تاوتوێ‌و هەڵسەنگاندنی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ، به‌شی یه‌كه‌م 

0
166

نووسینی : پرویز دستمالچی

 وه‌رگێڕانی : چیا عەبدوڵڵاپوور

باسە گشتیەکان:

١ـ یاسای بنەڕەتی بەڵێنامەیەکی پێویست بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن

یاسای بنەڕەتی، وەک بەڵێنامەیەک لە نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتیاندا، بۆ دوو سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئایدیای یاسای بنەڕەتی، وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، لە نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتیاندا، ، ئاکامی شێوەی نوێی سیستەمی دەسەڵات و پێکهاتەی بەڕێوەبەری کاروباری گشتی کۆمەڵگایە. حکومەتی نوێ، وەک ئۆرگانی بەڕێوەبەری کۆمەڵگایەک کە لەودا هاوڵاتیان سەرچاوەی رەوایی دان و راستین و دەسەڵات بن.

لە پێناسەی مۆدێڕن و ئەوڕۆیی حکومەت دا، دامەزراوەی حکومەت وەک دامەزراوەیەکی سەرو خەڵک و سەروو یاسا، واتای خۆی لەدەست داوە و یەکەمین ئەرکی یاسای بنەڕەتی روون کردنەوەی پێکهاتەی سیستەمی حکومەت و ئۆرگانە سەرەکیەکانی لە لایەک، لە لایەکی دیکە دیاری کردنی ئەرک و دەسەڵاتی خەڵک و حکومەتە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە هەر دوو لایەن، بەتایبەت دەسەڵاتداران کردەوەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەی کە لە پێشدا بۆیان دیاری کراوە بگونجێنن. واتە کردەوەی دەسەڵاتداران تەنیا بە پشت بەستن و بە پێی یاسا (حکومەتی یاسا) رێگە پێدراوە، و هاوڵاتیانیش لە پێشدا دەزانن کە یاسا چ شتێکی رێگە پێداوە و چ شتێکی رێگری لێ کردوە (یاسامەندی). لە سیستمە دێموکڕات و مۆدێرنەکاندا، هەموو تاکەکان، لە بواری یاسایی، ((لە هەمبەر یاسادا))، یەکسانن. واتە لە رووی مافەوە یەکسانن و یاسای بنەڕەتیش بە یەک چاو لە هەموو تاکەکانی کۆمەلگا دەروانێت.

دووهەمین ئەرکی یاسای بنەڕەتی ئەوەیە کە سەرچاوەیەک بێت بۆ یاسا دانان. واتە هەموو یاسا مەدەنیەکان هاوتەریب بن لە گەڵ بنەماکانی یاسای بنەڕەتی. کەواتە لادان لە یاسای بنەڕەتی، وادەکات کە لادان لە هەموو یاسا مەدەنیەکاندا بێتە کایەوە. ئامانج لە یاسای بنەڕەتی، دیاری کردنی رێسا یاساییەکانی بەڕێوەبەری کارووباری گشتی کۆمەڵگایە تاکوو بارودۆخی ژیان و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەی  هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ یەک، و لە لای یەک،  بێتەکایەوە. بنەماکانی یاسای بنەڕەتی، لە کۆمەڵگا مۆدێرن و پێشکەوتوەکاندا، هاوتەریبن لە گەڵ بنەماکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ (دێموکراسیە پارڵمانیە لیبرالیەکان).

یاسای بنەڕەتی، لە سیستمە دێموکڕاتیکەکاندا، خاوەنی  هێماو نیشانەی بایەخی نیە، لەبەر ئەوەی کە بایەخ پێوەندی بە کلتووری تاکەکانەوە هەیەو دەتوانێ لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر، لە گرووپێکەوە بۆ گروپێکی تر و لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە جیاواز بێت. هەر کەس دەبێ رێگەی پێ بدرێت، لە گەڵ لەبەرچاوگرتنی مافی یەکسان (لە بەرمبەر یاسادا))، بە پێی ئەو بایەخانەی کە باوەڕی پێن، ژیان بکات. بۆ نموونە: هەموو دە بێ لە هەڵبژاردنی جۆری جلو بەرگ و رەنگی ئەو ئازاد بن و مافی یەکسانیان هەبێ. (مافی هەڵبژاردنی ئازادی جلوبەرگ). ئەگەر کەسێک ویستی حیجابی ئیسلامی لەبەرچاو نەگرێ، مافی خۆیەتی، هەر وەک چۆن ئەگەر کەسێک ئەوە پەسەند نەکات و وەری نەگرێ، ئەویش مافی خۆیەتی. واتە، لە چوارچێوەی مافی یەکسان، هەزاران بایەخ بوونیان هەیە. لە بنچینەدا بە پێی ژمارەی تاکەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی دەتوانرێ بایەخە جیاوازەکانی تایبەت بە تاک بوونیان هەبێ. گرینگ دیاری کردنی مافی یەکسان لە بەرابەر یاسادا بۆ هەموو ئەوانە، هەڵبژاردنی ئازادی دین، ئایین یان هەر باوەڕ و رێگایەکی تریش مافی هەر تاکێکە.

وتمان کە یاسای بنەڕەتی نابێ خاوەنی لاگیری ”بایەخی” هەبێت، بەڵام تەنیا پێوەرێک کە هەر یاسایەکی بنەڕەتی دێموکڕاتیک دەبێ پێی پابەند بێت، مافی مرۆڤ و جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە، لەبەر ئەوەی کە ئەم مافانە رەها، پارێزراو، و بۆ هەموو مرۆڤەکانـ (بەبێ سەرنج دان بە نەتەوە، ئایین و مەزهەب، یان بیرو بروا، رەگەز، و …) ـە. هەروەک لە ناوەکەی را دیارە، مافی تەواوی مرۆڤەکانە و لە نیوان رەش  وسپی، موسڵمان و کافر، یەهوودی و مەسیحی، یان بەهایی، لە نێوان ژن و پیاو، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا یان باکوور و باشوور هەڵاواردن ناکات. لە ئاکامدا، لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و مەدەنی، یاسای بنەڕەتیەکەی ناتوانێ و ئیزنی ئەوەی نیە دەگەڵ مافی مرۆڤ دژایەتی و ناتەبایی هەبێ. ئەوەش ئاکامی پێویستی و ئەزموونێکی مێژووییە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە (بۆ نموونە) لە ئالمان، نازیەکان لەگەڵ ئەوەی کە بە هەڵبژاردنی یاسایی و بە دەنگی زۆرینەی خەڵک هاتنە سەر کار، بەڵام یاساگەڵێکیان پەسەند کردن کە بە ئەو ((یاسایانە)) کارەساتیان خولقاند. لە دوای ئەم ئەزموونە زۆر تاڵ و دڵتەزێنە، بۆ پێش گرتن لە دووبارە بووونەوەی، لە فەلسەفەی حکومەتدا لە نێوان ”ماف” و ”یاسا” دا پێوەندی هاتە کایەوە و یاسا تەنیا لە سنووری ”مافەکان”، واتە مافەکانی مرۆڤ (ئەو مافانەی کە لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دا ئاماژەیان پێ کراوە) رێگەی پێدرا. واتە یاسای بنەڕەتی، و هەروەها ئەو یاسایانەی کە لەو سەرچاوە دەگرن و دەبێ یەکسان بێ لەگەل مافەکانی مرۆڤ.

لە دێموکراسیە پارلمانیە لیبرالیەکاندا، یاسای بنەڕەتی هاوتەریبە لەگەڵ ناوەرۆکی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، مافگەڵێک کە گشتگیر، رەها و پارێزراون. لێرەدا رۆژهەڵات و رۆژئاوا، باکوور و باشوور، ((کلتوورەکانی)) جیاواز و … هەموو بێ واتان. مرۆڤ، مرۆڤە و مافەکانی لە گرەوی هەلومەرجی جوگرافیایی، و نە بەسراوە بە ((کلتوورە)) جۆراوجۆرەکانە. واتە ”مافەکانی” لەسەروو کات و شوێنن، رەها و پارێزراو. یەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان، یان موسڵمان و کافر، یان مافەکانی لایەنگرانی هەر بیرو باوەڕێکی ئایینی ناتوانرێ لە بەرمبەر یاسادا لە ژێر هەر ناو و بیانوویەکی ((کلتووری)) یان و… پێشێل بکەین. یاسای بنەڕەتی، لە سیستمێکی دێموکڕاتیک کە لەو دا دەسەڵاتەکانی حکومەت لە ئیرادەو ویستی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرن. دەبێ پارێزەر و دەستەبەری مافەکانی هەموو مرۆڤەکان لە بەرامبەر یاسا دا بێت.

مافی یاسادانان  لایەنەکەی دیکەی یاسامەندی هاوڵاتی ئازادە. واتە بابەتی یاسامەندی هاوڵاتیان کاتێک هاتە بەر باس کە مافی یاسادانانیان بۆ گواسترایەوە، یاسا مەندی، واتە رێزگرتن و ملکەچ بوونی ئازادانەی هاوڵاتی بە یاسای پەسەندکراوی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆی. لە کۆمەڵگای مۆدێرن، سێ بنەمای یاسا دانەری، یاسا مەندی و پابەند بوون بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە پێوەندیەکی ئۆرگانیک و لێکنزیک لەگەڵ یەک دان.

٢ـ یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی پابەندی کام ”ماف” یان ”بایەخەکان”ـە.

یاسای بنەڕەتی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان (دێموکراسیە پارلمانیە مۆدێرنەکان) پابەندی ناوەرۆک و بەندەکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤن. واتە لەو کۆمەڵگایانەدا هەر یاسایەک کە (چ لە یاسای بنەڕەتی، چ لە هەموو یاسا مەدەنی، دادوەری، تاوانکاری و …) لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ ناتەباییان هەبێ، متمانەی نیە. مافی مرۆڤ بەرزترین ”بایەخ”ـە کە لە بنەڕەت دا، ناوەرۆک و بەندەکانی لە لایەن هیچ سەرچاوەیەک ( تەنانەت پارلمان، وەک هێمای گەڵ) ناتوانرێ پێشێل بکرێن و پارێزراون. ئەم بابەتە، لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بنەمایی رەد و پێشێل دەکرێت.

یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی (لەدوای  گۆڕانکاریەکانی ساڵی ١٣٦٨) لە چواردە بەش، پێک هاتووە لە سەدو هەفتاو و حەوت بنەما. لەگەڵ پێشەکیەک کە چواردە بەشە.

یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا پێشێلکەری مافی مرۆڤە و تەنیا لە چووارچیوەی ((رێوشوێنە ئیسلامیەکاندا)) بایەخی هەیە.

واتە، لە لایەک پێشێلکەری و رەد کەرەوەی مافی مرۆڤە، واتە رەدی مافەکانی هەموو هاوڵاتیانی ئێران لە هەمبەر یاسادایە، لە لایەکی دیکەوە یاساکانی تەنیا لە چوارچێوەی سیستەمێکی بایەخی تایبەت، واتە “شەریعەتی ئیسلامی”، فقهی شیعەی جەعفەری، مەکتەبیی ئوسولی، بایەخی هەیە کە زاناکانی شۆڕای نیگابان شەش کەس (فقها شورای نگهبان)، یان زۆربەی زاناکانی (٤کەس) دیاری کەرو بریاردەری ئەون.

بنەمای چوارەم لەم پێوەندیەدا دەڵێ:

“گشت یاسا و رێسا مەدەنی، تاوانکاری، دارایی، ئابووری، بەڕێوەبەری، کلتوووری، سەربازی، سیاسی و هتد دەبێ لەسەر بنەمای رێوشوێنی ئیسلامی بن. ئەم بنەمایە گشت بنەماەکانی یاسای بنەڕەتی و یاساو رێساکانی دیکە دەگرێتەوە و جیا کردنەوە و ناسینی ئەو بابەتەش لە ئەستۆی زاناکانی شۆڕای نیگابانە”.

ئیسلامی بوونی سیستەم و متمانە و بایەخ وبڕەوی یاساکان لە چوارچێوەی ”رێوشوێنە ئیسلامیەکان” بابەتێکە کە لە بنەماەکانی دیکەش دا بەردەوام دووپاتە دەبێتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە مەبەست لە ” رێوشوێنە ئیسلامیەکان” کامە یاسا و ئەحکامن، لەبەر ئەوەی کە لە ئیسلام دا مەزهەب و مەکتەب گەڵی زۆر جیاواز بوونیان هەیە کە هەندێک لەوان یەکتر بە تەواوی رەد دەکەنەوە. بنەمای دووهەمی یاسای بنەڕەتی دەڵێ:

” کۆماری ئیسلامی، سیستمێکە لەسەر بنەمای باوەڕ بە:

١ـ خوای تاک و تەنیا (لا الە الاللە) و تەرخان کردنی حاکمیت و یاسادانان بە ئەو و پێویستی ملکەچ کردن لە هەمبەر ئەمری ئەو.

٢ـ وەحی ئیلاهی و رۆڵی بنەمایی ئەو لە دەربڕینی یاساکان

٣ـ گەرانەوەو ڕۆلی دروستکەری ئەو لە رەورەوەی گەشەسەندنی مرۆڤ بە لای خودا

٤ـ دادپەروەری خودا لە قولقاندن و یاسادانان

٥ـ ئیمامەت و رابەری بەردەوام و رۆڵی بنەڕتی ئەو لە بەردەوامی شۆڕشی ئیسلامی

٦ـ ….

ئاـ ئیجتهادی بەردەوامی ئەو زانایانەی کە هەموو بارودۆخەکان بە پێی قورئان و سونەت مەعصومین سلام اللە علیکم اجمعین.

ب ـ …

ج ـ …

لەوەوە کە بە بەندەکانی ١ تا ٣ (کە بنەما باوەڕیە هاوبەشەکانی هەموو موسڵمانانە) بەندەکانی ٤ و ٥ و دوایی ئا، لە بەندی ٦ زیاد دەبێت، کەواتە مەبەست لە “رێوشوێنە ئیسلامیەکان”، لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا فیقهی جێگای رەزامەندی ”موسڵمانانی شیعە، مەزهەبی دوازدە ئیمامی، پەیرەوی مەکتەبیی ئوسولی، لقی ویلایەتی فەقیهـ”ـە.

لە جیهان دا نزیکەی یەک میلیارد و دووسەد میلیۆن موسڵمان دەژین. لەم ژمارەیە نزیکەی ٩% ئەوان مەزهەبیان سونیە. ئەوانی دیکە (٩%). شیعەن کە لانیکەم دابەش دەبن بەسەر پێنج مەزهەب و هەر یەکەش بە سەر مەکتەبیی و هەر کام لە مەکتەبەکانیش دابەش دەبن بەسەر لقی لاوەکیدا. وەکوو شیعەی دوازدە ئیمامی، کە نمونەیەک لە مەکتەبەکانی، مەکتەبیی ئوسوولی، شێخیسم، ئەخباری، بەهایی و … هتدن. کەواتە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ”بایەخ”و باوەڕەکانی گرووپێکی بچووک لە جیهانی گەورەی ئیسلامی دامەزراوە و نەک ”بایەخەکانی ئیسلامی” (سونیەکان،  بە نمونە، مەزهەبی شیعە لە بنەڕەتدا بە لادانێک لە ئایینی ئیسلام دەزانن و لە بنچینەدا رەدی دەکەنەوە)، هەرچەندە کە هاوڵاتیانی ئێران نە هەموویان شوێنکەوتەی ئەم لقە، مەکتەب، مەزهەب، یان دینەن و نە تەواوی ئەوانەی کە سەر بەو مەزهەبەن باوەڕێکیان بە وەها سیستمێک (ویلایەتی فەقیهـ) هەیە . کەواتە:

ئاـ یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا تەنیا بۆ پەیرەوانی لقێکی چوکە نوسراوە: باوەڕدارانی مەکتەبیی ئوسولی کە پەیرەوی ویلایەتی فەقیهـن.

ب ـ لە بنچینەدا، روانگەی یاسای بنەەتی، روانگەیەکی “بایەخی”یە و تەنیا لە سنوور چوارچێوەی “رێوشوێنە ئیسلامیەکان”ی جێگەی پەسەندی ویلایەتی فەقیهـە کە خاوەنی پێنج سەرچاوە بنەڕەتی یاسایین:

ـ کتێبی پیرۆزی موسڵمانان، قورئان

ـ سوننەت و حەدیس، واتە روانگە، وتە و کردەوەکانی پێغەمبەری موسڵمانان، محەمەد

ـ سوننەت و حەدیسی دوازدە ئیمام، واتە روانگە، وتە و کردەوەکانی ئیمامەکانی جیگای پەسەندی دەسەڵاتداریەتی فەقیهـ

ـ کۆکبوون (اجماع)، واتە بۆچوونی گشتی ئۆمەتی موسڵمانان. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئۆمەتی موسڵمانان فقه و رێوشوێنە ئیسلامیەکان باش ناناسن، کەواتە مانای بۆچوونی گشتی زانایان یان فقها و مەجتەهیدەکان

ـ ئەقلی شەرعی (بۆ شیعەکانی مەکتەبیی ئۆسولی)، نە بە واتای کەڵک وەرگرتنی باش لە هزری (ئازاد)، بەڵکو بە واتای هزری شەرعی، واتە کەڵک وەرگرتن لێی لە لایەن فقەها و موجتەهیدەکان، کە لە سنوور و چوارچێوەی ((رێوشوێنە ئیسلامیەکان))، رێپێدراوە، بە مەبەستی دیتنەوەی وڵامێک (لە فەرعیات) کە شەرع تا ئەو کاتە نموونەی وەک ئەوی نەبووە، فتوا.

بەم پێیە، یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران نە لەسەر بنەمای پشت بەستن و پابەند بوون بە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، بەڵکوو لەسەر بنەمای ((حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان))، بە پێی ” خوێندنەوەی و لێکدانەوەی” تایبەتی گرووپێکی زۆر کەم لە جیهانی ئیسلام نوسراوەو رێکخراوە.

٢ـ پێشەکی یاسای بنەڕەتی

یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دوایین گۆڕانکاریەکان، گۆرانکاری و تەواو کردنی لە ساڵی ١٣٦٨ـ بە گشتی پێکهاتوە لە پێشەکیەک و چواردە بەش و (بەر لە گۆرانکار و چاکسازیەکان دوازدە بەش)، و سەدو هەفتا بنەما (بەر لە چاکسازی سەدو هەفتاو پێنج بنەما)ــە.

پێشەکی پێکهاتوە لە ١٤ بەش کە لە سەرەتاکەی دا ئاوا هاتووە:

” یاسای بنەڕيتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی دامەزراوە کلتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری کۆمەڵگای ئێرانە کە لە سەر بنەمای رێساو رێوشوێنە ئیسلامیەکانە کە رەنگدانەوەی خواستی گیانی ئۆمەتی ئیسلامیە”.

و درێژەی پێ دەدات کە ” گەلی موسڵمانی ئێران” لە دوای شکستی بزتنەوەکانی مەشرووتە و بزوتنەوەی خۆماڵی کردنی نەوت بە هۆی ” مەکتەبیی نەبوون”یان و ” دور کەوتنەوەی ئەو خەباتە لە هەڵوێستی ڕەسەنی ئیسلامی” بە پێویستی ”سووربوونی هێلی بزووتنەوەی ڕەسەنی مەکتەبییی و ئیسلامی” زانی. و ئەو جارە پیاوە ئایینیە خەباتکارەکانی وڵات کە هەردەم لە ریزی پێشەوەی بزووتنەوەی خەڵکی دا بوون بە رابەری ئیمام خومەینی جوولەیەکی نوێ دەداتە بزووتنەوەی خەڵکی. پێشەنگی بزووتنەوە، نارەزایەتی ئیمام خومەینی‌یە لە دژی ”شۆرشی سپی” لە پازدەیەمی جۆزەردانی ١٣٤٢بوو. لە دوای ئەو ”شۆڕشی گەورە و خویناوی ئۆمەتی ئیسلامی…، کە لە راستی دا خاڵی دەسپێک و فراوان بوونی ئەم ڕاپەرینە شکۆدار و بەرفراوانە بوو، ناوەندیەتی ئیمام، وەک ڕێبەری ئیسلامی، جێگیر دەبێت. لە  پازدەی جۆزەردانی ١٣٤٢ تاکوو شۆڕشی ١٣٥٧ چینی ئاگا و پەرپرسی کۆمەلگا لە سەنگەری مزگەوت، حەوزەی علمیە و زانکۆ رەوشەنگەریان کرد و بە کاریگەری وەرگرتن لە مەکتەبیی شۆڕشگیر و پرناوەرۆکی ئیسلامی هەوڵێکی بەردەوام و بە ئاکام گەیشتوویان لە بردنە سەری ئاستی ئاگایی و وشیاری خەباتکاری مەکتەبییی میلەتی موسڵمان دەست پێکرد. رێژیمی سەرەرۆ بزووتنەوەی ئیسلامی سەرکوت دەکات، بەڵام ”خوێنی سەدان ژن و پیاوی گەنج و ئیماندار کە کازیوەی بەیانیان لە گۆرەپانەکاندا هاواریان دەکرد “اللە اکبر” لە نێو کوچە و بازار لە لایەن دوژمنەوە بە گولە دەپێکران شۆرشی ئیسلامی ئێرانیان درێژە دا. (بەشەکانی یەک و دوو)

پرۆژەی حکومەتی ئیسلامی لە سەر بنەمای فەرمانرەوایەتی فەقیهـ کە .. لە لایەن ئیمام خومەینی هاتە بەرباس پاڵنەرێکی نوێی دیار و یەکگرتووی لە نێو خەڵکی موسڵماندا پێک هێنا و رێگای راستەقینەی خەباتی مەکتەبیی ئیسلامی کردەوە… لە وەها هێلێک دا بزووتنەوە دریژەی کێشا تاکوو لە ئاکامدا نارەزایەتی و توڕەیی خەڵک و.. رەنگدانەوەی (ئەم) خەباتە لە لایەن روحانیەکان و خوێندکارە خەباتگیرەکان لە ئاستی جیهانی، بناخەکانی دەسەڵاتی لەرزۆک کرد… بڵاو کردنەوەی نامەی بێرێزی بە مینبەری پیرۆزی پێشەوایانی ئایینی و بە تایبەت ئیمام خومینی لە ١٧ بەفرانباری ١٣٥٦ بوو بە هۆی تەقینەوەی رقی خەڵکی هەموو وڵات. ٢١ و ٢٢ ریبەندانی ١٣٥٧، بوو بە رۆژەکانی دارمانی دامەزراوەی شاهەنشایی و سەرەرۆیی ناوخۆیی و دەسەڵاتی دەرەکی پشت ئەستوور بە ئەوی تێک شکاند و بەم سەرکەوتنە گەورەیە حکومەتی ئیسلامی کە خواستی لەمێژینەی خەڵکی موسڵمان بوو، مژدەی سەرکەوتنی یەکجارەکی دا.. گەلانی ئێران بە زۆرینەی ۲،۹٨% دەنگی ئەرێنیان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا.

هەنووکە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دربڕی دامەزراوە و پێوەندیە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری و ئابووری‌یەکانی کۆمەڵگا دەبێ رچەشکێنی پتەو کردنی کۆلەکەکانی حکومەتی ئیسلامی بێت. (بەشەکانی ٣، ٤و ٥)

تاکوو ئێرە (تاکوو کۆتایی بەشی پێنجەم)، پێشەکی یاسای بنەڕەتی لە جێگای ئەوەی کە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی، دەربڕی پەیمانێکی بێ لایەن بێت و هەموو هاوڵاتیانی ئێران بگرێتەوە، وەک مێژوو نوسینێکی مەکتەبییی و یەکلایەنە، بە گەورە کردنەوەی بەشگەڵێک لە راستیەکانی کۆمەڵگا، و چوک کردنەوەی بەشەکانی دیکە و لە ئاکام د ا لە گوێ نەدان بە بەشەکانی دیکە، بە کردەوە و هەر لەسەرەتاوە بەردی بناغەی جیاوازی و لە ئاکامدا هەڵاواردن لە نێوان پێشەوایانی ئایینی خەباتکار،ئەو  لاوە خەباتگیڕانەی دەڵێن ”اللە اکبر”، ئۆمەتی ئیسلامی و هاوڵاتیانی دیکە دادەمەزرێنێ.

ئاخۆ گەڵانی ئێران هەموو موسڵمانن؟ و هەمیشە خوازیاری حکومەتی ئسلامی بوون؟ ئاخۆ لە شۆرشی ٥٧ خەڵکی ئێران خوازیاری سیستەمی ویلایەتی فەقیهـ بوون؟ ئاخۆ هەموو هێزە سیاسیەکانی ئێران خاوەنی بەرنامە و ئامانجی ئیسلامیان بوون؟  ئاخۆ ” پرۆژەی حکومەتی ئیسلامی” لە لایەن ئیمام خومەینی هۆکار یان ئامانجی شۆڕشی خەڵکی ئێران بوو؟ یەکێک لە هۆکارەکانی دژایەتی ئیمام خومەینی لەگەڵ ”شۆرشی سپی” نارەزایەتی ”ئیسلامی” ئەو بە مافی دەنگ و مافی هەلبژێرانی ژنان بوو. ئەو، ئەم بابەتەی بە دژی دەسەڵات و ئەحکامی ئیسلامی دەزانی و باوەڕی وا بوو کە ئەو ئازادیانە بۆ ژنان دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی “فحشا” و بێ سەرەوبەرەیی. بەڵام لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ ئەو ((بێ سەرەوبەرەیی وگەندەڵیە، هەڵبەرت لە روانگەی ئیمام خومەینیەوە)) لە لایەن ئەوەوە پەسەند کرا.

ئاخۆ خەباتی هێزە سیاسیەکانی وەکوو جبهەی میللی، کە خۆیان بە درێژەدەرانی رێگای د.موسەدق دەزانن و سالانێکی زۆر لە دژی سیستمی پەهلەوی خەباتیان کردووە، لە بنچینەدا پێوەندی بە خواستە ڕەسەنەکانی ئیسلامی ئاماژە پێکراو لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دا هەیە. رێکخراوی چریکەکانی فیدایی خەلقی ئێران، سازمانێک بە ئایدیالۆژی مارکسیسیتی، کە دەیان کەس لە ئەندامان و ڕێبەرانی لە شەڕ، و یان لە بەندیخانەدا کوژراون، یان لە ژێر ئەشکەنجە وئازار لە ناو بردران، ئاخۆ ئەوان بۆ سەقامگیربوونی حکومەتی ئیسلامی خەباتیان کرد؟ ئاخۆ خەبات و بەربەرەکانی دەیان رێکخراو و گرووپی دیکە کە بۆ ئێران، بۆ ئازادی و بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی  خەباتیان کرد و هەنووکەش بەردەوامن، هیچ پێوەندیەکی بە ئەو خواستە ئیسلامیانەی کە لە پێشەکیەکەدا هاتووە نیە، بەشێک لە گەڵانی ئێران نەبوون؟ ئاخۆ سونیەکانی ئێران (زۆربەی کوردەکان، تورکەمەنەکان، سیستانی و بەلوچستانیەکان، زۆربەی دانیشتوانی لێواری کەنداوی فارس و …) بۆ سەقامگیری حکومەتی پێشەوایانی ئایینی شیعە خەبات و بەربەرەکانیان کرد؟ دووکەوتوانی هەموو کەمایەتیە ئایینی ومەزهەبیەکانیش (زەردەشتیەکان، یەهودیەکان، مەسیحیەکان، بەهاییەکان، و …هتد) هەرئاوا بوون؟ یان ئەوەیکە ئەوانیش بە ئایین و مەزهەبێکی دیکە، بەڵام وەک ئێرانیەک، وەک مرۆڤێک بە ئایدیای ئازادیخوازانە و دادپەروەری خوازانە، بۆ ئامانجگەلێکی هاوبەش، بۆ نان، ماڵ، ئازادی، دادپەروەری، بۆ سەربەخۆیی و سەربڵندی ئێران خەباتیان کرد و هەندێکیان گیان و ماڵی خۆیان لەو رێگایەدا دانا. ئاخۆ یاسای بنەڕەتی وڵاتێک دەتوانێ پاوانخوازی یەک لایەنە و یەک لایەنە دیتنی باوەڕی و مەکتەبیی، بە کردەوە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان بەلاوە بنێ و مێژووی وڵات، خەبات و بەربەرەکانیەکانی بە فەرمی و بە ئاشکرا چەواشە بکات؟ لەگەڵ ئەوەشدا، تاکەکان، گرووپ و رێکخراوگەلێکی سیاسی زۆر بوون، و هەنوکەش هەن، کە لە گەڵ ئەوەی کە لە بەستێنی ئایینی وئیسلامی سەریان هەڵداوە، بۆ ئامنجگەلێکی تەواو سیاسی و کۆمەڵایەتی خەباتیان کردوە و دەکەن، بەڵام خوازیاری  جیایی دین لە حکومەت، وەک یەکێک لە پایەکانی بنەڕەتی کۆمەڵاگایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوون.

یاسای بنەڕەتی، گرێگەستێکی کۆمەڵایەتیە، کە لەو دا مافەکان و ئەرکەکانی هاوڵاتیان و حکومەت دیاری دەکرێت. هیچ یاسایەکی بنەڕيتی مۆدیرن، حکومەت لە سەروو گەڵ ناناسێت. حکومەت، دامەزراوەی هەڵبژێردراوی گەڵە و نوێنەری ئەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی کۆمەڵگا. گەل یان نەتەوە، کۆمەڵە خەڵکێکە لە هاوڵاتیان کە مافی یەکسانیان هەیە لە بەرامبەر یاسادا، بە بێ لە بەر چاو گرتنی نێرو مێیەتی، رەگەز، ئاین ومەزهەب، یان بیروباوەڕ. هیچ تاک و گرووپێکی کۆمەڵایەتی، لەبەر باوەڕ بە هەندێک بایەخی تایبەت، خاوەنی مافی زۆرتر یان باشتر نابێت، یان بە پێی ئەو هۆکارانە هەڵناواردرێت. تەنیا پێوەری بایەخی هاوبەش لە یاسای بنەڕەتی، مافە بە فەرمی ناسراوەکانی (هاوبەش) تەواوی هاوڵاتیانی وڵاتە.

لێرەدا دەبێ لە نێوان بایەخ و ماف، جیاوازی دابنێین. لە بەرامبەر یاسادا هەموو کەسەکان خاوەن مافی بەرابەرن. بەڵام، هەرکەسێک مافی هەیە بایەخەکانی ژیانی خۆی بە ئازادی هەڵبژێرێت. بۆ نمونە ژنان. لە بەرامبەر یاسادا، مافی یەکسانیان دەبێ. یاسا مافی ئەوەی نیە جیاوزی لە نێوان ژنانی موسڵمان و نا موسڵمان دابنێت و یەکێک، جا لە بەر هەر هۆکارێک بێت، لەسەروو ئەوەی دیکە دانێت. مافی ئازادی هەڵبژاردنی جل و بەرگ، مافی “مرۆڤی” هەر هاوڵاتیەکە، جا ژن بێت یان پیاو. ئەگەر ژنێک ویستی بالا پۆشی ئیسلامی لەبەر بکات و بە پێی پێوەرەکانی ئیسلامی ژیان بکات، مافی خۆیەتی. ئەگەر کەسێکیش بایەخە ئیسلامیەکانی پەسەند نەکرد یان بەشێکیانی پەسەند کرد، ئەوەش مافی خۆیەتی. هەر کەسێک مافی هەیە لەگەڵ بەیەخە هەڵبژێردراوەکانی خۆی، بە بێ هیچ زۆرێک ژیان بکات. پێشەکی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ چەواشە کردن و ساختەکاری لە مێژوو، چەواشە کردن وساختەکاری لە رووداو هۆکارەکانی، ساختەکاری کردن لە رۆڵی پیاوانی ئایینی لە خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، تەنیا یەکێک لە بایەخە باوەکان لە پانتایی کۆمەڵگای، تەنیاو تەنیا بە مەبەستی رەوایی دان بە حکومەتی فەقیهــ، وەک تەنیا بایەخ و تەنیا پیوەر هەڵسەنگاندن، و تەنیا خواستی خەبات و بەربەرەکانی خەڵک، هەڵبژاردوە و بەو پێیە بنچینە سەرەکیەکانی هەڵاواردن، نایەکسانی، نادادپەروەری، تاک خوازی لە بایەخەکاندا. و لە ئاکامدا تۆتالیتاریزمی مەزهەبی دامەزراند. ئەوە کە ٢، ٩٨% ((ئۆمەتی موسڵمان) دەنگی ئەرێنیان بەم بەڵگەیە داوە، ئەگەر لە بنچینەدا راستیش بێ هیچ کات پێوەرێک بۆ راست بوون، یان راستیەتی حکومەتی ئیسلامی، یان حکوموتی چەند هەزار فەقیهـ و موجتەهید بە سەر میلیۆنان مرۆڤی دیکە، لە ژێر ناوی حکومەتی خوادایی نیە. بە چەند هۆکار:

ئا ـ یاسای بنەڕەتی بەڵگەیەکی مێژوویی ـ کۆمەڵایەتیە، کە بە پێی پێویستی کات و شوێن گۆرانکاری بەسەر دا دێت. گەشە کردن و فراوان بوونی کۆمەڵگا، دەبێ پیوەندیە کۆمەڵایەتی، سیاسی و هتد بەردەوام لە گەڵ پیداویستیەکانی کۆمەلگا بگونجێندرێن. ئەگەر بەم شێوەیە نەگونجێندرێن، ئەم بەڵیننامەیە دەبێ بە حوکمێکی چە‌قبەستوو و داخراو کە نە لە خزمەت پێشکەوتنی کۆمەڵگا، بەڵکوو دەبێتە لەمپەرێک لەبەردەم گەشەو فراوان بوونیدا.

ب ـ حکومەت، ئۆرگانی بەڕێوەبردنی کارووباری گشتی کۆمەڵگایە. لە ئاکامدا دەسەڵاتداران دەبێ بە پێی ویست گەڵ، لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بێن و بچن، حکومەت لەسەرو مرۆڤ، بە هەر پاساوێک، بیرۆکە تۆزلێنیشتوەکانی سیستمە سەرەرۆکان، دیکتاتۆریەکان، و لە خراپترین شێوەی دا، تەواو خوازانەیە کە هیچ پێگەیەکیان لە سەدەی بیست و یەکەم دا نیە. لەگەڵ ئەوەی کە ، دێموکراسیە مۆدێرنەکان لە سەر بنەمای مافەکانی تاک دادەمەزرێن نەک کۆ (رەگەز، ئایین یان مەزهەب، نەتەوە، قەوم و عەشیرەت، ئایدیۆلۆژی، و …).

پ ـ ئاستی وشیاری و  زانست و زانیاری مرۆڤ بابەتێکی ڕەها و یەکجارەکی نیە. ئەم زانیاری و زانستە بە گەشە کردن و فراوان بوونی زانست، و ئەزمونە مێژووییەکان، و هەروەها گەشەو فراوان بوونی زانست و ناسینی مرۆڤ، بەردەوام لە گۆڕان و کامڵ بوون دایە. لە ئاکامدا و بە پێی لۆژیک، ئەوەی کە ئەمرۆ دەتوانێ درووست و جێگای پەسەند بێ، لەوانەیە سبەی پەسەند نەکرێ. دوو گەڵی ئاڵمان و ئیتالیا دەنگیان بە نازیسم و فاشیزم دا. و دەسەڵاتیان پێدان و یاسای بنەڕەتیش لە سەر بنەمای روانگە و بیرو بۆچوونەکان و بایەخەکانی ئەو سیستمە تەواو خواز و تۆتالیتێرانە رێک خرا، بەڵام ماوەی  ٢٠ ساڵێش درێژەی نەکێشا کە ئەم گەڵانە بە هزو خواستی خۆیان دا چوونەوە. لە یەکیەتی سۆڤیەت دا ئەم پێداچوونەوە لە یاسای بنەڕەتی (یاسای بنەڕەتیەکی تازە، لادانی پێکهاتە و تەواو خوازانە حکومەتی کۆن و و وەرگرتنی پێکهاتەی ”دێموکڕاتیک”) هەفتا ساڵ درێژەی کێشا، لە ئەورووپای رۆژهەڵات نزیکەی ٥٠ ساڵ و هتد.

ت ـ لە وڵاتی ئاڵمانی فیدڕال ( بۆ نموونە) لە دوای پەسەند کرانی یاسای بنەڕەتی تازە، لە ساڵی ١٩٤٩ بە دواوە، زیاتر لە ٥٠ بەند لە سەرەکی ترین بەندەکانی پێداچونەوەیان پێدا کراوە، یان بەندی تازەی پێوە زیاد کراوە، هیچ کام لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتی، لە وڵاتانی مۆدێرن، ئیلاهی و نەگۆڕ نین. بەڵام ئەم گۆرانکاریانە بە پێی رێوشوێنی روون ودیاریکراو  لە لایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک دەکرێت. لە بنچینەدا ”پیرۆز” بوونی دیاردەکان، لێرەدا یاسا، بۆ نموونە لە تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگا دواکەوتووەکانە. کۆمەڵگا مۆدێرنەکان تەنیا یەک شتی ”پیرۆز” و پارێزراو دەناسن، شەرەف و بایەخی مرۆڤ.

ج ـ لە کاتی دەنگ دان بە یاسای بنەڕەتی ئێران، چەند لەسەدی خەڵک، یان تەنانەت رووناکبیرانی کۆمەڵگا، یان رێکخراو و پارتە سیاسیەکان، وێنایەکی روون، یان تا رادەیەک روونیان، لە حکومەتی ئیسلامی، یان سیستەمی سیاسی ویلایەتی فەقیهـ و ئەو شوێنەوارانەی کە لێی دەکەونەوە هەبوو؟ ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە وشیارانە، ئازادانەو لە سەر بنەمای  زانست و زانینی ئاکام و شوێنەوارەکانی بووە، بەم پێیە دەبێ هەر کات دووپاتە بێتەوە. بەڵام دەسەڵات بەدەستانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بە باشی ئاگایان لەم بابەتە هەیە کە تەنانەت شانسێکی کەمیشیان لەم بابەتەدا نیە. ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بوبایە، دەسەڵاتدارانی سیستەمی ویلایەتی فەقیهـ، بۆ وەرگرتنی “رەوایەتی” دووبارە لە خەڵک و بۆ بێ دەنگ کردنی دژبەرەکانیان، جارێکی دیکە، خۆیان‌و یاسای بنەڕەتی ویلایەتی فەقیهـیان دەدایەوە بەر دەنگی خەڵک.

چ ـ وێناکان، ئاوات و ئارەزوەکان، پێوەرەکان و شێوەکانی ژیان، و … لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە، دەتوانێ بەتەواوەتی یان لە بنچینەدا جیاواز بێت. هەر نەوەیەک مافی ئەوەی هەیە بە پێی وێناکانی خۆی ژیان بکات و کۆمەڵگاش رێک بخات.

ج ـ و …

لێکدانەوی پێشەکی‌یەکە درێژە پێ دەدەم. پێشەکی، لە بەشی شەشەم دا، ”شێوەی حکومەت لە ئیسلامدا”، بۆ نموونە ئاوا دەنووسێت:

“حکومەت لە روانگەی ئیسلامەوە هەڵقوڵاوی هەڵوێستی چینایەتی و دەسەڵات خوازی تاک یان گرووپی نیە بەڵکوو رەنگدانەوەی ئاواتی سیاسی نەتەوەیەکی هاوچارەنووس و هاوفکرە کە خۆی رێک دەخات تاکوو لە پرۆسەی گۆڕان و پێشکەوتنی هزر و باوەڕەوە رێگای خۆی بۆ لای ئامانجی کۆتایی (رۆیشتن بەرەو خودا) بکاتەوە. گەلی ئێمە لە ماوەی گەشەسەندنی شۆڕگێرانەی خۆی تەپ و تۆزی تاغوتی لەخۆی کردۆتەوە و لە ئاوێتە بوونی فکری بێگانەش خۆی رزگار کردەوە و گەرایەوە بۆ پێگەی فکری و جیهان بینی ڕەسەنی ئیسلامی و هەنووکەش دەیهەوێ کە بە رێوشوێنە ئیسلامیەکان کۆمەڵگای نمونەی خۆی بنیاد بنێ. لەسەر ئەم بنەمایە، پەیامی یاسای بنەڕەتی ئەمەیە کە بەستێنە باوەڕیەکانی بزووتنەوە بینێتە دی و هەلومەرجێک بێنێتە کایەوە کە لەودا مرۆڤ بە بایەخە پایەبەرزو جیهانیەکانی ئیسلام پەروەردە بن. یاسای بنەڕەتی.. بەستێنی بەردەوام بوونی ئەم شۆڕشە لە ناوخۆو لە دەرەوەی وڵات دەرەخسێنێ. بەتایبەت لە پێوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامی و خەڵکیەکان هەوڵ دەدات تاکوو رێگای پێک هێنانی ئۆمەتی یەکدەستی جیهانی خۆش بکات… (و) بە پێی تێگەیشتنی مەکتەبیی، چاکەکاران دەبنە دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەری وڵات… و یاسادانان کە دەرخەری رێساکانی بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی‌یە لەسەر تەوەری قورئان و سوننەت درێژە دەکێشێت. بە پێی ئەم چاوەدێریە ورد و جیدیە لە لایەنی ئیسلام ناسانی دادپەروەر و خۆپارێز و دەروەست (زانا دادپەروەرەکان) بابەتێکی چارەنووس سازو پێویستە”…

لەگەڵ ئەوەشدا: ”بە پێی ویلایەتی ئەمرو ئیمامەتی بەردەوام، یاسای بنەڕەتی بەستێنی هێنانەدی ڕێبەریەکی فەقیهـ کە هەموو مەرجەکانی تێدان و لە لایەن خەڵکەوە وەک ڕێبەر دەناسرێت… ئامادە دەکات تاکوو ئەوە دەستەبەر بکات کە  رێکخراوە جۆراوجۆرەکان لە ئەرکە ڕەسەنە ئیسلامیەکانی خۆیان لانەدەن” (بەشی حەوتەم، ویلایەتی فەقیهـی دادپەروەر).

گریمانەی پێشوەختە نووسەرانی یاسای بنەڕەتی لەسەر ”هاو رێبازی و هاوفکری” گەلی ئێران بابەتێکە کە لە بنەڕەتدا هەڵەیە. گەلی ئێران نە هاوریبازن و نە هاوفکریش. و لە بنچینەدا ”هاوئایینی و هاوفکری گەلێک”، هزرێکە کە پێوەندی بە سیستمە تۆتالیتیرەکانەوە (ئیستالینیزم، نازیسم، فاشیزم، ولایەتی فەقیهـ) هەیە. نەتەوەی تاک نەریت و رێباز، واتە ئەوەیکە ئایین و مەزهەبی تەواوی خەڵکی ئێران هەر ئەو وێناو و باوەڕانەی ویلاتی فەقیهـە (یان وردتر بڵێم، باڵی دەسەڵاتدار). تەنانەت چاوێکی خێڕا بە جوگرافیای ئێران، ناکۆکی ئایینی و مەزهەبی، ”خوێندنەوەی” جیاواز تاکوو دژیەک لە مەتنە ”پیرۆز”ـەکان، ناکۆکی سیاسی و باڵبەندی گەڵێک کە تاکوو لادانی فیزیکی دەگات، و …. هەموویان دەرخەری ئەم راستیەن کە بانگەشەی یاسای بنەڕەتی سەبارەت بە ” هاوئایینی‌و هاوفکر” بوونی گەڵی ئێران، تەنانەت تەنیا لە ناو دەسەڵاتدارانیش، قسەو بانگەشەیەکی ناراست و هیچە. هیچ کۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیک نیە کە وەها بانگەشەیەک بکات، بەپێچيوانە، بناخەو بنچینەی هەموو کۆمەڵگا مۆدێرن و دێموکڕاتیکەکان لەسەر ”فرەیی” فکر و بیر، ئایین و مەزهەب، بایەخەکان،و … بەڵام لەسەر بنەمای یەکسانی مافەکانی هەموو هاوڵاتیان لە هەمەبەر یاسا و ”زەوینی” بوونی حکومەت، بنیاد نراوە.

 بۆ نموونە، ئاوات و ئامەنجە سیاسیەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی گەڵ هەموو لەگەڵ یەک جیاوازن، ئەگەر وا نەبایە، دەیان و سەدان رێکخراوی سیاسی پێک نەدەهاتن. سوسیالیستە دێموکڕاتەکان، بۆ سوسیالیزمی دێموکڕات خەبات دەکەن، و کۆمۆنیستەکان بۆ کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی، و ناسیۆنالیستەکان بۆ کۆمەڵگایەکی بورژوا ـ دێمۆکڕاتیک. لایەنگرانی ئیسلام، یەکێک بۆ پێوەرەکانی سوننی و یەکێکی دیکە بۆ پێوەرە جێی پەسەندەکانی شیعە. و شیعەکانیش، بۆ خۆیان چەندین دەستەن کە هەر یەکیان ئیسلامی خۆیان بە ئیسلامی ڕەسەنی و راستین دەزانن. دەبێ لایەنگرانی مەکتەبەکانی دیکەش بەم بابەتە زیاد بکەین، بەڵام کۆی ئەم گرووپانە، بە تەواوی ناکۆکی و جیاوازی لەو بایەخانەدا کە پێوەندیان بە رێگا و شێوازی ژیانەوە هەیە، هەموو خۆیان بە ئێرانی دەزانن. کلتووری ”ئیسلامی” و نا ئیسلامی لە نێو ئێرانیەکاندا، لە هەر گروپ و چینێکی کەمەڵایەتی بۆ گرووپ و چینێکی کۆمەڵایەتی دیکە جیاوازە: ژنێکی مۆدێرنی ئێرانی، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕێوشوێنی ئیسلامی بۆ ژنان، بەو رادەیە خۆی بە ئێرانی (و موسڵمان) دەزانێ کە فڵان ژنی حیزبولا خۆی بە ئێرانی دەزانێ. بەکارهێنانی چەمک گەڵێکی ناروون، رێژەیی، ئاکاری و بایەخی وەکوو ”ئامانجی کۆتایی” (رۆیشتن بەرەو خوا). ((تەپ وتۆزی تاغوتی))، ((فکرەکانی بێگانە)) و ((گەڕانەوە بۆ جیهان بینی ڕەسەنی ئیسلامی)) ناتوانن و نابێ پێوەرە بنەڕەتیەکانی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بن. ئەزموونی سی و چەند ساڵەی کۆماری ئیسلامێش ئەوە راستیە بە روونی دەردەخەن کە کۆی ئەم ”بایەخە” باسکراوەکان تەنیا دەتوانێ لە خزمەت دەسەڵاتدارتان دابێت بۆ مانەوە و درێژەدانی دەسەڵاتیان. پێناسەی ”خۆیی” و موسڵمانی راستین، لە سی و چەند ساڵێ ڕابردوودا، بەردەوام لە گۆڕاندا بووە، بەستراوەتەوە بە بۆچوونی کەسانێک کە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قەبزە کردووە. ”سەرانی فیتنە” هەر ئەو هاواڵە ئیماندارانەی دوێنێی ئیمام و ئیسلامن. تەنانەت ئایەتولا گەورەکانیش لەم سیستمە دا قوربانی ئەم ” بایەخە ڕەسە ئیسلامیەکان” بوون. ئەمە چ پێوەرێکن کە تەنانەت، ((زانایان)) و گەورەکانی ئایینیش لە سەریان کۆک نین، چ دەگا بە خەڵک و هاوڵاتیانی ئاسایی. ئەگەر چاوێک بەو مەکتەب زۆر جیاوازە و دژبەیەکانە دابخشێنین، تەنانەت لە ناو زانایانی شیعەی دوازدە ئیمامی لایەنگری مەکتەبیی ئوسولی، دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە ئەو بنچینانەی کە هاتوون لە ناوەرۆک و بەندەکانی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و لێرەدا لە پێشەکیدا، بنچینە و بایەخە پەسەند کراوەکانی تەنیا گروپێک لە هاوڵاتیانی ئێرانی‌یە، کە دەیانهەوێ بە زۆر، و بە هەر ئامرازێکی کە بۆیان بگونجێت، بە سەر هەموو خەڵکی ئێرانی دا بسەپێنن. ئەگەر هەموو “هاو نەریت و هاوفکر”ن، وەزارەتی ئیرشادی اسلامی (بۆ ئیرشاد)، وەزارەتی زانیاری و ئاسایش ((بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دژبەرانی ناوخۆ))، نایاسایی کردنی چالاکی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان، رێگری کردن لە سەندیکا سەربەخۆکەکان، سەرکوتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافە مەدەنیەکان، ئەمر بە چاکە و نکۆلی کردن لە خراپە ((امر بە معروف و نهی از منکر))، سزادانی تاوانکارانی ئاکاری، سانسۆڕ، سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، بەردباران، تیرۆرو دەستدرێژیەکان، و … بۆ چیە؟

پێشەکی یاسای بنەڕەتی، ”پەیامی” ئەم یاسایە بە، پەروەدە کردنی مرۆڤی ئیسلامی دەزانێ. و ڕاست لەبەر ئەم ”پەیامە”یە کە هەر کەس کە رێگاو شێوازەکەی لە سنووری وێناکانی دەسەڵاتداران بێتەدەر زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەی دەدەن، قامچی لێدەدەن، لەکار دەری دەکەن، تیرۆری دەکەن و هتد. و لەو کاتەیدا کە جیهانبینی ویلایەتی فەقیهـیەکان بۆ تەواوی بوارەکانی مرۆڤ، بەر لە لەدایک بوون تاکوو مردن، رێساو یاسای هەیە (ئایەتوللا خومەینی لە حکومەتی ئیسلامی)، لە کۆتاییدا بە ئیمانترین کەسەکانیش، لە یەکێک لە بوارەکان دا هەڵە دەکات. هیچ روون نیە کە موسڵمان تر و بە ئیمانتر لە فەقیهـەکان و ئەو موجتەهیدانەی کە لەم سیستمەدا لە ئیزنی مەلایەتیان و ئیجتهادیان لێسەندراوەتەوە یان لەسێدارە دراون، لە روانگەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چ کەسانێکن؟

بەکارهێنانی دەستە واژەگەڵێک وەکوو ”ئیسلام ناسان”ی دادپەروەر و خۆپارێز و دەروەست، لە بنچینەدا یانی چی؟ کەسێک دەتوانێ ئیسلام ناس بێ، بەڵام لە بنەڕەت دا لەگەڵ ئیسلامی دژایەتی هەبێ. یان ئیسلام ناس بێت، بەڵام سوننی، خەوارج، ئیسماعیلی، عەلی و اللهی یان شیعەی دوازدە ئیمامی بێت، بەڵام بیردۆزی ویلایەتی فەقیهـی پەسەند نەکات. بۆ نمونە لە لایەنگری مەکتەبیی ئەخباری بێت. ئەو دەبێ لە کامەیان بێت؟ روونە کە مەبەستی داڕێژەرانی یاسای بنەڕەتی لە ”ئیسلام ناس” موسڵمانانی شیعەی دوازدە ئیمامی، لایەنگری مەکتەبیی ئوسولی، و لایەنگری ویلایەتی فەقیهـە. ئێستا ئەم کەسە دەبێ دادپەروەر، خۆپارێز و دەروەستیش بێت. واژەی دەروەست یانی چی؟ دەروەست بوون بە کێ و بە چ کەسێك؟ بەڵێن بە ئیسلام (بە کامە ئیسلامە)؟ بەڵێن بە ئێران (دەبێ چی بکات و دەبێ چۆن ئەوە بسەڵمێنێت؟ دادوەر کێیە؟ کامەیە ناوەرۆکی بەڵێنەکە؟، و ….) بەڵێن بە خۆی؟ بەڵێن بە کۆمەڵگا؟ یان بەڵێن بە وەلی ئەمر؟ وا دێتە بەرچاو کە لێرەدا مەبەست هەر بەڵێن بە وەلی ئەمر و سیستمی ویلایەتی فەقیهـە. لەبەر ئەوە کە بە پێچەوانەی ئەوە ئەو بەڵایەی بەسەر دێت کە بەسەر یارەکانی دوێنێی خومەینی هات. دەستەواژەی خۆپارێزیش توشی ئەو چارەنووسەیە. خۆپارێزی بابەتێکی کەسەکی‌یە. لە کەسێکەوە بۆکەسێکی تر جیاوازە. ئەو دەبێ لە چ شتێک خۆبپارێزێ؟ چاوخشاندنێکی خێرا بە دژایەتی لە نێوان زانایانی ئیسلام سەبارەت بە زۆرێک لە بابەتەکان، دەرخەری ئەو راستیەیە کە تەنانەت لە نێوان ناودارترین زانایانی ئایینی لەسەر ئەم بایەخانە ناکۆکی هەیە. یەکێک گوێ راگرتن لە موسیقی بە حەرام دەزانێ، ئەوی دیکە بە حەلال. و ئەوەی دیکەیان بە رەوای دەزانێ. یەکێک کراوەت لێدان بە حرام، ئەوەی دیکە بە حەڵال و سێهەمیش بە رەوای دەزانێ. یەکێک ئانتێن بە حەلال دەزانێ و ئەوەی دیکە بە حەرام، و هتد. لە ئاکامدا ئەوانەی کە بابەتێک بە حەلاڵ دەزانن، واتا لە بواری شەرعیەوە کێشەیەکی تێدا نابینن ـ بە هەر هۆکارێک ـ (دەتوانین لەم گریمانەوە بڕوانین کە ) خۆشیان ئەوکارانە دەکەن، ئەوانەش کە بە حەرامی دەزانن، واتە لە لایەنی شەرعیەوە رێگەی پێنەدراوە ـ بە هەر هۆکارێک ـ لەوانەیە بۆخۆشیان ئەو کارە نەکەن. ئێستا کامەیان خۆپارێزن؟ سەبارەت بە وشەگەڵێک وەکوو “دادپەروەر” و هتدیش جیا لەمە نیە، یاسای بنەڕەتی یان هەر یاسایەکی‌تر دەبێ لە سەر بنەمای ماف‌و ئەرکی روون و دیاریکراو دابرێژدرێت، و نەک بایەخ، یان ئەو دەستەواژە ناروون و شرۆڤە هەڵگرانەی کە هیچ پێوەرێکی یەکدەستی کۆمەڵایەتیان بۆ نابیندرێتەوە و لە کۆتاییدا تەنیا دەبێتە ئامرازێک لەبەر دەستی دەسەڵاتداران تاکوو ئەوان، بە پێی پێویستی درێژەدانی حکومەتی نارەوای خۆیان، بە هەر شێوەیەک کە ویستیان، شروڤەی بکەن.

بۆ دەست راگەیشتن بە ”راستیەتی خودایی”، بگەڕێینەوە سەر کام لە قورئانەکان؟ و دوایی کامە لە شرۆڤەکانی وەربگرین؟ بۆ ئەوەی کە موسڵمانی راستین بین، پشت بە کامە ئایین و مەزهەب ببەستین؟ ئیسلامی ڕەسەن چیە؟ و کامەیە؟ ئیسلامی سوننی؟ مەزهەبی حەنەفی؟ مالکی؟ شافعی؟ حەنبەلی؟ یان زەیدی؟ ئیسلامی شیعە، مەکتەبیی ئەخباری؟ شێخی؟ بنچینەیی (اصولی)؟ ئیسلامی شەریعەتی؟ ئیسلامی بێ مەڵا؟ ئیسلامی موجاهدین، واتە تێکەڵاوێک لە پەروەردەی مارکسیستی و پەروەردەی ئیسلامی، ئیسلامی لیبڕال؟ ئیسلامێک کە دەست لە کاروباری حکومەت وەرنادات؟ ئیسلامێک کە جیایی دین لە حکومەت پەسەند دەکات؟ ئیسلامێک کە لەگەڵ مۆدێرنیسم و دێموکراسی دەسازێت؟ ئیسلامێک کە لە بەرانبەر هەر جۆرە بیرێکی تازە رادەوەستێ؟ ئیسلامی خومەینی؟ ئیسلامی تاڵبان؟ و ….، کامەیان ئیسلامی ڕەسەنە؟ تەواوی ئەو مەکتەب و بیردۆزانە پێداگری لەسەر ئیسلامی بوونی خۆیان و هەروەها ڕەسەن بوونی خۆیان دەکەنەوە. کامەیان راست دەکەن؟

ئێوە ئەگەر بپرسن گەورەترین کەسایەتی مێژووی هاوچەرخ کێیە؟ حیزبوللای ئێرانی دەڵی: ئیمام خومەینی، تالبان وڵام دەداتەوە: مەلا عومەر. مارکسیستەکان ناوی مارکس و ئینگلس و لنین دێنن، ناسیۆنالیستەکانی ئێران ناوی دوکتوور موسەدق دێنن، لایەنگرانی سەلتەنەتی پەهلەوەی ناوی رەزا شاو.. هتد. راستی لای کێیە؟ راستی لای هەموانە لەبەر ئەوەی کە هەر کەس مافی ئەوەی هەیە کە بە پێی پێوەرو بایەخە کەسەکیەکانی باش و خراپەی خۆی دیاری بکات. پێوەری ”حکومەت” بۆ هەڵسەنگاندنی مێژوو یان ئایدیۆلۆژی، یان بیرو بۆچوون، بوونی نیە، و لەوشوێنەی کە  ئەو پێوارانە هەبوون، حکومەت گۆڕاو بوو بە تەواو خوازو تۆتالیتێر. بەڵام لایەنی هاوبەشی نێوان هەموو ئەوان هەبوونی مافی یەکسان لە رووی یاسا لە هەوڵبژاردنی ئازادانەی بایەخەکانە. یاسای بنەڕەتی کۆمەڵگا گرەنتی مافی یەکسانی هەموو هاوڵاتیانە لە بەرابەر یاسادا دەکات. پێشەکی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئەم ”بێلایەنیە” بە تەواوی ژێر پێ دەنێ و تەنیا بەشێک لە کۆمەڵێک بایەخە باوەکانی ناو کۆمەڵگا کە جێگای پەسەندی گرووپێکی زۆر بچوک لە هاوڵاتیانی ئێران (لایەنگرانی سیستمی ویلایەتی فەقیهـ) ــن، وەک تەنیا بایەخە باوە رەهایانە، کە گۆیا هەتا هەتایی و هەمیشەیین، لە یاسای بنەڕەتی دا دەچەسپێنن و هەوڵ دەدەن ـ تەنانەت  بە زۆرو بە لەناو بردنی دژبەران و رخنە گران ـ هەموو هاوڵاتیان لەم “قالبە” بهاوێت.

هیچ دیار نیە لە کۆمەڵگایەک کە گۆیا ”ئۆمەتەکەی ئیسلامی ڕەسەنە (بە پێی پێشەکیەکە) و ڕێبەرەکانی، چ لە دەسەڵاتی دادوەری، چ لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و چ لە دەسەڵاتی یاسادانان، هەموویان لەو ئیسلام ناسە دادپەروەرو خۆپارێز و دەروەستانن کە ((بەرەو سیستەمی ئیلاهی)) ((بەپێی قسەی  دەسەڵاتداران) لە جوڵەدان، و لەم رێگایەدا خۆشیان لە ((تێکەڵاوی فکری بێگانە))ش پاک کردۆتەو، بۆچی پێویستیان بە یەک وەلی ئەمر هەیە تاکوو ((دەستەبەری لانەدانی رێکخراوە جیاوازەکان بکات لە ئەرکە ڕەسەنە ئیسلامیەکانیان و لە کۆتاییدا دەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو رێوشوێنە، لە دوای سی و چەند ساڵ حکومەتی ئیسلامی، واتە حکومەتی فەقیهــ و موجتەهیدە ”دادپەروەرو خۆپارێزەکان”، لە سەر بنەمای ”ئەحکام و رێوشوێنە شەرعیەکانی ئیسلام”، بە گرەنتی ”ئیمامی زەمان”، بە بەڕێوەبەری خوشکان و برایانی ئیماندار و پاک، بە ئابووری ئیسلامی، پەروەردەو فێرکردنی ئیسلامی، داد و دادپەروەری ئیسلامی و .. هتد، لە بواری کۆمەڵایەتی، ئاستی زینا، دزی، گیرۆدەیی، بەرتیل خۆری، تاوان، خۆکوژی، دەستدرێژی و … و لە بواری ئابووری، بێکاری، هەڵاوسان، بێ بایەخی پوڵی وڵات،  مایەپووچبوونی بانکەکان، دابەزەین تاکوو تێکرووخانی ئابووری و …، و لە یەک قسەدا لە تەواوی بوارەکاندا، لە ئاکاری کەسەکی و کۆمەڵایەتی تاکوو ئابووری وڵات، لە سیاسەتی دەرەوە را تاکوو بەرژەوەندی نەتەوەیی، رووخانێک وکارەساتێک دەبیندرێت. ئەگەر پێوەرەکانی ئابوری، پوروەردەو فێر کردن، دادوەەری، ئاکار و کلتوورو … هەموو ئیسلامی ڕەسەن، واتە ئیلاهین، و لە ئاکام دا لە دروست بوونیان تەنانەت گومانیش رێگای پێنادرێ، و ئەگەر ئەم  بنچینە ئیسلامیانە (و لەبەر چاوگرتنیان) لە لایەن تاکە (ئیماندار) و خۆپارێز و موسڵمانی راستین، و ئۆرگانە ((بەرپرسیارو شیاوەکانەوە)) کۆنترۆڵ دەکرێن، کەوایە هۆکاری شکستی نزیکەی تەواوی ئەم سیاسەتە ئیسلامی ـ ئیلاهیانە لە لایەن بەرپرسانی ((پاک)) و ئاگا بە هەلومەرجی کات و ((دادپەروەر))لە چی دایە؟ پێوەرەکانی ناو یاسای بنەڕەتی، پێوەرە گەڵێکی یەک لایەنە و ((ئاکار))ین. پاڵنەرو میکانیزمی جوڵانی مرۆڤ و کۆمەڵگا تەنیا لە سەر بنەمای و بناخەی ئاکار دانەمەزراوە. و لە سیستمە تەواو خوازەکان تەنیا کەسانێک دەگەنە “دەسەڵاتە باڵاکان”، کە لە ”سات و سەودا” دا شارەزا بن و نەک لە توانایی بەڕێوەبەری، یان لە ئاکارو ئیماندا. ئەمە کامە “مرۆڤە بەرزو جیهانگرە ئیسلام”یە کە مەبەستدار منداڵەکان وەبەر گولە دەدات، ئەوان لە بەرزایی را بەردەداتەوە، بە ترۆمبێلی پۆلیس بەسەریاندا دەڕوات، لە زیندانەکاندا دەستدرێژی سێکسیان دەکاتە سەر، و لە دوای دڕندانەترین ئەشکەنجەکان، تەرمەکانیان رادەستی بە دایک و باوکیان دەکاتەوە. ناوەرۆکی راستەقینەی رێژیم نە لە “وشە جوانەکان”دا، بەڵکوو لە راستیەکانی شەقام دایە.

پێشەکی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای ئاوەژوو نیشاندان‌و چەواشە کردن، دەبێتە بەستێنێک بۆ سیستمێکی تۆتالیتێر: ڕێبەرێکی بەشکۆ، بە ئەسپێردراویەکی ئیلاهی، کە لە سەرو گەڵ و یاساوەیە. لەگەڵ راستیەکی رەهای ئیلاهی، جیهانبینی (ئایدیۆلۆژی، لێرەدا ”بایەخ و رێوشوێنە شەرعیەکانی ئیسلام”)، کە رەهایە و لەسەروو گەل، و تەنیا لەبەردەستی دەسەڵاتداران دایە. بە ئەسپێردراویەکی ئیلاهی، بۆ پەروەردە کردنی ”مرۆڤە مەکتەبی‌یەکان”، و جیهاد بۆ دامەزراندنی ”دەسەڵاتی یاسای خودا” لە جیهان و پێک هێنانی ”ئۆمەتیی یەکدەستی ئیسلامی”، و دابەش کردنی مرۆڤەکان بەسەر باشترینەکان، باش، خراپ، خراپتر، لەهەموان خراپتر و ئەوانەی کە پێویستە بکوژرێن، کێشە لە کۆماری ئیسلامی، نە تەنیا لە تاک ”وەلی ئەمری زۆردار”، بەڵکوو لە سیستمی ”ویلایەتی فەقیهـی” تەواوخوازە.

درێژه‌ی هه‌یه‌ …

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت