بێ ڕێزی کردن بە ئایینزاکان و دۆخی دۆسیەی دادگایی مەلا ئیسماعیل لە وتووێژ لەگەڵ ئەیاد کاکەیی

0
1200

پێشەکی: لەوەتا کورد هەیە، هەر لە ژێر زەخت و گوشاری نەتەوەیی دابووە، ئەو زەخت و گوشارە بۆ کەمینە ئایینی و ئایینزاکانی وەک زەردەشتی و کاکەیی و …..تاد، چەند قاتتر بووە، ئەوان هەم کوردبوون و خەباتیان بۆ خاکیان کردووە و بە گیان و سەر و ماڵ، کوردستانیان پاراستووە و هەمیش ئایین و ئایینزاکانیان، هیچ کات هاوتەریبی حکومەت و هزری ئایینی باڵادەستەکانی کورد نەبووە، هەر بۆیەش فەرمانیان ەسەر دەرچووە و قەڵغانی ڕژاندنی خوێن و داگیرکردنی  ماڵ و سامانیان بە ڕەواییەکی ئایینی زاندراوە.

کوردانی یارسان زیاتر لە ٤٠ فەرمانیان لەسەر بەڕێوە چوە، کوردانی کاکەیی لە ئێران دەکەونە بەر هێرش، جەمخانەکانیان لەناو دەبرێ، سمێڵیان دەتاشرێ و لە زانکۆ و دامەزران بێبەش دەکرێن، لە چەند ڕۆژی

رابردوودا، مەکارم شیرازی، مەلای گەورە و مەرجەعی تەقلید (سەرچاوەی لاسایی کردنەوە و ڕێچکە)ی شیعە لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا خواردنی نەزرێکانی ئەهلی حەق حەرامە دەڵێ: ئەگەر بێت و پیویستییەکانی ئیسلام لەبەر چاو نەگرن بەڵێ حەرامە و ناکرێ بیخۆی. 

لە لایەکی تریشەوە بەتایبەتی دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان و هاتنی بۆ موسڵ، هەندێ مەلای تووندئاژۆ لە کوردستانی ابشوور سەریان هەڵداوە کە جار نا جار هەندێ فتوای بێ بنەما و لە تراویلکەوە هاتوو دەخەنە گەڕ و ئەم و ئەو بە کافر دەزانن، هەڵبەت ئەوە زۆر جار باسی پێشمەرگە و مەتەریزی شەڕەفیشی گرتۆتەوە. مەلا ئیسماعیل سووسەیی یەکێک لەو مەلایانەی کوردستانی باشوورە کە لە وڵامی پرسیارێک دا کە لێی کراوە ئایا کاکەیی کافرن دەڵی :”وەک بیندراوە و زانراوە، کافر و مونافقن”، ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی سەندیکای پاریزەرانی هەولێر، سکاڵای لەسەر مەلا ئیسماعیل تۆمار کردووە و تا ئێستاش دوو جار دادگاییەکە بەڕێوە چوە، ڕۆژی کورد بۆ تاووتوێ کردنی ئەو پرسە و هەروەها رەوتی دادگایی کردنەکەی، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجام داوە کە لێرەدا دەقی وتووێژەکە دەخرێتە ڕوو.

ڕۆژی کورد: با پرسیارەکان ئاوا دەست پێکەین، هۆکاری سەرهەڵدانی سووکایەتی، بێ ڕێزی و زەخت لەسەر کوردانی کاکەیی بەتایبەتی و کەمینە غەیری ئیسلامیەکنا لە باشوور و لە ئیران بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

کاکەیی: زۆر بەداخەوە لەو چەند ساڵەی دواییدا شەپۆلێکی زۆر لە هێرش لەلایەن مەلا تووندڕەوەکان یان ئەو کەسانەی کە کاریگەریی زۆری هزری عەرەبە شوینییەکانیان یان وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی تریان لەسەرە. ئێستا لە کوردستاندا شەپۆلێکی ئەوتۆ هەیە کە بۆتە هۆی نیگەرانیی پێکهاتەکانی تری وەک کاککەیی و …تاد، دیارە ئێمە ئەوە دەگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا حکومەتی هەرێمیش تا ئاستێکی زۆر نەیتوانیوە لە ڕێگای هەندێ بنکە و ڕێکخراوی وەک ئەوقاف، پێش بەو شەپۆلە بگرێ و کوردستانێک کە لە هەموو جیهان بەو جوانییە ناسراوە کە هەموو پێکهاتەکان بە تەبایی لەگەڵ یەک دەژین، لەو دیاردەیە بێبەری ڕابگرێ.

ڕاوێژ: چۆن بوو بڕیارتان دا سکاڵا لەسەر مەلا ئیسماعیل سۆسەیی بکەن؟ هەروەها دۆخی دۆسیەکە ئێستا گەیشتۆتە چ ئاقارێک؟

ئەیاد کاکەیی
ئەیاد کاکەیی

کاکەیی: هەروەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە بڵاوبۆتەوە دیارە، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، پریارێک لە مەلا ئیسماعیل کراوە کە ئایا کاکەیی کافرن یان مونافق (دووڕوو)، ئەویش دەڵێ ئەوەی زاندراوە و بیسراوە، کاکەیی مونافقن و کافرن، هەر بۆیەش من وەک تاکێکی کاکەیی لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە سکاڵام لەسەر تۆمار کرد، ئێستاش قۆناغی لێکۆڵینەوە تەواو بووە و ڕەوانەی دادگای تایبەت کراوە کە دادگای کەتنی هەولێری ٢ یە، ٢٧ی مانگی چوار یەکەم دانیشتنی دادگای کردنی مەلا ئیسماعیل بەڕێوەچوو کە تێیدا بەڵگەکان خرانە ڕوو و لەسەر بڕیاری دادگا ئەو سی دیە کە تێدا مەلا ئیسماعیل فتوای کافر و مونافق بوونی کاکەییەکانی داوە، ڕەوانەی لێژنەی فتوای یەکێتی زانایانیئایینی کوردستان کرا و هەروەها نامەیەک بۆ وەزارەتی ئەوقاف نووسرا کە لەسەر کاکەییەکان بوو کە بزاندرێ ئەو ئایینە چیە.

مەبەستی ئێمەش لەو سکاڵایە ئەوەبوو کە ئێمە لە کاتێکدا کە ئێمەی کاکەیی لە سەرانسەری کوردستان، زۆربەیی سنوورەکانمان لەگەڵ داعشە و بەو هۆیەشەوە ئیستا ٢٠ هەزار ئاوارەمان هەیە، کافر بوونی ئێمەبە فتوای مامۆستایەکی ئایینی دەتوانێ هان دانی گەنجەکان بێ و لە ئەنجامدا هەر وەک خوشک و برا ئێزیدییەکانمان کران بە کەنیزەک، بە هەمان شێوە کاکەییەکانیش لەژێر ئەو فتوایانەدا تووشی ئەو کارەساتە ببن و کچەکانمان کەنیز بکرێن و منداڵمان بنفرۆشرێن، بۆیە ئێمەی کاکەیی هەروەک فەخر و شانازی دەکەین بە ڕابردووی خۆمان و لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستاندا، شوێن پەنجەمان دیارە بووە، ئێستاش ئەو خاکە خاکی ئێمەیە، نە مەلا ئیسماعیل و نە سەرجەم ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو هێژموونیەن، ناتوانن ئێمە لە خاک و زێدی خۆمان وەدەر نێن، بۆیە ئێمە وەکوو پەرچەکردارێک لە هەمبەر مەلا ئیسماعیلەکان و هاوڕاکانیان ئەو سکاڵایەمان تۆمار کرد و هیوادارین وەزارەتی ئەوقافیش لەو سکاڵایانە بێدەنگ نەبی هەرچەندە لە دادگاییەکەشدا نوێنەرەکەیان داوای دادگایی کردنی ئەو مەلایەی کردووە، بەڵام پێویست بوو داواکاری گشتی زیاتر دەبا ئەوان لەسەر خەت بان چونگە پیویستی بە داواکاریگشتی هەیە، ئێستا مادەکەی کە ئەو باسە دەگرێتەوە یاسای ٤٣٣ ی یاسای سزادانی عێراق ـە کە ئەویش زێدەتر لەسەر جنیودان و ناو زڕاندن و …تاد، بەڵام لە ڕاستیدا مادەکە، مادەی ٣٧٢ دەیگرێتەوە کە دەتوانم بڵێم هێرش کردنە سەر باوەڕمەندێک یان هەر پێکهاتەیەکە، بۆیە ئێمە هەر وەک لە دادگاش داوامان کردووە، هیوادارین مادەکەی لە ٤٣٣ وە بگۆرێت بۆ ٣٧٢ کە دەتوانم بڵێم زەختێکی چەند قاتە، هەروەها ئێمە سەرجەم قسەکانی مەلا ئیسماعیل ڕەت دەکەینەوە، چونکە بە درێژایی مێژوو ئێمە ئەو هەموو شەهیدەمان پێشکەش بە کوردستان کردووە، مەلا ئیسماعیل چ وڵامێکی بۆ دایکان و باوکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانمان هەیە؟ لە کاتێکدا هەموویان لە پێناو خاکی پیرۆزی کوردستان، گیانی خۆیان قوربانی کردووە.

ئەو دۆسیەی ئێمە بۆ ٤ی مانگی ٧ی ٢٠١٦ دواخراوە ئەوەش بۆ وڵامی لیژنەی فتوایە لەسەر ئەم فتوایەی مەلا ئیسماعیل و هەروەها هێنانی ئەو سی دی یەی کە مەلا ئیسماعیل بانگەشەی ئەوە دەکا کە بەشێک لە سی دی یەکە قرتاوە و هەروەها وڵامی ئەوقاف و کار و باری ئایینی بۆ دادگای کەتنی ٢ی هەولێر.

ڕاوێژ: کاکەییەکان ئێستا لە دۆخێکی نالەبار دان ئەوەش بە هۆی شەڕی داعشە و کۆڵ نەدانیان بۆ بەرگری لە نێشتمان، ئەو جۆرە هەڵسووکەوتی مەلاگەلێک یان کەسانێک ، چ کاریگەری لەسەر کوردستانی باشوور و پێکەوە ژیان و دۆخی دەروونی کاکەییەکان دەبێ؟

کاکەیی: دەتوانم بڵێم بەداخەوە ئەو قسانە و فتوای مەلا ئیسماعیل، دەتوانم بڵێم بابەتێکی زۆر نەرینییە و لە ڕووی دەروونییەوە زۆر ئازاری کاکەییەکانی داوە بەتایبەت کە تا ئێستاش ئامادە نیە داوای لیبووردن لە قسەکانی خۆی بکات، من لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە کە داوایان کرد، گوتم مامۆستا دەتوانێ لە شوێنی خۆیەوە لە ڕێگای گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە داوای لێبووردن لە کاکەییەکان بکا و قسەکەی خۆی چاک بکات و راستی بکاتەوە، دیارە بەڕیزیان هەر پیداگری لەسەر ڕای خۆی دەکا و تا ئێستاش هیچ هەوڵێکی بۆ پاشگەز بوونەوە نەداوە.

هەروەک کوتیشم ئێستا بەداخەوە نیزک بە ٢٠ هەزار کاکەیی ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بوون و دۆخیان لەوپەڕی نالەباری دایە و ئاواییەکانی ئێمەش کە لە سنوورەکانی داعشن بە هەمان شێوە هەموو ڕۆژ تۆپ باران دەکرێن و خەڵکەکە لە دۆخێکی دەروونی زۆر ئاڵۆز دان، سنوورەکانی ئێمە لە کەرکووک و لە گووندەکانی شپەی ناوچەی گوێڕ بە هەمان شێوە خاڵێکی زۆری ئاوارەی لێیە، ئەوەی مامۆستا ئیسماعیل، دەتوانم بڵێم برینەکانی ئێمەی قووڵتر کردەوە چونکە ئێمە کەوتووینەتە نێوان دوو بەرداش، یەکیان داعش کە هەموو سامان و ماڵی ئێمەی تاڵان کردووە و هەرچی مەزاری پیرۆزی کاکەییەکانە تەقاندوویەتییەوە، ئاوارەکان لە کوردستان ئاوارە بوون کە چی مەلا ئیسماعیل لە جیاتی هاوکاری کردنیان، فتوای کافر و منافق بوونمان دەردەکا، بۆیە دەتوانم بڵێم لە ڕووی دەروونییەوە دۆخێکی شڵەژاو و

سکاڵانامە لەسەر مەلا ئیسماعیل
سکاڵانامە لەسەر مەلا ئیسماعیل

ناخۆشەو هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای بڕیاردان بە خۆیدا بچتەوە و ئاستێک بۆ ئەم جۆرە تاوانانە دابنێن بۆ ئەوەی کە چیتر دووبارە نەبنەوە و هاوبیرانی مەلا ئیسماعیلیش بزانن کە کوردستان نیشتمانی هەمووانە و کاکەیی بەشێکی جیانەبۆوە و ڕەسەنی ئەم ئاو و خاکەن.

ڕۆژی کورد: بەڕای ئێوە ڕێژەی دەسەڵاتی زۆری مەلاکان لە کوردستان دەگەرێتەوە بۆ چی و چۆنە تەنانەت هیچ یاسایەکی ئەوتۆ نیە کە سەر و سامانی ئەو بابەتە بدات و پێشیان لیبگرێ، ئەوەی کە دەڵێن ئامادە نیە داوای لێبووردنیش بکا ئەوە خۆی هێمای پشتڕاستی ئەو کەسە نیە؟

کاکەیی: سەبارەت بە یاسا، بەڵێ بۆ ئەو دۆسیانە یاسا هەیە، ئیستا هەر دوو مادەی یاسای سزادانی عێراقی ئەم سکاڵا و تاوانە لە خۆدەگرن، هەرچەند ئێمە لە مادەی ٣٧٢ ین کە باس لە بێ ڕیزی بە پێکهاتەوەکان دەکا و سزایەکی چەند قاتە، بەڵام داوای لیبووردن نەکردنی خودی مەلا ئیسماعیل، من نازانم بەراستی چۆنە ئامادە نیە داوای لیبووردن بکا لەوانەیە ئەوە بۆخۆی بگەڕێتەوە کە بۆ نایکا، هەرچەند ئەو لە دادگا گوتی کە من پاڵپشت بە ڕای زانایانی ئیسلام ئەو قسەم کردووە، بەڵام سەرچاوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، قورئانە و لە هیچ دەق و شوێنێکی قورئاندا یان فەرموودەی پێغەمبەر و خولەفای ڕاشدیندا نەهاتووە و هیچ زانایەکی ئیسلامیی دان پێداندراو، باسی کاکەیی نەکردووە، لەوانەیە ئەگەر کەسانی هاوشێوەی ئەبووبەکر بەغدادی بکەنە پاڵپشتی قسەکانیان ئەوە دیارە ئەبووەکر بەغدادی هیچ پێوەرێکی بۆ بوونی مرۆڤایەتی نیە، هەروەها دادگاش لە کۆبوونەوەی دادگایی کردنی رابردوودا داوای لە مەلا ئیسماعیل کرد کە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەو دەڵێ “وەک زانراوە و بیستراوە”، سەرچاوەی پشت پێبەستراوی خۆی بدات، ئایا کام سەرچاوەی بەکارهێناوە بۆ قسەکانی خۆی، ئایا لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە یان ڕای چەند کەسێکی هاوشیوەی مەلا ئیسماعیل سەردەمانێک دەست نووسێکی وایان نووسیبێ؟ بۆیەش ئێمە چاوەڕێ دەکەین بۆ مانگی حەوت (٤ی مانگی حەوت) ئەوە یەکلایی بکرێتەوە و دیسانێش ئاوڕ دەدەمەوە سەر ئەو بابەتە کە بەڵێ لە کوردستان یاسا هەیە و ئەگەر ئەم تاوانەی لەسەر بسەلمێ ئەوە لەسەری دەکەوێ و سزاکەشی زیندانی یان سزای ماددیە بەو مەرجە تاوانەکەی لەسەری بسەلمێندرێ.

ڕۆژی کورد: ڕێگا چارەی بنەبڕی ئەو کێشانە لە چی دا دەزانن؟ ئەوەی کە بە گشتی بێ ڕێزی ئایینی نەخزێتە ناو کورد کە دەیان ئایین و ئایینزای هەیە

کاکەیی: ڕێگا چارەکان وەک دیارە، سەرچاوەی کۆنترۆڵی ئەم بابەتانە، ئەوقاف و کاروباری ئایینیە، بێ گومان ئەوان دەتوانن کۆنترۆڵی ئەو مەلایانە یان خود ئەو شوێنانە کە ئەو تۆوەی لی دەچێندرێ، بکەن . بێ گومان بێ ڕێزییە ئایینیەکان دەخزێندرێتە ناو کورد و ئەو گەلانەوە کە دەیان ئایین وئاینزای هەیە، ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین لە زۆر دەڤەریتر ئەو بێ ڕێزییانە بە زۆر ئایینزای تر کراوە و دەشکرێ. دەکرێ خەڵک هان بدرێت و ڕوون بکرێتەوە کە سکاڵا لەسەر ئەم جۆرە کەس و چەشنە هەڵسووکەوتانە بکەن و یەکێتی زانایان، لێرەدا دەوریکی سەرەکییان دەبی کە ئیزن نەدەن چیتر بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە فتوا بدرێ و کوردستان ناشیرین بکرێ.

ڕۆژی کورد: لەو دۆخەدا چ قسیەکتان بۆ کوردانی یارسان و زەردەشتی وبە گشتی کەمینە ئایینیە کوردەکان چیە لە کوردستان؟

کاکەیی: ئەوەی ئێمە شانازی پێوە دەکەین ئەو ڕەنگانەن کە لە کوردستان هەیە، دیارە ئێمە ئەگەر دەڤەرەکانی کوردستانبە نموونە وەرگرین، دەبینین کە لە زۆر دەڤەری کوردستان ئایین و ئایینزاکان زۆر بە جوانی و رێکوپێکی پێکەوە دەژین و بە برایەتی لە نێوان تاکەکان هەڵسووکەوت دەکرێ، ئەگەر دەڤەری بارزان بە نموونە بێنمەوە دەبینین هیچ جیاوازییەک لە نێوان گۆڕستانی ئیسلام و مەسیحییەکان نییە کە ئەوە دیاردەیەکی یەکجار جوانە، ئێمە لە ساڵانی پێشووتر یان خود ئەگەر بگەڕێینەوە سەردەمانی زوو، دەبینین کە هیچ جیاوازییەک لە نیوان پێکهاتەکانی کوردستاندا بوونی نەبووە، بەداخەوە ئێستا بەدی دەکرێ و ئەگەری لە لایەن دادگا و خودی یەکێتی زانایانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقاف ڕێگری لی نەکرێ، دەتوانم بڵێم دەبێتە هۆکاری کۆچ کردنی ئایینزاکانی تر لە کوردستان.

ڕۆژی کورد: لە ئێرانیش مەلاکان و ڕژیم بە گشتی هەڵدەکوتنە سەر کاکەییەکان، مەکارم شیرازی فتوای داوە کە خواردەمەنی دەستی کاکەییەکان حەرامە، ئیوە هێچ هاوتەریبییەک لە نێوان کەسانی وەک مەلا سمایل و ڕژیمی ئێران لە سووکایەتی بە کاکەییەکان و کەمینە ئایینیەکان دەبینن؟

کاکەیی: بەڵێ ئەو لێکچوونە و وێکچوونە دەبیندرێ بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە کە لە کوردستان، مەلا ئیسماعیلەکان کەمن و زۆرینە رێزمان لێدەگرێ، یەکێتی زانایانی ئایینی و زۆربەی تەکیە و شێخەکان لە

فتوای مەکارم شیرازی
فتوای مەکارم شیرازی

کوردستان پەیوەندییەکی زۆر پتەو لە کۆنەوە لە نێوان کاکەییەکان و شیخەکانی کوردستان کە موریدێکی زۆریشیان هەبووە، ڕێزێکی زۆریان لە کاکەییەکان گرتووە لە هەولێر، کەرکووک و خانەقین و موسڵ و ئەوە جێگای دەست خۆشیە، بەڵام ئەوەی مەلا ئیسماعیل بێگومان من لە نێوان ئەو و مەکارم شیرازی کە فتوای حەرام بوونی خواردن لە دەست یارسانەکانی داوە و هەر کەسێکی تر کە کەسانی تری پێ کافر بێ یان خواردنی دەستیان پی حەرامە و سڵاو لیکردنیان بە ڕەوا نازانن، بەڵێ بێ گومان وێکچوون لە نێوانیاندا هەیە.

ئەوەی مەلا ئیسماعیل و کەسانی هاوشێوەی دەیکەن و دەیڵێن، هیچ خزمەتی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان ناکات، دووبارەی دەکەمەوە و هیواداریشین کە یەکیەتی زانایان خودی خۆیان، چاوەدێرییەکی  لەسەر ئەو هەڵسووکەوتانە دابنێن کە دەیانهەوێ بنەماکانی پێکەوە ژیان لە کوردستان لە ناو ببەن و ئەو رێز و خۆشەویستییەی کە لە نێوان ئایین و ئایینزاکان هەیە نەیهێڵن. من بەش بە حاڵی خۆم گەش بینم و ئەوە لە یەکیەتی زانایان دەبین و هیوادارم لە داهاتوودا ئەو دیاردەیە نەمێنێ و ئەو جۆرە کەسانە لە مینبەرەکان دوور بخرێنەوە.

ڕۆژی کودرد: لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکی زیاتر هەیە لەمبارەوە فەرموون

کاکەیی: زۆر سپاس بۆ ڕۆژی کورد، هیوام ئەوەیە ئەو دیاردانە لە داهاتووی کوردستاندا نەمێنن و کوردستان شوێنی پێکەوەژیان و پێکەوەبوون و حەوانەوەی سەرجەم ئایین و ئایینزاکان بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.