەڵاتی ناوین و پان‌ئێرانیزمیش ئەم هزره‌ کە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ جێگای لە لایەن خەلکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە هێز بوو و، بۆ گه‌لی فارس دەست‌نیشانێان کردبوو؛ هاوکات لە گەڵ ئەمەش، ئەم مەترسییە لە لایەن پان‌ئێرانیزمەکان دەرکەووت، کە ئەگەر ئەو نەتەوانە کە لە ژێر دەسەڵاتداری پاشایەتی ئەمانن؛ وەک سەردەمی قاجار و ڕابردودا لە سیستمێکی “ئیالەتی–وڵایەتی” یان کۆنفدرالی‌دا سەربەخۆ بمێنن؛ ئەگەری ئەمە هەیە کە عەشیرەتەکانی ئەو نەتەوانە لە پێناو سەربەخۆیی نه‌ته‌وەی خۆیان‌دا وەک گەیشتن بە دەسەڵاتێکی “نەتەوە – دەوڵەت” یەکگرتوو بن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ‌دا سەرهەڵدان بکەن؛ و چۆن زۆرینەی سەرچاوە سرۆشتیەکان وەک نەوت و بە گشتێ خه‌زێنه‌ ژێرزه‌وییەکان؛ خاکی کشتوکاڵ و هتد لە عەرەبستان و کوردستان و ئازەربایجانی بندەستی ئێستای ئێران بوون و وەک نیازی گرنگ، بۆ سەرکەوتنی گەلی فارس یان پان‌ئێرانیزم، دیاریکرا بوون؛ بۆیان ئەم مەترسییە ده‌رکه‌ووت، که‌ سەربەخۆیی ئەو گەلانە دەبێتە هۆی نه‌گه‌یشتنی گەلی فارس و پان ئێرانیزم بە ئەو ئامانج و ئاواتەی کە هەیه‌.

ئەم دەسەڵاتدارییە بۆ سەرکەوتنی گەلی فارس له‌ بواره‌کانی سیاسی و ئابوری نیازی هەبوو ئەم جۆرە سیاسەتێکی دژبه‌رانه‌ له‌ پێناو بەرژەوەندی گەلی فارس‌دا بە رێوە ببات، تا بەلکو بتوانن وەک گەلێکی بەهێز لە دنیا و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاس ڕۆلێان هەبێت…؛ بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە؛ هەر «گەلێک کە خوازیاری ئەمە بێت، وەک نەتەوێکی بەهێز و یەک‌گرتوو، خۆی‌دا پێناسە بکات؛ دەبێ لە باری ئابووڕی زۆر بە هێز بێ» ؛ ئەگەر چاوێک لە نەخشەی ئیستای ئێران بکەین، بۆمان دەر ئەکەوێ کە ئەو شۆینەی فارسەکان لە ناوەندی ئێران تێدا نیشتەجێن، 70 لە سەدی، وشکەڕۆیە. لێرەدا بۆمان دەرئەکەوێ کە هیچ سەرچاوە و و پتانسیەلێکی ئابووریان نەبووە بتوانن لەم بوارەدا، بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانیان، سوودی لێوەرگرن. بۆیەش چاویان بڕییە سەرچاوە سروشتییه‌کان و‌ خاکی کشتوکاڵی، هەرێمگەلی وەک کوردستان، ئازەربایجان و عەرەبستانی بندەستی ئێرانی ئێستا.

پان ‌ئێرانیزم بۆ ئەمە کە بتوانێ ئابووری ئەو ناوچانە بخاتە ژێر رکیفی خۆی و لە هەر جۆرە سەرهەڵدانێکی سەربەخۆییخوازانەی نەتەوەکانی عەرەب، ئازرەی، کورد و هتد لە پارادایمی وڵاتی دروستکراوی ئێران رزگاری بێت، هەوڵێکی زۆری داوە. ڕێکاری سەرەکی و تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوە لە سەرهەڵدانی جه‌ماوه‌ریی گەلانی غەیری فارس و کپکردنی دەنگیان لە بەرامبەر بە تاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانیان، زه‌قکردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی‌ سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ بوو. چۆنکە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو گەلە سەبارەت بە “ناسنامەی فەرهەنگی و جوگرافیایی” خۆیەوە لاوز بێت و لە بەرامبەر بە تاڵانبردنی فەرهەنگ و سەرمایەکانی نیشتمانیی خۆی‌دا هیچ هەلوێستێکی نەبێت. کە گرنگترین ترین شتیش لە ناوبردنی زمانی ئەو نەتەوانە بوو. چۆن بە درێژایی مێژوو، له‌ناوبردنی زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و‌ زاڵکردنی فه‌رهه‌نگ و زمانی داگیرکه‌ر‌، خاڵی سه‌ره‌کی بۆ داگیرکردنی نیشتمانی ئاخێوەرانی زمانەکە بووه‌. هه‌ر نه‌ته‌ویەک‌ زمان و فه‌رهنگی قڕ یا لاواز کرێ، بێگومان له‌به‌رامبه‌ر به‌ تاڵانچوونی سه‌رچاو‌ەی سروشتی و پتانسیلی ئابووری نیشتمانی خویدا لاواز و ده‌نگ کپ ده‌بێت. بۆ نمونه‌ له ڕابردووی مێژووی ئه‌لجه‌زایر‌،‌ بۆ ئه‌وه‌ی که فه‌ڕەنسا‌‌ بتوانێ نیشتمانی ئه‌لجه‌زایر داگیر بکات، یه‌کەمجار مێژوو و زمانی ئه‌و گه‌لەی‌ گۆڕی. نموونه‌ی دیکه‌ی ئه‌مه‌ له‌ باکووری کوردستان(کوردستانی بنده‌ستی تورکیا‌) له‌ لایه‌ن ئاتاتورکەوە بوو‌ که‌ ته‌نانه‌ت کوردی به‌” تورکی کێوی” ناو ده‌برد.

ئه‌م تێراونینه‌ له‌ لایه‌ن ڕه‌زاخان و بنکه‌ی تێفکرینی پان‌ئێرانیزم و هەتا ئێستا کە کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەسەڵاتدارە دریژەی هەیەو وه‌ک یه‌کێک له‌ ڕێکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کان بۆ پێش‌بردنی سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن بۆ به‌ تاڵانبردنی سه‌رچاوه‌ی سروشتی و پتانسیلی ئابووری ئازه‌ربایجان، کوردستان، عه‌ره‌بستان و هتد یەکەمجار زمان و فه‌رهه‌نگی ئه‌و گه‌لانه‌یان قەدەغە ‌کرد و دوایی به‌ گۆرانی مێژووی ئه‌مانه‌ و زاڵکردنی زمان و مێژووی فارسی و دڵخوازی خۆ له‌ سه‌ریان، ئامانجەکانی خۆیان بردە پێش.

پرسیار: کۆمەڵگەی رۆژهەڵات لە چەند پاریزگای جیاواز پێکهاتووە کە هەر کامەیان تایبەتمەندی خۆی لە رووی دیالکت و زمانی و ئایینی هەیە، کە ئەمەش له شێوازی روبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی باڵادەست و پیلانەکانی بۆ ئەم بابەتە رەنگی داوەتەوە و هەر پارێزگایەک بە شێوازێ هەڵکەوتەی ژئۆپۆلۆتیکی و دێمۆگرافی هەوڵی سڕینەوە و دوور خستنەوە لە شوناس و ناسنامەی دراوە، چۆن لەم بابەتە دەڕوانن و پێتان وایە تا چەندە ئەم سیاسەت و هەوڵە چەواشەکارانە توانیویانە سەرکەوتوو بن؟

نەعیم نەجەفی؛ لە سەرەتای هاتنه ‌سه‌رکاری دەسه‌ڵاتی په‌هله‌وی، ئەم نیشتمانه‌ بە چوار هەرێم وەک ئازەربایجان، بەلووچستان و هتد، وە هەندێک ویلایەت دابەش کرابوو کە تا رادەیەک هەر گەل لە ناو ئیالەت یا ویلایەتی خوێدا بە شێوەی کۆنفدراڵییەکی سەربەخۆ دەژیان و هیچ نەته‌وەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین یا وڵاتێک بە ناوی ئێران پێناسە نەکرابوو. بەڵام لە سەردەمی ڕەزاخاندا بە پێکهاتنی دەسەڵاتی ناوەندی، ئێران ئەم هەرێمانەی لە پێناو سیاسەتی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و لە ناوبردنی دەسەڵاتی ئیالەتی-ویلایەتی، لە دەیەکانی ٣٠ تا٤٠ی زایینیدا بە ١١ پارێزگا و ٤٩ شارستان  به‌‌ پێناسەی هاوبەشی وڵاتی ئێران دابەشکران. لە ئاکام‌دا ئیالەت-ویلایەتەکانی ئازەربایجان و کوردستان بوون بە چەند بەش(پارێزگا) کە تەنانەت بەشێک لە کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان) بە تێکەڵاوکردنی کورد لەگەڵ ئازەرییەکان، بە پارێزگای ئازەربایجانی پێناسە کرا، کە دوایی بوو بە ئازەربایجانی ‌ڕۆژئاوا و هەتا ئیستا بەو جۆرە ماوە.

  • ئامانجی ڕەزاخان (پەهلەوی-١) لە دابەش‌کاری‌وڵاتی

له‌ دابەش‌کاری ‌هەرێمی لە ئێران‌دا بە تایبەت لە ئیالەت-ویلایەتە غەیری فارسەکان وەک ئازەربایجان، کوردستان، عەرەبستان و هتد، زۆرتر تێکه‌ڵاوکردنی نەتەوەکان لە یەک جوگرافیا بە ناوی پارێزگا، بوو تا لەم رێگەوە بتوانێ پێش بە یەکگرتن و یەکدەنگی ئەو گەلانە بگرێ و بە دابەشکردنی هەریەک لەو نەتەوانە، لە چەند یەکەی جوگرافیایی بچووکتردا، بتوانێ باشتر، لە باری ئاسایشی و بەڕێوەبردنی هەر جۆر سیاسه‌تێکی ئاسیمیلەکردن و ئاژاوەخستن، سەرکەوتووتر بێت.

ئەم دابەشکاریە کە هەتا ئیستەش ماوە و لە سەردەمی پەهلەوی -٢ و کۆماری ئێسلامیی ئێرانیشدا بەڕێوەچووە، ئامانجی سەرەکی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و پێشبردنی سیاسەتی “ئاژاوەخستن و ئاسیمیلاسیۆن” بووە. تەنانەت بە دابەشکردنی هەر نەتەوە بەسەر چەند یەکەی جوگرافیایی بچووکتردا، یا بە تێکەڵاوکردنی چەند نەتەوە لە یەک جوگرافیادا هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی ئه‌و گه‌لانە ی دەدا.

بۆیە کە لەو حاڵەتەدا، هەوڵدان و تێکۆشانی ئەو گەلانە زیاتر مەیلەو رکەبەری عەشیرەیی و ناوپارێزگایی بوو تا لەپێناو نەتەوە. بەم شێوە “مل‌ملانێی پارێزگایی و عەشیرەیی” بووتە هۆی ئاژاوە لە نێوان خۆدی نەتەوەکە.

ئەم سیاسەتە لە کوردستانی بنده‌ستی ئێران بە قورسی دیار و بەرچاوە. بە گوێرەی ئەم سیاسەتە، کوردستانی ئەوکات بە ناوەندێتیی کرماشان، کە بە پارێزگای ژمارە پێنجیش ناسرابوو، بە چەند پارێزگای بچووکتر دابەشکرا و ناوی کوردستان تەنیا لە سەر ناوچەکانی ئەردەڵان و بەشێک لە موکریان نرا و به‌ پارێزگای کوردستان به‌ ناوه‌ندی سنه‌ لکێندرا. جگه‌ له‌مه‌، هەر که‌ یەکە جوگرافییەکان ده‌گۆڕان و نه‌ته‌وه‌کان له‌ گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵاو ده‌کران، ناوی زۆر له‌ شار و ناوچه ‌و و ئاواییه‌کانی کوردستان و شوێنه‌کانی تری گۆڕان. بۆ نمونه‌ ناوی ورمێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرا به‌ ڕه‌زاییه‌، یان هه‌ر‌وەها له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ناوی کرماشان کرا به‌ کرمانشاهان و زۆر شوێنی تر هه‌ر به‌م شێوه‌.

بەس ناڵێم سەرکەوتوو بووە! بەڵام دەسکەوتی زۆریان هەبووە، چۆن هەتا ئێستا ئەم ناوچانە بە دەست بیری تەسکی عەشیرەای و ناوچەگراییەوە ئەنالێنێت و بۆ هەمووان ڕوونە کە بیری عەشیرەییش گەورەترین مەترسی و هەڕشە بووە لە دژی بیری نەتەوایەتی و بزاڤی رزگاریخوازی کورد!

پرسیار: ئێوە لە پارێزگای کرماشان کە هاوکات چەندین دیالێکت و زاراوەی کوردی تێیدا پێکەوە ژیان بە سەر دەبەن و هاکات لەم ساڵانە بە و پێیە کەمچەندین هەوڵی باش لە لایەن نووسەران و روناکبیران بۆ ئەوەی ئەم سامانە لە نێو نەچێت لە گۆڕێ دا بووە و هەوڵی باش چ به نووسینی شێعر چ چیرۆک و لێکۆڵێنەوەی زانستی بۆ زیندو هێشتنەوەی ئەم سامانە مرۆیی و نەتەوەیی دراوە پێتان وایە بارودۆخی ئێستای زمانی کوردی لەم بەشەی رۆژهەڵات لە چ قۆناخ و ئاستێک دایە و لەمپەر و بەربەستەکان لە لایەنی دەسەڵات و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ڕێگە لە گەشە و پێشکەوتنی ناسنامە و شوناسی زمانی کوردی دەگرن چییە و چۆنی لێک دەدەنەوە؟

نەعیم نەجەفی؛ بەڵێ سەرەرای کەمو کوریەکان و کەمتر خەمی مێدیای کوردی بەم ناوچانە و هاوکات دژایەتی دەسەڵات بۆ بەرەنگاربوونەوە، دەتوانین بڵێین: چالاکی لە پێناو نەتەوایەتی کورد و یەکریزی و یەکدەنگی لە ئاستی تایبەت دایە، ئەگەر چاوێک بخەینە ناو روکی  بابەتەکانی نووسین و بابەتە هۆنەریەکان لە کرماشان بە باشی هەستی نەتەوایەتی بە دی ئەکەین، نمونەی دیکە کە زۆر بەرچاو بوو هەر لەم مانگەکانی ڕابردوو کە کارەساتی دڵتەزینی شەنگاڵ و هێرش بردنە سەر کۆبانی و ئاوارە بوونی کوردێکی زۆر لە باشوور و رۆژئاوای وڵات؛ بە دەیان کۆبوونەوە و ریككخستنی پێشەنگا و کەمپەین و بەرهەمهێنانی گۆرانی بۆ هاو خەمی و هاو دەنگی لە گەڵ کوردانی شەنگال و کۆبانی و تەنانەت پێشمەرگە و گریلا چالاکی زۆرێک لە کرماشان کرا. لەمەو پێش بۆ نموونە سالانێک لەمەوبەر لە سەر مانگرتنە مەزنەکەی باکوور و یان ناکوکی نێوان هەریم و بەغدا لە سەر کەرکووک چالاکوانانی کرماشان بە لێدوان پێشتگێری خۆیان لە کوردانی باشوور و باکوور دەربریوە.

لە بواری شێوەزارییشەوە هەرچەندە هەندێک جار نەیاران و ناهەزان هەولی ئەوه‌یان داوە و ئەدەنیش کە بە ناوی عەشیرەوە جیاوازی زاراوەیی لەم ناوچانە ساز ببێت و جیاوازی درۆیین زەق بکرێتەوە؛ کە وەها بتوانن بەرەنگاری هۆشیاری نەتەوەیی بن کە بەداخەوە ئەبینین بەشێک لە نووسەر و ئەدیبەکانمانیش بە ئاگاهانە یان نائاگاهانە بە پێی هەست و بیرێکی عەشیرەیی کەتوونەتە نێو یاری نەیارانی گەلەکەمان.

 جیێ باسیشە لە دەیەکانی ٩٠_٩١ زایینی‌‌دا، ناوچه‌کانی کرماشان سه‌رهه‌ڵدانێکی ڕۆشنبیرانه‌ی‌ له‌ زانکۆ‌کان به‌ خۆیەو بینیوەو و هه‌تا ئێستاش‌ به‌رده‌وامه کە وەک شۆڕشێکی نوێی نەتەوایەتی لە کرماشان حیسابی بۆ ئەکرێت‌. کە بناغەی فکری و شۆناسی نەتەوەیی لەم سەرهەڵدانە نوێیە، شۆڕشێکی فەرهەنگی، ئەدەبیە کە دوور لە هەر جۆرە توندوتێژی و شێوازی شەڕی چەکدارییه و هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە، دەسەڵاتی ناوەندی ئێران نەتوانێت بە قورسی بەرەنگاری ئەم چالاکیانە بێت کە بە مانگانە بە چاپ کردنی دەیان پەڕتووکی کوردی؛ چیرۆک؛ شێعر؛ وه‌رگیڕان؛ وتار؛ گۆڤاری خۆیندکاری؛ بەرهەمهێنانی گۆرانی کوردی و چالاکی مەدەنی بە بابەتە جیاوازه‌کان‌دا له پێناو بەرز بوونی باوه‌ری نه‌ته‌وه‌خوازی کورد، لە کرماشان ئەرکی نەتەوایەتی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەڵام ئەمە کەمینەیەکن کە هیچ جورە پاڵپشتێکیان نییە و ده‌سکه‌وته‌کانیان له‌ سه‌ر ئاگادار کردنی خەڵک زۆر به‌ ئارامی بەرەوپێش ده‌چێت. ئەوەی ئێستە کرماشان پێویستێ پێیەتی، پشتگیری چالاکەکانێتی تا بەلکوو بتوانن دەسکەووتەکانیان بۆ بەرز بوونی هزری نەتەوایەتی بگاتە ئاستێکی بەرچاو و دلخوشکەر!

کرماشان ئێستا‌ شاعیر و نووسه‌ر و گرووپی هونه‌ری و ڕۆشنبیر و چالاکی فه‌رهه‌نگی و مه‌ده‌نی هه‌یه‌؛ به‌ڵام چیرۆکی ئه‌مانه‌ وه‌ک ئه‌مە ده‌مێنێ که‌ “فیشه‌کت هه‌بێت و چه‌ کت نه‌بێت”. له‌ راستی‌دا له‌ دنیای ئه‌مڕودا ئه‌وه‌ راگه‌یاندن و مێدیایه‌ که‌ وه‌ک چه‌کێکی مه‌زن و خاڵی سه‌ره‌کی پێشکه‌وتنی گه‌ل دێته‌ ئه‌ژمار، که‌ به‌ داخه‌وه‌ گه‌لی ئه‌م ناوچانه‌ و چالاک و نووسه‌ر و هۆنه‌رمه‌نده‌کانی، له‌م “چه‌که‌”‌ بێ به‌شن که‌ بتوانن ڕۆڵیکی مه‌زن و پۆزتیڤێان هه‌بێت له‌ سه‌ر جه‌ماوه‌ری ئه‌م ناوچانه که‌ هه‌تا ئێستا‌ش زۆر له‌ نووسه‌ر و ڕوشنبیرانی ئه‌م ناوچانه‌ له‌و “وتو‌وێژگه‌له‌” که هەیانبووە‌ یان له‌ نووسینه‌کانیان‌ له‌ نه‌بوونی مێدیایکی تایبه‌ت به‌م ناوچانه‌ ئه‌ناڵێنن و زۆر له‌ سه‌ر پۆزتیڤ بوونی دابین کردنی مێدیایوکی تایبه‌ت بۆ ئه‌م ناوچانه‌ باسیان کردووه‌. هه‌ر چه‌ند لێره‌دا دروشمه‌کان نه‌ڕاوه‌ستاون و ئامانج پێشوەچوونه‌؛ به‌ڵام له‌ ڕاستی پێشوەچوونه‌که‌ وه‌ک حه‌ره‌که‌تێکی کیسه‌‌ڵانه‌ دێته‌ ئەژمار؛ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سکه‌وته‌کان به‌ ئاستی به‌رزی خۆی بگات ١٠٠% نیازی هه‌ره‌ زۆریان به‌ پشتیوانی مێدیایی هه‌یه.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت