عەلی قەنبەری: زاراوەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە

0
140

زنجیرە وتووێژ (10)

زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کەلتووری هەر نەتەوەیەک و ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لەناوچوونی، لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، هەر بۆیەش ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکیتر بتوێننەوە، سەرەکیترین و زیاترین هەوڵیان، تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر لێشاوی شاڵاوی دڕندانە و هۆڤانەی دوژمنان و داگیرکەرانی بەڵام بە خۆشییەوە هەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوە.

زمان جیا لەوەی کە مافی سرووشتی و خواپێداوی هەر نەتەوەیەکە، لە هەمان کاتێشدا کاریگەری لەسەر ڕامان و هزر هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، گەورەترین خەساری نەبووبی پەروەردەیە بە زمانی زگماکی کە پسپۆڕانی ئەو بوارە و لە ناویاندا ڤیگۆتسکی، بە تەسەلی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان شیکردۆتەوە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و هەروەها ئاوڕدانەوە لە گرنگی پەروەردەبوون بە زمانی زگماکی، زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ چەند کارناس و پسپۆرێکی بواری زمانی کوردی ئەنجام دراوە و لە بەشێکی دیکەی ئەو زەنجیرە وتووێژەدا ( عەلی قەنبەری، نووسەر و چالاکی سیاسی) وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

 سازدانی: هاشم عەلی وەیسی

پرسیار: زمان یەکەمەین و گرینگترین شوناس و ناسنامەی مرۆیی و لە هەمانکاتدا نەتەوەییە کە تێیدا مرۆڤ ئاوێنەی باڵا نوێنی خۆی لە رەوتی مێژودا بە هەموو گۆڕانکاری و وەرچەرخانە مێژویی، ئایینی، کۆمەڵایەتی… بە دیی دەکات، کە چی ئەم ئاوێنە باڵا نوێنە لە رۆژهەڵات بە بوونی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆی وەک کۆماری ئیسلامی نەک بە تەنیا کوردی لێ بێبەش کراوە، بەڵکو هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی ئەم جوگرافیایەی لێ بێ بەش کراوە و هەوڵی سڕینەوە و لە گۆخستنی زمانیان دراوە لە ساڵڕۆژی زمانی داییک چۆن ئەم بابەتە بە نسبەتی کۆمەڵگەی رۆژهەڵات هەڵدەسەنگێنن و دەنرخێنن؟

عەلی قەنبەری: با پێش لە وڵامدانەوە بە پرسیاری یەکەمتان هەڵوێستەیەکمان هەبێت لە سەر شوناسی نەتەوە و کۆڵەکە گرنگەکانی ئەم شوناسەیە. نەتەوە بە کۆمەڵە خەڵکێک دەگوترێت کە خاوەنی زمانی هاوبەش، خاک، جوگرافیا یان نیشتمانی هاوبەش، کولتووری هاوبەش و ئابووری هاوبەشن. لە نێو ئەم چوار کۆڵەکە بە هێزەدا کە بوونی نەتەوەیەک ڕادەگرن، بە بێشک زمان کۆڵەکەی یەکەم و هەر بە هێزی بوونی هەر نەتەوەیەکە. بە بێ بوونی زمان نەتەوە ناتوانێت هیچ مانا و واتایەکی هەبێت. ئیمڕۆ لە هەموو دونیای پێشکەوتوو و تەنانەت نیوە پێشکەوتووشدا بوونی نەتەوە پێش لە هەر شتێکی دیکە بە نیشتمان و زمانی مرۆڤەکانەوە پێناسە دەکرێت.

بێجگە لەمانەش لە ڕووی بنەماکانی مافی مرۆڤەوە، لە پاڵ هەموو مافە ڕەواکانی هەر نەتەوە و تاکێکدا پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایک، واتە ئەو زمانەی کە مرۆڤ لە ئامێزی دایکییەوە فێری دەبێت و لە ماڵەوە قسەی پێ دەکات، ئەرکی بێ ئەم لاو و ئەو لای دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە.

هەر بۆیە لە وڵاتە دیموکراتیکەکاندا ئەم مافە پارێزراوە و لە خوێندنگاکان لە سەری پێداگری دەکرێت.

پاراستن و گەشە پێدان، واتە خوێندن و نووسین بە زمانی دایک جیاواز لەوەی کە مافی هەموو تاکێکە، هاوکات بە پێی زۆربەی لێکۆڵینەوەکان یارمەتیدەرێکی زۆر باشیش دەبێت بۆ فێربوونی زمانی دووەم و سێیەم لە کۆمەڵگا و لە خوێندنگاکاندا.

دیسان بە پێی زۆر لێکۆڵینەوە ئەو کەسانەی کە زمانی دایکیی خۆیان بە باشی نازانن، واتە ناتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن، با چەن زمانی دیکەیان بە باشی خوێند بێت، بەڵام هەموو کات هەست بە نووقسانییەک دەکەن و لە ڕاستیدا بە نەخوێندەوار دێنە ئەژماردن. زۆربەی لێکۆڵێنەران لە بواری زمانەوانییەوە پێیانوایە کە تەنیا زمانێک کە مرۆڤ دەتوانێت بە بێ گرێ و بە بێ گیر و گرفت بتوانێ هەستی دەروونی خۆی پێ بەیان بکات، تەنیا و تەنیا زمانی دایکییە.

ئەوەی کە هەر لە زەمانی ڕەزاشاوە تا ئیمڕۆی کۆماری  ئیسلامی زمانی نەتەوەکانی غەیرە فارسی ئێران و یەک لەوان زمانی کوردییان خستووەتە بەر هێرشی ئاسیمیلاسیون و لە نێوبردن جیاواز لەوەی کە پێشێل کردنی مافی نەتەوەیی و مرۆیی تاکەکانی ئەو گەلانەیە، هاوکات پیلانێکی گەڵاڵە بۆ کراویشە بۆ لە نێوبردن و توانەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێران. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەرهەق بە زمانی گەلانی بندەست دەیکات، واتە ڕێگە پێنەدان و کار ئاسانی بۆ نەکردن  بۆ خوێندن بە زمانی دایک بەشێک لەو شەڕ و داگیرکاری و بێ مافییەیە کە ئەم ڕژیمە دژە مرۆڤ و دژە ئازادییە بۆ لە نێو بردنی گەلی ئێمە و باقی گەلانی دیکەی بندەستی ئێران پەیڕەوی دەکات.

پرسیار: کۆمەڵگەی رۆژهەڵات لە چەند پاریزگای جیاواز پێکهاتووە کە هەر کامەیان تایبەتمەندی خۆی لە رووی دیالکت و زمانی و ئایینی هەیە، کە ئەمەش له شێوازی روبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی باڵادەست و پیلانەکانی بۆ ئەم بابەتە رەنگی داوەتەوە و هەر پارێزگایەک بە شێوازێ هەڵکەوتەی ژئۆپۆلۆتیکی و دێمۆگرافی هەوڵی سڕینەوە و دوور خستنەوە لە شوناس و ناسنامەی دراوە، چۆن لەم بابەتە دەڕوانن و پێتان وایە تا چەندە ئەم سیاسەت و هەوڵە چەواشەکارانە توانیویانە سەرکەوتوو بن؟

عەلی قەنبەری: زۆر ڕاستە، ئێمە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەر لە خۆی و ماکۆوە لە باکوورەوە تا دەگاتە پارێزگا لەک و لوڕنشینەکان لە باشوور و  ڕۆژهەڵاتەوە خەڵکەکەمان لە ڕووی ئایین و مەزهەب و زاراوەوە سەر بە چەنها ئایین و مەزهەب و زاراوە و تیرەو تایفەی جیاوازن.

ئێمە موسڵمانی شیعە و موسڵمانی سونیمان هەیە، یارسانی و زەردەشتی و یەهوودی و مەسیحیمان هەیە، خەڵکی سکولار و لائیکمان هەیە، زاراوەی کرمانجی، زاراوەی سۆرانی، زاراوەی گۆرانی و زاراوەی لوڕیمان هەیە و هەر کامیش لەم چوار زاراوە سەرەکییەی زمانی کوردی دابەش بە سەر چەنها ژێر زاراوەی دیکەدا، بە داخەوە من لە سەر ژێر زاراوەکانی زاراوەی کرمانجی زۆر شارەزائیم نییە، بەڵام کەم تا زۆر لە سەر ژێر زاراوەکانی ئەو سێ زاراوە سەرەکییەکانی دیکەدا شارەزائیم هەیە کە خراپ نییە لەم دەرفەتە کەڵک وەرگرم و ئاماژەیەکیان پێ بکەم.

ژێر زاراوەکانی زاراوەی سۆرانی بریتین لە موکریانی، ئەردەڵانی، بابانی، جافی و زاری ناوچەی هەولێر و ڕەواندز.

ژێر زاراوەکانی گۆرانییش بریتین لە زەنگنە، لەکی، باجەڵان، هەورامی، کەلهوڕی، شەبەک و هەر وەها زازاکیش.

هەر وەها ژێرزاراوەکانی زاراوەی لوڕیش بریتین لە لوڕی سەلاسی، بەختیاری، بروجردی، لوری ناوچەی مەمەسەنی و بویر ئەحمەدی.

دیارە ئەگەر زیاتر ورد ببینەوە تەنانەت ژێرزاراوەکانیش لەم گوندەوە بۆ ئەو گوند، لەم تایفەوە بۆ ئەو تایفە جیاوازییان هەیە. بەڵام هەموو ئەم جیاوازییانە چی لە ڕووی زاراوە و ژێرزاراوەوە بن یان لە ڕووی ئایینی و مەزهەبییەوە، هیچ لە کورد بوون و کوردستانی بوون ئەم خەڵکە و زمانەکەیان ناگۆڕێت. لەم بارەوە کۆمەڵێک زمانناس ومێژووناسی کورد، ئێرانی و خارجی لە سەر ئەم تەوەرە پەرتووکیان نووسیوە.

بەڵام نابێت ئەو ڕاستییەش فەرامۆش بکەین کە دەسڵاتدارانی شوینیست و ناوەندگەرای ئێران لەم نزیک بە سەد ساڵی ڕابردووەدا بۆ تواندنەوەی زمانی دایکیمان، بۆ لە نێو بردنی بوونی نەتەوەئیمان و بۆ ئاسیمیلە کردنمان لە پاڵ سەرکووتی بێڕەحمانە و بێبەزەییانەیاندا لە یەک بە یەکی ئەو جیاوازییە مەزهەبی و زاراوەییانە کەڵکیان وەرگرتووە و بە داخەوە لە زۆر بواریشدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوون. بۆ نموونە لە ئیمڕۆدا زاراوەی لوڕی تا ئاستێکی یەکجار زۆر کەوتووەتە بە هێرشی ئاسیمیلاسیون و تا لێواری لە نێوچوون ڕۆیشتووە، زاراوەی گۆرانیش بە نەختێک جیاوازای ڕێژەییەوە هەر بە هەمان شێوە.

دیسان بە داخەوە لە زۆربەی شارە گەورەکان، بۆ نموونە لە کرماشان و سنە و شارە لوڕنشینەکان فارسی ئاخافتن تەنانەت لە نێو بەشێک لە بنەماڵەکاندا بووەتە جێگرەوەی زمانی دایک.

هەر وەها دەسڵاتی ناوەندگەرای شوینیست لەم سەد ساڵەدا توانیویەتی لە ڕێگای جیاوازییە مەزهەبییەکانەوە کەلێنێکی گەورە لە نێوان کوردی شێعەمەزهەب و کوردی سونی مەزهەب، کوردی موسڵمان و کوردی غەیرە موسڵمان درووست بکات و لەم ڕێگایەوە پێش لە یەکگرتوویی کوردانی ڕۆژهەڵات بگرێت.

پرسیار: ئێوە لە پارێزگای کرماشان کە هاوکات چەندین دیالێکت و زاراوەی کوردی تێیدا پێکەوە ژیان بە سەر دەبەن و هاکات لەم ساڵانە بە و پێیە کەمچەندین هەوڵی باش لە لایەن نووسەران و روناکبیران بۆ ئەوەی ئەم سامانە لە نێو نەچێت لە گۆڕێ دا بووە و هەوڵی باش چ به نووسینی شێعر چ چیرۆک و لێکۆڵێنەوەی زانستی بۆ زیندو هێشتنەوەی ئەم سامانە مرۆیی و نەتەوەیی دراوە پێتان وایە بارودۆخی ئێستای زمانی کوردی لەم بەشەی رۆژهەڵات لە چ قۆناخ و ئاستێک دایە و لەمپەر و بەربەستەکان لە لایەنی دەسەڵات و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ڕێگە لە گەشە و پێشکەوتنی ناسنامە و شوناسی زمانی کوردی دەگرن چییە و چۆنی لێک دەدەنەوە؟

عەلی قەنبەری: ئەگەر چی لە خاڵی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا باس لە مافی خوێندن بە زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران کراوە، بەڵام پاش ٣٧ ساڵ لە دەسەڵاتی ڕەش و سەرکوتگەر، ئەو ڕژیمە نەک لەو بوارەدا هیچ هەنگاوێکی بە کردەوە هەڵنەگرتووە، بەڵکوو تا بۆیشی کرا بێت پێشی بە گەشە کردنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران گرتووە و هەر چەشنە هەوڵێکی دڵسۆزانی ئەو بوارەشی خستووەتە بەر هەڕەشە و گوشار و بوختان بۆ هەڵواسین. دیارە لە کۆماری ئیسلامی وەک هەر دەسڵاتیکی دیکەی ملهووڕ نابێت لەوەش زیاتر چاوەڕوانیمان هەبێت. نیزامە دڕندە و نادیموکراتیکەکان لە ئاستی وشیاری و گەشە کردنی تاکەکان و گرووپەکانی کۆمەڵگا دەترسن. هەر بۆیە پێش لە هەر هەنگاوێک کە ڕەنگ و بۆی ئازادی و مافی مرۆڤی لێوە بێت، دەگرن. بەڵام ئەوە ئەرکی ڕووناکبیران، نووسەران، تێکۆشەران، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، میدیا کوردییەکان و بە گشتی ئەرکی تاک بە تاکی خۆمانە کە لە بوونمان، لە پاراستنی زمانمان، لە کەرامەتمان و لە ماف و ئازادییەکانمان پارێزگاری بکەین.

سەرەڕای هەموو ئەو تەنگەژە و بەربەستانەی کە کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگ لە بەر پێی گەلەکەماندا دایانناوە، بەڵام لەم ١٠، ١٥ ساڵی ڕابردووەدا لە ناوخۆی وڵاتەوە لە بواری نووسین و هونەر و کاری کولتووری و فەرهەنگییەوە هەنگاوی باش هەڵگیراوە و بووژانەوەیەکی بەرچاو لە گەشە کردنی زمانی کوردی لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە فەرهەنگی و کولتوورییەکاندا، هەر چەن کەم بەڵام بە ڕێک و پێکی بەرەو پێش هەنگاوی بڕیوە.

من بەش بە حاڵی خۆم بەو هەنگاوانە زۆر دڵخۆش و گەشبینم. بەڵام هاوکات لە ئاستی بەردەوامی هێرشی ئاسیمیلاسیون لە سەر زمانی کوردی و خەمساردی بەشێکی زۆری خەڵکی وڵاتەکەمان، ناتوانم نیگەرانی خۆم بشارمەوە!

ئەم نیگەرانییەم زۆرتر لە سەر فەرامۆش کردن و ئەو ئاسیمیلاسیونەن کە زاراوەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.

هەر بۆیە بە پێویستی دەزانم کاری زۆر زیاتر ڕوو بەو ناوچانە بکرێت و ئەو زاراوە شیرینانە کە سەرمایەیەکی زێڕینی زمانی کوردین لە مەترسی فەوتان و لە ناوچوون ڕزگار بکرێن.

لە کۆتایی و لە پێوەندی لە گەڵ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا ماندوو نەبوونی دەکەم لە هەموو خەباتکارانی ئەم بوارە و سەرجەم ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری گەلانی چەوساوە و ماف خەوتکراو!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌