تاوتوێ‌و هەڵسەنگاندنی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ، به‌شی سێهه‌م

0
1081

نووسینی : پرویز دستمالچی

وه‌رگێڕانی : چیا عەبدوڵڵاپوور

٤ـ مافەکانی ژنان

بەندی چووارەمی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دەڵێت:
” ”هەموو یاساو رێسا مەدەنیەکان، تاوانکاری، ماڵی، ئابووری، ئیداری، کلتووری، سەربازی، سیاسی و هتد دەبێ لە سەر بنەمای رێوشوێنەکانی ئیسلام بن. ئەم بنەمایە هەموو یان گشت بنەماکانی یاسای بنەڕەتی و یاسا و رێساکانی دیکە دەگرێتەوەو دیاریکردنی ئەو بابەتەش لە ئەستۆی فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێریە.”
ئیسلامی بوونی سیستەم و متمانەی یاساکان لە چوارچێوەی “ریوشوێنە ئیسلامیەکان” بابەتێکە کە لە پێشەکی و هەروەها لە زۆربەی بەندەکاندا بەردەوام دووپاتە دەبێتەوە بەڵام، مەبەست لە “رێوشێوێنە ئیسلامیەکان” کامە یاسا و کامە حوکمانەن. لەبەر ئەوەی کە لە ئیسلامدا مەزهەب و مەکتەب گەڵی زۆر جیاواز بوونیان هەیە و هەر کامەیان ئەوەی دیکە رەد دەکاتەوە (وەکوو تەواوی ئایین ومەزهەبەکان). بەندی دووەمی یاسای بنەڕەتی لەم بارەوە وەها دەڵێت:
” کۆماری ئیسلامی، سیستمێکە لەسەر بنەمای باوەڕ بە:
١ـ خوای تاک و تەنیا (لا الە الاللە) و تەرخان کردنی حاکمیت و یاسادانان بە خودا و پێویستی خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر ئەمری خودادا.
٢ـ وەحی ئیلاهی و رۆڵی بنەمایی ئەو لە دەربڕینی یاساکان
٣ـ گەرانەوەو ڕۆلی دروستکەری ئەو لە رەورەوەی گەشەسەندنی مرۆڤ بە لای خودا
٤ـ دادوەری خودا لە قولقاندن و یاسادانان
٥ـ ئیمامەت و رابەری بەردەوام و رۆڵی بنەڕتی ئەو لە بەردەوام بوونی شۆڕشی ئیسلامی
٦ـ ….
ئاـ ئیجتهادی بەردەوامی ئەو زانایانەی کە هەموو بارودۆخەکان بە پێی کیتاب و سونەت مەعصومین سلام اللە علیکم اجمعین.
ب ـ …
ج ـ …

لەوەوە کە بە بەندەکانی ١ تا ٣ (کە بنەما باوەڕیە هاوبەشەکانی هەموو موسڵمانانە) بەندەکانی ٤ و ٥ و دوایی ئا، لە بەندی ٦ی پێوە زیاد دەبێت، کەواتە مەبەست لە “ڕێوشوێنە ئیسلامیەکان”، لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، فیقهی جێگای رەزامەندی ”موسڵمانانی شیعە، مەزهەبی دوازدە ئیمامی، پەیرەوی مەکتەبیی ئوسولی، لقی ویلایەتی فەقیهـ”ـە. کەواتە:
ئاـ یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی نە بۆ هەموو گەڵی ئێران (هەر کەس بە هەر دین و مەزهەب و بڕوا و بۆچوونێک)، نە بۆ هەموو موسڵمانان (سونی و شیعەکان)، نە بۆ هەموو شیعەکان (خەوارج، پێنج ئیمامی، حەوت ئیمامی، و …) و نە بۆ تەواوی شیعە دوازدە ئیمامیەکان (ئەخباریان، ئوسولیان، و …)، بەڵکوو تەنیا بۆ لایەنگر و دوکەوتوانی لقێکی چووکەی مەزهەبی، لایەنگرانی مەکتەبیی ئوسولی لقی ویلایەتی فەقیهـه، رێکخراوەو نووسراوە. لەبەر ئەوەی کە ٩٠% موسڵمانان سوننین و لە بنچینە دا مەزهەبی شیعە بە لادانێک لە ئیسلام دا دەزانن. شیعەکان (١٠%ـەکەی دیکە) بۆخۆشیان دابەش دەبن بەسەر مەزهەبی جۆراوجۆردا (خەوارجەکان، ٥ ئیمامیەکان، ٧ ئیمامیەکان، ١٢ ئیمامیەکان، دەروزەکان، و …) کە مەزهەبی دوازدە ئیمامی تەنیا یەکێک لەوانە. شیعەی دوازدە ئیمامی خاوەن مەکتەب گەڵێ جۆراوجۆری وەک شێخیسم، ئەخباریەکان، ئوسولیەکان، و …، هتدە. یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای باوەڕەی لایەنگرانی مەکتەبیی ئوسولی، لقی ویلایەتی فەقیهـ، نوسراوە و رێکخراوە، و بەندی دووهەمی یاسای بنەڕەتی دەرخەری ئەو راستیەیە.
ب‌ـ مافەکانی ژنان لە یاسای بنەڕەتیدا، و لە بنچینەدا روانینی ”بایەخی” لە ئەوان (لە لێکدانەوەی یاسای بنەڕەتی) تەنیا لە چوارچێوەی “رێوشوێنە ئیسلامیەکان”ی جێگای پەسەندی ویلایەتی فەقیهـ دەشێت. ئەم ”ڕێوشوێنانە” خاوەن پێنج سەرچاوەی یاسایین.
ـ قورئان، کتێبی پیرۆزی موسڵمانان.
ـ سوننەت و حەدیس، واتە روانگە، وتە و کردەوەکانی پێغەمبەری موسڵمانان، محمد
ـ سوننەت و حەدیسی دوازدە ئیمام، واتە روانگە، وتە و کردەوەکانی ئیمامەکانی جیگای پەسەندی ویلایەتی فەقیهــ
ـ کۆکبوون (اجماع)، واتە بۆچوونی گشتی ئۆمەتی موسڵمانان. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئۆمەتی موسڵمانان فقه و رێوشوێنە ئیسلامیەکان باش ناناسن، کەواتە مانای بۆچوونی گشتی زانایان یان فقها و هەوڵدەرەکان (مجتهدان)
ـ ئەقلی شەرعی (بۆ شیعەکانی مەکتەبیی ئۆسولی)، نە بە واتای کەڵک وەرگرتنی باش لە هزری (ئازاد)، بەڵکو بە واتای هزری شەرعی، واتە کەڵک وەرگرتن لێی لە لایەن فەقیهــ و موجتەهیدەکان، لە سنوور و چوارچێوەی ((رێوشوێنە ئیسلامیەکان))، رێپێدراوە، بە مەبەستی دیتنەوەی وڵامێک (لە فەرعیات) کە شەرع تا ئەو کاتە نموونەی وەک ئەوی نەبوە، فەتوا.
بەڵام، دامەزراوەی شرۆڤەکار، یان دیاریکەر و یان بڕیاردەر لەم پێوەندیەدا نەک هەر فەقیهــ یان موجتەهیدن (نە حەوزە)، بەڵکوو “زۆرینەی فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێرین” (چوار فەقیهـ یان موجتەهیدی داندراو یان هەڵبژێردراوی ڕێبەر) یان لە بابەتی پێویست دا خۆدی ڕێبەری مەزهەبی سیستەمە کە بڕیار دەدات. (بەندەکانی ٤،٥، ٥٧، ٩١، ٩٣، ٩٤، ٩٦)…
پێگەی یاسایی ژنان لە یاسای بنەڕەتیدا
یاسای بنەڕەتی لە سێ بەشدا، راستەوخۆو ناراستەوخۆ، بە ئاشکراو شاراوەیی، سەبارەت بە ژنان بۆچوونی دەربڕیوە.
ئاـ لە پێشەکیدا
ب ـ لە بەشی یەکەم، بەندە گشتیەکان، بەندی دە
ج ـ لە بەشی سێهەم مافەکانی گەل، بەندەکانی نۆزدە، بیست، بیست‌ویەک و بیست‌وهەشت.
چاوێک لە پێشەکی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی بکەین:
لە پێشەکی یاسای بنەڕەتی، لە ژێر ناوی “ژن لە یاسای بنەڕەتی دا”، ئاوا هاتووە:
“لە پێکهێنانی دامەزراوە کۆمەڵایەتیە ئیسلامیەکاندا، ئەو هێزە مرۆییانەی کە لە خزمەت بەرهەمهێنەری گشت لایەنەی بێگانە دا بوون شوناسی ڕەسەن و مافی مرۆیی خۆیان وەدەست دێننەوە و لەم وەدەست هێنانەوەیەدا سروشتیە کە ژنان بە هۆی زوڵمێکی زۆرتر کە تاکوو هەنووکە لە سیستەمی ملهوڕی پاشایەتی چێشتوویانە، مافیان زۆرتر دەبێت. بنەماڵەی یەکەی بناخەیی کۆمەڵگا و ناوەندی سەرەکی گەشەی و بەرزبوونەوەی مرۆڤە و رێکەوتنی بڕوایی و ئامانجی لە پێکهێنانی بنەماڵەدا کە بوار رەخسێنی سەرەکی جولەی کامڵ بوونی گەشە کردنی مرۆڤ بنەمای سەرەکیە و دابین کردنی ئیمکانات لە پێناو گەیشتن بەم مەبەستە لە ئەرکەکانی حکومەتی ئیسلامی‌یە. ژن لە وەها تێگەیشتنێک لە یەکەی بنەماڵە، لە دۆخی (کەرەستە بون) و یان (کەرەستەی کار بووندا) لە خزمەت بڵاو بوونەوەو پەڕەسەندنی بەکارهێنان و چەوساندنەوە، هاتۆتە دەر و لەگەڵ دۆزینەوەی ئەرکی گرنگ و بە نرخی دایکایەتی لە پەروەردە کردنی مرۆڤە مەکتەبیە پێشرەوەکان و خۆی هاوشانی پیاوان لە گۆرەپانە چالاکەکانی ژیان دەبێت و لە ئاکامدا دەبێتە خاوەنی بەرپرسایەتیەکی بەنرخترو لە روانگەی ئیسلامی دا دەبێتە خاوەنی بایەخ و پێگەیەکی بەرزتر. (کەوانەکان لە خودی پێشەکیەکەدان).
لێرەدا مزهگێنی بە ژنان دەدرێت کە لە کۆماری ئیسلامیدا “بە هۆی زوڵمێكی زۆرتر کە تاکوو هەنووکە لێیان کراوە لە لایەن سیستەمی ملهوری پاشایەتی، مافیان زۆرتر دەبێت.”
ئاخۆ بەراستی وایە؟
پێشەکی، دواتر هەڵدەستێ بە پێهەڵگوتن و پەسنی بنەماڵە، وەک یەکەی بنەڕەتی کۆمەڵگاو دوای پێناسە کردنێکی گشتی لە “بزاوتی گەشەسەندن و بەرەو پێش چوونی مرۆڤ لە بنەماڵەو رۆڵی سەرەکی ئەو “بە ئەرکی حکومەتی ئیسلامی دەزانێ کە هەڵومەرجی پێویست بە مەبەستی گەیشتن بەم ئامانجە دابین بکات. و لەم پێوەندیەدایە کە “ژن لە وەها تێگەیشتنێک لە یەکەی بنەماڵە، لە دۆخی (کەرەستە بون) و یان (کەرەستەی کار بووندا) لە خزمەت بڵاو بوونەوەو پەڕەسەندنی بەکارهێنانی و چەوساندنەوە، هاتۆتە دەر و لەگەڵ پەیدا کردنەوەی ئەرکی گرنگ و بە نرخی دایکایەتی لە پەروەردە کردنی مرۆڤە مەکتەبیە پێشرەوەکان” و “خۆی هاوشانی پیاوان لە گۆرەپانە چالاکەکانی ژیان” دەبێت و دوایی بە پێی ئەو ئەرکانەی کە بەڕێوەیان دەبات، “لە ئاکامدا دەبێتە خاوەنی بەرپرسایەتیەکی بەنرخترو بە پێی روانگەی ئیسلامی دەبێتە خاوەنی بایەخ و پێگەیەکی بەرزتر.” با بزانین کە مەبەستی راستین لە ” بایەخ و پێگەیەکی بەرزتر” چ واتای هەیە.
سەرەتا ئەوەیکە، پێشەکی یاسای بنەڕەتی بە ئاشکرا رۆڵ و بەرپرسایەتی ژنانی تەنیا لە چوارچێوی یەکێک لە بوارەکانی کۆمەڵگا، یان یەکێک لە شێوە رەنگاورەنگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، واتە لە بنەماڵەدا سنوور دار دەکات. واتە پێگەو بایەخی ژن سنووردار دەبێتەوە بە رۆل گێڕانی لە بنەماڵەدا وەک هاوسەرو دایک. پرسیار ئەمەیە کە ئەگەر ژنێک، بە هەر هۆکارێک نەیهەوێ بنەماڵە (ژیانی هاوبەش) پێک بێنێ، چ دەبێت؟ هەروەکوو هەزاران هەزار ژن کە ئەو کارە دەکەن و بنەماڵە پێک ناهێنن. و لە بنچینەدا بۆچی دەبێ پێگەو بەرپرسایەتی ژنان لە سنووری چوارچێوەی ماڵەوەو ئەوێش لە ئەرکگەڵیکی دیاریکراودا بزانین؟
پێشەکی دەڵێ: “ژن لە وەها تێگەیشتنێک لە یەکەی بنەماڵە، لە دۆخی (کەرەستە بون) و یان (بوونی وەک کەرەستەی کار) لە خزمەت بڵاو بوونەوەو پەڕەسەندنی بەکارهێنان و چەوساندنەوە، هاتۆتە دەرو پێگەی “گرنگ و بە نرخی دایکایەتی” بەدەست دێنێتەوە. مەبەست چیە؟ واتە ژن لە سەردەمی “دەسەڵاتی ملهوڕی پاشایەتی” لەم “ئەرکە پر بایەخە” هاتەدەرو چالاکی کۆمەڵایەتی دەست پێکردو ئەم بابەتە بەواتای “کەرەستە بوو و بوونی بە ئەمرازی کاریە” ئەوە. لە ئاکامدا بۆ دەرباز بوونی لە “چەوساندنەوە” (کە پێناسەکەیان روون نیە) دەبێ بگەڕیتەوە سەر ئەرکی دایکایەتیەکەی. ژن “ئەرکی بە نرخی دایکایەتیەکەی دەدۆزێتەوە” و دەگەرێتەوە بۆ ئەوە شوێنەی کە پێشتر بووە، واتە دەگەرێتەوە بۆ ئەو پێوەندیانەی کە لەودا تاکوو ئێستا نەهاتبۆ ناو چالاکی کۆمەڵایەتیەوەو رۆڵێ ئەو (و تەنیا) هەر رۆڵێ دایکایەتی لە ماڵێ یان لە دەرەوەیە. واتە دەربازبوونی ژن لە “چەوساندنەوە وکەرەستە بوون”، گەراندنەوەیەتی بۆ رۆڵی سوننەتی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان. یاسای بنەڕەتی لێرەدا بە نیسبەت رۆڵی ژنان وێنەیەکی زۆر دواکەوتوانە، یەکلایەنەو سنووردار دەخاتەڕوو. ئەگەر بە کورتی چاوێک لە ژیانی میلیۆنان ژن لە ئێران، و هەروەها سەراسەری جیهان، بە تایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتووو دێموکڕاتیک، بکەین هەڵەبوونی ئەو بیرەمان بە تەواوەتی ئاشکرا دەکات. بەڵام، بە پێی پێشەکی، “ئەرکی بە نرخ و پیرۆزی” دایکایەتی، تەنیا لە دایک بوون دا نیە، دایک بوون مەرجێکە. ئەو دەبێ “مرۆڤی مەکتەبیی پێشرەو” پەروەردە بکات، واتە،
١ـ ژن دەبێ ژیانی هاوبەش پێک بێنێ.
٢ـ دەبێ ببێ بە دایک.
٣ـ دەبێ مرۆڤی مەکتەبی پەروەردە بکات.
ئەو تەنیا لە ژێر وەها دۆخێک دا ئەو “پێگە بەرزو پیرۆزەی” دەبێت کە لە یاسای بنەڕەتی دا بەڵێنی پێدراوە.
لێرەدا دەبێ بپرسین، لە بنچینەدا ئەگەر ژنێک بنەماڵە پێک نەهێنێت چ دەبێت؟ یان ئەگەر بنەماڵەی پێک هێناو نەیویست منداڵی هەبێ ، چ روو دەدات؟ یان ئەگەر منداڵەکانی ئەو مرۆڤی مەکتەبیی، ئەویش لە جۆری پێشرەو نەبوون، چارەنووسی “بایەخ و رێزی بەرزی” ئەو چیە؟ پێناسەی مرۆڤی ”مەکتەبیی” یان ”پێشرەو” چیە؟ کامە سەرچاوە بۆ نیوەی کۆمەڵگا ئەم مۆدێلە مرۆڤە “تەواوترە” پێناسە دەکات؟ ئایا سەعید ئیسلامی (امام) یان روحوللا حوسێنیان و یان شێخ سادقی خەلخاڵی (تەنیا وەک نمونە) مۆدێلی مرۆڤەکانی پێشرەوی ئیسلامین؟ مرۆڤی پێشرەوی مەکتەبی هەر ئەو نارازیان بە تەقەلوبی هەڵبژاردنن یان “گۆپال بەدەستەکانی حیزبولا”، کامەیان؟
یان لە بنچینەدا پێگەو شوێنگەی ژنانی کەمایەتیە ئایینی و مەزهەبیەکان، یان لایەنگرانی هەر بیرو باوەرێکی دیکە، کە بە پێی باوەڕەکانیان، هیچ ویستێکیان بۆ پەروەردە کردنی مرۆڤی مەکتەبی ـ پێشرەوی ئسلامی نیە چ دەبێت؟ و لە بنچینەدا بۆچی دەبێ مرۆڤ هەر دەبێ مەکتەبی یان پێشرەو بار بێت؟ و پێناسەی ئەم “مەکتەب” یان “پێشرەوە” چیە؟ و چ کەسێک پێناسەی دەکات؟ شوێن‌و سەرچاوەی دیاری کردنی ئەو بابەتە کامەیە؟ مرۆڤی مەکتەبی‌و پێشڕەو، بە پێی باوەڕەکانی ویلایەتی فەقیهـ، واتە “ئیسلامی نابی محەمەدی”، و هەموو دەزانن کە لەم بارەشدا ( هەروەکوو زۆربەی بابەتەکان) تەنانەت ناسراوترین بیردۆزان، یان دەسەڵاتداران لە کۆماری ئیسلامی دا لە گەڵ یەک هاوڕا نین.
پێشەکی دەڵێ کە ژنان لە پێوەندی لە گەڵ رۆڵیان لە بنەماڵەو پەروەردە کردنی مرۆڤە مەکتەبی‌یەکاندایە کە “کە خۆیان هاوشانی پیاوان لە بوارە چالاکەکانی ژیاندا” دەبینن. نە لە بواری چالاکیە کۆمەڵایەتیەکاندا، بەڵکوو ژیان، بە واتای ژیان کردن.
بە پێی پێشەکی یاسای بنەڕەتی، ژن دەبێ بگەرێتەوە رۆڵی سونەتی خۆی لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکان، واتە رۆڵی دایکایەتی‌و لەوێدا هەوڵ بدات منداڵی نابی محەمەدی بار بێنێت‌و لەم چوارچێوە دایە کە دەتوانێ لە هەوڵی خەرجی بۆ درێژە دان بە ژیان، لە یەکەی بنەماڵەدا، و لە رۆڵی دایکایەتی دا ببێتە هاوخەباتی پیاوان. ئەم تێروانین‌و روانگەیە لە ژن، یەکێک لە روانگە (دواکەوتوەکان) کانی ناو کۆمەڵگایە. یاسای بنەڕەتی ئەم روانینە “بایەخیە” رەهاو پیرۆز دەکات و دەگشتێنێ. لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دا، ژن‌و پیاو مافی یەکسانیان لە بەرابەر یاسا دا هەیەو پێگەو شوێنگەی ئەوان هیچ کات لە پێوەندی دەگەڵ بەجێ گەیاندنی “ئەرکێکی” تایبەت دا پێناسە ناکرێت. هەر کەس ویستی دەتوانێ “دایکێكی باش” بێت، یان هیچ کات نەبێتە دایک هەروەکوو چۆن کە پێگەو شوێنگەی پیاوان لە کۆمەڵگا دا (لە یاسای بنەڕەتیدا) تەنیا لە پێوەندی دەگەڵ رۆڵی باوکایەتیان پێناسە ناکرێت. هەر دوکیان بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەرکێکی کۆمەڵایەتی کە پەسەندی دەکەن، لە بەرابەر یاسادا مافی وەک یەکیان هەیە. بوون بە ”دایک” ئەرکێکی تایبەتە کە لە بەرهەم هێنانەوەی هێزی کاری پیاو لە دەرەوەی ماڵەوە تاکوو بارهێنان‌و ئاگاداری لە منداڵەکان لە خۆ دەگریت. کاری ژن لە ماڵەوە دا، کارە. چ مەکتەبی بێت و چ مەکتەبی نەبێت. بایەخی کاری ئەو لە رادەی کار، کات و وزەی دایە کە بەکاری دێنێت. جیاوازیەک لە نیوان ”کاری” ژنێکی کافر، موسڵمان، یەهودی یان کۆمۆنیست دا نیە. هەموویان، لە سەر بنەمای بایەخ‌و ئایدیاکانی خۆیان کار دەکەن. جیاوازی‌و هەڵاواردن لە نێوانیاندا بۆ هۆکاری پێوەندی “بایەخەکان” (ئایینی، مەزهەبی، ئایدیۆلۆژی و …) یان ئەرکەکانیان (دایکایەتی و هاوسەری و …) لە بناخەدا هەڵەیە و پێشێلکەری یەکێک لە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤەو هەروەها لە گەڵ کۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیک دا نایەتەوەو لە ناکۆکی دایە. باشە کامە باوک یان دایکێک نایهەوێت کە منداڵی “باش” بار بێنێت؟ بەڵام، دایکی “باش”ی جولەکە منداڵەکەی بە بایەخ‌و پێوەرەکانی ئایینی خۆی، و موسڵمان بە بایەخ‌و پیوەرەکانی ئایینی خۆی بار دێنێت. ناتوانین ئەو چاوەروانیەمان لە دایکێکی سوننی مەزهەب هەبێت کە منداڵەکەی وا بار بێنێت کە باوەڕی بە ئیمامی “نادیار” هەبێت.
بەندەکانی یاسای بنەڕەتی
ئا ـ بەندی دەیەم، بەشی یەکەم، بنەما گشتیەکان
“لێرەوە کە بنەماڵە یەکەی بنەڕيتی کۆمەڵگای ئیسلامیە، هەموو یاساو ریساکان‌و بەرنامەکانی پێوەندی دار دەبێ لەپێناو ئاسان کردنی پێکهێنانی بنەماڵە، پاریزگاری لە پیرۆزی‌و بەردەوامی پێوەندی بنەماڵەیی بە پێی بنەمای یاسای ئیسلامی بێت”.
بنەمای دەیەم، دووبارە لەسەر یەکەی بنەماڵە، وەک یەکەی بنەڕەتی کۆمەڵگای ئیسلامی پێداگری دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەش دا، “پارێزگاری کردن” لە “پیرۆزی‌و بەردەوامی” ئەو بە ئەرکی خۆی دەزانێ. لە لایەنێکەوە بنەماڵە پیرۆز دەکات‌و لە لایەنێکی دیکەشەوە پارێزگاری لەو دەکات‌و جارێکی دیکە پێداگری دەکرێ کە پێوەندیە بنەماڵەیەکان لەسەر “بنەمای یاسای ئیسلامی” دەبێت، هەروەکوو کە لەسەرەوە باسمان کرد، مەبەست فقهی شیعەی جەعفەری دوازدە ئیمامی مەکتەبیی ئوسولی‌یە.
ب ـ بەشی سێهەم مافەکانی گەڵ، بنەماکانی ١٩، ٢٠، ٢١، ٢٨
بنەمای نۆزدەیەم دەڵێت: “خەڵكی ئێران لە هەر قەوم و قەبیلەیەك بن مافی یەكسانیان هەیە و رەنگ، نژاد و زمان و ئەوانە نابنە هۆی جیاوك دانان”.
ئەگەر ئەم بنەمایە لە گەڵ هاوشێوەکەی لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ دا بەراورد بکرێت، دەست بەجێ ئاشکرا دەبێت کە لەم بنەمایەدا دوو توخمی بنەڕەتی، رەگەز (ژن) و ئایین (هەر مەزهەب، بڕوا یان ئایدیۆلۆژیەکی دیکە) مەبەستدار باسیان نەکراوە. لەبەر ئەوەی کە لە ڕوانگەی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ( و لایەنگرانی ویلایەتی فەقیهـ)، شیعەی مەکتەبیی ئوسولی باشترین مەزهەبەو موسڵمانان بە نیسبەت خەڵکی دیکەوە خاوەنی جیاوکن. یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی پێرەوی مەکتەبیی ئوسولی لقی ویلایەتی فەقیهــ وەک تەنیا مەزهەبی “راست” لە دنیای ئیسلامدا دەزانێ. هەڵبەت، ئەگەر ئەوان ئەم بابەتە بە بابەتێکی باوەڕی ـ ئیمانی، بەڵام کەسەکی بزانن، جێگای رخنە نین. هەر کەس دەتوانێ‌و رێگە پێدراوە کە بۆخۆی باوەڕێکی هەبێ‌و باوەڕی خۆی بە “باشترین و بەرزترین” یان “راستی رەها” بزانێ. کێشە لەو شوێنەیە کە ئەم باوەڕو “بایەخ”ـانە لە لایەک رەهاو جیهانگیر بن، و لە لایەکی دیکەوە، بە شێوەی بنەماکانی یاسای بنەڕەتی، واتە ببنە پێوەرو بایەخەکانی حکومەت، وەک ئۆرگانی بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی کۆمەڵگا. یاسای بنەڕەتی، ریسای بنچینەیی و بنەڕەتی پێکهێنانی سیستمەمی حکومەتە، و حکومەت بابەتێکی کەسەکی‌و تاکی نیە. بەڵکوو ئۆرگانی بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی کۆمەڵگایە، و کەواتە دامەزراوەیەکی گشتیە. واتە یاسای بنەڕيتی ناوتوانێ رەنگ‌و بۆنی تەنیا جیهانبینیەکی تایبەتی هەبێت. لە سەرەوە وتمان کە لە بنەمای نۆزدەهەم دا واژەی رەگەز (ژن) تێدا نیە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە پیاو بوون یان پیاوەتی لەم هزرەدا “دەبێتە هۆی جیاوک” دانان. بنەمای نۆزدە دەڵێ: ” رەگەزو زمان‌و ئەوانە نابنە هۆی جیاوك دانان”. بە دەربڕینێکی‌تر تایبەتمەندیەکانی دیکە وەک موسڵمان بوون، شیعەی دوازدە ئیمامی بوون، پیاوەتی، دەبنە هۆی جیاوک دانان. هەروەکوو چۆن لە یاسای بنەڕەتی، یاسا مەدەنیەکان‌و هەروەهاش لە کردەوەی کۆماری ئیسلامی دا ئەوە بە ڕوونی دەبینین. لە یاسای بنەڕەتی ئێران دا بە کردەوە لە نێو باوەڕداران بە سیستەم‌و جیهانبینی ئەوان‌و دوکەوتوانی زۆربەی ئایینەکان، مەزهەب‌و ئایدۆلۆژیەکان، و لە نێوان ژنان و پیاوانی لایەنگری ویلایەتی فەقیهـ، بە پێێ یاسا جیاوازی لە مافەکانیان دا هەیە. لەم سیستمەدا وەک نموونە، دووکەوتوان‌ و لایەنگرانی زۆربەی مەزهەبەکان و هەروەها ژنان، بە پێی یاسا، بێ بەشن لە بەشداری کردن لە سەرەکیترین ترین ئۆرگانە بڕیاردەرە پێشبینی کراوەکانی یاسای بنەڕەتی. یاسای بنەڕەی بە فەرمی و بە پێی یاسا پێشێلکاری بنەمای یەکسانی مافی تەواوی مرۆڤەکانە (ئاماژە پێکراو لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ) لە بەرامبەر یاسادا.
بنەمای بیستەم دەڵێ: “هەموو تاكەكانی میللەت جا ژن بن یان پیاو، بە یەكسانی لە لایەن یاساوە پارێزراون‌و هەموو مافە مرۆیی، سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كلتووریەکان بە رەچاوکردنی رێوشوێنە ئیسلامییەکان دەیانگرێتەوە”.
لێەدا جارێكی دیکە، لە پێوەندی دەگەڵ ژنان‌و پیاوان دا وەبیر دێنێتەوە کە “مافە مرۆیی، سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی‌و كلتووریەکان “بە رەچاوکردنی رێوشوێنەكانی ئیسلام دەیانگرێتەوە. واتە پێوەری یەکلاکەرەوە لەم بابەتەو هەرەها لە تەواوی بەبەتەکانی دیکەشدا رێوشوێنە ئیسلامییەکانن. و ئیسلام (لانیکەم شرۆڤەی ویلایەتی فقیه ئەوەیە) یەکسانی لە مافەکانی ژنان‌و پیاوان پەسەند ناکات‌و ئەم هەڵاواردنە هەم لە یاسای بنەڕەتی‌داو هەم لە زۆربەی یاسا ئاسایەکاندا بە فەرمی‌و بە یاسایی بونیان هەیە. بنەمای بیستەم دەڵێ: “ژن و پیاو بە یەکسانی لە لایەن یاساوە پارێزراون”و نەک ئەوەی کە خاوەن مافی یەکسان بن لە بەرامبەر یاسادا. “پاریزراو” بوونی یەکسان لە لایەن یاساوە دەگەڵ ئەوەی کە خاوەن مافی یەکسان بن لە بەرامبەر یاسادا لە بناخەوە جیاوازە. مەبەستی بنەمای بیستەم ئەوەیە کە یاسای ئەرایی، کە دەبێ پێچەوانەی رێوشوێنەکانی شەرع نەبێ، هەر لە بنچینەدا لە نێوان ژن و پیاو دا جیاوازی و هەڵاواردن دادەنێ،و پیاوان لە تەواوی بوارەکاندا سەرووتر لە ژنان دەزانێ، سەبارەت بە هەموان بەیەکسانی “بەڕێوە” دەبردرێت واتە، نە لە بنەما و بنچینەدا، بەڵکوو لە بەڕێوەبردنی یاسا دا “یەکسانی” دیتە کایەوە. یاسا بە شێوەی “یەکسان” پشتیوانی لە هەموو لایەک دەکات، واتە لە بەڕێوەبردنی یاسایەک کە لە بنچینەدا لە سەر بنەمای نایەکسانی لە مافەکاندا دامەزراوە، یەکسانی دەپارێزرێ. لە بنەمای بیستو یەکەم دا، وەبیر دێنێتەوە کە “دەوڵەت لەسەریەتی کە گرەنتی مافی ژنان بکات لە تەواوی رووەکانەوە بە رەچاوکردنی ڕێوشوێنە ئیسلامیەکان…”
پێداگری‌و پەسەن‌و دوپاتە کردنەوەی بەردەوام لەسەر “ڕەچاوکردنی رێوشوێنە ئیسلامیەکان”ـە. بنەمای بیست‌و هەشتەم هەڵبژاردنی پیشەش، بۆ نمونە، سنووردار دەکاتەوە بە ڕێوشوێنە ئیسلامیەکان.
“هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە هەر پیشەیەك كە ئارەزووی لێیەتیێ‌و پێچەوانەی ئیسلام‌و بەرژەوەندی گشتی‌و مافی كەسانی دیكە نەبێت هەڵبژێرێت. دەوڵەت لەسەریەتی کە بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی کۆمەڵگا بە پیشەی جۆراوجۆر بۆ هەموو تاکەکان ئەگەری کار کردن‌و هەلومەرجی یەکسان بۆ دەست خستنی پیشەکان پێک بێنێت.”
واتە هەموو کەس ئیزنی ئەوەی نیە کە کارێک کە پێی خۆشە بیکات‌و هەڵبژێرێ. پێوەرەکە (بۆ نموونە) رێوشوێنە ئیسلامیەکانەو شرۆڤە کردنیی رێوشوێن و حوکمە شەرعیەکان لە مافە تایبەتیەکانی فەقیهــ و موجتەهیدەکان (شۆڕای چاوەدێری)ـە. ژنان لە مافی دادوەری بێ بەشن، بۆچی؟ لەبەەر ئەوەی کە لەگەڵ “رێوشوێنە شەرعیەکان” نایەتەوە. ژنان لە خوێندن لە هەندێک لە رشتەکان بێبەشن. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە “ڕێوشوێنە شەرعیەکان” بە رێگە پێدراوی نازانن.
لەهیچ بنەماو بەندێک لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دا یەکسانی لە مافی ژنان و پیاوان (و یان تەنانەت تەواوی پیاوان) لە بەرامبەر یاسادا بە فەرمی ناناسرێت.
٢ـ لە هەر شوێنێک کە باس لە مافی ژنان دەکرێت، وەبیر دێنێتەوە کە ئەم مافانە تەنیا لە چوارچێوەی “رێوشوێنە ئیسلامیەکان” دا دەبن. و “رێوشوێنە ئیسلامیەکان” لە بنچینەدا یەکسانی لە مافەکانی ژنان و پیاوان لە بەرامبەر یاسادا پەسەند ناکات. بە دەربڕینێكی‌تر یاسای کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای نابەرابەری مافی ژنان و پیاوان، موسڵمانان و نا موسڵمانان، شیعەکان‌و ئەهلی سوننەت، دوکەوتوان و لایەنگرەکانی مەکتەبیی ئوسولی‌و زۆربەی مەکتەبەکان، ئیماندارانی ئاسایی (پیاو) و مەلاکان (پیاوانی گەرە) و ….، بنیاد نراوە. هەڵاواردن لە نێوان هەمواندا، دابەشکردنی مرۆڤ لانیکەم بەسەر حەوت چەمکی یاسایی لە بەرامبەر یاسادا، لە سیستەمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور دا دابەش کردنی مافەکانی مرۆڤ بەسەر دوو چەمک دا بوو.
٣ـ لە یاسای بنەڕەتی سەبارەت بە رۆڵی ژن، لە کۆی چالاکیە کۆمەڵایەتیەکاندا، تەنیا یەکەی بنەماڵە زەق، رەهاو پیرۆز دەکرێت. بە واتای ئەوەی کە پێگە و بەرپرسایەتی ژن تەنیا لە پێوەندی دەگەڵ یەکێک لە رۆڵەکانی کۆمەڵایەتی ئەو، لە بنەماڵەدا، پێناسە دەکرێت.
٤ـ لە پێوەندی لەگەڵ رۆڵی ژن لە بنەماڵەشدا، کاتێک پێگەی ئەو بە فەرمی دەناسرێت کە “مرۆڤی مەکتەبی پێشڕەو” پەروەردە بکات. واتە تەنانەت بایەخی کاری ژنان لە “یەکەی بنەماڵەشدا” لە پیوەندی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت و یەک لایەنە پێناسە دەکرێت و کاری ئەو لە ماڵەوەدا تەنیا لەم چوارچێوە “بایەخی”یەدا واتا پەیدا دەکات.
بێ بەش کردنی ژنان لە مافە بنەڕەتیەکان
بنەڕەتی‌ترین دامەزراوە بریاردەرە پێشبینی کراوەکان لە یاسای بنەڕيتیدا بریتین لە:
١ـ شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری
٢ـ پوستی ڕێبەری
٣ـ شۆڕای چاوەدێری
٤ـ دەسەڵاتی دادوەری
٥ـ دەسەڵاتی بەڕێوەبەری
٦ـ دەسەڵاتی یاسادانان
ـ شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری
بنەمای ١٠٧ و ١٠٨ی یاسای بنەڕەتی تایبەتە بە ئەرکەکانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، و جۆری پێکهاتنی‌و نووسین پێرەوی ناوخۆیی، دانیشتنەکانی یەکەمین خولی ئەو شۆڕایە.
شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری:
ئاـ بەرزترین و باڵاترین ئۆرگانی سیستەمی حکومەتە لە کۆماری ئیسلامیدا، لەبەر ئەوەی یاری کردنی ڕێبەر سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە ئەرکەکانی ئەم شۆڕایەیە. حکومەتی پیاوچاکان، بگەرێوە بۆ پێشەکی یاسای بنەڕەتی شیوەی حکومەت لە ئیسلامدا.)
ب ـ بە پێی بنەمای ١٠٨، ” یاسای پێوەندیدار بە ژمارەی ئەندامان ومەرجەکانی شارەزایان و چۆنیەتی هەڵبژاردنیان و ئایینامەی ناوخۆی دانیشتنەکانیان بۆ یەکەمین خول دەبێ لە رێگای فەقیهـەکانی یەکەمین خولی شۆڕای چاوەدێری دابین بکرێ‌و بە زۆربەی دەنگی ئەوان پەسەند بکرێت و لە کۆتایی دا لە لایەن ڕێبەرەوە پەسەند دەکرێت. لە دوای ئەوە هەر گۆرانکاری و پێداچوونەوە لەم یاسایەو پەسەند کرانی زۆربەی رێساکان پێوەندی بە ئەرکی شارەزایان و شیاویەتی خۆیانەوە هەیە”.
ج ـ بە پێی یاسای هەڵبژاردن، و هەروەهاش ئایینامەی ناوخۆیی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، یەکێک لە مەرجەکانی ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن “بە تەواوەتی ناسینی بنەماکانی ئیجتهادو لەگەڵ رابردووی خوێندن لە حەوزە ناودارەکانی علمیە”یە تاکوو لەم رێگایەوە بتوانن کەسی شیاو بۆ ڕێبەری بناسن و دەستنیشان بکەن. بەپێی ئەم ئاینامانە، و دوای هەموارکردنی ساڵی ١٣٦٩، پالێوراوەکانی شۆڕای شارەزایان ڕێبەری ١ـ دەبێ خاوەنی دەرەجەی ئیجتهاد بێ و ٢ـ دیاریکردنی ئەو بابەتە لە ئەستۆی شۆڕای چاوەدێریە.
بەم پێ‌یە، دەبێ ئەندامانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری “موجتەهید” بن. لەبەر ئەوەی کە ژنان ناتوانن ببن بە موجتەهید، بەم پێیە بێ بەشن لە مافی بەشداری کردن لە شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، واتە بێ بەشن لە بەرزترین و باڵاترین دامەزراوەی حکومەت.
هەر بە پێی بنەمای ١٠٧، “شارەزایانی ڕێبەری لێکدانەوەو راوێژ دەکەن سەبارەت بە هەموو ئەو زانایانەی کە ئەو مەرجانەیان تێدایە کە لە بنەماکانی پێنجەم و سەدو نۆیەم دا هاتوون… و یەکێک لە ئەوان وەک … ڕێبەر هەڵدەبژێرن…”. لەگەڵ ئەوەشدا لە بنەمای ١٠٩، لە پیوەندی لەگەڵ مەرج و خەسلەتەکانی ڕێبەر، بۆ نموونە هاتووە کە ئەو دەبێ “شیاویەتی زانستی پێویست بۆ فتوا دان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی فقهی دا” هەبێ، بە دەربڕینێکی تر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەبێ “فەقیهــ” یان موجتەهید بێت. کەواتە ژنان ناتوانن ببنە ڕێبەر لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا. لەبەر ئەوەی کە جارێ نە فەقیهـن و نەموجتەهید. ڕێبەر، بە پێی یاسای بنەڕەتی نزیکەی تەواوی دەسەڵاتی سیستەمی لە پاوان دایە. ژنان لەو دەسەڵاتەش بێبەشن.
شۆڕای چاوەدێری:
شۆڕای چاوەدێری یەکێک لە گرینگترین دامەزراوەکانی حکومەتە. ئەرکەکانی ئەم شۆڕایە بریتین لە:
ئاـ پارێزگاری لە حوکمە ئیسلامیەکان و یاسای بنەڕەتی لە رووی ناتەبایی لەگەڵ پەسەند کراوەکانی شۆڕای ئیسلامی لەگەڵ ئەوان (بنەمای ٩١)
ب ـ شرۆڤە کردنی یاسای بنەڕتی
پ ـ چاوەدێری کردن لەسەر هەڵبژاردنی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، سەرۆک کۆماری، پارلمای شۆڕای ئیسلامی و گەرانەوە بۆ دەنگی گشتی و ڕاپرسی (٩٩)
هەروەها ئەمەیکە ” پارڵمای شۆڕای ئیسلامی بەبێ بوونی شۆڕای چاوەدێری متمانەی یاسایی نیە” (٩٢)، و “هەموو پەسەندکراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی دەبێ بنێردرێن بۆ شۆڕای چاوەدێری (٩٤).
ئەندامانی ئەم شۆڕایە چۆن دیاری دەکرێن؟ شۆڕای چاوەدێری خاوەن دوازدە ئەندامە کە دابەش دەبن بەسەر دوو گرووپ دا:
١ـ ”شەش کەس لەوان فەقیهـەکانی دادپەروەرو ئاگا بە رووداوەکانی رۆژگارو رووداوەکانی رۆژە، کە ئەم چەند کەسە لە لایەن ڕێبەرەوە هەڵدەبژێردرێن.”
٢ـ شەش کەس یاساناس، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی یاسا دا، لە نێوان ئەو یاساناسە موسڵمانانەی کە لە لایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی دەناسرێن و بە دەنگی پارڵمان هەڵدەبژێردرێن.” (٩١)
کەواتە، لە کۆی ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری شەش کەسی یەکەم فەقیهـن کە لە لایەن ڕێبەر (فەقیهـ و موجتەهید) هەڵدەبژێردرێن. ئەم بەشە لە بنچینەدا ژنان ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی کە ئەوان فەقیهــ و موجتەهید نین. شەش کەسەکەی دیکە دەبێ “یاساناسی موسڵمان” بن و ئەوانیش سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری (کەسێکی موجتەهیدە و رێبەر هەڵی دەبژێرێ) دەیان ناسێنێت. “یاساناسانی موسڵمان” بەتەواوەتی ناروونە. دەتوانرێ مەبەست لە “یاسا”، یاسای ئیسلامی پێناسەو شرۆڤە بکرێ یان نەکرێ. ئەگەر یاسای ئیسلامی (فقه) پێناسە و شرۆڤە بکرێت، ژنان بە تەواوەتی بە پێی یاسا، لەو دامەزراوەیە وەلا دەنرێن. بە پێچەوانەوە لەوانەیە بتوانن بێنە ناو ئەو دامەزراوەیەوە. کردەوەی سی و چەند ساڵەی کۆمەری ئیسلامی پێچەوانەی ئەو گریمانەیە پێشان دەدات. واتە ژنان، تاکوو هەنووکە، لە مافی بەشداری کردن لە شۆڕای چاوەدێریدا بێ بەش بوون. وای دابنێن کە ژنان ئیزنی بەشداریان لەو دامەزراوەیەدا هەبێت. واتە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری (کە بۆخۆی موجتەهیدە) لە نێو ئەو “یاساناسە موسڵمانان”نانەی کە بە پارڵمان دەناسێنێت ژن (یان ژنانێک) یش دەناسێنێ و پارڵمانش ئەو پێشنیارە پەسەند دەکات.
بنەمای نەوەدو شەشی یاسای بنەڕيتی دەڵێت: “دیاری کردنی نەبوونی ناتەبایی پەسەند کراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی لەگەڵ حوکمە ئیسلامیەکان لە ئەستۆی زۆرینەی زانایانی شۆڕای نیگابان و دیاری کردنی نەبوونی دژایەتیان لەگەڵ یاسای بنەڕەتی لە ئەستۆی زۆربەی زۆری هەموو ئەندامانی شۆڕای چاوەدێریە.”
لە پێش دا وتمان کە ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری شەش کەس زانا و شەش کەس یاساناسی ئیسلامین. گریمانەی یەکەم ئەوە کە لە شەش کەسی دووهەم هیچکامیان “زانا” نەبێت. لەم کاتەدا “دیاری کردنی نەبوونی ناتەبایی پەسەند کراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی لەگەڵ حوکمە ئیسلامیەکان” لەدەست شەش زانای شۆڕای چاوەدێری دایە کە لە لایەن ڕێبەرەوە دادەنرێن. واتە، لەم شێوەیەدا تەنیا چوار کەس لەو زانایانە بڕیار دەدەن. بە بێ ژنان. و دوایی هاتوە کە ” دیاری کردنی نەبوونی دژایەتیان لەگەڵ یاسای بنەڕەتی لە ئەستۆی زۆربەی زۆری هەموو ئەندامانی شۆڕای چاوەدێریە.”
بەڵام بنەمای چوارەم دەڵێت کە یاسای بنەڕەتی، و هەموو یاساکانی وڵاتیش تەنیاو تەنیا لە چوارچێوەی “رێوشوێنە ئیسلامیەکان” دا بایەخیان هەیە. واتە هەر بابەتێک لە یاسای بنەڕتیش (تاکوو ئەو شوێنەی کە لەگەڵ رێوشوێنە ئیسلامیەکان بێتەوە) دەتوانێ لە پێوەندی لەگەڵ “حوکمە ئیسلامیەکان” دا شرۆڤە بکرێت و لە ئاکامدا مافی بڕیار دان سەبارەت بەوان تەنیا مافی زانایانی شۆڕای چاوەدێریە (زۆربەی ئەوان، ٤ زانا). دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە شرۆڤەی یاسای بنەڕەتیش لە مافەکانی شۆڕای چاوەدێریە. ئەگەر گریمانە بکەین کە تەواوی ئەندامانی “یاساناسانی موسڵمان” دژبەری بۆچوونی زاناکان لە شۆڕادا بن، لەم کاتەدا هیچ بابەتێک، بەبێ راکێشانی رەزامەندی یەکێک لە زاناکان پەسەند ناکرێت. بەڵام بە کردەوە وەها نیەو ئەزموونی سی و چەند ساڵەی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە ژمارەی زاناکانی شۆڕای چاوەدێری هەمیشە زۆرتر بووە لەو شەش کەسەی کە لە لایەن ڕێبەرەوە دادەنرێن.
لێرەدا دەگەمە گریمانەی دووهەم کە لە گەڵ راستی و کردەوەی کۆماری ئیسلامی هاوتەریبە. واتە لانی کەم یەک کەس لە شەش کەسی دووهەم، واتە “یاساناسانی موسڵمان” زانا بێت. واتە پێکهاتەی شۆڕای چاوەدێری حەوت کەس زانا (شەش کەس کۆ یەک)و پێنج کەس “یاساناسی موسڵمان” بێت. لەم کاتەدا بۆچوونی ئەم حەوت زانایە لە تەواوی بابەتەکاندا چارەنوس سازە. چ لە پێوەندی لەگەڵ دیاری کردنی نەبوونی ناتەبایی پەسەند کراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی لەگەڵ ئەحکامەکانی ئیسلام چ لە پێوەندی لەگەڵ نەبوونی دژایەتیان لەگەڵ یاسای بنەڕەتی. واتە پێکهاتە، هەڵبژاردن و دانانی ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری بە شێوەیەکە کە وای دابنێین کە بۆنمونە ژن یان ژنانێک لە ژێر ناوی “یاساناسانی موسڵمان” سەرکەوتوو بن لەوەی بێنە ناو شۆڕای چاوەدێریەوە، بە کردەوە لە بڕیارە کۆتایەکان و یەکلاکەرەوەو کاریگەرەکان لە پێوەندی لەگەڵ پەسەند کرانی یاساکان بێ بەش دەبن. ئەم بابەتە سەبارەت بە پیاوانی نازانا (غیر فقیه) ش راستە. ئەوانیش دەگرێتەوە.
دەسەڵاتی دادوەری:
بنەمای سەدو پەنجاو حەوتی یاسای بنەڕەتی دەڵێت کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەبێ کەسێکی موجتەهید بێت. ڕێبەر(فەقیهــ و موجتەهید) ئەو دیاری دەکات. سەرۆکی دیوانی بەرزی وڵات و هەروەهاش داواکاری گشتی لە کۆماری ئیسلامی دەبێ موجتەهید بن. ئەوان لە لایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە راوێژ لە گەڵ دادوەرەکانی دیوانی بەرزی وڵات دیاری دەکرێن (١٦٢). کەواتە ژنان لە باڵاترین پوستە دادوەریەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی، بە هۆی ئەوەی کە موجتەهید نین، لا دەدرێن. لەگەڵ ئەوەشدا دادوەری کردن لە کۆماری ئیسلامی دا لەسەر بنەمای شەریعەت، واتە “رێوشوێنە ئیسلامیەکان” دەرکرێ. واتە دادوەر دەبێ فقهـ بێ و یاسای ئیسلامی بناسێت. واتە ئەو دەبێ “دەرچووی” حەوزە علمیەکان بێت. کەواتە ژن ناتوانێ ببێت بە قازی. ئایەتوڵلا یەزدی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لەم بارەوە لە رۆژنامەی “همشهری” رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٥٧ دا دەڵێت “تەواوی پوستە دادوەریەکان، وەکوو یاریدەدەری دیوانی بەرزی وڵات، جێگری دادگوستری پارێزگاکان… و هەر پیشەیەک جیا لە سەرۆکی دادگای دادوەری بۆ خاتوونەکان بێ کێشەیە.”
دەسەڵاتی بەڕێوەبەری (حکومەت)
بنەمای ١١٣ دەڵێ: “لە دوای پوستی ڕێبەری، سەرۆک کۆماری بەرزترین پۆستی فەرمی وڵاتە…”. سەرۆک کۆمار “دەبێ لە نێوان پیاوانی ئایینی و سیاسی… هەڵبژێردرێت” (١١٥). کەواتە، سەرۆک کۆمار دەبێ لە “رجال” بێت. لە فەهەنگی عەمید دا هاتوە کە “رجال” کۆی “رُجل”ـە، بە واتای پیاوانە. فەرهەنگی فارسی معین (بەرگی یەکەم)یش رجال ی بە کۆی رُجل و بە واتای پیاوان لێک داوەتەوە. وەکوو “رجال و نساء، بە واتای پیاوان و ژنان، یان رجال غیب بە واتای گرووپێک لە پیاوانی خودا کە خەڵکی جیهان ناتوانن بیانبینن و جیهان ئاگاداری بوونی ئەوانە. واتای دووهەمی “رجال” نەجیب و گەورە و کەسایەتیە گەورەکانە. ئەگەر واژەی بەکارهاتوو لە یاسای بنەڕەتیدا بە دواتای “پیاوان” بە کار بێنین، کەواتە سەرۆک کۆمار دەبێ لە نێو پیاوانی ئایینی و سیاسی هەڵبژێردێت. و ئەگەر بە واتای گەورەکان و کەسایەتیە گەورەکان کەڵکی لێ وەرگرین، بەم پێیە سەرۆک کۆمار دەبێ لە نێو “کەسایەتیە مەزهەب و سیاسیەکان” هەڵبژێردرێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ژنان ناتوانن لە کەسایەتیەکان یان گەورەکانی “مەزهەبی” بن، کەواتە لەم کاتەش دا سەرۆک کۆمار دەتوانێ پیاو بێت. کردەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە سی و چەند ساڵی رابردوش دا سەڵمێنەری ئەم راستیەیە و شۆڕای چاوەدێری تاکوو هەنووکە ئیزنی بە هیچ ژنێک نەداوە کە بەشداری لە کێبەرکێی هەڵبژاردن، بۆ وەدەست هێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری دا بکات.
دەسەڵاتی یاسا دانان
دەسەڵاتی یاسا دانان لە کۆماری ئیسلامی دا سێ بەشە: شۆڕای چاوەدێری، پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی و کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی.
سەبارەت بە شۆڕای چاوەدێری و بێ بەش بوونی ژنان لە مافی هەڵبژێران لەم دامەزراوەیەدا قسەمان کرد. و بە سەرنج دان بەم راستیە کە لە کۆماری ئیسلامی دا مافی یاسا دانان بە کردەوە و بە پێی یاسا لە دەست شۆڕای چاوەدێری دایە، واتە لە راستی دا لە دەستی زۆربەی زاناکانی ئەم شۆڕایە (چوار زانا) دایە، بەشداری ژنان لەم دامەزراوەیەدا زۆرتر لایەنی رواڵەتی و جوانکاری هەیە تاکوو راستین و کاریگەر.
سێیەمین دامەزراوەی یاسا دانان لە کۆماری ئیسلامی کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامیە کە “بۆ دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەم لە بابەت گەلێک دا کە پەسەند کراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی لە لایەن شۆڕای چاوەدێری بە پێچەوانەی رێوشوێنە شەرعیەکان و یان یاسای بنەڕەتی بزانێ و پارڵمان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی سیستەم بۆچوونی شۆڕای چاوەدێری لەبەر چاو نەگری و دابینی نەکات و راوێژ لە بابەت گەلێک کە ڕێبەر بۆیان دەنێرێت و … بە دەستووری ڕێبەری پێک دێت. ئەندامە جێگیرو ناجیگیرەکانی کۆمەڵەی دیاری کردنی بەژەوەندیەکانی سیستەم لە لایەن ڕێبەریەوە دەستنیشان دەکرێن…” بنەمای ١١٢
دەبێ سەرنج بدەین کە هەرچەند بنەمای سەدو دوازدە هیچ سنوورێکی بۆ بەشداری ژنان لەم دامەزراوەیەدا لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵام لە دوای سی و چەند ساڵ تاکوو هەنووکە ڕێبەری ئایینی کۆماری ئیسلامی هیچ ژنێکی وەک ئەندامی جێگیر یان ناجێگیری ئەم کۆمەڵەیە هەڵنەبژاردوە یان دانەناوە.
بەم بابەتە دەبێ بابەتگەلی زۆرتر زیاد بکرێ کە لە یاسای بنەڕەتی دا قسەیان لەسەر نەکراوە. وەکوو ئیمامەکانی نوێژی هەینی، کە نوێنەرانی دەستنیشاندەی ڕێبەرن لە هەموو وڵاتداو دەسەڵاتی ئەوان لە نوێنەرانی فەرمی وەزارەتی وڵات (وەکوو پارێزگاران و …) ئەگەر زۆرتر نەبێت ئەوا کەمتر نیە. یان پۆستی وەزارەتی زانیاری و ئاسایشی وڵات (واواك)کە بە پێی یاسا دەبێ تەنیا یەک زانا یان موجتەهید بێت، یان نوێنەرانی ڕێبەر لە ئۆرگان و دامەزراوەکانی وڵات دا کە هەموو لە “پیاوانی ئایینی”ـن و لە ئاکامدا ناتوانێ لە نێو ژنان دا هەڵبژێردرێت.
کەواتە ژنان (نیوەی کۆمەڵگا) تەنیا بە هۆی رووداوێکی بیۆلۆژیک (کە ژێنی ئەوان “ژن” بەستراوە)، بەبێ هیچ تاوانێک، بەر لە لەدایک بوون، تەنیا بە هۆی ئەوەی کە ژنن، لە مافی بەشداری کردن (هەڵبژێردران یان دەستنیشان کران) لە هەموو ئۆرگان و دامەزراوە بڕیاردەرە بنەڕەتیە پێش بینی کراوەکان لە یاسای بنەڕيتی بێ بەشن. ئەگەر بەم بێ مافیە لە یاسای بنەڕەتی دا (بێ بەش بوون لە مافە بنەڕيتیەکان)، بێ مافی، هەڵاواردن و “نیو مافی” ژنان لە یاسا مەدەنیەکان (ئاسایی)ـشی پیوە زیاد بکەین (یاساکانی میرات، شایەدی دان، سەرپەرشتیاری کردنی منداڵ، و …)، و زۆر لێکردنیان بۆ خۆ داپوشین و “حیجابی ئیسلامی”ش زیاد بکەین، و دوایی چاوێک یان بە کورتی چاوێک لە وێنای ژن لە رێزمانی “گەورەکانی” ئەم سیستمە بکەین، ئاوجار وێنەی ئێمە تەواوتر دەبێت، و ناوی ئەو بێ مافی و سوک کردنەی نیوەی کۆمەڵگایان ناوە “بەهرەمەند بوون لە بایەخ و کەرامەتێکی بەرزتر.”
ئەگەر پێکهاتەکانی سیستمێک سەرتاپای هەڵاواردن، و لە جیاتی دادپەروەری سیاسی، نا دادپەروەری بێ ئەملاو ئەولاو رەها دەسەڵاتی هەیە.ئەگەر لە سیستمێک دا پێشێل کرانی مافی مرۆڤ و نەبوونی یەکسانی لە مافەکانی هەموو مرۆڤەکان لە بەرمبەر یاسادا پێکهاتەیەکی‌ـ بنچینەیی ‌یە، و ئەگەر زەوت کردنی مافی دەسەڵاتی گەل بە سەر چارەنووسی خۆیاندا، بنەمای پێکهاتەی سیاسی کۆمەڵگا پێک دێنێت، ئەگەری چاکسازی سیاسی بۆ نەهێشتنی نابەرابەری و هەڵاواردنەکانی بوونی نیە، بۆچی نابێ پێکهاتە شکێن بین.

درێژه‌ی هه‌یه‌ …

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت