یادگارییەکانی هونەرمەندی دەڤەری خانەقین، خوداداد عەلی

0
693

هونەرمەندی مەقام و ئەڵڵاوەیسی و دەنگخۆشی ناسراوی کەناری ڕووباری “ئەڵوەن”، “خوداداد عەلی”، ساڵی ١٩١٢ز، لەگەڕەکی “ئاغاو خەلیفە”ی شاری خانەقین، لەخێزانێکی هەژار لەدایک بووە. باوکی خوداداد هۆرەچڕ بووەو مەقامەکانی ئای ئای و قەتار و ئەڵڵاوەیسی وتووە، بەڵام هەژار و دەستکورت بووە، حەزیکردووە کوڕەکەی خوێندنی قورئان تەواو بکات و ببێتە مەلا، تا بتوانێت بژیوی ژیانیان بۆ دابین بکات. لەسەر خواستی باوکی و لەبەر نەبوونی قوتابخانەش لەو ناوچەیە، خوداداد ناچار دەبێت بچێتە حوجرە بۆ خوێندنی قورئانی پێرۆز.

پاش تەواو کردنی حوجرە و بەهۆی زیرەکی و لێهاتووی، بۆ ماوەی پێنج ساڵ، وەک مامۆستا، لە مزگەوت و حوجرەکاندا وانەی ئایینی بە مناڵان دەڵێتەوە. خوداداد هەر لەتەمەنی مناڵیدا تووشی نەخۆشی چاوئێشە دەبێت. لەبەر نەبوونی دەرمان و پزیشک لەشارۆچکەکەیان، ئەم نەخۆشیە لەگەڵی دەمێنێتەوە، تا چاوێکی بەتەواوی لەدەست دەدات. بۆیە بە ناچاری واز لەپیشەی مامۆستای دەهێنێت. ئەمجارەیان روو ئەکاتە گەڕان بەهەموو گوند و شارۆچکەکاندا، بۆ کاری قوڕەکاری و خشت بڕینەوە، جوتیاری و چەندین کار و پیشەی تر لە پێناو دابینکردنی ژیانی خۆی و خێزانەکەی.

خوداداد هەر لە منداڵیەوە بەهرەی دەنگ خۆشی پێوە دیار بووە، ناوچەی گەرمیان و خانەقینیش لە کۆنەوە لانەی زۆر جۆرە مەقامی ڕەسەن بووە، ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر خوداداد دروست کردووە، لەهەرەتی گەنجیدا توانای ووتنی مەقامی هەبووە، لە دەنگخۆشان و شارەزایانی مەقام نزیک بوتەوە و بەووردی گوێی بۆ شلکردوون تا زیاتر فێری مەقامەکانی قەتار و ئەڵڵاوەیسی و خورشیدی و ئای ئای و خاوکەر ببێت. کاتێکیش بەمەبەستی کارکردن و هۆرەچڕین، سەردانی دێهاتەکانی دەوروپشتی خانەقین و رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە دەنگخۆشانی تری ئەو ناوچانەی ناسیووە.

لە جەژنەکانی خانەقینیش، کە شش رۆژ بووە، بەتایبەت رۆژی شەشەم کاتێک خەڵکی شار لەنزیک ” عەلەمداری کەناری ئەڵوەن” کۆ بوونەتەوە، لەگەڵ دەنگی دەهۆڵ و زۆڕنا، خوداداد گۆرانی و مەقامی ووتوە و لەگەڵ مەقامبێژانی وەکو “سەفەرعەبدول باجەڵان، جەمیل بەگ سورەمەیری، مەحمود وەندی، مەلا خەلیل خدر، عیسا فەرەجی خەیات” پێشبڕکێی گۆرانی و هۆرە چڕینیان کردووە، خەڵکەکەش تا ئێوارە بە شادیەوە گوێیان بۆ شلکردوون و هەڵپەڕیوون.

ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی بەئێزگەی کوردی بەغداوە دەکات و هاوڕێیەتی لەگەڵ گۆرانیبێژانی ئێزگە ” عەلی مەردان، تایەر تۆفێق، رەسوڵ گەردی” دروست ئەکات و چەند مەقام و گۆرانی لە ئێزگەی کوردی بەغدا تۆمار دەکات. بەگوێرەی بۆچوونی خۆی، هەروەها بەووتەی مناڵەکانیشی زیاد لە ١٠٠ مەقام و گۆرانی لە ئێزگەی کوردی بەغدا تۆمار کردووە. خوداداد تایبەتمەندییەکی خودی خۆی هەبووە لەووتنی مەقامەکاندا، واتا شێوەو ستایلی دەڤەری خانقینی داوە بە گۆرانیەکانی. لەو گۆرانی و مەقامانەی کە بوونە هۆی ناساندنی خوداداد عەلی لای بیسەرانی ڕادیۆ، مەقامی ” ئەڵوەن ئای” و گۆرانی ” ئەی هاوار ئەی” بووە.

خوداداد وێڕای توانای ووتنی مەقام و گۆرانی بەهرەیەکی باشی ووتنی مەنەلۆج و خۆشنووسی و شیعری هەبووە، هەروەها کوردێکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەریش بوو. لە ساڵەکانی ١٩٦٢-١٩٦٣، ١٩٦٥، ١٩٧٠، ١٩٧٤-١٩٧٥ لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی، لەلایەن ڕژیمەوە زیندانی کراوە و ئەشکەنجە دراوە و چەند جارێکیش حوکمی ئیعدام دراوە، بەڵام لە دواییدا بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە.

خوداداد کەسێکی هەست ناسک و دڵتەڕ و لەناو خەڵکدا خۆشەویست بووە. ساڵی ١٩٨٧ لەماڵەکەی خۆی، لە گەڕەکی ئاغا و خەلیفە کۆچی دووایی دەکات و لەگۆڕستانی عەلەمداری، لەنزیک ” ئەڵوەند”ی خۆشەویستی بە خاک دەسپێردرێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت