یەکێک لە دەست بەسەرکراوەکانی گووندی گوێزیلەی سەردەشت بە هۆی ئەشکەنجە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە

0
670

ڕۆژی کورد: هەروەک لە هەواڵەکانی بەشی کوردی و فارسیی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاویی ناوەندی ڕۆژی کورددا هاتىوو، هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی ڕژیم هەڵیانکوتایە سەر گوندی “گوێزیلێ” ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت و سەرجەم ماڵ و حاڵی ئەو گوندەیان ئاگردا و ٣ کەسیان دەست بەسەر کرد.

بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕۆژی کورد، یەکێک لە بەند کراوەکان ئەبووبەکر عەلیخانی پیرەپیاوێکی تەمەن سەرووی ٦٥ ساڵانە و لە کاتی دەست بەسەر کرانیدا کەوتۆتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “ڕادەی ئەشکەنجە و ئازاری ئەبووبەکر ـی بەتەمەن بە رادەیەک بووە کە پاش ئازادکرانی یەکسەر ڕاگوازراوە بۆ نەخۆشخانە و هەروەک لە نوسخەی پزشکیشدا دەردەکەوێ قامکی دەستی تووشی ئازار بووە و بلۆقی داوە”.

پزشک لە نوسخەی ئەبووبەکر عەلیخانی دا نووسیویەتی: “لە قامکی پەنجەمۆری ئەبووبەکردا بلۆقێکی نائاسایی بەدی دەکرێ کە جێگای ئاوی کوڵیو، ئاگری بەهێز یان کەرستەی گەرمایی ترە”. بەو پێیە پێدەچێ بە ئوتو یان کەرستەیەکی تر ئەشکەنجە کرابێ.

بلۆقی دەستی ئەبووبەکر بەڕادەیەک جێگای مەترسیە کە بەپێی نووسراوی پزشک، پێویستی بە نەشتەرگەریی گشتی هەیە”.

دوای ئەوە کە ڕۆژی سێ شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی و لە کاتێکدا کە دوو برای خەڵکی گوندی گوێزیلەی ناوچەی ئالانی سەردەشت بە ناوەکانی لەتیف و فاڕووق (ڕەئووف) عادڵخانی کوڕی مام سمایل لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە کەوتە بەر پەلامار و لە ئەنجامدا هەر دوو برا  کوژران، ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتەوە و خەڵکی گوندی بێژوێ و چەند گوندی تری ناوچەی ئالان لە هیزەکانی ڕژیم ڕاسانەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزەکانی ڕژیم گوندی گوێزیلێ یان ئاگردا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت