شەنگە بولبولی کوردستان، کاوێس ئاغا (١٨٨٩-١٩٣٦)

0
425

هونەرمەندی نەمر کاوێس ئاغا، ناوی “کاک وەیس” و کوڕی ئەحمەد ئاغای هەرکییە و دایکی ناوی “لەیلا” بووە، لە تیرەی “ماڵەبی”یە، لەساڵی ١٨٨٩دا لە کوێستانی “چارچەلی”ی هەرکییان لە دایک بووە. هەندێکی دیکە پێیان وایە کە لە گوندی “شاخەکان”ی کە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی دەشتی شاری موسڵ، هاتۆتە ژیان. هەروەها هەندێک لە هەرکییەکانی ناوچەی ورمێ، پێیان وایە کە لە هەرێمی “دەشتە بەلە” کە دەکەوێتە باکووری شاری شنۆ، لە دایک بووە.

سەرەتای ژیانی هونەری کاوێس، پڕ بووە لە سەمفۆنیای تایبەت، لەبەرئەوەی دوای مردنی دایکی، دەچێتە لای “ئەحمەد ئاغا”ی هەرکیی و دەبێ بە شوان و ڕۆژانە لە بەرامبەر سروشتی جوانی کوردستان، دیمەنی چیا، دەشت و گوڵزار، تێکەڵ بە شمشاڵی شوان و ئاوازی شەنگەبێری، قاسپەی کەو، باعەی بەرخ و کار و ئاوازی بولبولانی دەبیسێت.

کاتێک کاوێس لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەبێ، لە گوندێک دەچێ بۆ ئاش، لەگەڕانەوەیدا بۆ ماڵێ، دەکەوێتە ژێر ڕەنووە بەفر و بۆ چەند ڕۆژێک لە قسەکردن دەکەوێ. کە ئەمە دواتریش کاریگەری لەسەر دەمێنی و لە قسەکردندا کەمێک زمانی گیردەبێ، بەڵام لە ستران چڕیندا وشەکان بە ڕەوانی دەردەبڕێ.

جەلال مەلا حەسەن، لە کتێبەکەیدا “کاوێس ئاغا، هەولێر،٢٠٠٠” دەگێڕێتەوە کە کاوێس ئاغا لە ساڵی ١٩١٥، لەگەڵ خێڵەکەیدا گەرمیان و کوێستانی کردووە، دواتر لەگەڵ پورزاکەیدا “دەروێش فاتیمە” و بەهاوڕێیەتی “تاهیر ئاغای هەرکی” دێنە ڕواندز و دەبنە میوانی “حاجی نەورۆز ئەفەندی”. کاتێک شەوانە بە دەنگە زوڵاڵەکەی لاوک دەچڕێ و حاجی نەورۆز گوێبیستی دەنگی دەبێ، داوا لە “تاهیر ئاغا” دەکات کە کاوێس ئاغا لای ئەو بمێنێتەوە، ئەویش ڕەزامەند دەبێت و لەگەڵ دەروێش فاتیمەدا لەوێ دەمێننەوە و واز لە ژیانی کۆچەری دەهێنن.

کە شەڕی جیهانی یەکەم دەست پێدەکات، ڕووسەکان هێرش دەبن بۆ ڕواندز و لەساڵی ١٩١٦دا داگیری دەکەن، خەڵکێکی زۆر شارەکە بەجێدەهێڵن، ماڵی “حاجی نەووز” لەگەڵ کاوێس ئاغا و پورزاکەیدا ڕوودەکەنە شەقڵاوە. دواتر عوسمانییەکان حاجی نەورۆز دەکەنە بەڕێوەبەری ناحیەکە و ئەویش کاوێس ئاغا دەکات بە لێپرسراوی ئازووخەی عوسمانی، ئەمە لەکاتێکدا دەبێتب کە عوسمانییەکان بە زۆر دانەوێڵە لە خەڵک دەستێنن و دێری شەقڵاوە دەکەن بە گەنجینە، لەبەرئەوەی باری وڵات زۆر خراپ دەبێت، کاوێس ئاغا شەوانە بە دزی ژەندرمەکانی عوسمانییەکانەوە زاد و قووتی ناو گەنجینەکە دەداتە خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت. دوای تەواوبوونی شەڕی یەکەم و کشانەوەی ڕووسەکان لە ڕواندز، کاوێس ئاغا ناگەڕێتەوە و لە شەقڵاوە دەبێتە هاوەڵی “سڵێمان بەگی کوڕی بایزبەگ” و لەلای دەمێنێتەوە، سڵێمان بەگیش فرە حەز لە دەنگی دەکات و کچێکی بەناوی “هەمینە مەحموود شەریف” بۆ دەخوازێ.

لەساڵی ١٩٣٠دا کاتێک دەبیستێ کە لە شاری بەغداد چەند کۆمپانیایەک هەیە دەنگ خۆشان تاقی دەکاتەوە، هەرچەند هاوڕێکانی پشگیری ناکەن بۆ ئەم سەفەرە و پێیان وادەبێ کە “لاڵە” و لە تاقیکردنەوە دەرناچێت. پسپۆڕانی کۆمپانیاکەش کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکەن و بۆیان دەردەکەوێت کە لە قسەکردندا لاڵە، پێی دەڵێن تۆ ناتوانی گۆرانی بڵیت. کاوێس بە دڵشکاوی ڕوودەکاتە چایخانەیەکی کوردان و خۆی بۆ ناگیرێ و دەست دەخاتە بن گوێ و پڕ بەدەنگ و دڵی، لاوکی “گەنج خەلیل” دەبێژێ. کە خەڵکەکە گوێبیستی دەبن و دەنگی دەگاتە کۆمپانیاکە، دێنەوە بۆ لای و داوای لێبوردنی لێدەکەن و دەیبەن لەگەڵ خۆیان و یەکەم قەوانی بۆ تۆمار دەکەن، کە لاوکی “گەنج خەلیل”ە، ئیتر دەنگی کاوێس لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی “بێزافۆن، نەعیم، نایف و ئەسکەندەر ساز”، سنوور دەبەزێنێ و دەبێتە ویردێکی ئەو سەردەمەی خەڵکی کوردستان.

لەساڵی ١٩٣٦دا بە هاوڕێیەتی “ئەحمەد سڵێمان بەگ” بە نیازی سەردانی هەرکییەکانی ناوچەی پیرمام دەڕۆن و گوند بە گوند دەگەڕێن، بەڵام لە گوندی “هەرشەم” نەخۆش دەکەوێ، ناچار داوا لە ئەحمەد بەگ دەکات بگەڕێتەوە بۆ شەقڵاوە، بەنیازی ئەوەی تاکو چاک دەبێتەوە و ئینجا ئەمیش بگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ باری تەندروستی خراپتر دەبێت و تاکو لەمانگی شوباتی ئەو ساڵەدا بەیەکجاری ماڵئاوایی دەکات و هەر لەو گوندەدا کە دەکەوێتە ناوچەی کۆیە دەنێژرێت، دواتر دەبێتە مەزارگەیەک بۆ هۆگرانی هونەری ڕەسەنی کوردی.

ژیانی کاوێس ئاغا، تاڕادەیەک خۆش بووە، هەر بەپێی کتێبەکەی جەلال مەلا حەسەن خۆشناو، ئەم هونەرمەندە بەشێک لە ژیانی بۆ گەڕان و سەردانی گەورە پیاوان و ناودارانی کورد بەسەربردووە، لەوانە سەردانی “شێخ مەحموود و ئیسماعیل خانی سمکۆ”ی کردووە، ئەوانیش زۆر ڕێزیان گرتووە و خەڵاتیان کردووە. بۆ زۆربەی بۆنەمێژوویی و کارەسات و ڕووداوەکانی کە لەو کاتەدا ڕوویان داوە، لاوکی تایبەتی بۆ گوتون، تەنانەت کاتێک سمکۆ لە ئێران شەهید دەکرێت، بە لاوکێکی بەسۆز ئەو کارەساتە دەگێڕێتەوە، هەروەها زۆرجار سەردانی ناوچەی بادینانی کردووە و لەتەک لاوکبێژ “محەمەد جوجەری” پێکەوە لاوکیان چڕیوە، هەروەها چۆتە ناوچەکانی بیتوێن و پشدەرو زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان.

هونەرەکەی کاوێس ئاغا، هەموو کوردستانی گرتۆتەوە و بە هەردوو دیالێکتی کرمانجی ژووروو و خواروو، لاوک و حەیران و بەستەی پێشکەش بە بیسەران کردووە، لاوکەکانی ” شێخ مەحموود، سمکۆ، شێخ ئەحمەدی بارزان، …تاد”، بە دەنگی ئەو لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بڵاوبونەتەوە و وەک مێژووناسیکی گەڕۆک. ڕۆڵی ناساندنی ئەو مێژووەی لە هزری دانیشتواندا دیوە، کە وایکردووە هەستی نەتەوایەتییان ببزوێنێ. لەوەوە دەتوانین وەک دەنگبێژێکی نەتەوەیی ئەژماری بۆ بکەین.

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت