یادگارییەکانی عەزۆ، موزیککاری فۆلکلۆری

0
34

عەزۆ، ناوی “عەزیز ئەمین تەمۆ”یە و بە “عەزۆ، باوکی فەرحان” ناسراوە. باپیری، لە هۆزی “ڕمکا”یە، سەرەتا لە شاری “باتمان” لە کوردستانی باکوور ژیاوە و دواتر کۆچی کردووە بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا. لە ساڵی ١٩٣٧ لەدایک بووە، بەڵام لە ناسنامەی ڕەسمیدا بە ١٩٣٢ تۆمار کراوە. لە ئەدەبیات و کەلتووری خەڵکی ناوچەکە، ساڵی ١٩٣٧ بە ساڵی تۆشی عاموودا ناسراوە، چونکە لەو ساڵەدا فەڕەنسا بە فڕۆکە ئەو شارەی بۆمباران کردووە و کارەساتی گەورەی لێکەوتۆتەوە.

هونەرمەند عەزۆ، هێشتا تەمەنی ١٠ تا ١٢ ساڵان بووە کە لەسەر دەستی باوکی فێری سازلێدان بووە. ڕۆژێک باوکی پێ گوتووە: تەمبوورەکەت بێنە و هێندێکم بۆ لێدە، ئەگەر باشت لێدا، ئەوە ڕێت پێدەدەم بە تەمبوورەکەی من بژەنی. ئینجا داوای لێدەکا کە مەقامی “دێرسیم”ی بۆ لێ بدا. دوای ئەوەی عەزۆ مەقامەکەی بەجوانی بۆ دەژەنێت، بابی پێدەڵێ: وەڵڵاهی ئەتۆ سەرکەوتی.

لە تەمەنی ١٥ساڵیدا لەسەردەستی هەردوو برای “محۆ”و”عەبدولڕەزاق” فێری زوڕنالێدان بووە. لە تەمەنی ٢٠ساڵیدا، بۆ یەکەم جار، لەگەڵ دوو زوڕناژەن و دوو دەهۆڵکوتدا، شایی و داوەتی گێڕاوە. کاتێک “جگەرخوێن”ی شاعیر، شایی و داوەت و ساز و هونەری ڕەسەنی عەزۆی دیتووە، پێگووتووە: دەبێ تۆ ئەو ساز و ئاوازانە بپارێزی و گەشەیان پێ بدەی، دەبی منداڵەکانی خۆت، ئامۆزاکانت و هەموو خزم و کەسی خۆت فێر بکەی. ئەگەر ئەو ساز و ئاوازانە ون ببن، ئەوە ئێمەی کوردیش ون دەبین.

عەزۆ، بە تەمبوور و زوڕنا و هونەرەکەیەوە، دەوری چل ساڵان زیاتر، شایی و داوەتی گێڕاوە. عەزۆی هونەرمەند، پێنج برای هەبوون “عەبدولڕەزاق زوڕناژەن، سڵێمان زوڕناژەن، تەمۆ زوڕناژەن، محۆ زوڕناژەن و دەهۆڵژەن، سەعید گۆرانیبێژ”، کە هەموویان پێکەوە شایی و داوەتیان گێڕاوە.

عەزۆی هونەرمەند، لە شاری “عاموودا” بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و هەر لەو شارەش تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت