عەلی فەزڵی: ریشە و رەچەڵەکی یارسانەکان کوردە و بەشێکی دانەبراوین لە نەتەوە و نیشتمانی کورد

0
1843

رۆژی کورد

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی رۆژی کورد،  دووهەمین کۆنگرەی رێکخراوی یاری کورد سەر بە کومەڵگای کوردی یارسان (کاکەیی) لە 31 ژوئیەی 2016 بەرێوە دەچێت و ئەندامانی رێکخراوی یاریکورد سەرقاڵی ئامادەکارین

ئامادەکارانی کۆنگرە داوا  لە کوردستانیانی بە گشتی و کوردانی یارسانی بە تایبەتی دەکا و ڕایدەگەیەنن: “یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین خزمەت بە گەل و نیشتمان و فەرهەنگی رەسەنی یاری بکەن کە ناسنامەی کورد بوونمانە.”

 

عەلی فەزڵی
عەلی فەزڵی

عەلی فەزڵی چالاکی سیاسی و ئەندامی رێبەری رێکخراوی یاریکورد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی رۆژی کورد ڕایگەیاند: “وەک لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە لە ساڵی ١٩٦٦ هەموو کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان مافیان هەیە وەک هەموو دانیشتوانی ئەو وڵاتانە  تێیدا ئەژین مافی یەکسانیان هەبێت و نوێنەریشیان هەبێت لە دزگای بەرێوەبەریی وڵات. ئێمە کوردە یارسانەکان لە لایەن دەسەڵاتداران و داگیر کەرانەوە دو زوڵمان لێدەکرێ؛ یەکەم: بە هوی کورد بوونمان، دووهەم: بە هوی یارسان بوون و باوەر نەهێنان بە ئایینی ئیسلام و لە سەرەتایترین ماف بێبەشین و لە هەموو مافێکی ئینسانی بێبەشین.”

لە درێژەی لێدوانەکەیدا عەلی فەزڵی گوتی: “یارسانەکان کە ژمارەیان لە چوار میلیون کەس زیاترە و زۆربەیان دانیشتووی روژهەڵات و باشوری کوردستانن تا هەتاکوو ئەمرۆ کۆماری ئیسلامی ئێران حازر نییە ئایینی یاری بخاتە ناو دەستوری وڵاتی ئێران و حاشا لە بوونیان دەکات و روژانە لە سەر دەزگا راگەیاندنەکان بە کافر و مورتەد ناویان لێ دەبات.”

سەبارەت بە ڕەوشی یارسانەکان لە هەرێمی کوردستانیش عەلی فەزڵی گوتی: “لە هەرێمی کوردستانی باشور هەموو ئایینەکان لە دستوور ناویان هاتووە و ساڵانە برێک یارمەتی ماڵی ئەدەن بە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی نوێنەرایەتی ئەو ئاینانە دەکەن بەڵام کاکەییەکان کە ژمارەیەکی زۆرن لەو بەشەی وڵات لێرە و لەوێ باس دەکرێن و دەڵێن برا کاکەییەکانمان بەڵام لە دەستوری هەرێمی کوردستان هیچ ناوێکیان لێ نەهاتوە و لە سەر وڵاتی خومانیش و لە لایەن دەسەڵاتی کوردیشەوە هەمان غەدرمان لێکراوە و وەک هاوڵاتی دەرەجە دوو مامەڵەمان لە گەڵ دەکرێ و تاقە نوێنەرێکی کاکەیی لە هەرێمی کوردستان بە دی ناکەی و مەلای ئیسلامی راستەوخۆ لە مزگەوتەوە کاکەییەکان بە کافر و بێ دین دەناسێنێ و کەسێک نییە بەرگری لە کاکەییەکان بکات کە مەلایەک نەتوانێ بە ئارەزوی خوی فتوایان لە دژیان دەر بکات.”

ئەندامی رێبەری رێکخراوی یاریکورد ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئێمە ئەبێ کارێکی زۆر بکەین لە داهاتوودا  زیاتر خومان بە گەلی خومان بناسێنین کە ئەوان واتە گەلی کورد داکوکی لە مافی یارسانەکان بکەن لە بەر ئەوەی یارسانەکان پارێزەری بەشێکی رەسەنن لە ناسنامەی گەلی بەشخوراوی کورد، زۆر گەنجینەی هەزاران ساڵەیان پاراستوە و ئێستاش داکوکی لێدەکەن بۆیە نەیاران دایم ژەهری دڵی خویان بە یارسانەکاندا دەرێژن.”

عەلی فەزڵی گوتیشی: “ئەگەر زێدەرۆیی نەکەین و بە ویژدانەوە بروانینە دەسکەوتی یارییەکان لە پێناو پاراستنی ناسنامەی کورد، ئەبینین کە کتێبە پیروزەکانی یارسانەکان (دەفتەر) بە زمانی شیرینی کوردی نووسراوە. تەنبوور،هۆرە،شوێنە پیروزەکانی یارسان لە سەر شاخە سەربەرزەکانی کوردستان پێمان دەڵێن ئەوانە مێژوی بەرخوەدانی گەلێکن لە بەرانبەر تاریکپەرستانی سەردەم. ئێمە ئەبێ لە ئێستا بە دواوە وەک یاریکورد و چالاکوانانی یارسان  دژی تاریکی بجەنگین هەتاکوو ئایین و فەرهەنگ و زمانی کوردی وەک ناسنامەی خومان بپارێزین و دەمی ئەو رێش درێژانە دا بخەین ئایەتی عەرەبستان لە سەر خاکی کوردستان دەخوێنن و بانگەوازی کافر بوونمان بۆ دەکەن.”

سەبارەی بە بەرنامەکانی رێکخراوی یاریکورد، دوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی دووهەمی ئەو رێکخراوەیە، عەلی فەزڵی گوتی: “بەرنامەی ئێمە دوای کونگرە لە دەرەجەی یەکەم ئەوەیە کە لە رێگای جۆراوجۆر و بە پێی ئەو ئیمکانانەتەی لە بەر دەستمان دایە بتوانین پێوەندی باشترمان هەبێت لە گەڵ خەڵکی خومان لە نێوخوی وڵات بە تایبەت ئەو کەسانەی چالاکن لە بواری ئایینی و کەلتووری و تا ئێستاش کاری باشمان بۆ کردووە. خاڵی دووهەم ئەوەیە و زۆریش بە لامانەوە گرنگە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە بتوانین لە نێو خاک و نیشتمانی خومان کوردستان پێوەندیکی دوستانە و نزیکمان هەبێت لە گەڵ کوردانی غەیری یارسانی و لە رێگای ئەو پێوەندییەشەوە باشتر ئەتوانین یارسانەکان و ئایینی یاری پێناسە بکەین بۆ ئەو کەس و لایێەنانە شارەزای کوردە یارسانەکان نین و بە جورێکی زۆر خراپ مامەڵە لە گەڵ ئێمە دەکەن و بە کافر و بێدینمان ئەزانن.

خاڵی سێهەم ئەوەیە ئێمە وەک کوردانی یارسان لە سەر ئەو باوەرەین کە ریشە و رەچەڵەکمان کوردە و بەشێکی دانەبراوین لە نەتەوە و نیشتمانی کورد و ئایینەکەشمان هەر ئاینێکی کوردییە و بە ئایینی کوردان پێناسە دەکرێت ئەرکە لە سەرمان پێوەندیکی نزیک و دوستانە دامەزرێنین لە بەینی خومان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەتی ئەو لایەنانەی زیاتر لە باری ناوچەییەوە لە ئێمە نزیکن و شارەزاییان بە سەر داب و نەریتی خەڵکی ناوچەکەدا هەیە.”

سەبارەت بە دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری عەلی فەزڵی گوتی: “بە خۆشییەوە ئێمە وەک چالاکانی یاری کورد زۆربەمان لە رابردو پێشمەرگە بووین لە رێزی هێزە نیشتمانپەروەرەکانی وڵات و هەم پێوەندی دوستانەمان هەیە لە گەڵ هێزەکان وەک هێز و پێوەندی بنەماڵەیشمان هەیە لە گەڵ ئەندامان و رێبەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لە ئەو رێگایەشەوە ئاڵوگوری بیر و بۆچوون دەکەین و هەر هەنگاوێک هەڵبگرین لە پێشدا ئەبێ مۆری نەتەوەیی پێوە بێت دواتر ئایین و فەرهەنگ و ئاواتیشمان ئەوەیە کە چۆن گەلانی ناوچەکە ئایینیان کردۆتە کەرستەیەک بۆ بەرژەوەندی خاک و نەتەوەی خویان ئێمەش لە ئایین هەمان کەڵک وەر بگرین نەک بیکەینە کەرەستەیەک بۆ تێکدانی یەکرێزی نەتەوەیی و سات و سەودا لە گەڵ داگیرکەرانی وڵات.

لەمەڕ خەباتی چەکداری و گیان لە دەستدانی پۆلێک تێکوشەری وڵات عەلی فەزڵی لە درئژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: ” کوماری ئیسلامی ئێران بە رێبەری مەلاکان لە روژی هاتنە سەرکاریان هەتا کاتی گیانبەختکردنی ئەو تێکوشەرانە گەلی ئێمەی لە سەر نیشتمانی خومان لە سەرەتاییترین مافی ژیان بێبەش کردووە و هەر دەنگێکی ناڕازی بەرانبەر جینایەتەکانی ئەو رێژیمە بە زیندان و شکنجە و لە کوتایی بە لە سێدارە دانی روڵەکانی نیشتمان کپ کراوەتەوە. نەتەوەی کورد قەت خوازیاری شەر لە گەڵ هیچ لاێەنێک یان دەوڵەتێک نەبووە و دەستیشێ بۆ چەک نەبردووە بەڵکو دایم ناچار کراوە بۆ پارێزگاری لە کەرامەتی خوی دەست بباتە چەک و وڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە ئەکرێتە سەری لە لایەن دەسەڵاتداران و داگیرکەرانی وڵاتەوە.

پێشمەرگەی کورد دوای زیاتر لە دو دەیە بێدەنگی جارێکیتر بوونەوە میوانی چیاکانی کوردستان و بە ورەی قارەمانانەیان بە ئەو ئاگرەی هەڵیان کرد سەلماندیان کە هەر کاتێک ئیرادە بکەن و هەلێکی لە بار برەخسێ توانایی خەباتیان هەیە و ئەتوانن زەبری کاریگەر لە دوژمن بدەن.

ئێمە سەرەرای دەستخوشی و دڵخوشبوون بە ئەو هەنگاوە تازەیەی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەرز نرخاندنی ورەی پوڵاینیان هیوادارین کە ئەو خەباتە چەکدارییە درێژەی هەبێت و هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی روژهەڵات لە ژێر یک چەتر و یک هێزی چەکدار بەرەنگاری دەوڵەتی ئێرانی ببنەوە و نەهێڵن خوێنی ئەو پولە تێکۆشەرەی نیشتمان وشک بێتەوە توڵەیان لە خائینان و خۆفرۆشان بکەنەوە.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو تێکوشەرانەی لە چەند روژی رابردوو بوونە ئاگرو چوونە قورگی کوماری ئیسلامی ئێراندا و هەموو گیانبەختکردوانی کورد و کوردستان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت