یادگارییەکانی هونەرمەندی هەمیشە لەیاد، محەمەدی ماملێ

0
2654

محەمەدی ماملێ کوڕی مام سەعید کوڕی مام عەلییە. نازناوی بنەماڵەکەیان لە تێکەڵکێشی ناوی “مام عەلی”ی باپیرەیانەوە بۆ ماوەتەوە.

لەساڵی ١٣٠٤ی هەتاویی لە شاری مەهاباد لە خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی “پەهلەوی و سەعادەت” لە مەهاباد تەواو کردووە.

ماملێ حەوت کوڕ و دوو کچی هەییە. زۆربەی بنەماڵەکەیان دەنگیان خۆش بووە، بە تایبەت باوک و براگەورەکەی.
هونەرمەند محەمەدی ماملێ، گۆرانییەکانی لە ڕادیۆی مەهاباد و کرماشان و تەورێزدا تۆمارکردووە، هەروەها لەو سەردەمەدا لە فێستیڤاڵە تایبەت و هونەرییەکان لەشارەکانی سنە، کرماشان، تەورێز، شیراز، ڕامسەر بەشداری کردووە. ماملێ لەساڵی ١٣٤١ سنووری بەزاندووە و چووەتە قەڵادزێ و سلێمانی و چەند ئاهەنگێکی میللی گێڕاوە. دوا بەرهەمیشی لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویی، لەگەڵ چەند موزیسیەنێک لە مەهاباد تۆمارکردووە. ماملێ، هەمیشە دۆستی شاعیران و هونەرمەندانی سەردەمەکەی خۆیی “هێمن، هەژار، حەسەن زیرەک، خەلیل سدیقی، حاجی هاشمی فیدایی، مەلا حسەین عەبدوڵڵازادە، ناسری ڕەزازی” بووە.

بەداخەوە شوێنی نیشتەجێبوونی ماملێ وانەبوو کە بتوانێت بە هاوکاری گروپی موزیکی ئۆرکیسترایی کاربکات، بەڵام بەهاوشانی چەند ئامێرێکی سادە و ساکار، توانیوێتی چێژێکی ڕەسەنی ئاواز و فۆلکلۆری موکریان بەگوێگر بناسێنێت.

هونەرمەند محەمەدی ماملێ، خاوەنی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەند و قوتابخانەیەکی تایبەتە لەهونەری گۆرانی کوردیدا، بەتایبەت لە چڕینی قەتار و وەفاییدا، ستایل و توانایەکی تایبەتی هەبووە، لەهەمانکاتدا کەسایەتییەکی نیشتمان پەروەر و خۆشەویستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی بووە.

هەر لەبەرئەمە، توانیوێتی لەنێو گشت پلەوپایەیەکی هونەریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییدا، هۆگرانی تایبەت بەخۆی هەبێت.

مامۆستا محەمەدی ماملێ، دوای چەندین ساڵ خەباتی هونەریی و خزمەتکردن بە هونەر و ئەدەب و ئاوازی کوردی، لەڕێبەندانی ١٣٧٧ی هەتاویی و لە تەمەنی ٧٣ساڵیدا، ماڵئاوایی یەکجاری کرد و لەڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، لەگۆڕستانی هونەرمەندانی شاری مەهاباد، گیانە پاک و پڕ میهرەکەی، بەخاکی کوردستان سپارد.

mammle

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت